بیست و پێنجی ئاب ئاشبەتاڵی چەپیزم لە كوردستان

عەلی سیرینی
  2026-08-31     36

مانگی ئاب پڕە لە ڕووداوی سەیر لە كوردستان. بەڵام سەیرترینیان، 25ی ئابی ئەم ساڵە كە تۆمارێكی مێژووییە بۆ هەرەسهێنانی چەپیزم و ئیتر ئەم مێژووە لە بیر ناكرێت. لە وتاری پێشووم ئاماژەم بەمەدا بوو، نوسەرێكی بەڕێز (توانا محەمەد نوری) لە ڕوانگەی چەپەوە وەڵامی وتارەكەی دابوویەوە. ئەم وتارە هەندێك ڕوونكردنەوەی تیایە بۆ سەرنجی نوسەر و هەندێك سەرنج و ڕەخنەی برادەران كە بە ڕێگای جیاواز پێم گەیشتن. ڕەنگە بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان دوا قەڵای چەپی جیهانی بێت، یان لەو هێزە چەپە چەكدارە دەگمەنانەیە لە سەرانسەری جیهاندا ماونەتەوە، بەڵام مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە دیمەشق لە 25ی ئەم مانگەدا، ئاشبەتاڵی ڕاگەیاند و ئەم هێزەی هەڵوەشاندەوە. ئەم داڕمانە گەشتی بزووتنەوەی چەپی کۆتایی پێهێنا، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە كوردستان و چەند شوێنێكی تر دەستی پێکرد و ناوچەکانی دراوسێی گرتەوە. کورد لە سوریا و عێراق سەرکردایەتی حزبی شیوعی و بزووتنەوە چەپەکانی دیکەی کرد، شانبەشانی گروپە عەرەبی و فارسی و تورکییەکان، بە سوننە و شیعەشەوە. هەروەها ڕەوتی چەپ، لە وڵات و ناوچەکانی دیکەدا بڵاوبوونەوە، لەوانەش لوبنان، تورکیا، ئێران و فەلەستین. ئەم داڕمانەی چەپ، وەک لە مانیڤێستۆی مەزڵومدا ڕاگەیەندرا، دەنگدانەوەی ڕاگەیاندنێکی پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دایەوە، كە هەسەدە ڕۆڵەی بە وەفایەتی. هەزاران چەکداری پەکەکە لە چیای قەندیلن و ملیان بۆ فەرمانی ئۆجەلان كەچ كرد كە خۆیان بە دەست دەوڵەتی تورکیاوە بدەن. دوای ململانێیەکی زیاتر لە چوار دەیە لەگەڵ تورکیا، کە بە دەیان هەزار کوژراو و بریندار و ئاوارەی هێنایە كایەوە، هەزاران گوند و شارۆچکەی باکور و باشووری کوردستان سووتان، چەپیزمی دەمامكدار بە ناسیۆنالیزمی كورد هەڵوەشایەوە. ئەمەش گەورەترین خزمەتە بە كوردایەتیی، چونكە گاشەبەردێكی زل لە سەر سنگی خەباتی كورد لادرا، ئەو دەمامكە درۆیینەی كوردایەتی بە سەر سەروسیمای هێزی چەكداری چەپیزم كەوت و شادەماری گۆڕەپانی كوردایەتیی خوێنی ڕەسەنی بۆ هاتەوە!

بەم شێوەیە گەورەترین هێزی چەپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگە جیهانیش، گەیشتە کۆتایی و تەسلیمی ڕژێمی "ئیسلامی" سوننە بوو بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانەکەی لە دیمەشق، ئەحمەد ئەلشەرع. جێگای سەرسوڕمانە، هەمان ئەم هێزە، تا دوێنێیەكی نزیك، پاشكۆی ڕژێمی "ئیسلامی" شیعە بوو بە سەرۆکایەتیی ئێران. پەكەكە و باسكەكانی وەكو هەسەدە، هاوئاهەنگیی و هاوتەریبیی تەواوی سیاسەت و چالاكییە سەربازیەكان بوون لە گەڵ ئێران و پاشكۆكانی. یەكێك لە ئەنجامكان هاوکاری و هاوپەیمانی هەردوولا بوو لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریا، بە سەرۆكایەتیی بەشار ئەسەد. لەمەش سەیرتر ئەوەیە، ئەم بزووتنەوە چەپگەرایە کوردە کە وەک ژێردەستەیەک لەگەڵ هەموو نەیار و دوژمنانی کورد هاوئاهەنگ مایەوە، لە هەموو قۆناغەكاندا هەمیشە ئاغایەكی دوژمن بە كوردی هەبووە. بەڵام لە ئاست كوردستاندا، لەگەڵ هێز و گروپە کوردییەکان لە ململانێ و ناحەزیی و شەڕدا مایەوە! لەمەش سەرلێشێواوتر ئەوەیە، ئەم هێزە چەپگەرایە لەسەر کۆمەڵێک بابەتی نەتەوەیی و فیکری و کۆمەڵایەتیی، دژایەتی و پێکدادانیان لەگەڵ هێزە کوردییەکانی دیکەدا دەکرد، هێڵی زەقیان دەکێشا کە بە بچووکترین شێوە سازشیان لەسەر نەدەکرد، كەچی قوڕەكەی خەستتر كرد و هیچ لەو كێشە و گرفتانەی چارەسەر نەكرد و خۆی بووە بەشێكی تر لە كێشە و گرفتی زیاتر. ئەم هێزە چەپگەرایە ئەدەبیاتی خۆی وەک حەقیقەتی ڕەها، وەک دەقی پیرۆز بڵاودەکردەوە، گەنجانی ڕادەکێشا بۆ ناو دۆزەخی شەڕێکی توند کە هەزارانیان بوونە قوربانیی. سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کورد، پەکەکە بە سەرۆکایەتیی ئۆجەلان، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستانی هەڵدا و بەم شێوە خەباتی چەكداری دەستپێكرد. ئەمە لە كاتێكدا بوو، سەرجەم پارتەكانی تری كوردستان، بانگەشەیان بۆ ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی دەکرد. پەكەكە ئەم پارتانەی تری بە شکستگەرایی تۆمەتبار دەکرد، شکستهێنان لە پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی پێگەیشتوو، بەڵكو نوقم بوو لە بیرکردنەوەی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوودا، بە کۆت و کێشی قورسایی دەرەبەگایەتیی و خێڵەكیەتیی و توندڕەوی ئایینی و ملکەچی داپڵۆسینی سەرمایەداریی قۆرخکار، بۆ خوێنمژینی چینی کرێکار و کۆڵبەر و جوتیار. بەڵام نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، وردە وردە ئەم لافوگەزافانەی پەكەكەیان ئاشکرا کرد، کە جگە لە خۆبەزلزانینی بە ناو هزری ئۆجەلان،  شتێكی تر نیە و هیچ لەم لافوگەزافانە نەهاتنە دی. ئۆجەلانیش، سەرۆکی پەكەكە، لە ساڵی 1999 ەوە لە زیندانی ئیمرالی تورکیا زیندانی کرا، كەچی هێشتان لە ناو زیندانەوە وەك مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی، هەڵسان و دانیشتن بە حزبەكەی دەكات. ئۆجەلان چی بڵێت، ئاپۆچیەكان دووبارەی دەكەنەوە و جێبەجێی دەكەن. بۆ نمونە ئۆجەلان، بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ئیسرائیلی دووەمە و خەنجرێكە لە پشتی عەرەب، لە بەر ئەمە نەهێشتنی ئەم قەوارەی بە كارێكی باش پێناسە دەكرد. پاشان هێزەکانی لە باکووری کوردستانەوە بەرەو باشوور کشاندەوە، بەمەش بیانووی دەستوەردان و داگیرکردنی ناوچەکەی بۆ تورکیا دابین کرد. لەگەڵ گرتنەكەی لە ساڵی 1999، ئیمتیازاتی گەورەتری بە فاشیزم و شۆڤێنیزمی تورک بەخشی، تا ئەو ئاستەی بە تەواوی نکۆڵی لە ناسنامەی کورد کرد و بە تەواوی وازی لە هەر باسێک هێنا كە تیایدا مافی شوناس و سەروەریی نەتەوەیی كوردی تیا بێت. پاشان دەستی کرد بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانەی کە لە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) وەریدەگرت، بەسەر پەکەکە و سەرکردایەتییەکەیدا فەڕزی دەكرد، هەروەها بەسەر پەکەکە و ڕێکخراوە سێبەرەکانیدا: پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تورکیا و هەسەدە لە سوریا. لە ساڵی 2011 وە پەکەکە و ڕێکخراوە سێبەرەکانی، چوونەتە نێو هاوپەیمانی و هاوکاری لەگەڵ بەرەی شیعە بە سەرۆکایەتی ئێران. بۆیە پەکەکە کە زیاتر لە پێنج ساڵ بوو ناوچەی ئێزیدی شەنگالی کۆنترۆڵکردبوو، ئامادە نەبوو تەسلیمی پارتی دیموکراتی کوردستانی بکات. بەڵام بە فەرمانی ڕاستەوخۆی تاران، ئەفسەرێکی سوپای عێراق کە شیعەیە، فەرمانی بە پەکەکە کرد دەستبەجێ شنگال چۆڵ بکات، کە ئەو حزبە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئەو کارەی کرد و تەواوی ناوچەکەی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی كلكی ئێران كرد.

لە کاتێکدا ئێران چەندین جار ناوچە کوردستانییەکانی بۆردومان دەکرد، پەکەکە و سێبەرەکەی (پژاک) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا ڕۆڵیان نەبینی. به ڵام ئه م خۆپاراستن و خۆ دوور گرتنە لە جەنگ، تەنها بەرامبەر بەرەی شیعە بوو. پەكەكە بەردەوام بوو لە سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر گۆڕەپانی کوردستان، کە تایبەتمەند بوو بە دوژمنایەتییەكی تاڵ و قێزەونانە، دژ بە چین و توێژەکانی کورد لە سەرتاسەری کوردستاندا. لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژاڤا لە ساڵی 2011 ەوە، لە ڕێگەی سێبەرەكەیەوە هەسەدە، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی سوریا ئاوارەبوون بەرەو تورکیا و کوردستانی عێراق و ئەوروپا، بەمەش ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو ناوچانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. لەو کاتەوە پەکەکە میلیشیای چەکداری مەسیحی پێکهێناوە، هێزی عەرەبی بەدەویی لە ژێر ئاڵای "برایەتی نێوان گەلان" ڕێکخستووە. لەم چوارچێوەیەدا، کورد لە دوای ڕێککەوتنی (سایکس پیکۆ) لە ناوچەکەمانەوە، لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە، هەوڵی زۆر دەدا بۆ ئەوەی بە لایەنی كەمەوە مافی شوناس و كەلتور بە دەست بێنێت. هەسەدە، پەرەسەندنی پەروەردەیی یان کەلتووری کوردی لەم ناوچانەدا پشتگوێ خست. پرۆگرامی خوێندن لە ڕۆژاڤادا سنووردار بوو بەو هزر و دروشمە سادە و بێ ناوەڕۆكانەی ڕێبەرەکەیان ئۆجەلان و بابەتگەلێکی سەیر و سەمەرەی دیکە، کە پەیوەندییان بە واقیعی گەلی کوردەوە نەبوو. ئەمانە وەک ئایدۆلۆژیای چەپ بڵاودەکرانەوە، بۆ نمونە: قەیرانی سۆسیالیزمی زانستیی لە کوبا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کرێکاریی لە نیکاراگوا و چیلی و ڤەنزوێللا، کێشەکانی بزووتنەوەی جووتیاران لە فلیپین و ڤێتنام، ڕزگارکردنی ژنانی کورد لە کۆت و بەندەکانی ئیستغلال و کۆیلایەتی، ماف و یەکسانی جێندەر، مافی هاوڕەگەزبازەكان و مافی کەمینە ئایینییەکان. سەبارەت بە میراتی کورد، شیعر و فەلسەفە و عیرفان و حیکمەت، کە زانایان و شاعیران بە درێژایی سەدەكانی ڕابردوو بەجێیان هێشتووە، بە تەواوی پشتگوێ خرا و تەنانەت بچووکترین گرنگیشی پێنەدرا. ئەوەی کورد بە چاوی خۆی بینی، ئیستغلالکردنی ئاشکرای ژنان بوو لە ناو ڕیزەکانی پەکەکە و هێزەكانی سێبەری خۆی. سەدان و تەنانەت هەزارانیان ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ كرد، بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی بەرپرسانی پەكەكە. هەموو ئەمانەش بەپێی بنەماکانی سۆسیالیزمی زانستیی گەڕ دەدرا. سەبارەت بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو و ئازادیی دروستكردنی پەیوەندییە تایبەتییەكان (وێنەی دۆڕان كاڵكان، كە توركە، لە گەڵ كچی كورد بە شێوازی سەرنج ڕاكێش لە ئینترنێت بەردەستن)، كەچی ئازادی ژنان تەنها بڵقێكی سەر ئاو مایەوە و ڕەوشی ڕاستەقینەیان ئەوەیە كە بوون بە كۆیلەی حزب و سەركردەكانی. هەنوكە، حاشا هەڵنەگرە کە ژنە شەڕڤانەكان ورەیەکی ناوازەیان لە دژی داعش و هێزە دژبەرەکانی دیکە نیشان دا، بە پاڵنەری هەستێکی قووڵی كوردایەتیی و ئەو ستەمەی لە كورد كراوە و دەكرێ. بەڵام، سەرکردایەتیی پەكەكە بەرهەمی ماندووبوونیانی خستە خەزێنەی دەسەڵات و هێزە دژەبەركانی كورد: سەرەتا خەزێنەی کۆماری ئیسلامی ئێران و كلكەكانی لە عێراق و سوریا، دواتریش بۆ ناو لەپی تورکیا و كلكەكانی لە سوریا، كە بە فەرمی لە 25 ئەم مانگەدا ڕاگەیەندرا.

ئەوەی کورد بە چاوی خۆی شاهێدی بوو، ئیستغلالکردنی ئاشکرای ژنانی ناو پەكەكە بوو. بەڵام تەنانەت لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و هەسەدە، پرسیارێکی چارەنووسساز و مێژوویی بۆ هەموو کوردانی ناوچەکە مایەوە ئەویش ئەمەیە: لە كاتێكدا هێزی پەكەكە و باسكەكانی وەكو هەسەدە و هەدەپ (دەم پارتی) و پژاك لە ئاستی هێزی دەوڵەتێك بوون، چۆن ئاوا بەم شێوازە لە زەلیلیی و داڕمان خۆیان تەسلیم بە پیسترین دوژمنی كورد كرد كە توركیایە. چی ناچاری کردن لەسەر فەرمانی پیاوێک کە نزیکەی سێ دەیەیە، لە تورکیا زیندانی کراوە، خۆیان هەڵبوەشێننەوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت سەرەتاییترین مافە نەتەوەییەكانی كورد دەستەبەر بکەن، چ جای نەبوونی هیچ گەرەنتییەکی مەعقول، بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە لە ئێستادا یان لە داهاتوو؟ بەڵكو هیچ گەرەنتیەك نیە بۆ ئاساییشی خۆیان لە كاتی خۆ بەدەستەوەدان بە توركیا. تەنانەت لەسەر ئاستی كەسیش، مەزلوم عەبدی پۆستێکی ئاست نزمی خزمەتكارانەی لە ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆک کۆماری سوریا قەبوڵ کرد، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە تیرۆر تۆمەتبار بوو. سەبارەت بە ئۆجەلانیش، پێش زیندانیکردن و دوای زیندانیکردنەكەی، چەند جارێک ڕایگەیاندووە، "ڕۆژێک دێت کە تورکەکان وەک گەورەترین خزمەتکاری ناسیۆنالیزمی تورک یادی ئۆجەلان دەکەنەوە، لە کاتێکدا کوردەکان وەک گەورەترین خیانەتکاری كوردایەتیی ناوی دەبەن". (ڤیدیۆی ئۆجەلان کە ئەمە دەڵێت لە سۆشیال میدیا هەیە). پێدەچێت ئۆجەلان هەر لە سەرەتاوە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی ناسیبێت. ئەمڕۆ لە نێو گەلی کورد، پشتڕاست کرایەوە، کە ئەم نازناوەی ئۆجەلان ئاماژەی پێداوە پڕ بە پێستیەتی. پاڕادۆكسەكە لەوەدایە، کە تورکەکان هێشتا دوودڵن لەوەی نازناوی خزمەتكار بە ئۆجەلان ڕەوا ببینن، چونكە هێشتان هەر وەك تیرۆریست تەماشای دەكەن!

بەم شێوەیە، پەردە لە سەر گەورەترین بزووتنەوەی چەپگەرای چەکداری لە جیهاندا هێنرایە خوارەوە، بزووتنەوەیەک کە خەباتی نەتەوەی کوردی قۆستەوە، بە ئایدیۆلۆژیای چەپ كوردایەتیان لێخوڕی و گەنجولاوی كوردیان ڕاکێشایە ناو شەڕ و ماڵوێرانیی، کە قازانجەکەیان خستەوە گیرفانی توندڕەوی ئیسلامیی، شیعە لە ڕابردوو، ئێستاش سوننە، بە ڕابەرایەتیی ئەتاتۆركێكی دەمامكدراو بە ئیسلامی سوننەگەرایی!

وێڕای دۆڕان و زەرەرێكی گەورە  بۆ خەباتی كوردایەتیی، ئەو لافوگەزافانەی مێشكی كوردیان پێ تاساندبوو، وەكو مافی جوتیاران، ئازادی ژنان، مافی خەڵكی چەوساوە و هتد بە با ڕۆیی!

ئەم وتارە بە عەڕەبیی، بە دەستكارییەوە، لە پێگەی رأی الیوم بڵاو بووتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×