شکۆی كورد لە پەرلەمانی بەغدا

فوئاد سدیق
  2026-02-18     372

   هیچ نەتەوەیەک بەقەد کورد چەمکی مانەوە لەناو نەماندا ی بە شێوەیەکی فەلسەفی و واقیعی بەرجەستە نەکردووە. لەناو گێژاوەکانی ململانێ و داگیرکاری و بێبەشیدا، کورد وەک دار بەڕوو وەك چیا، ڕیشەکانی لە خاکدا قووڵتر کردووەتەوە و سەری بەرەو ئاسمان بەرز ڕاگرتووە. ڕووداوەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی بەغدا، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا تەنها وەک ململانێیەکی سیاسیی ڕۆتینی دەردەکەون، بەڵام لە واقیعدا خاڵی وەرچەرخان و ڕێنیشاندەرێکی قووڵترن بۆ تێگەیشتن لە شکۆی نەتەوە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی. ئەم ڕووداوانە، تیشک دەخەنە سەر ئەو پرسیارە بنەڕەتییانەی کە چۆن نەتەوەیەک دەتوانێت لەناو سیستەمێکی گران و ئاڵۆزدا شوناس و شایستەیی خۆی بپارێزێت.

 شکۆی نەتەوە تەنها بریتی نییە لە هێزی سەربازی یان دەسەڵاتی ئابووری؛ بەڵکو قووڵتر لەوە، بریتییە لە ڕۆح، لە نرخ، لە بەها هاوبەشەکان، لە هەستی سەر بە یەکبوون، لە ئیرادەی مانەوە، لە توانای پاراستنی شوناسەكەی  لەناو گەردەلوولی گۆڕانکارییەکاندا. بۆ کورد، شکۆ لە چیاکانەوە فێربووە، لەو چیا بەرزانەی کە سەریان بەفرگرتووە و دۆڵەکانیان نهێنی هەزاران ساڵ شاراوەی تێدایە. شکۆ بریتییە لەو میراتە کولتوورییەی کە نەوە لەدوای نەوە دەیگوێزێتەوە، لە چیرۆکەکان، لە حیکایەتەکان، لە سروودەکان، لە ئاوازەکان، لە رووداوە ئاگرینەكان، لە داستانە مێژووییەكان. ئەو شکۆیە کە وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی، بەناو زوڵم و ستەمدا دەڕوات و هەرگیز وشک ناکات. لە پەرلەمانی بەغدا، ئەو شکۆیە تەنها لەلایەن کەسێک یان حیزبێکەوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی لەسەر شان نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو پەرلەمانتارانەیە كە خۆیان بە  کورد  دەزانن، ئاخر ئەو نوێنەرانە دەنگی نەتەوەیان پێ سپێردراوە. کاتێک شکۆ بریندار دەکرێت، برینەکە تەنها لە جەستەی تاکێکدا نییە، بەڵکو لە ڕۆحی نەتەوەدا دەچەسپێت.

  ئەوەی لە پەرلەمانی بەغدا ڕوویدا، تەنها هەڵەیەکی سیاسی یان کاردانەوەیەکی کاتی نەبوو. بەڵکو نیشانەیەکی قووڵتر بوو لە دەستلێبەردان لە بنەما فەلسەفییەکانی شکۆ و خۆڕاگری. کاتێک نوێنەرانی نەتەوەیەک، لەبەردەم هەوڵێکی ئاشکرای بچووککردنەوە و دژایەتیدا بێدەنگ دەبن یان کاردانەوەی لاواز نیشان دەدەن، ئەوا تەنها کەسایەتیی خۆیان ناشکێنن، بەڵکو ڕێگە دەدەن بە شکانی ئەو شکۆ نەتەوەییەی کە لە خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسکی دایکانی وڵاتدا گەورە بووە. بێدەنگی لەبەردەم زوڵمدا، خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە بەشداری لە زوڵمەکەدا. ئەگەرچی توندوتیژی لە هیچ شوێنێکدا ڕەوا نییە، بەڵام کاردانەوەی توند لە کاتی پاراستنی شەرەف و شکۆدا، جیاوازە لە توندوتیژی بێ ئەقڵانە.
فەلسەفەی بەرگری، دەڵێت کاتێک هەموو ڕێگاکان دادەخرێن و گوتار دەبێتە قسەیەکی بێ مانا، ئەوا کاردانەوەی فیزیكیی دەبێتە دوایین چەکی پاراستنی شوناس. ئەوەی ڕوویدا، نیشانەیەک بوو لە نەبوونی ئەو هەستی بەرپرسیارێتیی مێژووییەی کە پێویستە نوێنەرانی نەتەوە خاوەنی بن. شکانی شکۆ تەنها بە لەدەستدانی پۆستێک نییە، بەڵکو بە لەدەستدانی ئەو هەیبەت و ڕێزەیە کە نەتەوەیەک بۆ خۆی بنیاد دەنێت.

  کاتێک کە نوێنەرانی کورد لە هەرێمدا بە دەنگێکی بەرز ڕەخنە لە یەکتر دەگرن و ململانێی حیزبی دەکەن، بەڵام لە پەرلەمانێکی وەک بەغدا، لەبەردەم دژایەتییەکی ڕوونی نەتەوەییدا بێدەنگ دەبن، ئەمە نیشانەی پەرتبوونی ئیرادە و لەدەستدانی دیدگای هاوبەشە.، لەدەستدانی شكۆی نەتەوەیە ئیرادەی نەتەوەیی، وەک ڕووبارێکە کە هەموو لقەکانی تێکەڵ بە یەکتر دەبن و بەرەو یەک ئاراستە دەڕۆن. کاتێک ئەم ئیرادەیە پەرش و بڵاو دەبێتەوە، ئەوا نەتەوە دەبێتە قوربانی پلان و پیلانگێڕییەکان. پێویستە ئەم ڕووداوانە ببنە وانەیەکی قووڵ بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و كەسییەکانەوەیە.

  مێژووی کورد پڕە لە وانە و ئەزموون. لە هەر شکستێکدا، دەرفەتێک هەیە بۆ فێربوون و گەشەکردن. ڕووداوەکانی پەرلەمانی بەغدا، بانگەوازێکن بۆ بیركردنەوە لە چۆنێتی بونیادنانەوەی ئەو شکۆیە. ئەو پەرلەمانتارانە چەند سەربەرز دەبوون، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیان بدابا بەر بۆكس.  بەڵام بۆ ئەوەیان نەكرد، لە راستیدا هیچ پاساوێكیان نییە، جگە لە نیشاندانی ترسنۆكییان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×