"هەموو ئەوەی ڕەق و پتەوە، دەبێت بە دووکەڵ و بە هەوادا دەچێت."
مارکس ئەم قسەیەی لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا بۆ جیهانێک نووسی کە تێیدا هیچ شتێک جێگیر نییە و هەموو بەها کۆنەکان لەناو دەچن. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ سەیری عێراق بکەین، ئەم ڕستەیە مانایەکی زۆر تاڵتر و ڕاستەقینەتر وەردەگرێت.
لە عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەوەی دەبێت بە دووکەڵ و ون دەبێت، تەنیا قسە نییە، بەڵکو سامانی گشتی و پارە و بودجە و ژێرخان و داهاتووی نەوەکانمانە. لێرەدا "هەموو شتە ڕەقەکان" (وەک داهاتی نەوت و سامانی گشتی) لە بەرچاوی خەڵکدا دەبن بە دووکەڵ و دەچنە ناو گیرفانی چەند تاقم و گروپێکی دەستڕۆیشتووەوە.
هەمیشە خەڵک لە عێراق چاوەڕێی ڕزگارکەرێکن؛ وا فێرکراوین کە دوای ئەم هەموو چەرمەسەرییە، فریادڕەسێک پەیدا دەبێت و بە یەکجار هەموو شتێک چاک دەکات. بەڵام ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی، ئەو خەونەی لەبەر چاومان هەڵوەشاندەوە. ئێستا دەبینین لە پشت ئەو هەموو دروشمە پیرۆز و بەڵێنە گەورانەوە، گەورەترین دزی و تاڵانی بەڕێوە دەچێت کە وێنەی نەبێت لە مێژوودا.
ئەم بێئومێدییەی ئێستا، ئەگەرچی زۆر تاڵە، بەڵام ڕەنگە ببێتە سەرەتای "پێگەیشتنێکی ڕاستەقینە". کۆمەڵگەی ئێمە دەبێت فێری ئەوە ببێت کە هیچ کەسێک لە دەرەوەی کار و ئیرادەی خۆمان، لەم کابوسە ڕزگارمان ناکات. ڕزگاری بە دروشم و چاوەڕوانیی فریادڕەس نایەتە دی. تاڵانچییەکان کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە خەڵک هەر "چاوەڕێ" بن؛ ئەوان سوود لەو سەرقاڵکردنە وەردەگرن بۆ ئەوەی ئەوەی لەسەر زەوی و ژێر زەوییە بیدزن، لە کاتێکدا خەڵک چاوی لە نادیارە بۆ ڕزگارکەرێک.
ئەم بێئیرادەکردنەی خەڵک ڕێکەوت نییە، بەڵکو کارێکی سیستماتیکی دەسەڵاتە. سیستم لە عێراقدا کار لەسەر ئەوە دەکات کە تاک هەست بە بچووکی و بێدەسەڵاتی بکات؛ وای لێ دەکات بڕوا بکات کە هیچ گۆڕانکارییەک بەو ناکرێت. بە نوقمکردنی خەڵک لە ناو کێشەی بژێوی و بەردەوامکردنی "چاوەڕوانیی فریادڕەس"، ئیرادەی گۆڕانکاری لە ناو دەبەن، بۆ ئەوەی مرۆڤی عێراقی لەبری ئەوەی "بڕیاردەر" بێت، ببێتە "بینەرێکی بێدەسەڵات" بەرامبەر ئەو تاڵانییەی بەرۆکی گرتووە.
ئەمڕۆ کێشەی عێراق تەنیا گۆڕینی چەند دەموچاوێک نییە. کێشەکە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەیە کە وای لێکردووین هێزی خۆمان ڕادەستی "کەسانی تر" بکەین؛ جا ئەو کەسە "حیزب" بێت، "سەرۆک هۆز" بێت، یان "کەسایەتییەکی ئایینی". کاتێک مرۆڤ هێز و ئیرادەی خۆی دەداتە دەست یەکێک لەمانە، ئیتر لە "دروستکەری مێژوو"وە دەبێت بە "چاوەڕێکار"؛ و ڕێک لەو کاتی چاوەڕوانییەدایە کە نیشتمان تاڵان دەکرێت.
لەم نێوەندەدا، ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە دز و تاڵانچی، تەنیا شانۆگەرییەکی تری ئەو زنجیرە درێژەی "ونبوونی" سامانی گشتییە. ئەم دەستگیرکردنانە ڕەنگە بەشێک لەو پارە دزراوانە بگەرێنێتەوە، بەڵام ژیانی خەڵک ناگۆڕێ، بەڵکو تەنیا ئامرازێکن بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی خەڵک یان بەشێکن لە ململانێی ناوخۆیی هێزەکان. لەوەش خراپتر، ئەم جوڵانە زۆرجار بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتانی دەرەکی و نێودەوڵەتییە؛ چونکە عێراق کراوەتە جێگەی ململانێی وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا، و هەموو لایەک دەیەوێت بەپێی سوودی خۆی یاری بە دۆخەکە بکات. تاڵانچیی ڕاستەقینە، ئەو سیستمەیە کە ئەم دزانە دروست دەکات، نەک ئەو چەند کەسەی کە وەک "قوربانیی کاتی" بۆ ڕای گشتی دەگیرێن.
ئەم شانۆگەرییانە تەنها نمایشێکی بێمانان، چونکە لە عێراقدا دادگا لەژێر هەژموونی میلیشیاکان و تاقمە چەکدارەکاندایە. بۆ ئەوەی ڕیشەی دزی و تاڵانچێتی هەڵبکێشرێت، پێویستمان بە دادگایەکی ببێلایەن و سەربەخۆیە کە نەبێتە دەستکەلای میلیشیاکان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان و پاراستنی 'دزە گەورەکان'. تا ئەو کاتەی دادگا لەژێر سێبەری چەک و فەرمانی تاقمە میلیشیاکاندا بێت، هەر هەوڵێکی گرتن تەنها 'دووکەڵێکە' بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان. تاڵانچیی ڕاستەقینە ئەو سیستمە میلیشیاییەیە کە یاسا و دادگای بێدەسەڵات کردووە.
پێگەیشتوویی سیاسی کاتێک دەست پێدەکات کە تێبگەین: یەکسانی و نان و ئازادی و ژیانێکی باشتر، بە دیاری بۆ کەس نایەت. ئەمانە بەرهەمی کار و تێکۆشانی خودی مرۆڤەکانن، بەرهەمی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتین، بەرهەمی ئەوەیە کە خەڵک خۆیان ورد بن لە چاودێریکردنی دامودەزگاکان. هیچ هێزێک لە دەرەوەی ئیرادەی خۆمان، ڕزگارمان ناکات.
ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین ملیارەها دۆلار دەبێتە "دووکەڵ"، چونکە ئێمە هێشتا وەک "کۆمەڵگەیەکی چاوەڕێکار" ماوینەتەوە نەک وەک خەڵکێکی "کارا". تاڵانیی عێراق بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی "ئومێدە درۆینەکان" تێکنەشکێن و مرۆڤی ئێمە هێزی خۆی ڕادەستی حزب یان کەسانی پیرۆزکراو نەکات.
ئومێدی ڕاستەقینە لەو کاتەوە دروست دەبێت کە چیتر چاوەڕێی هیچ "فریادڕەسێک" نەبین. کاتێک تێبگەین کە پاراستنی سامانی ئەم وڵاتە و ڕێگریکردن لە دزینی، پێویستی بە "کار و هۆشیاریی بەکۆمەڵ" هەیە. تەنیا کاتێک مرۆڤ خۆی دەبێتە خاوەنی مێژووی خۆی، دەتوانێت ڕێگری لە تاڵانی بکات.
لەم سۆنگەیەوە، پێویستە ئەم کارە بەکۆمەڵە لە شێوەی 'ڕێکخستنە خۆجێییەکان و شورای گەڕەک و شارەکاندا' بەرجەستە ببێت. ئەمە تەنیا دروستکردنی ناو نییە، بەڵکو مۆدێلێکی دیموکراسیی ڕاستەوخۆیە کە تێیدا خەڵک لە شوێنی ژیان و کارکردنیاندا دەبنە بڕیاردەری ڕاستەقینە. دروستکردنی ئەم جۆرە پانتاییە جەماوەرییانە لە گەڕەک و شارەکاندا، واتە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاکڕەوانە و گۆڕینی 'بینەری بێدەسەڵات' بۆ 'چاودێر و بڕیاردەری کارا'. تەنیا لە ڕێگەی ئەم جۆرە یەگرتنە مەدەنی و جەماوەرییانەوە دەتوانرێت ڕێگری لە دزی و تاڵانی بکرێت.
هەموو ئەو خەونە درۆیانەی پێیان دەفرۆشتین، بوون بە هەڵم. ئێستا کاتی ئەوەیە ڕاستییەکە ببینین و خۆمان ببین بە خاوەنی چارەنووسی خۆمان. مێژووی ئێمە دەبێت بە دەستی خۆمان بنووسرێتەوە، نەک بە قسەی ئەوانەی تەنیا فێڵمان لێ دەکەن.
وەک عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت:
"تۆ چاوەڕێی کێی؟
فریادڕەسێک؟
ئەو فریادڕەسەی تۆ چاوەڕێی دەکەی،
ئێستا لە جێژوانی تاڵان و
لە مەجلیسی دابەشکردنی نیشتماندایە!
مەگەڕێ...
هیچ پەرچووێک لە ئاسمانەوە نایەتە خوار،
ئەوەی دەبێ بێت، هەر خۆتی،
ئەوەی دەبێ هەڵسێت، هەر دەستی خۆتە!"