گۆڕانکاری بە یارمەتیی داگیرکەر؛ بێ‌ئیرادەکردنی خەڵک لەژێر ناوی ئازادیدا

توانا محەمەد نوری
  2026-02-02     721

لە کاتی قەیران و تەنگانەدا، ئەوەی لە خودی شەڕ مەترسیدارترە، ئەو خەیاڵ و وەهمەیە کە وا دەزانێت "هێزی دەرەکی" دێت و خەڵک ئازاد دەکات. ئەم خەیاڵە لە ڕاستیدا واتە سڕینەوەی ڕۆڵی خەڵک و مێژووی کۆمەڵگا. هێزە پێشکەوتنخواز و چەپە دژە داگیرکەرەکان ڕێک لەم خاڵەوە دەست پێ دەکەن: "هیچ سیستمێک کە تێیدا دەسەڵات و ئیرادە لە خەڵک وەربگیرێتەوە، ناتوانێت ئازادی بهێنێت، تەنانەت ئەگەر بە ناوی مافی مرۆڤ و دیموکراسیشەوە بێت."

ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکە (بە تایبەت ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان بینیمان) بە ڕوونی ئەوەی نیشان داوە کە گۆڕانکاری بە زەبری هێزی دەرەکی، مانای پچڕان لەگەڵ ستەمی ڕابردوو نییە، بەڵکو تەنها گۆڕینی جێگای دەسەڵاتە؛ واتە بڕیار لە دەستی گرووپێکی ناوخۆوە دەچێتە دەستی هێزێکی دەرەکی. لەم دۆخەدا، کۆمەڵگا خۆی نابێتە بکەر و ئەنجامدەر، بەڵکو دەبێتە مەیدانێک کە ئەوانی تر هێزی خۆیانی تێدا تاقی دەکەنەوە. کات و ئاراستەی گۆڕانکارییەکان لەجیاتی ئەوەی لە ناو خەباتی خەڵکەوە بێت، لە ژوورە تاریکەکانی وڵاتانی داگیرکەرەوە دیاری دەکرێت.

لە ڕوانگەی هێزە چەپە دژە سەرمایەدارییەکانەوە، ئەم جۆرە گۆڕانکارییە لووتکەی "نامۆبوونی سیاسی"ـیە. واتە کۆمەڵگایەک کە تەنانەت کاتی ئازادبوونەکەشی هی خۆی نییە. دەسەڵاتدارانی داهاتوو خەڵک هەڵیاننابژێرێت، بەڵکو بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز دەیانھێنێتە سەر کار. بەم شێوەیە، کێشە سەرەکییەکان چارەسەر نابن، تەنها شێوەکەیان دەگۆڕێت؛ لەجیاتی دەوڵەتی نیشتمانی، سیستەمێکی وەک "پشکپشکێنە" دادەمەزرێت کە حکومەت تێیدا لەجیاتی ئەوەی گوێ لە خەڵک بگرێت، گوێ لەو هێزە دەرەکییە دەگرێت کە هێناویەتە سەر کورسی.

ئەو گۆڕانکارییەی پشت بە زۆری دەرەکی دەبەستێت، نموونەی توندوتیژییە؛ توندوتیژییەک کە ئازادی دروست ناکات، بەڵکو تەنها توندوتیژیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت. لەم دۆخەدا، لەجیاتی سیاسەتکردن، "لۆژیکی ئەمنی" زاڵ دەبێت و هاووڵاتی دەبێتە "گومانلێکراو". نموونەی زەقی ئەمەش دروستبوونی ناوچەی پارێزراوی وەک "زۆنی سەوز"ـە؛ کە دەسەڵاتداران لە پشتی دیوارە کۆنکرێتییەکانەوە خۆیان لە خەڵک دەشارنەوە. ئیتر دیموکراسی بوونی نامێنێت، چونکە سیستمە نوێیەکە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای سەرکوت و لابردنی خەڵک دروست بووە.

ئەو وێرانکارییەی لەم جۆرە گۆڕانەدا دروست دەبێت، تەنها ڕووخانی بینا نییە. ئەوەی تێک دەچێت شیرازەی ژیانی کۆمەڵایەتییە: واتە ژێرخانەکان، متمانەی نێوان خەڵک و توانای ژیانکردن لەناودەچێت. سەیری دۆخی وڵاتێکی وەک لیبیا بکەن؛ کۆمەڵگایەک کە نەخۆشخانە و قوتابخانە و بژێوییەکەی تێک بچێت، تەنها وێران نەبووە، بەڵکو بۆ چەندین ساڵ توانای نابێت کاری سیاسیی سەربەخۆ بکات. ئەمە ئەو کاتەیە کە ئیمپریالیزم (داگیرکەر) دەگاتە ئامانجی خۆی: کۆمەڵگایەکی لاواز، دەستەپاچە و بێ‌توانا کە ناتوانێت خۆی بەڕێوە ببات.

جگە لەمەش، دەستێوەردانی دەرەکی، جیاوازییەکانی ناو خەڵک (وەک ئایین و نەتەوە) دەکاتە ئامرازی شەڕ و حوکمڕانی. سیاسەتی نیشتمانی لەجیاتی گفتوگۆ، دەبێتە مەیدانی دووبەرەکی و شەڕی تایفەگەری (وەک ئەوەی لە لوبنان و عێراق بە دامەزراوەیی کراوە). لەم دۆخەدا، سەربەخۆیی نەک هەر بەدەست نایەتەوە، بەڵکو بە ناوی "ڕزگارکردن"ـەوە بۆ هەتاهەتایە لەدەست دەچێت.  لێرەدا دەبێت پێداگری لەسەر ئەم ئەسڵە بکرێت کە: ڕزگاری، ئەگەر بە ئیرادە و هێزی خەڵک خۆی نەیەتە دی، ناوی ڕزگاری نییە، بەڵکو ناوێکی دیکەی کۆیلایەتی و ژێردەستییە.

گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و بەردەوام، ئەگەرچی هێواش و پڕ تێچوو و سەختیش بێت، تەنها لە ڕێگای ڕێکخستنی سەربەخۆ، گەڕانەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی هێزی جەماوەرییەوە دەکرێت—نەک لەو ئاسمانەوە کە بۆمب، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گرێبەستی سەپێندراوی هەڵگرتووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×