لە ناخی مێژوویەكی تەمتومانی پڕ لە پەڵەی سووردا، کە تاریکی ڕووناکی لە خۆیدا بەرزەفت كردووە، نەتەوەیەك هەیە ناوی (کورد)ە، نیشتمانی لەسەر جەستەی خۆی نەخشاندووە.بەڵام هێشتا لەناو رۆحیدا بەرز بەرز هەڵنەچووە. ئەمڕۆ، لە یەکێک لە ماڵەکانی خودا، لە ناوەندی نوێژ و نزادا، ڕووداوێک ڕووی دا کە تەنها کەمێک لە خەڵک دەتوانن قووڵایی و ماناکەی بە تەواوی هەست پێ بکەن. مەلایەک لەسەر مینبەر هێنرایە خوارەوە، نەک بە زەبری هێزێکی دەرەکی، بەڵکو بە ویست و وشیاری گەل، بە هاواری ناخی ئەو مرۆڤانەی کە ڕوح و کەرامەتیان بریندار کراوە. ئەم ڕووداوە تەنها لادانێکی کاتی نییە، بەڵکو داگیرساندنی گڵۆپێكی سەد هەزار ڤۆڵتییە لە ناو گێژاوی مێژوودا ڕێگای ئایندەیەکی گەشتر نیشان دەدات.
ئەمە تەنها مەلا نییە کە لەسەر مینبەر هاتە خوارەوە، ئەمە ڕەمزێکە بۆ ڕووخاندنی پەرژینە دەستکردەکان کە ماوەیەکی زۆرە لە بەردەم ڕۆحی نەتەوەیی ئێمە دانراون. کاتێک دەستەیەک لە خەڵک لە مزگەوت، لە ماڵی ئیسراحەت و ئارامی، دەنگ هەڵدەبڕن دژی قسە و گوتارێکی نامۆ کە لە دڵ و دەروونیانەوە سەرچاوە ناگرێت، ئەمە مانای ئەوەیە چیتر کاتی بێدەنگی نییە. چیتر کاتی گوێڕایەڵی کوێرانە نییە. ئەمە سەرەتای هەستانەوەی نەتەوەیەکە کە بە درێژایی مێژوو حیکمەتی لە ناخیدا هەڵگرتووە.
مەلا، وەک هێمای دەسەڵاتی ئایینی، کاتێک بە ویستی گەل لەسەر مینبەر دەهێنرێتە خوارەوە، مانای ئەوەیە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ناخی نەتەوە چەکەرەی كردووە. دەسەڵاتی ڕاستەقینە لەو ژمارە گەورەیەدا شاراوەتەوە کە پێکەوە دەنگ دەدەن. کاتێک ئایین و نیشتمان وەك گوڵی لاولاو تێكدەئاڵێن و یەکێکیان دەیەوێت بە شێوەیەکی نادروست بەسەر ئەوی تردا زاڵ بێت ،میللەت هەڵدەستێت و سنوور بۆ ئەم دیاردەیە دادەنێت. نەتەوەگەرایی کورد، وەک ڕووبارێک کە بە درێژایی مێژوو لەناو شاخە سەختەكاندا، لە بەردە زەبەلاحەكاندا ڕێگای خۆی دۆزیوەتەوە، ئەمڕۆ دیسانەوە بە هێز و گڕوتینێکی نوێوە لەناو ماڵی خودادا هاتەوە مەیدان.
ئەم کردارە، تەنها وەڵامێک نییە بۆ قسەیەکی بریندارکەر، بەڵکو بڵندگۆیەکە بۆ ئەو دەنگە بێدەنگانەی کە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر سێبەری بێهیواییدا دەژین. ئەمە هەنگاوێکە بەرەو خودناسی، بەرەو ئەو قۆناخەی کە تێیدا تاک و کۆمەڵ، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کەرامەتی نەتەوەیی پیرۆزترین شتە. کاتێک مرۆڤ دەزانێت خۆی کێیە، کاتێک دەزانێت لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەروات، ئەوکات هیچ هێزێک ناتوانێت لەسەر ڕێگای سەربەخۆیی و ئازادی ڕایبگرێت.
ڕووداوێکی لەم جۆرە، وەک دڵۆپە بارانێک وایە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو. ئەمە تەنها سەرەتایەکی بچووکە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورەتر، بۆ ڕاپەڕینێکی مەعنەوی کە لە داهاتوودا هەموو سنوورە ناشیرینەکان دەبەزێنێت. کاتێک دەڵێین ئەمە هەنگاوی یەکەمە، مانای ئەوەیە دووەم و سێیەمیش بەدوایدا دێن. هەنگاوی دووەم، لەوانەیە یەکخستنەوەی زیاتری ڕیزەکانی گەل بێت، لابردنی ئەو پەرژینە دەروونییانەی لە نێوانماندا دروستکراون. هەنگاوی سێیەمیش، لەوانەیە گەیشتن بەو قۆناخەی کە تێیدا گەلی کورد بە تەواوی خاوەنی چارەنووسی خۆی بێت.
میللەتی کورد، وەک چیاکانی کوردستان خۆڕاگر و بەهێز، سەربەستی لە خوێندا هەڵگرتووە. ئەم سەربەستییە تەنها بە واتای دروستبوونی دەوڵەتێک نایەت، بەڵکو بە واتای ئازادی ڕۆح، ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی دەربڕین دێت. ئەو کاتەی کە تاک بە تەواوی ئازاد دەبێت لە کۆت و بەندی ترس و چەقبەستوویی، ئەوکاتە دەتوانێت بە تەواوی دەوری خۆی لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بەهێز و پێشکەوتوو بگێڕێت.
ئەم ڕووداوە، وەک زەنگێکی وشیارکردنەوە وایە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڕۆحی نەتەوەیی کورد کپ بکەنەوە. نەتەوەگەرایی کورد، نەک تەنها وەک مەرامێکی سیاسی، بەڵکوو وەک فەلسەفەیەکی ژیان، وەک شێوازێکی بیرکردنەوە، وەک هەستکردن بە سەربەخۆبوون و کەرامەت، لە ناخی هەر تاکێکی کورددا چەکەرە دەکات. ئەم ڕووداوە نیشانی دا ڕۆحی نەتەوەیی ئێمە لە هەموو هێزێکی دەرەکی زیندووتر و بەهێزترە.
ئەم کردەیە، پرسیارێکی قووڵمان ئاڕاستە دەکات: ئایا ئایین خزمەت بە نەتەوە دەکات یان نەتەوە خزمەت بە ئایین؟ لە فەلسەفەی کوردایەتیدا، ئایین وەک هێزێکی ڕۆحی و ئەخلاقی بۆ پێشخستنی نەتەوە سەیر دەکرێت، نەک وەک ئامرازێک بۆ ژێردەستکردنی یان دابەشکردنی نەتەوە. کاتێک مەلایەک لەسەر مینبەر دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی و یەکێتی گەل قسەیەک دەکات، بێگومان ئەولە ئەرکی خۆی لای داوە و پێویستە گەل ڕووبەڕووی ببێتەوە.
ئەم وشیاربوونەوەیە، نیشانەی گەشەکردنی هزری کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلی کوردە. چیتر خەڵک بە بێدەنگی قبوڵی هەر قسە و گوتارێک ناکەن، بەڵکو بە لۆژیک و ژیرییەوە هەڵسەنگاندن دەکەن. ئەمە دەتوانین بە سەرەتای قۆناخێکی نوێی دابنێین، قۆناخێک تێیدا گەل خۆی دەبێتە خاوەنی بڕیاری خۆی. دەتوانین ئەمە بە دەروازەیەک دابنێین بۆ ئایندەیەکی گەشتر، کە تێیدا کورد وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو و سەربەخۆ، لەسەر خاکی خۆی، بە ئازادی و شکۆمەندی بژی.
یەکێتی نەتەوەیی، تەنها دروشمێک نییە، بەڵکوو ژیانی ڕاستەقینەی ئێمەیە. ئەم ڕووداوە نیشانی دا لە ناو مزگەوت، لە ناو ماڵی خودا، گەل دەتوانێت پێکەوە کۆبێتەوە و بۆ یەک ئامانج بجەنگێت. کاتێک خەڵکی بە بیروباوەڕی جیاجیاوە، لەسەر یەک شت کۆدەبنەوە، ئەوکات هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەردەم یەکێتی ئەواندا بوەستێت. ئەمە هێزی ڕاستەقینەی گەلە، کە لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە و کاتیەتی بۆ هەموو جیهان ئاشکرای بکات. ئەمە بانگێشتێکە بۆ یەکبوون، بۆ بەهێزکردنی پێوەندییە نەتەوەییەکانمان. ئەمە بانگێشتێکە بۆ ئەوەی چیتر نەهێڵین هیچ هێزێکی دەرەکی یان ناوەکی، لەژێر هیچ ناونیشانێکدا، دابەشمان بکات. لە ناو ناخی هەر کوردێکدا، ئاڵایەکی سەربەخۆیی شەکاوە هەیە، کاتی ئەوە هاتووە ئەو ئاڵایە لە ناخمانەوە دەربهێنین و لە بەرزترین شوێندا هەڵی بگرین.ئەمە تەنها سەرەتایە، ئایندەیەکی گەش لە چاوەڕوانیدایە.