کۆتایی خەونێکی گەورە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا؛ خوێندنەوەیەک بۆ ڕێککەوتنی ٢٠٢٦ی نێوان هەسەدە و دیمەشق!

توانا محەمەد نوری
  2026-01-19     434

وا دیارە ساڵی ٢٠٢٦ دەبێتە ئەو وێستگەیەی کە خەونە گەورەکانی ڕۆژئاڤا تێیدا دەوەستن. ئەو ڕێککەوتنەی لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە نێوان "مەزڵوم عەبدی" و حکومەتە نوێیەکەی سووریا بە سەرۆکایەتی "ئەحمەد شەرع" واژۆ کرا، تەنها نووسینی سەر کاغەز نییە، بەڵکو گۆڕینی ڕێڕەوی مێژووە. لێرەدا کورد لە خەونی "فیدراڵی و هاوبەشیی ڕاستەقینە"وە، هەنگاوی پاشەکشەی ناوە بەرەو "ستراتیژیی مانەوە لە ژیان". ئەمە چیرۆکی دەستبەرداربوونە لە خاک و دەسەڵات، تەنها بۆ ئەوەی ناسنامە و گیانی مرۆڤەکان بپارێزرێت.

بۆ ئەوەی لە قووڵایی ئەم پاشەکشەیە بگەین، پێویستە سەیری ئەو جیاوازییە گەورەیە بکەین کە لە نێوان ئەم ڕێککەوتنە و ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا هەیە. لە ڕێککەوتنەکەی ٢٠٢٥دا، کەشەکە پڕ بوو لە ئومێد؛ کورد وەک "هاوبەشێکی نیشتمانی" دەبینرا و باس لەوە دەکرا کە سووریای نوێ بەرەو سیستمێکی لامەرکەزیی فرەوان هەنگاو دەنێت کە تێیدا کورد خاوەن بڕیاری سیاسی بێت. بەڵام تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا، هەموو ئەو بەڵێنانە هەڵوەشانەوە. لە ڕێککەوتنی ٢٠٢٦دا، وشەیەک نییە باس لە "لامەرکەزییەت" یان "هەرێم" بکات. لێرەدا خەڵکی کوردستان لە هاوبەشێکی سیاسییەوە دەبێتەوە بە "شوێنکەوتوو". پارێزگارەکان چیتر بە دەنگی خەڵک هەڵنابژێردرێن، بەڵکو بە فەرمانی سەرۆکایەتی لە دیمەشقەوە دادەنرێن. ئەمە واتە دەسەڵاتی سەربەخۆ نامێنێت و بەرپرسە خۆجێییەکان دەبنەوە بە فەرمانبەری ناوەند.

ئەم پاشەکشەیە زۆر گەورەترە کاتێک بەراوردی دەکەین بە ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە عێراق. ئەو کات لە عێراقدا، تەنانەت حکومەتی بەعسیش دانی بەوەدا نا کە کورد "شەریک و هاوبەش"ـە و مافی حوکمی زاتی و پەرلەمانی هەیە. بەڵام لەم ڕێککەوتنە نوێیەی ٢٠٢٦ی سووریادا، کورد تەنانەت ئەو مافەشی پێ ڕەوا نەبینراوە کە لە ١٩٧٠ بە نەیارەکانی درابوو. لێرەدا کورد گەڕاوەتەوە بۆ پێش چوارگۆشەی یەکەم.

لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: چۆن هەسەدە ڕازی بوو ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتێک بکات کە سەرۆکەکەی "ئەحمەد شەرع"ـە؟ پیاوێک کە پاشخانێکی ئاینیی توندی هەیە. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە دوای گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا و نەمانی ڕژێمەکەی پێشوو، "ناوەندگەرایی" وەک خۆی مایەوە. ئەحمەد شەرع هەرچەندە ڕووکارێکی نوێیە، بەڵام هەمان عەقڵیەتی "یەک دەوڵەت و یەک ناوەند" پەیڕەو دەکات. هەسەدە لە نێوان بەرداشی هەڕەشەکانی تورکیا و پاشەکشەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکادا، ناچار بوو بچێتە ژێر چەتری دیمەشق، چونکە هیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی لە دەستدا نەمابوو.

کوشندەترین پاشەکشە لە بەشی سەربازیدایە. لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا، هێشتا باس لەوە دەکرا کە هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو لەژێر ناوی "فەیلەقێکی تایبەت"دا دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە پێکهاتەکەی خۆی دەکات. بەڵام لە ڕێککەوتنی ٢٠٢٦دا، خاڵی پێنجەم کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا؛ هەسەدە وەک دامەزراوە هەڵدەوەشێتەوە و شەڕڤانان وەک "تاکەکەس" دەچنە ناو سوپای سووریاوە. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە؛ ڕەنگە گەنجێکی کورد بنێردرێت بۆ سەربازی لە حومس یان دەرعا. بەمەش هێزێکی یەکگرتوو نامێنێت کە بتوانێت لە کاتی پەیمانشکێنیدا پارێزگاری لە کورد بکات. تەنانەت هەموو دامەزراوە ئیدارییەکانیش دەگەڕێنەوە ژێر چەتری وەزارەتەکان و ئەو سیستمە بیرۆکراسییە توندەی کە سیفەتی دەوڵەتە ناوەندییەکانە، جارێکی تر بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێتەوە.

لە ڕووی ئابوورییەوە، پاشەکشەکە هێندە قورسە کە باوەڕنەکراوە. لە کاتێکدا لە ڕێککەوتنی ٢٠٢٥دا باس لە دابەشکردنی "داهاتی نەوت و غاز" وەک شەراکەت دەکرا، بەڵام لە ٢٠٢٦دا، هەسەدە دەستبەرداری هەموو شتێک بووە. نەوت، گاز، دەروازە سنوورییەکان و تەنانەت شارە گەورەکانی وەک ڕەققە و دێرەزوور دەگەڕێنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند. ئیدارەی ناوچەکە تەنانەت دەسەڵاتی کڕینی پێنووسێکی نامێنێت ئەگەر دیمەشق ڕەزامەند نەبێت. ئەمە تەسلیمکردنی تەواوەتی "سەروەریی ئابووری"یە بەرامبەر بە مووچە و بژێوییەکی سەرەتایی.

سەرباری هەموو ئەم پاشەکشە توندانە، لایەنێکی مرۆیی هەیە کە نابێت پشتگوێ بخرێت. لە سووریا، هەزاران کوردی "مەکتووم" کە نیو سەدە بوو بێ ناسنامە بوون، ئێستا دەبنە خاوەن ناسنامە. خوێندن بە زمانی کوردی دەبێتە فەرمی، ئەمەش کۆتایی بە سەردەمی خنکاندنی زمان دەهێنێت. لە هەمووشی گرنگتر، ڕاگرتنی شەڕ و دوورخستنەوەی سێبەری ترسناکی هێرشەکانی تورکیایە کە خەڵکی ماندوو کردبوو. لێرەدا دەبینین "مافی ژیان" وەرگیراوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا "ئیرادەی سیاسی" دۆڕاوە.

یەکێک لە دڵتەزێنترین پرسەکانی ناو ئەم ڕێککەوتنە، چارەنووسی ئەو "شۆڕشی ژن"ـەیە کە یەپەژە (YPJ) سیمبولی بوو. چۆن دەکرێت هێزێک کە بۆ یەکسانیی ڕەگەزی و سیستمی هاوسەرۆکایەتی دەجەنگا، ئێستا تەسلیمی حکومەتێک بێت کە سەرۆکەکەی خاوەن فیکرێکی کۆنەپەرستە؟  گەڕانەوە بۆ دیمەشق واتە گەڕانەوە بۆ یاسا کلاسیکییەکانی باری کەسی و کۆتاییهێنان بەو دەستکەوتانەی ژنان. کاتێک یەپەژە هەڵدەوەشێتەوە، ئەو ئیرادە ئازادەی ژن لە ناو سیستمێکی پیاوسالار و ناوەندگەراوەدا ڕووبەڕووی مەترسیی توانەوە دەبێتەوە. ئەمە گرانترین باجە کە ژنان دەیدەن تەنها بۆ ئەوەی لە شەڕ ڕزگاریان بێت.

ڕێککەوتنەکە بۆمبێکی تەوقیتکراویشی تێدایە، ئەویش خاڵی ١٢یە کە باس لە دەرکردنی ئەندامانی پەکەکە دەکات. ئەم خاڵە کە لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا بەم شێوەیە بوونی نەبوو، ئێستا وەک مەرجێکی قورس فەرز کراوە. ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆیی و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی، چونکە جێبەجێکردنی ئەم خاڵە لەسەر زەوی زۆر قورسە. هەروەها گەڕانەوەی دەزگا ئەمنییەکان بە مەرجی "وردبینیی ئەمنی"، دڵەڕاوکێیەکی گەورە لای چالاکوانان دروست دەکات کە نەکا جارێکی تر "گرتن و چەوساندنەوەی سیاسی" دەست پێ بکاتەوە.

پرسیارێکی جەوهەری ئەوەیە: بۆچی ئەم ڕێککەوتنە نەخرایە بەردەم ڕیفراندۆم و دەنگی خەڵک؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەم بڕیارە لە بارودۆخێکی "دیموکراسییانە"دا نەدراوە. کاتێک تورکیا لەسەر سنوورەکان هەڕەشەی داگیرکاریی تەواوەتی دەکرد و ئەمریکاش پشتی تێ کردن، بژاردەکان هێندە سنووردار بوون کە دەرفەتی بۆ ڕاوێژ نەهێشتووەتەوە. دیارە سەرکردایەتی سیاسی نەیویست خەڵک بخاتە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتییە کە تێیدا دەبێت "دەستبەرداری ئازادیی سیاسی بن تەنها بۆ ئەوەی بژین". بۆیە پرۆسەی دیموکراسی کرا بە قوربانیی "ستراتیژیی مانەوە".

بە کورتی، ئەگەر ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی کورد ببێتە "هاوبەش"، ئەوا ڕێککەوتنی ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ تەسلیمبوونێکی ڕێکخراوە تەنها بۆ ئەوەی کورد وەک "کرێنشینێکی خاوەن ناسنامە" بمێنێتەوە. خەونی هەرێمێکی سەربەخۆ و فیدراڵی کۆتایی دەێت و بڕیاری سیاسی لە دەست دەچێت، تەنها لە پێناو ئەوەی شارەکان داگیر نەکرێن. ئەمە گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، بەڵام بە نرخێکی زۆر گران و دوای ڕشتنی خوێنێکی زۆری گەنجانی ئەم نیشتمانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×