کاک ئەنوەر محەمەد فەرەج لەو بابەتەی لە سایتی ئاوێنە بڵاوی کردووەتەوە بە ناونیشانی "لە پێناو گوتارێکی ئیسلامخوازیی و نەتەوەپەروەریی یەکترتەواوکەردا"، هەوڵ دەدات ئایین و نەتەوە تێکەڵ بکات و وایان نیشان بدات کە تەواکەری یەکترن. بەڵام دەبێت زۆر بە ڕاشکاوی بڵێین ئەم هەوڵە لە ڕاستیدا زیندووکردنەوەی ئەو دوو کۆسپ و ڕێگرە گەورەیەیە کە ڕێگە نادەن مرۆڤ ئازاد بێت. کێشەی سەرەکی ئەم نووسینە ئەوەیە کە دەیەوێت مرۆڤ تەنیا لەناو بازنەیەکی داخراوی وەک "قەوم" و "مەزهەب"دا پێناسە بکاتەوە، لە جیاتی ئەوەی وەک مرۆڤێکی ئازاد و یەکسان سەیری بکات.
کاک ئەنوەر هەوڵ دەدات ئیسلام وەک تەنها "سەرچاوەی بەها و ڕەوشت" نیشان بدات و جیاوازی بکات لە نێوان "ئیسلامی سیاسی" و "ئیسلامی بنەڕەتی". بەڵام لە دیدگای ئینسانییەوە، ئایین تەنها بابەتێک نییە لە دڵی تاکدا، بەڵکو سیستمێکی کۆمەڵایەتی و یاساییە. ناکرێت باسی "دادپەروەری" و "یەکسانی" بکەین و سەرچاوەکەی لە دەقێکەوە وەربگرین کە خۆی بنەمای جیاکارییە. مێژوو و شەریعەت سەلماندوویانە کە ئایین جیاوازی دەخاتە نێوان ژن و پیاو، نێوان بڕوادار و بێبڕوا. ناکرێت داوای مافی مرۆڤ بکەین بە پشت بەستن بە یاسایەک کە خۆی کۆت و بەندە بۆ سەر ئازادیی تاکەکەسی. "دادپەروەریی ئایینی" هەمیشە سنووردارە و بەستراوەتەوە بە گوێڕایەڵی بۆ پیرۆزییەکان، نەک ئازادیی ویستی مرۆڤ.
نووسەر ناسیۆنالیزمی کوردی وەک "هۆشیارییەکی بەرگریکارانە" وێنا دەکات و جیای دەکاتەوە لە ناسیۆنالیزمی داگیرکەران. ڕاستە کورد ستەمی لێ کراوە، بەڵام چارەسەرەکە "نەتەوەپەروەری" نییە؛ چونکە ناسیۆنالیزم، چ هی ستەمکار بێت چ هی ستەملێکراو، دواجار ئایدۆلۆژیایەکە بۆ شاردنەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی. ئەم وێناکردنە بۆ ئەمڕۆی کوردستانی عێراق ڕاست نییە، چونکە لە عێراقدا چیدی شتێک نەماوە بە ناوی "ستەمی نەتەوەیی"؛ ڕاستە پرسی کورد وەک مەسەلەیەکی سیاسی ماوە، بەڵام دەسەڵات و پۆلیس و زیندان هەمووی بە دەست خودی دەسەڵاتدارانی کوردەوەیە و ستەمەکە ئیتر ستەمی چینایەتی و سیاسییە. کرێکارێکی کورد بەرژەوەندیی لەگەڵ سەرمایەدارێکی کورد نییە تەنها لەبەر ئەوەی هەردووکیان بە کوردی قسە دەکەن؛ ناسیۆنالیزم ئەمڕۆ تەنها ئامرازێکە بۆ چەواشەکردنی کرێکار و زەحمەتکێش تا لەبیریان بباتەوە کە ستەمکارەکەیان چیتر داگیرکەرێکی بیانی نییە، بەڵکو سەرمایەدارە کوردەکەی ناوخۆیە. بۆیە سەبارەت بە بەشەکانی تریش کە هێشتا ستەمی نەتەوەیی تێدایە، ڕێگای چارەسەری یەکجارەکی لە سازدانی ڕیفراندۆمێکی ئازاد بۆ دیاریکردنی چارەنووس (جیابوونەوە یان مانەوە) دایە، نەک لە پیرۆزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی.
پێشنیازی مۆدێلێک کە تێیدا ئیسلام ببێتە سەرچاوەی بەها و نەتەوە ببێتە چوارچێوەی بوون، واتە سەپاندنی دوو چین زنجیر بە دەست و پێی مرۆڤی کوردستانەوە. ئەم مۆدێلە دەیەوێت کۆمەڵگەیەک دروست بکات کە تێیدا تاک ناچار بێت هەم "موسڵمانێکی باش" بێت و هەم "کوردێکی باش"، ئەی چی لێ دێت ئەگەر کەسێک بیەوێت تەنها "مرۆڤ" بێت بەبێ ئەوەی باوەڕی بە ئایین هەبێت یان شانازی بە نەتەوەوە بکات؟ کاتێک دەڵێین دەبێت پرسی کورد بکرێتە "پرسێکی شەرعی و ڕەوشتیی ئایینی"، ئەوا بە دەستی خۆمان کلیلەکە دەدەینە دەست پیاوانی ئایینی تا ئەوان بڕیار بدەن چی ڕەوایە و چی ناڕەوایە. ئازادیی ڕاستەقینە لەوەدایە کە یاسا و مافەکان لەسەر بنەمای ژیری و پێداویستییەکانی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤەکان بنووسرێنەوە، نەک بە فەتوای ئایینی.
ڕێگای ڕزگاری و بەختەوەریی خەڵکی کوردستان لە ئاشتکردنەوەی مزگەوت و نەتەوەدا نییە، چونکە هەردووکیان ناسنامەیەک دەسەپێنن کە مرۆڤ دەکاتە کۆیلەی ڕابردوو و پیرۆزییەکان. ڕێگای ڕاستەقینە بریتییە لە هەوڵدان بۆ کۆمەڵگەیەکی سکۆلار (عەلمانی) و ئازاد، کە تێیدا:
مرۆڤ سەنتەر بێت: نەک نەتەوە یان ئایین.
هاوڵاتیبوون بنەما بێت: هەموو کەسێک یەکسان بێت بەبێ گوێدانە ئەوەی دینەکەی چییە یان نەتەوەکەی چییە.
ئازادیی بێ مەرج: ئازادی بۆ ڕەخنەگرتن لە هەموو پیرۆزییەکان، ئازادی بۆ هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، دوور لە دەستێوەردانی دین و نەریتی نەتەوەیی.
بۆیە، لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەین ڕەنگێکی ئایینی بدەین لە نەتەوە، یان ڕەنگێکی نەتەوەیی بدەین لە ئایین، با هەوڵ بدەین مرۆڤ لە هەردووکیان ڕزگار بکەین و ئیرادەی بۆ بگەڕێنینەوە، تا سەیری ئاسۆیەکی فراوانتر بکەین کە تێیدا بەهاکان لەسەر بنەمای خۆشگوزەرانی و یەکسانیی مرۆڤەکان دادەڕێژرێن، نەک لەسەر دەقە کۆنەکان.