قەیرانی بەردەوامی سیاسی و ئابووری نێوان بەغدا و هەولێر تەنها ناکۆکییەک نییە لەسەر نەوت یان مووچە، بەڵکو نیشانەی شکستێکی قووڵتری پێکهاتەییە کە لە حوکمڕانی عێراقدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە چەسپاوە. گرژییە چارەسەرنەکراوەکان وەکو بەرهەمهێنانی نەوت، دابەشکردنی داهات و مووچەی کەرتی گشتی لاوازی و لەرزۆکی سیستمی فیدراڵی ئاشکرا کردووە کە لەسەر بنەمای تائیفەگەری، عەشیرەتگەری و پشتبەستن بە میلیشیا بنیات نراوە. لەکاتێکدا دانوستانەکان پەکدەکەون و بەڵێنەکان نامێنن، خەڵکی کوردستان و عێراق دەبێت بەرگەی ئەنجامەکانی سیستمێک بگرن کە هەر لە سەرەتاوە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانیاندا نەبووە.
لە دڵی ئەم قەیرانەدا ململانێیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە بە سەربەخۆ یەدەگی نەوتی خۆی بەڕێوەببات، بەڵام بەغدا پێداگری لەسەر چاودێری ناوەندی دەکات. ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری کەرکوک–جەیهانەوە، شادەمارێکی ئابووریی گرنگ بوو بۆ حکومەتی هەرێم، بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک کێشەی دارایی. لە ئەنجامدا، زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان گرفتی دواکەوتن یان پێنەدانی مووچەیان بۆ دروست بووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەکان بکەونە دۆخێکی ناهەموار و هەژاری زیاتر بڵاوببێتەوە. سەبارەت بەم کێشەیە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی پێدانی مووچەوە، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە و زیاتر لە ئاماژەیەکی ڕەمزی دەچن تا بڕیارێکی جێبەجێکراو.
ئەم چەقبەستووییە ڕووداوێکی جیانەکراوە نییە. ئەمە نوێترین بەشە لە مێژوویەکی درێژی دانوستانە شکستخواردووەکان، ڕێککەوتنە شکاوەکان و گومانی دوولایەنە. پێکهاتەی فیدراڵی عێراق، کە لە بنەڕەتدا بۆ جێگیرکردنی فرەیی و لامەرکەزی داڕێژراوە، لەبری ئەوە بووەتە گۆڕەپانێکی شەڕ بۆ ناسنامە و بەرژەوەندییە ڕکابەرەکان. دەسەڵات نەک لە ڕێگەی لێپرسینەوەی دیموکراسییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی پشکی تائیفی، پەیوەندییە عەشیرەتییەکان و تۆڕە خێزانییەکانەوە دابەش دەکرێت. ئەمەش مۆدێلێکی حوکمڕانی بەرهەمهێناوە کە پارچە پارچە، ناڕوون و بنەڕەتییەکی چەوسێنەرانەی هەیە، کە تێیدا دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بەڵکو بۆ دەوڵەمەندکردن و جێگیرکردنی ئەوانە بەکاردەهێنرێن کە لە دەسەڵاتدان.
میلیشیا و پارتە سیاسییەکان، کە زۆرجار لێک جیا ناکرێنەوە، زاڵن بەسەر دۆخەکەدا. دەسەڵاتیان تەنها لە بواری ئەمنی و سیاسیدا نییە بەڵکو ئابووری، میدیا و کۆمەڵگای مەدەنیشی گرتۆتەوە. لە هەردوو بەغدا و هەولێر، لەکاتێکدا دەسەڵاتداران لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێز و چەواشەکارییەوە پێگەی خۆیان قایم کردووە و سامانی گشتی دەدزن کەچی هاوڵاتیان لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەناڵێنن. وێنەکە ڕوونە: لەکاتێکدا شیری وشککراو بە قاچاخ دەهێنرێت و بەش دەکرێت، نەوت بە نایاسایی مامەڵەی پێوە دەکرێت؛ لەکاتێکدا کارمەندانی گشتی مانگ لە دوای مانگ چاوەڕێی مووچەکانیان دەکەن، کەچی سەرکردە سیاسییەکان سەرقاڵی دانوستانن لەسەر پشک و بۆرییە نەوتییەکان.
بارودۆخی فراوانتری ناوچەکە قەیرانەکە زیاتر دەکات. ناجێگیری ناوخۆیی عێراق بە فشارە دەرەکییەکان قورستر دەبێت، لە کاریگەری ئێران لە بەغدا و تا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا لە کوردستان و هەڵوێستی هەمیشە گۆڕاوی ئەمریکا. شەڕی غەززە، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و گۆڕەپانی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموویان دەبنە هۆی ئیفلیجی ناوخۆیی عێراق. هاوپەیمانی بەغدا لەگەڵ تاران، مامەڵە ناڕوونەکانی لەگەڵ ئەنقەرە و دوودڵییەکەی بەرامبەر واشنتۆن کەمێک جێگە بۆ سیاسەتێکی یەکگرتوو، نەک هەر چارەسەرێک، دەهێڵێتەوە.
لە کەشوهەوایەکی وەهادا، زمانی دانوستان پووچەڵ بووەتەوە. گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر چیتر لەسەر چارەسەرکردن نین، بەڵکو لەسەر مانەوەن. ڕاگەیاندنەکانی دوایی لە پێشکەوتنەکان لە گفتوگۆ پەیوەندیدار بە نەوتدا، لەوانەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردە لە ڕێگەی سۆمۆوە، چرۆیەکی هیوایان پێ دەبەخشن. بەڵام هیوایەکی ناسکە، بەستراوەتەوە بە تۆڕێک لە پرسە چارەسەرنەکراوەکان، لەوانەش دابەشکردنی داهات، چوارچێوەی یاسایی، و ئیرادەی سیاسی. تەنانەت بەڵێنی پێدانی مووچە بۆ یەک مانگیش نادیارە، بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر کەی یان چۆن بڕیارەکانی داهاتوو دەدرێن.
ئەم دۆخە نالەبارە بە تەنها قەیرانێکی ئابووری نییە، بەڵکو بووەتە پرسیارێکی بوونگەرییانە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق. شکستی دەسەڵاتداریەتی شتێکی تیۆری نییە، بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەرجەستە بووە: لە ڕەفەی مارکێتە بەتاڵەکان، لە قەرزە کەڵەکەبووەکان، لە دەرگا داخراوەکانی قوتابخانەکان و لەو بێهیواییەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. ئەمە لە کەمبوونەوەی متمانە، بڵاوبوونەوەی گومان و ئەو بێدەنگییەدا دەبینرێت کە نیشانەی قبوڵکردنی ئەوەیە کە ڕەنگە هیچ کاتێک گۆڕانکاری ڕوونەدات. لەگەڵ ئەمەشدا، لەژێر ئەم ئارامییەوە، تووڕەییەکی قووڵ بوونی هەیە و دانپێدانانێک کە کێشەکە تەنها شکستی سیستم نییە، بەڵکو ئەوەیە کە سیستمەکە لە بنەڕەتدا بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دانەنراوە.
سیستمی سیاسی ئێستا لەسەر دوورخستنەوە دامەزراوە، کە تێیدا ناسنامەی تائیفی گرنگترە لە بەشداریی هاوڵاتیبوون، دڵسۆزی پێش لێهاتوویی خراوە، وە متمانەکردن بە دەسەڵاتداران جێگەی دادپەروەری گرتۆتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێک کە توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی نییە، ناتوانێت پارێزگاری لە هاوڵاتیانی بکات و هیچ پلانێکی بۆ داهاتوو نییە. لە جیاتی ئەوە، دەوڵەتەکە لە قەیرانێکەوە دەچێتە ناو قەیرانێکی دیکەوە و تەنها بە چارەسەری کاتی و نێوەندگیری دەرەکی خۆی ڕاگرتووە. لەم نێوەندەدا، خەڵک بە کەمترین پشتیوانییەوە بەجێماون و ڕووبەڕووی گرانبوونی نرخ، کەمیی هەلی کار و هەستێکی گشتیی پشتگوێخستن بوونەتەوە.
چارەسەری ئەم دۆخە بە گفتوگۆ یان بڕیارێکی تری دادگا ناکرێت. ئەوەی پێویستە گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە سیستمی سیاسیدا؛ وازهێنان لەو بنەمایانەی کە ئەم قەیرانەیان دروست کردووە و بەردەوامی پێدەدەن. ئەم گۆڕانکارییە دەبێت لەلایەن خەڵکەوە سەرچاوە بگرێت و لەسەر بنەمای ئەزموون و داواکاری و هیواکانیان بێت. پێویستە ڕووبەڕووی قۆرخکاری دەسەڵات و سامان ببێتەوە و دەرفەت بۆ دەنگی نوێ، بیرۆکەی نوێ و سەرکردایەتی نوێ بڕەخسێنێت.
ڕەنگە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای کاری هاوبەش و بەشداری دیموکراسی بێت، تاکە ڕێگای بێت بۆ پێشەوە. بزووتنەوەیەکی لەم جۆرە دەنگەکانی کرێکاران، هەژاران، و پەراوێزخراوان دەکاتە ناوەند – ئەوانەی لە بڕیاردان دوورخراونەتەوە و لەلایەن ئەوانەی لە دەسەڵاتدانەوە ئیستغلال کراون. پشکە تائیفییەکان، هیرارشییە عەشیرەتییەکان، و قۆرخکارییە خێزانییەکانی کە بۆ دەیان ساڵ حوکمڕانییان دیاری کردووە، ڕەت دەکاتەوە. داوای شەفافیەت، لێپرسینەوە، و بەشداری دەکات – نەک وەک دروشم، بەڵکو وەک بنەما. هەوڵ دەدات دەسەڵات و سەرچاوەکان دابەش بکاتەوە، دامەزراوەکان دیموکراتیزە بکات، و شکۆ بۆ ژیانی گشتی بگەڕێنێتەوە.
ئەم دیدە گەورەیە لە هەمان کاتدا ئاڵۆزیشە. دان بە ئاستەنگەکاندا دەنێت، پێکهاتە چەسپاوەکانی دەسەڵات، فشارە ناوچەییەکان و مەترسییەکانی سەرکوتکردن. ڕێگای ئێستا هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێشکەش ناکات، تەنها پارچە پارچەبوونی قووڵتر و ئازاری زیاتر و بەردەوامبوونی بێئومێدی. ڕەنگە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بتوانێت ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە تاریکی بەرەو داهاتوویەک دابین بکات کە نەک بە نائومێدی، بەڵکو بە ئەگەری پێناسە بکرێت.
بۆ گەیشتن بەمە، بزووتنەوەکە دەبێت ستراتیژی بێت. دەبێت هاوپەیمانێتی لە سەرانسەری ناوچەکان، چینەکان، و کۆمەڵگەکاندا بنیات بنێت. دەبێت دیدگایەکی ڕوونی هەبێت، کە لە ئەزموونە ژیانکراوەکانی خەڵکی ئاساییدا ڕیشەی داکوتابێت. دەبێت نەک تەنها سیاسەتەکان بەڵکو ئەو پارادایمانەش تەحەدا بکات کە دوورخستنەوە و چەوساندنەوەیان پاساو داوە. هەروەها دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ ئامادە بێت، بۆ کاری هێواش و سەختی بنیاتنانی دامەزراوەکان، گەشەپێدانی سەرکردایەتی و بەردەوامیدان بەو بەردەوامییەی کە هەیەتی.
عێراق و کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاردان و دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە. بژاردەی یەکەم، مانەوەیە لە دۆخی چەقبەستوویی کە دەبێتە هۆی قەیرانی زیاتر و لە ئەنجامدا داڕمانی سیستم. بژاردەی دووەم، پرۆسەیەکی نوێبوونەوەیە کە دەرفەتی بنیاتنانەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گەیشتن بە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە دەرەخسێنێت. بەرپرسیارێتیی ئەم هەڵبژاردنە لە ئەستۆی خەڵکدایە، نەک لایەنە سیاسییەکان. خاڵی دەستپێکیش ئەوەیە کە بڕوا بەوە بهێنرێت کە ئەم سیستمە تاکە چارە نییە، بەڵکو دەکرێت عێراقێکی باشتر دروست بکرێت و داهاتوو بۆ ئەو کەسانەیە کە جورئەتی بیرکردنەوە لە جیاوازی دەکەن.