ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەم ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ئارام بوو؛ ئەو سەرکردەیە تەنها فەرماندەیەکی چەکدار نەبوو، بەڵکو گەنجێکی خوێندەوار، زیرەک و هەڵگری خەونێکی گەورە بوو بۆ یەکسانی و نەهێشتنی چەوسانەوە. شاسوار جەلال، ناسرابوو بە ئارام، دەیویست جیهانێک دروست بکات کە تێیدا هەژاران و کرێکاران حوکم بکەن. ئەو هەمیشە دەیگوت: "بۆ ئەوەی بژین، دەبێت وەک مرۆڤ بژین"، ئەمەش لای ئەو بە واتای کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکی مرۆڤ بوو لەلایەن مرۆڤەوە. بەڵام چیرۆکی ئارام چیرۆکێکی خەمناکە؛ چیرۆکی وزە و توانایەکی شۆڕشگێڕانەی زۆر گەورەیە کە لە پێناو ئامانجێکدا بەکارهات کە لە کۆتاییدا هی چینی کرێکار نەبوو.
ئەم تێکۆشەرە باوەڕی بە سۆشیالیزم و مافی زەحمەتکێشان هەبوو، ئەو دروشمی "زەوی بۆ ئەو کەسەیە کە دەیکێڵێت" کردبووە بنەمای خەباتەکەی، چونکە بڕوای وابوو نادادی لە ڕەگی سیستەمەکەدایە. بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧٥، ئەو هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەی کرد. لەبری ئەوەی لە "شارەکان" بمێنێتەوە و خەباتی "چینی کرێکار" ڕێکبخات (کە شوێنی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە)، ڕووی کردە شاخ و گوندەکان.
بە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە، ئەم "چوونە شاخە" دابڕان بوو لە ململانێی ڕاستەقینەی نێوان کرێکار و سەرمایەدار. ئارام بەم کارەی، وزەی خۆی خستە خزمەت بزوتنەوەیەکەوە کە ئامانجی تەنها "رزگاریی نەتەوە" بوو. هەرچەندە ئەو هۆشداری دەدا و دەیگوت: "ڕزگاریی نەتەوایەتی بەبێ ڕزگاریی چینایەتی، تەنها گۆڕینی چەوسێنەرێکی بیانییە بە چەوسێنەرێکی ناوخۆیی"، بەڵام بە کردەوە بوو بە بەشێک لە پرۆژەیەک کە دواجار دەسەڵاتێکی کوردیی لێ دروست بوو، نەک دەسەڵاتێکی یەکسانیخواز.
زۆرجار بە شانازییەوە باس لەوە دەکرێت کە ئارام وەک جوتیار ژیاوە، نانی ڕەقی خواردووە و جلوبەرگی کۆنی پۆشیوە. هەرچەندە ئەمە نیشانەی پاکی و دڵسۆزی کەسێتی ئەو بوو، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە جۆرێکە لە "پۆپۆلیزم" (خۆنزیککردنەوە لە خەڵکی ئاسایی). شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست پێویست ناکات وەک هەژاران بژی بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت دڵسۆزە، بەڵکو دەبێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەژاری نەهێڵێت. تێکەڵبوون بە ژیانی گوند و دابڕان لە شارستانیەت، وایکرد ئەو هزرە مۆدێرنەی ئارام هەیبوو، وردە وردە لەناو فەرهەنگی عەشایەری و نەتەوایەتیدا بتوێتەوە. ئارام دەیگوت: "ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین تەنها ئاڵایەک بگۆڕین، هاتووین تا سیستمێکی وا دروست بکەین کە تێیدا هیچ مرۆڤێک بەرهەمی ڕەنجی مرۆڤێکی تر نەخوات"، بەڵام ژینگەی شاخ و نەتەوەپەرستی ڕێگەیان نەدەدا ئەم خەونە لە دروشم تێپەڕێت.
ئارام لە ساڵی ١٩٧٨دا، لە کاتێکی هەستیاردا گیانی سپارد. مردنی ئەو بوو بە هەوێنی دروستبوونی هێزێکی چەکداریی گەورە. بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەمەیە: ئایا ئەو هێزەی ئارام ئەندازیاری بوو، خەونی ئارامی هێنایە دی؟
وەڵامەکە نەخێرە. ئەو بزوتنەوەیەی ئارام دەیویست ببێتە "قەڵای زەحمەتکێشان"، دواتر بوو بە حیزب و دەسەڵاتێک کە خۆی چینێکی دەوڵەمەند و سەرمایەداری لێ دروست بوو. ئارام گیانی خۆی بەخشی بۆ ئەوەی سیستمێک دروست ببێت کە دواتر خۆی بوو بە بەشێک لە کێشەکە بۆ خەڵکی کرێکار و هەژار.
ئەم شۆڕشگێڕە نموونەی مرۆڤێکی پاکە کە "ناسیۆنالیزم" (کوردایەتی) قووتی دا. ئەو دەیویست سۆشیالیزم و کوردایەتی تێکەڵ بکات، بەڵام لە واقیعدا ئەمە تەنها بۆ بەرژەوەندی لایەنە نەتەوەییەکە شکایەوە. بۆیە دواجار، خەبات و ماندووبوونی ئەو بوو بە سەرمایەیەک بۆ بزوتنەوەی نەتەوەیی، نەک بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و یەکسانیخوازی. ئارام قوربانیی تێکەڵکردنی "خەباتی چینایەتی" بوو لەگەڵ "خەباتی نەتەوایەتی"؛ ئەو جیهانە یەکسانەی ئارام خەونی پێوە دەبینی، لەناو تەپوتۆزی شەڕی چەکداری و دروشمە نەتەوەییەکاندا ون بوو.