هه‌مو پارەیەک دیارنامێنێت: پارەی موچەی نێردراویش لەبەغداوە

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-05-25     1905

حکومەتی ناوەند موچەی ٤ مانگی فەرمانبەرانی ھەرێمی ناردوە و ھەرێمیش تا ئێستا لانیکەم نیوەی ئەو موچەیەی ھەڵگرتوە و لە کاتی خۆیدا بە موچەخۆرانی ھەرێمی نەداوە. فواد حسێن، وەک وەزیری دارایی حکومەتی عێراق، بە ئاشکرا ئەوە دەسەلمێندرێت کە ئەو پارانە نێردراون بەڵام دابەشنەکراون. حکومەتی ھەرێمیش لەبەرامبەر ئەم موعەما گەورەیەدا بێدەنگە.
ئەوەی لەم چەند ساڵەی دوایی خەڵکی ھەرێم گوێیان لێبووە ئەوەیە کە ھەرێم پارەیەکی زۆر قەرزارە، ئەم قەرزانەش بە چەندان ملیار دۆرلار دەخەمڵێندرێن. چەند ساڵێک لەمەوبەریش ئاشتی ھەورامی، وەزیری نەوت و سامانە سروشتیەکان، بە ئاشکرا و لەسەر تەلەفیزیۆنەوە بە ھەمووانی ووت نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ١٠٠ دۆلاریش بەرزببێتەوە، ھێشتا حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵانێکی درێژ ناتوانێت موچەی فەرمانبەرەکانی دابینبکات. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم حکومەتە بۆ ناتوانێت ئەم کارە بکات؟ ئەگەر لەبەر قەرزەکانە بڕ و ڕادەی ئەو قەرزانە چەندن؟ ئەو قەرزانە چۆن دروستبوون؟ ئەوەی کە قەرزکراوە بۆ کوێ چوون و چیان لێھاتوە؟
ئەمانە ھەندێک لەو پرسیارە سەرەتایی و سادانەن کە مافی ھەموو ھاوڵاتییەکی ھەرێمە وەڵامەکانیان بزانێت. ئەرکی ئەو حکومەتەیە ئەم مەسەلەیە بۆ خەڵک ڕوونبکاتەوە. ماقوڵ نییە ھەرێمێک دەوڵەمەند لە نەوت و بچووک لە دانیشتواندا نەتوانێت خۆی خۆی بەخێوبکات. ئەو ھەموو قەرزەی کردبێت، تا ئەو شوێنەی تەنانەت موچەی فەرمانبەرەکانیشی بۆ نەدرێت. مەسەلەکە جگە لە بوونی گەندەڵییەکی زەبەلاح و دزینێکی کەم وێنە و خراپبەکارھێنانێکی ھێجگار نابەرپرسانەی پارە و سامانی نیشتیمانیی، زیاتر نییە. کاتی ئەوە ھاتووە کەشفکردنی ئەم مەلەفی نەوت و مەلەفی قەرز و مەلەفی سەرفکردنە سەیرەی پارە، ببێتە بابەتی ژمارە یەکی کاری سیاسیی لە ھەرێمدا. بەبێ دەستبردن بۆ ئەم مەلەفانە ھەموو کارەکانی تر بێمانان.
ھەموو کردەیەکی ئینسانیی پێویستی بە کەمەکێک شەرم و حەیا ھەیە، ئەوەی لە ھەرێم و لە سیاسەتی کوردیدا نەماوە ھەردووکیانە. سیاسەتی وا بێشەرم و وا بێحەیا لە دونیادا وێنەی نییە. بەڵام بێگومان شەرم و حەیا بەس نین بۆئەوەی ڕێگا بەو شێوازە ترسناکەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە ھەرێمدا ھەیە، بگیرێت. ئەوەی پێویستە بوونی چەندەھا میکانیزم و خاڵی لێپرسینەوە و چاودێریکردنی یاسایی ڕاستەقینەیە، کە لەباتی شەرم ترس و لە باتی حەیا سزا ببەخشێتەوە. نەبوونی ئەمانە لە ھەرێمدا دەرگای بۆ ھەموو فۆرمەکانی بێشەرمیی و بێحەیایی کردۆتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×