ئەخلاقیاتی گاڵتەکردن بەژیانی مرۆڤ

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-09-27     956
لەکاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژانە لەھەرێم نزیکەی ٣٠ کەسێک دەکوژێت و بڵاوبوونەوەشی نەک تەنھا بەردەوامە بەڵکو لەدۆخێکی ھێجگار ترسناکدایە،  لەوکاتەدا ھەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتیی و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک، لەلایەن ئۆرگان و کەسایەتییە حیزبییەکانەوە، لە چڵەپۆپەدایە. کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لەخەڵک بۆ یادکردنەوەی ڕیفراندۆم لەھەولێر لەلایەن ڕێکخراو و ئۆرگانە حیزبیی و حکومییەکانەوە نیشاندەری ئەم ڕاستییە ترسناکەن. یادکردنەوەی یەکێک لەکارەساتە سیاسییە ھەرە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین، کارەساتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی بێپلان و بێستراتیژ و بێبیرکردنەوە، کە بناغە سەرەکییەکەی سایکۆلۆژیای شەخسیی سەرۆکی پارتی خۆی بوو. 

 وەکچۆن ڕیفراندۆم  کردەیەکی سیاسیی پێشوەخت دۆڕاو و نابەرپرسیاربوو، پابەستبوو بە تێنەگەیشتن لەسادەترین پێدراوە سیاسیی و ئیقلیمیی و جیھانییەکان. بەھەمان شێوە یادکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەش بەو شێوەیەی لەھەولێر بینیمان، لەناو ئەم پەتا ترسناک و بەربڵاوەی کۆرۆنادا، لە ھەمان نابەرپرسیارێتیی و تێنەگەیشتنەوە سەرچاوەی گرتوە. ھەردووکیان دوو دەرکەوتی نابەرپرسیاری ئیشکردنی ھەمان عەقڵیەت و ھەمان تێنەگەیشتنی سیاسییە. 

کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی گەورەیە بەقەبارەی ھەڕەشەی ئەو عەقڵیەتە سیاسییە حوکمڕانەی لەھەرێمدا دەستبەکارەو گاڵتەکردن بەژیانی خەڵک بەشێکی گرنگ و بنەڕەتیەتیی. یادکردنەوەی ھەڵە بەھەڵەو نابەرپرسیارێتیی بەنابەرپرسیارێتیی ئەو ھەڵسوکەوتەیە  بەردەوام لەم فۆرمە لە حوکمڕانیی و لەم تایپە لە سیاسییەوە دەیبینین.  

ڤلادیمێر لینینی  سەرکردەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لە وتەیەکی زۆر بەناوباگدا دەڵێت: ”سیاسیی باش ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژیی ناکات“. ھەم ڕیفراندۆمەکە  خۆی و ھەم یادکردنەوەی لەناو ئەم پەتای کرۆنایەدا، ھەڵەی سادە و ئاسایی نین و نەبوون، بەڵکو ھەڵەی ستراتیژیی و زەبەلاحن. ھەڵەیەک کە تەنھا لە نەزانین و نەخوێندەوارییەوە نایەن، بەڵکو لە گاڵتەکردن بە ژیان و لە بێنرخ و بێبەھاکردنی ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکانەوە سەرچاوەدەگرێت. ھەر سیاسەتێک ڕێزی مرۆڤ و ڕێزی ژیانی لانەبێت، ئەو ھەڵانەی کە ئەنجامیانئەدات، ھەڵەی ستراتیژیی دەبن. 

ئەم وێنانە لەناو ئەم پەتای کۆرۆنادایە حیکایەتی ئەو بێڕێزیی و بێنرخکردنەی مرۆڤ و ژیانمان نیشانئەدات. حیکایەتی دەسەڵاتێک خۆنمایشکردن و یادکرنەوەی ھەڵەکانی لە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان بەلاوە گرنگترە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×