بۆ ئەوەی سووریای نوێ بەرەو قۆناغێکی سەقامگیر هەنگاو بنێت، پێویستە دەسەڵاتی نوێ چەند بڕیارێکی بوێر بدات. یەکێک لە گرنگترین ئەو پێشنیازانەی کە دەبێتە ئاماژەیەکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری، گۆڕینی ناوی وڵاتە بۆ "کۆماری سووریا" و لابردنی پاشگری "عەرەبی" لە ناوی دەوڵەتەکە. ئەم هەنگاوە دەبێتە نیشانەی ئەوەی کە هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک کە هەموو هاووڵاتیان تێیدا یەکسان بن و هیچ لایەنێک هەست نەکات پەراوێز خراوە. لەم چوارچێوەیەدا، مەرسومی ژمارە ١٣ دەکرێت وەک هەنگاوێکی سەرەتایی ببینرێت بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی دەوڵەت لەگەڵ پێکهاتەی کورد وەک بەشێکی ڕەسەنی وڵات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە ببێتە بنەمایەک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستە لە چەند ڕوویەکی یاسایی و کارگێڕییەوە بە وردی سەیری بکەین.
یەکەم تێبینی کە لەسەر ئەم مەرسومە هەبێت، پلەی یاساییەکەیەتی. مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە و گروپە جیاوازەکان لە وڵاتە دیموکراسەکاندا دەبێت لە ناو "دەستوور"دا جێگیر بکرێن، نەک تەنها بە مەرسوم و بڕیاری کاتی بن. چونکە مەرسوم بڕیارێکی ئیدارییە و ئەگەری هەیە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ یان حکومەتەکاندا دەستکاری بکرێت، بەڵام دەستوور گرەنتییەکی بەهێزە کە مافی هەموو هاووڵاتیان بە یەکسانی دەپارێزێت.
ئەگەر سەیری ناوەڕۆکی مەرسومەکە بکەین، دەبینین زیاتر جەختی لەسەر لایەنی کلتوری و فەرهەنگی کردووەتەوە. بۆ نموونە، پرسی خوێندن بە زمانی کوردی وەک بابەتێکی "ئارەزوومەندانە" و تەنها بۆ ئەو ناوچانە دانراوە کە زۆرینەی کوردن. لێرەدا وا باشتر بوو زمان وەک دەڵەمەندکردنی کلتوری نیشتمانی و مافێکی سەرەکی هاووڵاتیبوون سەیر بکرێت، نەک بە مەرجی سنووردار ببەسترێتەوە؛ چونکە ناسینی زمانی یەکتر متمانە و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا بەهێزتر دەکات.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ستەمی مێژوویی لەسەر کوردانی سووریا تەنها ڕووداوێکی کاتی نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەک سیاسەتی سیستماتیک بووە بۆ سڕینەوەی بوونی نەتەوەیی. ئەم ستەمە لە سەرژمێرییە ناڕەواکەی ساڵی ١٩٦٢ەوە لە پارێزگای حەسەکە دەستی پێکرد، کە تێیدا بە هەزاران کورد لەسەر خاکی باوباپیرانیان کرانە "بێگانە" و لە هەموو مافێکی مرۆیی و شارستانی بێبەش کران.
دواتر، لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕەگەزپەرستانەی وەک «پشتێنی عەرەبی» و سیاسەتی «تەعریب»، زەوییە بەپیتەکانی کوردان داگیرکران و دیمۆگرافیای ناوچەکە بە زۆرەملێ گۆڕدرا. گۆڕینی ناوی گوند و شارەکان بۆ عەرەبی و قەدەغەکردنی زمان و کلتووری کوردی، هەموویان بەشێک بوون لەو هەوڵە بەردەوامەی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەو وڵاتەدا ئەنجام دەدران، کە شوێنەوارە نەرێنییەکانی تا ئەمڕۆش بەردەوامن.
هەر بۆیە، پرسی ڕەگەزنامە و مافە مەدەنییەکان ڕەهەندێکی تری بنەڕەتیی کێشەکانە. گێڕانەوەی ڕەگەزنامە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە لە ساڵی ١٩٦٢ لێیان سەندرابووەوە بە تەنها بەس نییە بۆ چارەسەری هەموو کێشە کۆنەکان. دۆسیەی موڵکداری و زەوییەکان پێویستیان بە چارەسەری یاسایی ورد هەیە بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ هەموو لایەک بەدی بێت و ماف بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێتەوە، بە جۆرێک کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکنەچێت.
لە ڕووی کارگێڕییەوە، مەرسومەکە بە ڕوونی باسی ئەوەی نەکردووە کە ناوچەکان چۆن بەڕێوە دەبرێن. بۆ ئەوەی سووریایەکی نوێ و سەقامگیر دروست بێت، پێویستمان بە سیستمێکی کارگێڕی هەیە کە ڕێگە بداتە خەڵک لە ناوچە جیاوازەکاندا بەشدار بن لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیاندا. سنووردارکردنی مافەکان تەنها لە لایەنی ڕۆشنبیریدا، ناتوانێت هەموو پێداویستییە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی ئەم قۆناغە پڕ بکاتەوە.
سەرباری ئەمانە، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی، دیموکراسی و یەکجاری بۆ پرسی کورد لە سووریا بدۆزرێتەوە، پێویستە بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی گشتی بکرێتەوە لە ناوچە کوردنشینەکاندا. ئەم ڕیفراندۆمە کە دەبێت لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێت، تاکە ڕێگەیە کە ڕێگە بە خەڵکی ناوچەکە دەدات بە ئازادی خۆیان بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و چارەنووسی سیاسیی خۆیان بدەن لەناو چوارچێوەی دەوڵەتدا. ڕیفراندۆم شەرعیەتێکی ڕاستەقینە بە هەر ڕێککەوتنێک دەبەخشێت و دەبێتە گرەنتییەک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ لایەنێک نەتوانێت مافە بەدەستهاتووەکان پاشەکشە پێ بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، کاتی دەرکردنی ئەم مەرسومە کە هاوکاتە لەگەڵ هەندێک گرژیی سەربازی، وای کردووە هەندێک کەس وەک هەنگاوێکی کاتی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە سەیری بکەن. بۆ ئەوەی متمانەیەکی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو پێکهاتەکان و دەوڵەتدا دروست ببێت، پێویستە ئەم مافانە لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیردا بن. سووریای نوێ پێویستی بەوەیە هەموو هاووڵاتییەک، بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ ئایین یان نەتەوەیەکە، دڵنیابێت لەوەی کە یاسا و دەوڵەت بە یەکسانی دەیپارێزن.