بۆ بەڕێز كوێستان محەمەد ی وەزیرو بۆ ویژدانی زیندووی گەل
بانگهێشتی دیبەیتێكی بەرپرسیارانەت لێ دەکەم، بۆ ئەوەی لە تاریکیی گومانەوە هەنگاو بنێینە ناو ڕووناکیی حەقیقەت و رای گشتی. با لە یەكێك لە مەیدانی هۆشیاریی گشتیدا(كەناڵە ئاسمانییە دیارەكان – رووداو، ئاڤا، كەناڵ 8، k24) و لەبەرچاوی چاودێرانی پەیمانی کۆمەڵایەتی (زۆر حەزدەكەم ئەگەر بكرێت نوێنەری چوار دامەزراوە باڵاكە – دەستەی دەستپاكی، چاودێری دارایی، داواكاری گشتی، فەرمانگەی هەماهەنگی)ئەوانیش ئامادەی دیبەیتەكە بن لەناو ستۆدیۆ.
با وشەکانمان لەسەر تەرازووی لۆژیک و بەڵگە دابنێین. با بهێڵین حەقیقەت، وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ، لە نێوانماندا بدرەوشێتەوە و خۆی بنوێنێت. ئاخر دادگای گەل باڵاترین دادگای مێژووە،حوكمەكەی لەسەر مێژوو دەنووسرێتەوەو تاكە دادگایە لە یادەوەری نەوەكاندا دەمینێتەوە، بەرزترین دادگای حەقیقەتە.
ئەمە بانگەوازێکە بۆ بوێریی بوون؛ ئەو بوێرییەی کە لەبری هەڵاتن، ڕووبەڕووبوونەوە هەڵدەبژێرێت. وەرە مەیدان و مەترسە،وەرە، بەڵام خۆراگر بەو بە قورسایی تەواوی هەبوونتەوە وەرە. چونكە حەقیقەت کێشێکی قورسی هەیە؛ تەنیا ویژدانە زیندوو ڕاستگۆکان دەتوانن هەڵیبگرن و لە ژێر باری قورساییدا رێك و ڕاست ڕاوەستن.
چاوەڕێی وەڵامێکم کە دەنگی بوێری بێت، نەک ناڵەی بێدەنگیی پڕ لە گومان.