ئایا سەرۆک وەزیران تەنها کاربەدەستێکە یان سەرکردەیەکی خاوەن بڕیار؟  کێ بەڕاستی حوکمی عێراق دەکات؟

توانا محەمەد نوری
  2025-12-04     128

لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقدا، پرسیاری جەوهەری ئەوە نییە "کێ دەبێتە سەرۆک وەزیران؟"، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە "سەرۆک وەزیران چییە؟". چاودێریکردنی وردی ئەو مەرج و پێوەرانەی کە هێزە باڵادەستەکان بۆ سەرۆکی داهاتوو دیاری دەکەن، دەمانباتە بەردەم تێگەیشتنێکی نوێ بۆ چەمکی دەسەڵات؛ تێگەیشتنێک کە تێیدا پۆستی یەکەمی وڵات لە ناوەرۆک و هێز بەتاڵ دەکرێتەوە و دەبێتە تەنها "ناونیشان"ێکی پرۆتۆکۆڵی.

ئەوەی دەیبینین ڕێکەوت نییە، بەڵکو پلانێکە بۆ داماڵینی دەسەڵات. مۆدێلەکە ئەوەیە سەرکردەیەک دروست بکرێت بە ناو گەورە بێت و بە یاسا دەسەڵاتی هەبێت، بەڵام بە کردار دەستەپاچە بێت لە ئاست ئەو هێزانەی کۆنترۆڵیان کردووە. ئەمە دابڕانە لە نێوان کورسی و دەسەڵاتی ڕاستەقینە. سەرۆک وەزیران ئێستا ڕۆڵی سەرکردە نابینێت، بەڵکو وەک کارمەندێکی ئیداری مامەڵە دەکات کە تەنها خەمی ڕازیکردنی لایەنەکانە. بەم شێوەیە، سەرۆکایەتی وەزیران لە شوێنی بڕیاردانەوە گۆڕدراوە بۆ شوێنی گوێڕایەڵیکردن، هەروەک شاعیر (ئەحمەد مەتەر) لە وەسفی ئەم جۆرە کاربەدەستانەدا دەڵێت:

»وتیان: "بڕۆ"، وتی: "باشە"
وتیان: "وەرە"، وتی: "باشە"
وتیان: "هاوار کە بژی ئێمە"، وتی: "باشە"
پاشان وتیان: "بمرە بۆمان"
ئەو هەر وتی: "باشە.. باشە"
بەڵام کاتێک،
ویستی بڵێ "کەرامەتم"..؟!

وتیان: "لێرەدا ڕاوەستە!
گفتوگۆی سیاسی مەکە و
سنووری خۆت مەبەزێنە، ئەی لاشە «!"

ئەم واقیعە ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قوڵتری سیستەمی حوکمڕانییە. لەم سیستەمەدا، دەوڵەت بووەتە "میوان" لە ماڵەکەی خۆیدا. بەڵگەکان بۆ ئەمە ڕوونن؛ (بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق بەردەوام لە ڕیزبەندی ١٥٠ بۆ ١٦٠یەمین وڵاتی گەندەڵدایە لە جیهاندا. ئەمە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە سیستەمەکە بۆ دزین دیزاین کراوە. باشترین نموونەش دۆسیەی "دزی سەدە" بوو کە تێیدا ٢.٥ ملیار دۆلار لە پارەی باجی هاوڵاتیان بە ڕۆژی ڕوون دیار نەما و سەرۆک وەزیران و سیستەمی دادوەری نەیانتوانی دەست بۆ "سەرە گەورەکان" بەرن.) ئەم دووڕووییە سیاسییە وایکردووە دامەزراوەکانی دەوڵەت ببنە پۆشاکێک بۆ شاردنەوەی هێزە ڕاستەقینەکان.

ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکان لە دۆخی ئێستادا تەنها لە دیاردەیەکی سەربازیی دەرەوەی یاسادا کورت نابێتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پرۆسەی مەترسیداری "بەمیلیشیاکردنی دەوڵەت". ئەم هێزانە بە دروستکردنی "دەوڵەتی هاوتەریب"، توانیویانە خۆیان جێگیر بکەن. (ئەمڕۆ ئێمە باس لە هێزێک دەکەین کە ژمارەیان لە ٢٣٠ هەزار چەکدار تێپەڕی کردووە و لە بودجەی گشتی وڵاتدا ساڵانە نزیکەی ٣.٥ تریلیۆن دیناریان بۆ تەرخان دەکرێت، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ بودجەی چەند وەزارەتێکی خزمەتگوزاری. کاتێک هێزێکی حزبی خاوەنی ئەم هەموو پارە و چەک و دەسەڵاتە بێت، سوپای فەرمی و سەرۆک وەزیران دەبنە تەماشاکەر.) ئەمەش مانای کۆتاییهاتنی کردەیی سەروەریی دەوڵەت و گۆڕینیەتی بۆ ئامێرێک لە خزمەت مانەوە و دارایی هێزە چەکدارەکاندا.

لە ڕوانگەی ئەم مۆدێلە سیاسییەوە، هەڵبژاردنەکان ئامراز نین بۆ گۆڕینی دەسەڵات، بەڵکو تاکتیکێکن بۆ نوێکردنەوەی ڕوخسارەکان. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو فێری کردوون کە هێنانە پێشەوەی کەسایەتیی لاواز باشترین گرەنتییە. کاتێک سەرۆک وەزیران لاواز دەکرێت، وەزارەتەکان دەبنە موڵکی تایبەتی حزبەکان، ئەمەش وادەکات داهاتی وڵات لەبری خزمەتگوزاری، بچێتە گیرفانی "دەوڵەتی قوڵ"ەوە.

دیاردەی بایکۆتکردنی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکان، دەرەنجامێکی سروشتیی ئەم دۆخەیە. (ژمارەکان ئەو ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنن؛ لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١دا ڕێژەی بەشداریکردن بە فەرمی تەنها ٤٣٪ بوو -کە زۆرێک گومانیان لەو ڕێژەیەش هەیە-، واتە حکومەتی ئێستا شەرعیەتی زۆرینەی بێدەنگی -نزیکەی ٦٠٪ی خەڵک-ی لەدەست داوە). کاتێک دەنگدەر دەگاتە ئەو باوەڕەی دەنگەکەی کاریگەری نییە، بایکۆت دەبێتە پەیامێکی ناڕەزایەتی. ئەم دۆخە قەیرانێکی قوڵی "شەرعیەت"ی دروست کردووە، چونکە حکومەتێک کە نوێنەراتیی کەمینەیەکی زۆر کەمی دەنگدەران دەکات، خاوەنی پێگەیەکی لەرزۆکە.

ئەگەرچی لە بەرامبەر ئەم تێڕوانینەدا، خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە کە پێی وایە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە ستراتیژێکی "تێکدەرانە"، دەکرێت کاریگەرتر بێت. بەکارهێنانی سەکۆی پەرلەمان بۆ ڕووتکردنەوەی بڕیارە ژێربەژێرەکان دەتوانێت سیستەمەکە تووشی قەیران بکات. کاتێک نوێنەرانی ئازا دەچنە ناو کایەکەوە و ڕەتی دەکەنەوە ببنە بەشێک لە یاری پشکپشکێنە، ناچاری دەکەن ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیشان بدات.

ئەم قەیرانە تەنها کێشەی حکومەت نییە، بەڵکو نیشانەی قەیرانێکی بونیادییە لە پێکهاتەی دەوڵەتدا. ئێمە لەبەردەم دۆخێکداین کە تێیدا "مەرجەعیەتی دەوڵەت" ونبووە. لە هەمووی ترسناکتر، ونبوونی "بەرپرسیارێتی"یە؛ کاتێک کارەساتێک ڕوودەدات، هاوڵاتی نازانێت یەخەی کێ بگرێت، چونکە دەسەڵاتی فەرمی دەسەڵاتی نییە، و دەسەڵاتی ڕاستەقینەش بەرپرسیارێتی هەڵناگرن.

دەرەنجامی ئەم دۆخە بریتییە لە کۆتاییهاتنی مانای سیاسەت. کاتێک هاوڵاتی دەبینێت هەڵبژاردنەکان تەنها فەرمانبەرێک دیاری دەکەن نەک سەرکردە، ئیتر هیچ بڕوایەکی بە پڕۆسەکە نامێنێت. ترسەکە ئەوەیە خەڵک لە بێهیواییدا ئامادە بن دەستبەرداری ئازادی ببن و بەدوای دیکتاتۆرێکدا بگەڕێن. تا ئەو کاتەی ناوەندی بڕیار نادیار بێت، گۆڕینی کەسەکان تەنها خولانەوەیە لە بازنەیەکی بەتاڵدا و هیچ سوودێکی نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×