چەند سەرنجێک لەسەر ماناکانی ماڵ لەمڕۆدا

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-04-14     773
ماڵ لە پێناسە گشتییەکەیدا ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ دوای ئیشکردن و بازاڕکردن و چوونەدەرەوە بۆی دەگەڕێتەوە، شوێنێکە کەسەکان بە ھی خۆیانی دەزانن و ھەستدەکەن لەناویدا ئولفەتی زیاتر و ئازادیی زیاتر و دڵنیایی زیاتریان ھەیە. ئەگەر بۆ دابەشکردنە بەناوبانگەکەی فەیلەسوفی ئەڵمانی یورگن ھابرماز بگەڕێینەوە، ماڵ شوێنێکی نارەسمیی و نابیرۆکراسیی و ناپیشەییە کە تیایدا پەیوەندیی گەرم و تاکەکەسیی و دیوە نافەرمییەکانی ژیان ئامادەیە. ھابرماز دوو جۆر لە جیھان لەیەکتری جیادەکاتەوە. ”جیھانی سیستم“ و ”جیھانی ژیان“. یەکەمیان جیھانی کار و بیرۆکراسیەت و پەیوەندیی ھێز و سیاسەت و دەزگاکانە. جیھانی دووھەمیان جیھانی دۆستایەتیی و ھاوڕێیەتیی و پێکەوەبوونی نافەرمیی ھاوڵاتیان و کەسەکانە لەگەڵیەکدا. لای ھابرماز ھەریەکێک لەم دوو جیھانە لۆژیکی تایبەتی خۆی ھەیە و شێوازی پەیوەندییەکان لەناو ھەریەکێکایاندا تەواو جیاوازە. لە یەکەمیاندا فەرمانبەر و بیرۆکراس و کەسە پرۆفیشناڵەکان ئامادەن، لە دووھەمیاندا ھاوڵاتیان و کەسە لەیەک نزیکەکان. لە یەکەمدا زمانی بیرۆکراسیی و زمانی کایە پرۆفیشناڵەکان زاڵە، لە دووھەمیاندا زمانی نافەرمیی گەرم و گوڕ و ئازاد و دۆستانە. ماڵ لەم دابەشکردنەدا سەر بە ”جیھانی ژیان“ە و دیوی ئەودیو و ناکۆکیی ”جیھانی سیستمە“.
ماڵ مەرج نییە تەنھا ماڵێکی بچووکی خێزانێک یان کەسێک لە خێزان و یان تاکەکەسێک لە تاکەکەسەکان بێت. ھەندێک کەس ھەستی لە ماڵبوونیان لە گەڕەکێک لە گەڕەکەکاندا ھەیە، ھەندێک لەم شار یان لەو شاری تردا، کەسانێکی تر لە نەتەوە و نیشتیمانێکدا، ھەندێکی تر لە وڵاتانی تر و ھەندێکیش لە ھەموو جیھاندا. دیندارەکان ھەستکردن بە ماڵ، دواھەمین ماڵ، لەپاڵ خودادا، ئەزموون دەکەن و بەھەشت یان جەھەنەم بە دواھەمین ماڵ دەزانن. ھەندێک لە سوفیەکان قەبر وەک ئاخرین ماڵ و دواھەمین نیشتیمان وێنادەکەن. ھەندێکیش مەنفا بە ماڵ و ھەندێکی تر ماڵ بە مەنفا دەزانن. لەھەموو ئەو دۆخانەدا ئەو شتەی کە ناوی ماڵە، پەیوەندییەکی پتەوی بە مرۆڤبوون و بە شوناسیی ئینسانەوە ھەیە.
بەڵام مەرج نییە لە ماڵ مانەوە ھەمیشە مانایەکی پۆزەتیڤ و ئینسانیی ھەبێت. ھەندێکجار بەجێھێشتنی ماڵ، چوونە دەرەوە، بە توندی داخستنی دەرگای حەوشە و بەجێھێشتنی، کردەی ناڕەزایی دەربڕین و یاخیبوون نمایشدەکەن، بە تایبەتی بۆ ژنان و گەنجان. دەشێت دەرچوون لە ماڵ وەک جۆرێک لە ھەڵاتن و خۆڕزگاربوون ببینرێت، لە سەرجەمی ئەو نایەکسانیی و بێدادیی و توندوتیژیانەی کە دەشێت لە چوارچێوەی ماڵدا ئامادەبن، بە تایبەتی ماڵێک کە پیاوسالاریی و پاتریارکیەت ھەم پەیوەندییە ناوەکییەکانی دەستنیشانکردبێت، ھەم نەخشەسازییە ھەندەسییەکەشی. لە ھەندێک دۆخدا بۆ ھەندێک کەس ”شێڵتەر“ێکی سارد و سڕ، شوێنێکی بێیاداوەریی و بێمێژوو، لەو ”گەرمیی“ە گریمانکراوە باشتر و ئینسانیترە کە دەدرێتە پاڵ ماڵەکان. لەم ڕووەوە داواکردن لە خەڵک لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە بە مەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسێک، بۆ زۆرکەس، وەک داواکردنی تەسلیمبوون بەو کەشە خنکێنەر و دۆخە پڕکێشە و نایەکسانیی و توندوتیژ و ھات و ھاوارە وێنادەکرێت، کە دەشێت لە ماڵدا ھەبێت و زۆر کەس نەتوانن بەرگەی فشارەکانی بگرن. بێگومان داواکاری مانەوە لە ماڵدا بۆ خۆپارستن لە ڤایرۆسێک ڕەوایەتییەکی گەورەی ھەیە، واتە دەشێت ھۆکارێکی بایۆلۆژیی زۆر بەھێز بۆ ئەو مانەوەیە ھەبێت، بەڵام دەشێت ھۆکاری کۆمەڵایەتیی زۆر بەھێزیش ھەبێت کە کەسەکان بۆ دەرەوەی ماڵەکان پاڵپێوەبنێت. بۆ زۆر کەس دەشێت دیوە کۆمەڵایەتییەکەی ماڵ بە ڕادەی دیوە بایۆلۆژییەکەی کوشندەبێت.
سەرمایەداریی و ماڵ
یەکێک لە پێشمەرجە سەرەکییەکانی سەمایەداریی کلاسیکیی وەک سیستمێکی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی نوێ ،بریتیبوو لە جیاکردنەوەی ماڵ لە کارخانە و جیاکردنەوە ماڵ لە بازاڕ. ئەم جیاکردنەوەیەی شوێنی ژیان و شوێنی کار لەیەکتری، ھێمابوو بۆ دروستبوونی سیستمێک کە لەپاڵ ماڵدا ڕووبەری کۆمەڵایەتیی تر دروستدەکات کە گرنگییەکی ھێجگار گەورەیان بۆ ژیانی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەیە: بازاڕ و کارخانە. لای ئابورییناسە کلاسیکییەکان ئەم جیاکارییە یەکێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی کاپیتالیزم. بەڵام ئەم جیاکارییە لە مێژووی کاپیتالیزمدا لەم فۆرمەدا و بەم ڕەھاییە نامێنێتەوە. تێکەڵبوونی شوێنی کار و شوێنی ژیان بەیەکتری بەشێکە لە مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردووی کاپیتالیزم. لە ئێستاشدا کۆرۆنا بەشێوەیەکی کاتیی کۆتایی بەم جیاکارییە ھێناوە و سنووری نێوانی ماڵی وەک شوێنی ژیان و دەرەوەی وەک شوێنی کار، نەھێشتۆتەوە. ئێستا ماڵی ملیۆنەھا مرۆڤ بووە بە شوێنی کارکردنیان. بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بەو بەشەی کۆمەڵگاوە کە بە ”چینی ناوەڕاست“ ناسراوە. ئیش لەناو کۆمپیوتەرەکاندا، بەتایبەتی لەناو لاپتۆپدا و لاپتۆپیش لەناو جانتایەکدا و جانتاکەش لە ھەر شوێنێکدا، سەرجەمی شوێنەکان دەگۆڕێت بۆ شوێنی کارکردن، بە ماڵەکان و قوەخانەکان و شوێنە گشتییەکانیشەوە. مێزی ناو ژووری دانیشتن و سیستمی ناو ژووری خەوتن دەشێت شوێنی دانانی لاپتۆپێک بێت و ئەو دانانەش ئەو شوێنانە بگۆڕێت بۆ شوێنی کارکردن.
ماڵ بۆ گەنجان شتێکی تەواو جیاوازە تا بۆ ئەوانەی تەمەنیان گەورەترە، زۆر جارماڵ بۆ گەنجان مانای کۆنترۆڵ و چاودێریی و دیسپلینکردنە، سنووردارکردنی جوڵە و تواناو حەز و ئارەزوەکانیانە، ڕووبەرێکە ئازادیان سنووردار دەکات، پڕیەتی لە یاسا و بەھا و نۆرمی باوکەکان و دیکەکان، ھیرارکیەت پەیوەندییەکانی ڕێکدەخات و لۆژیکێک ئاراستەی دەکات کە لەگەڵ کوڵانی ناوەکیی و سەرقاڵبوونیان بە دونیاوە، ناگونجێت. یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی گەنجانی ئەوروپا لە یاخیبوونەکانی ساڵی ١٩٦٨ چوونەدەرەوە لە ماڵ و بەسەربەخۆ ژیان بوو. جێھێشتنی شوێنی دایک و باوکیان و دروستکردنی شوێنی تایبەت بە خۆیان بەشێک لە مانا سەرەکییەکانی یاخیبوونەکانیان بوو.
ئێستا کۆرۆنا بەشێکی زۆری نەوە جیاوازەکان و تەمەنە جیاوازەکانی بردۆتەوە ناو سنوورەکانی ماڵ. کەسانێکی بەیەکەوە کۆکردۆتەوە کە لۆژیکێکی ھاوبەش بەیەکەوە کۆیاناناکاتەوە، مەگەر تەنھا لۆژیکی ترس لە ڤایرۆسەکە نەبێت. بەڵام یەکێک لە ڕێگاکانی دەربازبوون لەم دۆخە پڕوکێنەرە دروستبوونی ماڵی مەجازیی و دیگیتاڵییە. ئەمڕۆ کەسانێکی زۆر لەپاڵ ئەو ماڵە فیزیایەی تیایدا دەژین، ماڵێک یان زیاد لە ماڵێکی مەجازییان لەناو کۆمپیوتەر و سمارت فۆنەکەیدا ھەیە. ”ماڵی ئۆنلاین“ جۆرێکی تازەیە لە ماڵ. لەڕاستیدا ماڵی ئۆنلاین لەمڕۆدا بەشێکی سەرەکیی و ناوەکیی ماڵە فیزییایەکانن. ماڵێکی شەخسیی و تایبەتە کە پابەستی ھەبوونی کۆمپیتەرێک یان سمارت فۆنێک و ھێڵێکی ئینتەرنێتە. ئەم ماڵە دیجیتاڵییە ماڵی ھەموو ئەو ھاوڕێ و دۆست و ناسراوانەن کە دەشێت بە ھەموو جیھاندا بڵاوبووبنەوە، کۆچ ھەر یەکێکیانی لە بەشێکی جیھاندا نیشتەجێکردبێت، یان ماڵی ئەو کەسانەبێت کە ڕەنگە یەکتریان نە دیبێت و نە ناسیبێت و لەبەشی جیاوازیی جیھاندا بژین، بەڵام لەو ماڵە مەجازیەدا بەیەک گەیشتبن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×