ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات سەردەمی موجتەبا خامەنەیی وەک درێژەپێدەرێکی سروشتی پێکهاتەی دەسەڵاتی پێشوو بخاتەڕوو، بەڵام ئێستا ڕوبەڕوی کێشەیەکی بنەڕەتین، ئەویش ئەوەیە کە گوێڕایەڵی لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا کە لە مێژوودا لەژێر ڕێبەرایەتی خامەنەیی باوکدا بەڕێوەچووە، چۆن دەتوانن پەیڕەی لێبکەنەوە، کە هێشتا نەیانتوانیوە شەرعیەتی هاوشێوە یان دەسەڵاتی
چارەنوسساز بە موجتەبا ببەخشن؟
ناوەڕۆکی پەیامەکەی موجتەبا بۆ پەرلەمان بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی سێیەمی خولی ئێستای پەرلەمانەوە، لەسەر هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی و گرنگیدان بە ئابووری و ئیدارەدان بوو. بە واتایەکی تر پەیامەکە بانگەوازێکی ئاشکرا بوو بۆ ڕێکخستنەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکی خۆیدا، زیاتر وەک هەوڵێک دەرکەوت بۆ سەپاندنی "هاوئاهەنگی زۆرەملێ" بەسەر پەرلەمانێکدا کە خۆی ڕەنگدانەوەی دابەشبوون و دڵەڕاوکێکانی ڕژێمە بەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
ڕەنگه ئەمڕۆ ڕژێمی ئێران له بەردەم دابەشبوونێکی ئاشکرادا نەبێت، بەڵام چۆته قۆناغێکی مەترسیدارتر، قۆناغێکی گوماناوی لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا، ئەم قۆناغە، لە دەسەڵاتێکدا کە زیاتر لە مشتومڕی ناوخۆیی لە شەقام و ناڕەزایەتی ڕێکخراو دەترسێت، دەکرێت سەرەتای درزێک بێت کە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بیشارێتەوە.
ئەم بانگەوازەی موجتەبا لەناو ڕژێمدا دەرگای لێکدانەوە و ململانێی کردەوە، وەک پشتیوانیەکی بێدەنگ بۆ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، قالیباف خۆی هەوڵیدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش سوود لەو ساتەوەختە وەربگرێت، دەیەوێت وەک یاریزانێکی ناوەندی لە دانوستانەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە هەر زمانێکی سازان بەرامبەر واشنتۆن دەتوانێت ببێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ لایەنە توندڕەوەکان، بۆیە ڕایگەیاند کە ئیمتیازەکان لەڕێگەی دیالۆگەوە بەدەست ناهێنرێن، بەڵکو لە ڕێگەی هێزەوە بەدەست دەهێنرێن، ئەمە تەنها پەیامێک نییە بۆ جیهانی دەرەوە، بەڵکو پەیامێکە بۆ ناوخۆی ئێران، قالیباف بە نەیارەکانی دەڵێت کە پیاوی سازان نییە، تەنانەت ئەگەر بەشێکیش بێت لە تیمی دانوستانکار.
هەروەها هێشتا موجتەبا ڕوبەڕوی بەرەیەکی ڕێکخراو نییە کە بە ئاشکرا ڕەتی بکاتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە درێژخایاندا و لەدۆخی قەیراناوی ئێراندا، ڕوبەڕوی حاڵەتێکی زۆر جدیتر ببێتەوە، ئەویش واقعیەتی نەبوونی کۆدەنگی و یەکگرتنێکی سروشتیە لە ئایندەی ڕژێمی ئێراندا، ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرکردایەتی نوێ هێشتا لە پرۆسەی سەپاندندایە نەک لە پرۆسەی قبوڵکردنی سەقامگیریدا.
تەحەدای ڕاستەقینەی ئەمڕۆی ڕژیمی ئێران، چۆنیەتی سەرکەوتنی شەڕ نییە، بەڵکو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە لەدوای زیان و کارەساتەکانی شەڕ. ئابوری ئێران بارگرانی قەیرانەکانی لەسەرە، متمانە و هیوای کۆمەڵگا زیاتر کەم بۆتەوە، دامەزراوەکان دووبارە بە ململانێ و دابەشکردنەوەی دەسەڵاتدا تێدەپەڕن، بۆیە قۆناغی داهاتوو یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە.
کاتێک شەڕەکان کۆتاییان دێت، بەشێوەیەکی گشتی ئاوەدانکردنەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە ئێراندا وێنەکە جیاوازە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی دوایین ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی، پێناچێت وڵات بەرەو قۆناغێکی سەقامگیری بڕوات، بەڵکو ڕووبەڕووی ئاستەنگی ناوخۆیی دەبێتەوە کە رەنگە لە خودی شەڕەکە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر بێت.
ئەگەر ڕژێمی ئێران سەرکەوتوو بووبێت لە تێپەڕاندنی ڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و پاراستنی مانەوەی سیاسی خۆی بەدەست هێنابێت، بەڵام لە پرسیاری ئێستادا توانای بەڕێوەبردنی کاردانەوەکانی دوای شەڕە، بە لەبەرچاوگرتنی بونی ئابوریەکی پڕ لە قەیران، زیاتر بونی هەژاری، هەروەها پێکهاتەیەکی سیاسی کە گۆڕانکاریەکی بێوێنەی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیارداندا لە ململانێکاندا بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەتوانین بڵێین ئێستا ئێران لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیەوە لەگەڵ یەکێک لە توندترین قەیرانە ئابوریەکانی بەرەوڕوو بووەتەوە. بەپێی داتا و بەیاننامە فەرمیەکان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە پێنچ ملیۆن زیاتر کەوتبونە بەر حاڵەتی نەبونی و هەژاریەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕادەی ئەو فشارە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەوە دروستبون.
هەرچەندە خودی جەنگەکە کاریگەری لەسەر قوڵبونەوەی قەیرانەکەدا کردووە، بەڵام بەشێک لە زیانە ئابوریەکان بەهۆی هۆکاری ناوخۆییەوە پێشهاتووە، بە پلەی یەکەم پچڕانی درێژخایەنی ئینتەرنێت، داخستنی تۆڕەکە بۆ چەند مانگێک کەرتە گەورەکانی ئابووری دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریە ئەلکترۆنیەکانی ئیفلیج کرد، کە ملیۆنان ئێرانی وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات پشتیان پێدەبەستن.
شانبەشانی قەیرانی ئابووری، شەڕ واقعێکی سیاسی نوێی خوڵقاندووە، کە پەرەسەندنی کاریگەری دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیە لەناو دەوڵەتدا. لەکاتێکدا کە سیستمە سیاسیەکان لەکاتی شەڕدا بەهۆی پێویستیە ئەمنیەکانەوە، زیاتر دەسەڵاتەکانی ئامێری نیزامی فراوانتر دەکەن، بەڵام بەردەوامی ئەم فراوانبوونە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان، پرسیار لەبارەی هاوسەنگی هێزی داهاتووی ناو ڕێژیمی ئێران دەوروژێنێت. هەر بۆیە زۆرێک لە چاودێران پێشبینی ئەوەدەکەن، کە گواستنەوەی دەسەڵاتی زیاتر بۆ ئەو کەسایەتیانە دەبێت کە پێشینەی سەربازیان هەیە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆی لاوازبونی دامەزراوە مەدەنی و یاسایی و سیاسیەکان.
بەڕێوەبردنی شەڕ جیاوازە لە بەڕێوەبردنی ئابووری و کۆمەڵگا و مەرج نییە سەرکەوتن لە بەرەکانی شەڕدا وەربگێڕێتە سەر ئەو شارەزاییەی کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وەک بێکاری، هەڵاوسان، هەژاری و خزمەتگوزاریە گشتیەکان و چۆنیەتی وەڵامدانەوە بە خواست و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران. ئەم فاکتەرە لەژێر ڕۆشنایی نەبوونی ئەو کەسایەتیەدا کە بۆ دەیان ساڵ ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لەناو سیستەمەکەدا گێڕاوە، تادێت گرنگتر دەبێت. عەلی خامنەیی، خاڵی جەوهەری هاوسەنگی نێوان دامودەزگاکان و کێبڕکێکارەکان بوو.
ئایا موجتەبا خامنەیی، بەناوی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت و یەکگرتوویی قەوارەی سیاسی هەنووکەیی بپارێزێت؟!.
سەرەڕای دیمەنەکانی خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ لایەنگری بەرگریەکان کە لەکاتی شەڕدا لە ئێران شاهیدی بوین، مانای ئەوە نیە کە هەموو کۆمەڵگای ئێران لە پشت ڕژێمەوە کۆببێتەوە. چەندین دیاردە ئەوە پیشان دەدات کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئێران، چاوەڕوانی و بینینی دەرئەنجامی ڕوبەڕوبونەوەکەیان هەڵبژاردووە، نەک بەشێوەیەکی چالاکانە پشتیوانی یان دژایەتی ڕژێم بکەن.
ئەزموونی ڕابردوو دەریخستووە کە ناڕەزایەتیەکان لە ئێران بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی شەڕەکان یان قەیرانە ئەمنیە گەورەکاندا سەرهەڵنادەن، بەڵکو لەدوای کەمبونەوە و هێوەربونەوەی دۆخەکە دەست پێدەکاتەوە، کاتێک پرسی بژێوی ژیان دەبێتە مەبنا، کاریگەری لەسەر ناڕەزایەتیەکان و ڕێکخستنی دەبێت، بەردەوامی هەڵاوسان و بێکاری و هەژاری بەربڵاو دەتوانێت ببێتە هۆی دووبارەبونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی، بەتایبەتی ئەگەر هاوڵاتیان و کرێکاران هەست بکەن قورسایی شەڕەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و بەسەریاندا دەشکێتەوە. هەروەها لەکاتێکدا بەڵێنەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخەکان یان چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان بە بێ جێبەجێکردن بمێننەوە، ناڕەزایەتیەکان فروانتر دەبێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە تەحەدیاتەکان تەنیا لە کۆمەڵگا و ئابووریدا قەتیس نین، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ خودی پێکهاتەی دەسەڵات. لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕدا، ڕەنگە دامەزراوە سیاسیە نەریتیەکان دەست بکەن بە وروژاندنی پرسیار سەبارەت بە سنووری ڕۆڵی سەربازی بەدەخاڵەتی ڕاستەوخۆ لەدەسەڵاتدا و لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، چونکە زۆرێک لە ناوەند و دامودەزگاکانی دەسەڵات کە لەکاتی شەڕدا فراوانبوونی کاریگەری دامەزراوەی سەربازیان قبوڵکرد، ڕەنگە خۆیان کەمتر ئامادەبن بۆ قبوڵکردنی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لە قۆناغی دوای جەنگدا.
بەگشتی قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە ئێراندا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار، کە تێیدا ڕژیمی مەلاکان چیتر ناتوانن ترسە ڕاستەقینەکانی خۆیان لە پشت جەنجاڵی شەڕی ناوچەیی، دانوستان، یان پڕوپاگەندەی هێز و خۆڕاگری بشارنەوە. نیگەرانیە سەرەتاییەکانی ناو داڵانەکانی دەسەڵات هێندە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە نییە، بەڵکو لە ئەگەری هەڵچوون و ئاڵۆزی ناوخۆیدایە. بەتایبەت دوای ئەو ڕاپەڕینە بەربڵاوانەی کە لەنێوان کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا تەواوی ئێرانی گرتەوە و مەترسیەکی بەردەوامە لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی.
زانکۆ لە ئێران هەرگیز تەنیا دامەزراوەیەکی خوێندن و پەروەردەیی نەبووە، فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، تاقیگەی بیرکردنەوەی ئازادە، ناوەندێکی مێژوویی ناڕەزایەتییە، ئازادی بیرکردنەوە، مافی پرسیارکردن و توانای گۆڕینی تووڕەیی کۆمەڵایەتیە بۆ کاری ڕێکخراوەیی. دەسەڵاتداران شەپۆلێکی بەرفراوانی بانگهێشتکردن و ڕاگرتن و دەرکردنیان دەستپێکرد، لانیکەم ٣٥٢ خوێندکار لە چوار زانکۆی گەورەی تاران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بانگهێشت کراون یان سزا دراون، ئەم هەڵمەتە تەنیا لە تاراندا قەتیس نییە، درێژبۆتەوە بۆ زانکۆکانی مەشهەد، شیراز، ئەسفەهان، گیلان، بیرجەند، و بابۆڵ، بەتایبەتی ئەو خوێندکارانەی کردۆتە ئامانج کە بەشداریان لە ڕاپەڕینەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا کردووە یان هاوسۆز بوون. بەم شێوەیە لیژنەکانی بەڕێوەبردن لە زانکۆکان، چیتر تەنها میکانیزمی کارگێڕی نین لەناو زانکۆکاندا، بەڵکو گۆڕاون بۆ قۆڵێکی ئەمنی کە هاوتەریب لەگەڵ دەزگای دادوەری و ئەمنی کاردەکات بۆ دیاریکردنی خوێندکارانی ناڕازی، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە حکومەتی مەسعود پزێشکیان لە دەرەوەی ئەم هەڵمەتە نییە، بەڵکو هاوبەشە لەو هەڵمەتەدا.
بەڵام هەموو ئەم سەرکوتکردنە نەیتوانیوە زانکۆکان بێدەنگ بکات، ڕێکخراوەکانی خوێندکاران ڕەتکردنەوەی خۆیان لەم هەڵمەتە فرەلایەنە دەربڕیوە و کۆبوونەوەی خوێندکارانیش بەردەوامە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتەکانی ڕژێم. هەروەها داتاکان ترسێکی قووڵ لە ژنانی گەنجی ئێرانی ئاشکرا دەکەن کە لە پێشەنگی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەدا بون. لە هەموش گرنگترە کۆماری ئیسلامی دوای ئەم شەرە، لە وەڵام بەرامبەر گەشە و رێکخرابونی بزوتنەوەی کرێکاری و ئامادەیی و یەکگرتویی کرێکاران بۆ نارەزایەتی بەرفراون و سەراسەری دەتوانێت چی بکات؟.