یەکەمین راپەڕینی شەپۆلی شەقامی شار ، لە ژن ،پیاو منداڵ ورۆشنبیر و کاسبکار و مامۆستا و خوێندکار ، لە ھەموو چین و تویژینەوەکان بە گیانێکی پڕلە ئیرادەو تەحەدای بەرگرییەوە ، لە بەردەرکی سلێمانی،بە یەک دەنگ و بە یەک ھەڵوێست دژ بە ئینگلیزەکان وەستانەوە و راپەڕین .
بەریتانیا بە پێی نەخشەو بەرنامەیەکی دیاریکراو ، پێش ئەوەی عێراق بکەن بە ئەندامی (عێبە الامم)،ویستیان پەیمانێک لە نێوان عێراق و بەریتانیا مۆر بکەن ، بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان و مانەوەیان لە عێراق ، بۆ بەتاڵان بردنی نەوت و ھەڵسوڕاندنی کۆمپانیا کانیان .
گەلی عێراق وحیزبە سیاسییەکان و رۆشنبیران و کەسێتییە دیارەکان .بە نھێنی و بە ئاشکرا ، دژ بەو ئەو پیلانە وەستانەوە ،بەریتانیا ھەموو توانای خۆی خستە گەر ،بۆ مۆرکردنی ئەو پلانە و کردی بە مەرجێکی بنەڕەتی ، بۆ وەگرتنی عێراق لە (عێبە الامم )، بەرنامەکەی سەپاند بەسەر سیاسەتمەداران و کاربەدە ستانی عێراق
(گە ر ئەوپەیمانە لە پەرلەمانی عێراق مۆر نەکرێ، عێراق ناخرێتە ناو (عێبە الامم )، لەوانەیە ولایەتی موسڵ ی لە سەر لاببرێت ).
ئینگلیزەکان لە و بارودۆخە ئاڵۆزە و ململانیانەدا، توانیان مەبەستەکەی خۆیان بسەپێنن ،کاربەدەستە نەتەوە پەرستە عەرەبەکانیش ناچار بکەن ، بەرامبەر ئەو پەیمانە بێ دەنگ بن .
ئەو پەیمانە لە ٣٠ / ٦ / ١٩٣٠نوێ کرایەوە ، بەڵام لە تۆمارە مۆرکراوە وقبوڵکراوەکەی عێراق دا ،لە (عێبە الامم ) ، بە ھیچ شێوەیەک باسی مافە سەرەتاییەکانی کورد نەخرابوە روو .
ئەو سەردەمە زۆر jلە نەتەوەکانی دنیا ، لە ناو خاکی خۆیاندا ، بە مافی چارەنووسی خۆیان گەیشتن .
گەلی کورد بە ھەموو چین و تویژەکانەوە ، بە یەک دەنگ وبە یەک ھەڵوێست و رای گشتی ، بەرامبەر ئەو پەیمانە وەستانەوە ، بە بەرزکردنەوەی سکاڵا ویاداشت ،تەلگراف بۆ(عێبە الامم )و ناردنی نامە ی تایبەت بۆ مەندوبی سامی بەریتانیا .
لە پەیمانی ١٩٣٠ ئینگلیزەکان ویستیان ، نوێنەری نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێرن ، لەو سەردەمەدا ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە دوو قۆناغ ئەنجام درا :
یەکەم جار (منتخب پانوی ) ھەڵبژێرا، دواتر بە پێی ناوچەکان ، خەڵک لە ناوچەکان ، (نائب ) یان ھەڵدەبژارد .
شەپۆلی راپەڕینی شەقامی شاری سلێمانی زانیان ھەڵبژاردنی پەرلەمان بۆئەوەیە، مۆری ئەو پەیمانە نوێ بکەنەوە ، لە نێوان عێراق و بەریتانیا کرابوو.
٦ ی ئەیلوولی ١٩٣٠ ، راپەڕینێکی نەتەوەیی نوێ ، لە رووبەرووبونەوەیەکی راستەوخۆ، لە بەردەرکی سەرا، سەراپا شەقام وکۆڵان و گەڕەکەکانی شاری سلێمانی ھەژاند ،ئەو راپەڕینە گشتی یەی شەقام ، بووە مایەی تێرامانێکی قوڵ و کاریگەر لە لای خەڵک ، بەجۆرێک دەنگی دایەوە ناونرا (رۆژە رەشەکەی ئەیلوولی خوێناوی ).
لە ٢٨ی نیسانی ١٩٣٠بڕیاردرا تۆفیق وەھبی بەگ لە (امر المدرسە العسکریە الملکییە دار التدریب )ەوە بکرێت بە متەسەریفی سلێمانی ، لە مانگی نیسان دا کرا بە متەسەریفی سلێمانی .
( ژیان) ستایشی زۆری ئەو کەڵە پیاوەی کرد ، لە ١٠ی مایس دا تۆفیق وەھبی چووە سەرکارەکەی ، لەو کاتانەدا جم و جوڵ و ناڕەزای خەڵک بەرامبەر بە ئینگلیزەکان و عێراق بەرپا بوو ، تۆفیق وەھبی بەگ ھانی کوردەکانی دەدا ، بۆئەوەی بەردەوامبن لە سەر نارەزاییەکانیان دژ بە ئینگلیزو عێراق.
لەو سەردە#مەدا بزوتنەوەیەکی ئەدەبی بەرگری و ھەڵوێستی رۆشنبیری وسیاسی کورد لە سلێمانی ، گەیشتبووە ئاستی رووبە رووبونەوە، حکومەتی عێراق و ئینگلیزەکان .
ئینگلیزەکان زانیان ئەو کەسەی ئەوان دایان ناوە بە متەسەریفی سلێمانی ، لە گەڵ نەخشەو بەرنامەکانی ئەوان دا نییە ، لە گەڵ ھەڵوێستی گەلەکەی دایە ولەگەڵ راو بۆچونی شەپۆلی شەقامە .
دوای ٤ مانگ، لە ئەیلوولی ١٩٣٠ ، تۆفیق وەھبی بەگ لەسەر کارەکەی لابرا و گوێزرایەوە بۆ بەغداد، بەمەش شەپۆلی ناڕەزای شەقام سەری ھەڵدا یەوە .
ھەر ئەو کاتەش (ف .ت)، پیاوێکی خۆبەرە پێشەوە و لەب لەبان و ماستاوچی بوو ، دەمێک بوو ھەڵپەی بۆ کورسی دەسەڵات دەکرد، ئینگلیزەکان ویستیان ئەو بکەن بە متەسەریفی سلێمانی ، بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزای شەپۆلی شەقامی شار کپ بکەن .
(گاوەن) موفەتیشی ئیدارەی سلێمانی بوو ، بە مۆڵەتی ٦ مانگ سەفەری کردبوو ، (ئەلبان) وەکیلی (گاوەن) بوو ، ھەموو دەسەڵاتێکی رەھای بەڕێوەبردنی سیاسی و ئیداری وسەربازی شاری سلێمانی پێ سپێرابوو.
ئەو گۆڕانکاری یە کت و پڕە ، بوو بە ھۆی سەر ھەڵدانی ئەو رووبەرووبونەوە گەورەیەی راپە ڕین ی شەقامی شار.
لە ھەڵبژاردنەکەی ئەیلوولی ١٩٣٠دا ،نوری سەعید کرا بە سەرۆک وەزیرانی عێراق ، ھەموو ھەوڵ و تواناکانی بە شێوەیەکی توندو تیژ ، بۆ پێشێل کردنی مافەکانی کورد بوو ، کەوتە بەربەرەکانی شەپۆلی نارەزایی شەقامی شار .
. لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٣٠ شەپۆلی شەقامی شاری سلێمانی لە بەردەرکی سەرا کۆبونەوە ، دەرگای قوتابخانەکان داخرا ، بێکەسی شاعیر ومامۆستا وقوتابیەکان بە سروود ی نیشتمانی شاریان زیاتر ھەژاند .
ورەی پۆڵاینی شەپۆلی شەقامیان باڵاتر کرد ، بازاڕودوکانە کان کپ و بێدەنگ بوون ، دەنگی نارەزای خەلک بە جۆرێک سەرای ھەژاند ، خۆیان لە پروپاگەندەی ھەڵبژاردنی نوێنەری راستەقینە ی خۆیان دا دەبینیەوە .
شەپۆل شەپۆل خەڵک بەردەوام بوو لە خۆپیشا ندان و نارەزایی ، چەند دروشمێکیان بەرز کردەوە :
رەوابێ مەتالیبی کورد
بەرقەرار بێ عەدالەتی عوسبە ت لئومەم
سەعات ٩ی بەیانی ١٩٣٠ ،شەپۆلی خەڵکی شار ، لە خۆپیشاندانێکی گەورەو فراون دا ، بە یەک دەنگ ، بە یەک ھەڵوێست ، دوایان لە دەسەڵاتداران کرد، بواریان بدەن ،خۆیان نوێنەری راسستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن .
بەڵام ئەوان بەھیچ جۆرێک ، ئەو مافەیان پێ رەوا نەبینین ، ئینگلیزەکان بە پێ ی بەرنامەو نەخشەو پلانەی خۆیان، چەند کەسێکی بەکرێگیراو ھەلپەرست یان دانابوو، بۆ نوێنەری شاری سلێمانی .
ھەر ئەو رۆژە ھەیئەتی تەفتیش بۆ سەپەرشتیی ھەڵبژاردنی (منتخب سانەوییەکان )یان ، (٣٠) کەسێکیان لەسەرای سلێمانی کۆکردەوە بۆ ھەڵبژاردنی نائیبەکان .
سەرانی (ھەیئەی وگنیە) توندوتیژ نەبوون ، لە بەر ئەوە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا نەکرد ، فایەق بێکەسی شاعیرلە گەڵ قوتابییەکانی زانستی دا ، دوکانە کراوەکانیان داخست ، رۆڵی سەرەکی و دیاری لە ھەژانی شەپۆلی شەقامی راپەڕین ی شاردا بینی .
دەنگی سروودی گرامەفۆنی چایخانەکان تێکەڵ بە ھوتاف و شیعاراتی شەپۆلی شەقام دەبوو ، رێگای ھاتو چۆی سەراو دەرەوەی سەرایان گرت .
پۆلیسەکان لە بەردەرگای سەرا ی شار و لە بەردەم شەپۆلی خۆپیشاندەران دا ، دۆش دامابوون ، نەیان دەتوانی بڵاوەیان پێ بکەن ، لە سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆ بەردە فڕکە بەرپا بوو.
(میستەر ئەلبان ) ، وەکیلی موفەتیشی ئیداری ،داوای لە( عەلی رەزا بەگ )ی فەرماندەی سوپای عێڕاق ، لە حامیەی سلێمانی کرد ، سریە یەک سەربازیان بۆ بنێرێ ، ئەو سریە سەربازە ، نەیان توانی کۆنترۆڵی خۆپیشاندانەکە بکەن .
دوای فەوجێک سەربازی کرد ، سەربازەکان گەیشتن وبەخیرایی خۆیان گەیاندە ناو حەوشەی سەراو لە سەربان و شوێنە بەرزەکان لێی دامەزران .
لولەی مەترەلۆزەکانیان ئاراستەی شەپۆلی خۆپیشاندەران کرد و تەقەیان لێ کردن .
بەپێی بەیانی رەسمی:
( ٦٠) کەس شەھید کرا ، ( ٩٨ ) کەس دەسگیر کرا، (١) پۆلیس و (١٠) سەربازی سوپای عێراق کوژرا،( ١٣)سەرباز یش بریندار کرا .
ئەمەش ناوی ھەندێ لە شەھیدەکانە :
(حەمەی قالە ئاغال ، ئەحە رەش، حەسەن دەروێش، عەولە سیس ، ئەلە گون سووتاوی گەڕەکی حاجی حان ، محەی خولە درێژ ، مستەفا بەگی فەتاح بەگ ، سەعەی حەمەی ئامێ، ھەڵۆ بەگ ، حەمە چاوشین ، عەلی سی وجگەر ، عەزیزی مامە حەمە ).
ئەم کەسانەش دەسگیر کران :
(فایەق بێکەس ، عەزمی بەگی بابان ، رەشۆڵ عەبدوڵڵا، حەمە ئاغای ئەورەحمان ئاغا ، شیخ قادری برای شیخ مەحمود ، میرزا تۆفیق ، رەمزی ئەفەندی ، عیززەت بەگی عوسمان بەگی پاشا ، ئەورەحمان ئاغای ئەحمەد پاشا ، محەمەد سالح بەگ ، مەجید ئەفەندی کانێسکان ، فایەق بەگی بابان ، شێخ محەمەدی گوڵانی ).
لە ٧ / ٩ / ١٩٣٠ ئینگلیزەکان ، بەیانی رەسمی ژمارە (٤٠)یان دەرکرد :
((بە بۆنەی ھەڵبژاردنی ھەیئەی تەفتیشەوە ، لە لیوای سلێمانی و کۆبوونەوەی ھەیئەی ھەڵبژێراوە ،ئەمڕۆ لە مەرکەزی حکومەت ، مقاگیعنی انتخاب لە بەردەمی شوێنی کۆبوونەوەکەدا موزاھەرەیان کرد ، بەو ھۆیەوە پێکدادان ڕووی دا ، ھەندێل لە پۆلیس و سەبازو خەڵک پێکران ، دوای چەند دەقیقەیەک، ئاسایش گەڕایەوە ، ئەوانەی بوون بە ھۆی ئەم رووداوە ، دەسگیر کران و لێکۆڵینەوە بەردەوامە)).
راپەرینی سەرای سلێمانی لە شیعیری شاعیرەکان دا :
حەمدی :
رەبی مووی لێ بێ زمانی ،پەنجەکانی ھەڵوەرێ
ھەرکەسێ گوڵشەن بە دەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ
بێکەس لە زیندان دا :
ئەی وەتەن مەفتونی تۆم وشێوەم بیرکەوتەوە
وەختی بەندی و ئەسارەت ،پێ بە تەوق و کۆتەوە
من لە زکرو فکری تۆ غافڵ نەبووم ،وا تێ نەگەی
حەبس و تێھەڵدان و زیللەت تۆی لە بیر بردووتەوە
شێخ نووری شێخ ساڵح :
دووبارە دڵ لە داغی وەتەن پڕ لە میحنەتە
لەم مەنزەرەی فەلاکەتە، لەم دەرد و حەسرەتە
حەقییە فەلەک بە جارێ سەری خۆی لە خوم بنێ
بگری فەلەک بە شینەوە بۆ ئەم موسیبەتە
بەر قاپی سەرا بووەتە دەشتی کەربەلا؟
یا مەزبەحەی گرۆھی، وەتەن خواھی ئوومەتە؟
ماھی موحەڕڕەمە ئەمە، شینی حوسەینە یا
ئەیلوولە ڕۆژی شیوەنە، ماھی فەلاکەتە؟
ھەر نەعشی لاوی کوردی ستەمدیدەیی غەمە
غەڵتانی خوێنە، نائیلی ڕوتبەی شەھادەتە
ھەر نەونیھالی کوردە، بەخوێناوی ئاڵەوە
گەوزانی خاک و خوێنە، شەھیدی شەجاعەتە
ھەر ناڵە ناڵی لاوە، بەدەم گوللەوە ئەڵێ:
یاڕەبیی کەی نیھایەتی دێ، ئەم موسیبەتە؟
ئەم باغە بۆ بەجارێ وەھا بوو بە گۆمی خوێن؟
بۆ مەنزەرەی لەتافەتی بۆ بوو بەم قەساوەتە؟
ئەمووت گوڵێ نییە، کە نەسووتێ دڵی بە کورد
ڕوو زەرد نەبێ، لە مەنزەرەیی ئەم فەجاعەتە
ئەم باغە، ئەم گوڵانە، کەچی ھەر لە نەشئەدان
نەمزانی گوڵ کە بێ دڵ و حس و حەمییەتە
لەعنەت لە بەرگی سووری گوڵاڵە و دڵی ڕەشی
چۆن ماو بۆچی ھەڵنەوەری بەم فەلاکەتە
قەومی نەجیبی سام، ئەمە بێ عەدلی ئەوەلی
ئاخۆ نیھایەتی چ بێ، ئەم لوتف و ڕەحمەتە؟
ئەی «عێبە الامم» وەسیی ئەقوامی ڕووی زەمین
بێ دەنگیی لەم مەزاڵیمە، شێوەی مورووەتە؟
وەک داری لیژنە، مەیت و جەنازەی شەھیدی کورد
لەم باغە کەوتووە، ئەمە ڕەسمی عەدالەتە؟
لەم عەسرەدا، کە عەسرەی تەرەقی و تەکامولە
ئەم سەر بڕین و کوشتنە، شەرتی حیمایەتە؟
بۆ کەعبە کەچ ئەبێ، کە کەسێ ناوی حەق بەرێ؟
حەق گۆ لە بەرچی، قیسمەتی ھەر دار و لەعنەتە؟
ئەی کۆمەڵی شەھیدی وەتەن، خوێن ڕژاوەکان
تیژکاری ناوی ئێوە، لە جێی فەرز و سوونەتە
وا تێ مەگەن، کە ڕەنگی کفنتان ئەچێتەوە
ڕەنگی ڕژاوی ئێوە، بناغەی حەمییەتە
ناچێتەوە بە لێزمەی لافاوی زوڵم و زۆر
ڕەنگێکی سابیتە، ئەسەرێکی جەلادەتە
ئەشرافی کوردە، دەستی لە قفڵی کەلەپچەدا
حەپس و زەلیلە، مەزھەری زلل و حەقارەتە
ئەم ڕەنگە، خوێنی مێشکی پژاوی سیاوەشە
بەرگی گوڵی بیساتی، زەمینی حەمییەتە
تابووتەکانی ئێوەیە، بەشانی کوردەوە
ئیعلان ئەکا نەتیجە، کە بەرزی و سەعادەتە
ئەیلوول و ڕۆژی شوومی شەشی تاکو نەفخی سوور
ڕۆژی عەزا و ماتەمی ئێوەی وەسییەتە
ئەم ڕۆژە، ڕۆژی شیوەن و گریانە تا ئەبەد
ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ماتەم و ڕۆژی عیادەتە
ئەم ڕۆژە، ئەم مەزاڵیمە، تا ڕۆژی ڕەستخێز
سەر لەوحەی سەحایفی تەئریخی ئوومەتە
ئاھی شەھیدی وەتەن، خوێن ڕژاوەکان
تەئریخییە و ئەگاتە خوا، ئەم ھەناسەتە
گۆران :
بڵێن بە بووکی تازەی یەک شەوەم گەر ھاتە سەر نەعشم
نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە رێی عەشقی منا نەژیا
وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتیکا سەرم بەخشم
کە تۆی پەرەوەردە کرد بۆ من لە دامێنی چیاو کەژیا
گەر خوای گەورە بەخشیی پێت ھەتیوێ، پێی بڵێ رۆڵە
لە من فرمێسکی ویست باوکت لە تۆش داوا ئەکا تۆڵە
پیرەمێرد:
وەفدی کوردستان میللەت فرۆشان ھەرزە وەکیلی شاری خامۆشان
چەپکێ لە گوڵەکەی باخەکەی سەرا کە بەخوێنی لاوان ئاو درا
ببنە خزمەت عەرشی عێراقی بڵێن یار باقی و ھەم سوحبەت باقی
پەردەو تارای سووربەرن بۆ ئەمیر بڵێن پاش کوشتارھێشتا تۆی دڵگیر
دەک خەجاڵەت بن لە رووی مەحشەرا ئێمە خاکی غەم دەکەین بە سەرا
ئێوەش ئەو عەرشی بە خوین گوڵڕەنگە سوجدەی بۆ دەبەن ھیچ ناڵێن نەنگە
کورد نەمردوە خەیاڵتان خاوە بەراتی نەجات بە خوین نووسراوە
رای گشتی شەقامی شار
راپەڕینی شەشی ئەیلوول ، بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی شەقامی بوو ، لە ناو سەرای شاردا ، سەری ھەڵدا ، بەسەرپەرشتی دەستەک لە رووناکبیرانی کورد ،لە ھەموو چین و تویژەکانی شار ، بە یەک ریزو ئیرادەو بە یەک دەنگ وبە یەک ھەڵوێستی رای گشتی ، یەکیان گرتبوو.
حکومەتی بەریتانیا و عێراق ، سڵیان لە یەک ریزی و رای گشتی شەقامی شار کرد ەوە ، لەو راپەڕینە مەدەنیەدا ، کۆمەڵگە ی کوردستان ، نوقمی بۆتەی دەرەبەگایەتی و نەخوێندەواری ببوو .
بژێوی و دەرامەتی ژیانی ھاوڵاتیان قورس و دژوار بوو ، ئا لەو سەردەمەدا سلێمانی مەڵبەندی خوێندەواری و ئەدەب و رۆشنبیریی و ھونەر و ھەڵوێست و بزوتنەوەی خەباتی میللی نەتەوەیی بوو.
لە ١٠/١١ / ١٩٣٠ دا ،رۆژنامەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی سۆڤیەتی ، ئە م نوسینەی ، لە بارەی ئەو راپەڕینە کەوە ،تۆمار کردبوو:
( ھەرچەندە ئینگلیزەکان و حکومەتی عێراق ،ژمارەیەکی زۆریان لە کوردەکانی سلێمانی کوشت ،بۆ ئەوەی دەنگیان کپ بکەن ،بەڵام بەو تراژیدیایە، خە ڵکیان فێری راپەڕین کرد )
راپەڕینی شەپۆلی شەقامی سەرا ی سلێمانی ، بوو بە وانەیەکی نوێ ، بۆ سەراپا راپەڕینەکانی تری ئەو شارە وبھەموو ناوچە جیاجیا کانی کوردستان ی گرتەوە .
گۆڕانکارییە نوێییە کانی راپەڕین :
* شەپۆلی شەقامی شار، لە بری ئەوەی پەنا بەرنە بەر ، چەک وشۆڕشی چەکداری ، پەنایان بردە بەر کاری سیاسی،وەک :
( مانگرتن ، خۆپیشاندان ، نووسین ، بەیان نامە ،مەزبەتە ، دیالۆگ)
*لە بری ھەڵبژاردنی سەرەک خێڵ و دەرەبەگ وشێخ ،ئەمجارەیان
(رۆشنبیران و نووسەران و سیاساتمەداران) ، رۆڵی گرنگ و دیاریان لە ناو گۆڕانکارییەکان دا ھەبوو .
*لە بری پەنا بردنە بەر شاخ و دۆڵ و نشێو و گوندو شوێنە چەپەکەکانی سەر سنوورەکان ، شەپۆلی راپەڕیوی خەڵک ، لە ناو شار، لە بەردەرکی سەرا ، لەسەرشەقام و کۆڵان و گەڕەکەکان ی شار ، راستەوخۆ ، رووبەروو ی ئینگلیزەکان و حکومەتی عێراق بوونەوە.
راپەرینی ٦ی ئەیلوولی شەقامی سەرا ، گەورەترین ھەڵوێستی نوێ و گۆڕانکاریی نوێ بوو ، لە زەمەنێکی دیاری کراوی مێژووی دا ، سەری ھەڵدا ، ھەژانێکی گەورەی شەقامی شار بوو ، ھێمای پڕلە شکۆ بوو بۆ سەراوسلێمانی .
ھەرچەندە شەپۆلی شەقام بە زەبری ھیز و مەترلۆز ، کپ کرا ، بەڵام ئەو ھەقیقەتەی بۆ داگیرکەران خستە روو :
(دەنگ و ھەڵوێستی ناڕازی جەماوەر ، بە زەبری ھێز و چەک و توندو تیژیی کپ ناکرێ.
سەرچاوکان :
١-نەوشیروان مستەفا ئەمین ، کوردستانی عێراق :سەردەمی قەڵەم و موراجەعات لە (١٩٢١- ١٩٣١)
٢- محەمەد رەسول ھاوار ،شیخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خواروی کوردستان ، ب ٢.
٣-جەمال بابان ، سلێمانی شارە گەشاوەکەم.
٤-عەبدوڵڵا کەریم مەحمود ، شەشی رەشی ئەیلوول و یەکەمین جەماوەری شار ، کوردستانی نوێ ،ژ: ٢٥٥٣.
٥-عەبدوڵڵا کەریم مەحمود ،راپەڕینی سەرای سلێمانی ، شەشی ئەلوولی سوور کرد ،کوردستانی نوێ، ژ: ١٩٤١.