له‌په‌راوێزی‌ كه‌مخوێندنه‌وه‌و زۆر ڕه‌خنه‌گرتندا

نەوزادی موهەندیس
  2020-08-14     792
نوسین بۆ؟ ڕه‌خنه‌ش به‌ئامانجی‌ چی‌؟
•ئاشكرایه‌ كه‌ كاری‌ نوسین و داهێنان و ده‌رخستنی‌ ڕاستیه‌كان و پیشاندانیان به‌ تاك و كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌لاَته‌كان ،له‌ مێژه‌وه‌ تاكو ئێستا كارێكی‌ قورس و پڕ ئازار و كێشه‌ و گرفت بوه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان ،جا له‌هه‌ر بوارێكدا بوبێت،وه‌ك بواری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌ده‌بی‌ و فه‌رهه‌نگ و مێژوو ئه‌منی‌ و ...هتد.كه‌ خاوه‌نه‌كانیان هه‌میشه‌ كه‌سانی‌ بێزراو بوون له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَته‌كانه‌وه‌ یان گروپ و تاكه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و نوسینانه‌ له‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌وان نه‌بوه‌ یان ڕاسته‌یه‌كان تاڵ بون و ئێشی‌ پێگه‌یاندون ..بۆیه‌ خاوه‌ن نوسینه‌كان هه‌میشه‌ كه‌سانی‌ بوێر و ئازا و چاونه‌ترس و ده‌رچووبوون له‌ ئیتیك و سنوره‌ باوه‌كان و هێڵه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگاكانی‌ خۆیان و به‌ ده‌یان هه‌نگاو له‌ پێش كه‌سانی‌ ئاساییه‌وه‌ بوون و هه‌میشه‌ش له‌ پێشه‌نگ و ڕابه‌رایه‌تی‌ كۆمه‌ڵگاكانیاندا قسه‌ی‌ خۆیان و خاوه‌نی‌ بیر و ڕای‌ ئازادانه‌ی‌ خۆیان بوون، و هه‌میشه‌ ده‌ستیان بردوه‌ بۆ هه‌موو كونج و قوژبنێكی‌ ژیان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ موڵكی‌ ته‌واوی‌ مرۆڤایه‌تی‌ بن نه‌ك تاك و سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌ و چین و توێژ و خێزانێكی‌ دیاركراو ،مێژوو موڵكی‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌،ڕاستی‌ وتن ئه‌ركی‌ هه‌موانه‌ ،ده‌رخستنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و دیارده‌ دزێوه‌كان  ئه‌ركی‌ هه‌موانه‌ ، له‌ پێش هه‌موانیشه‌وه‌ ئه‌ركی‌ بیرمه‌ند و نوسه‌ر و منه‌وه‌ره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگایه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاك و كۆمه‌ڵگا به‌ ماف و ئه‌ركه‌كانیان نه‌ك ته‌نها بۆ خۆده‌رخستن و پیاهه‌ڵدان و به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ده‌سكه‌وتی‌ كه‌سی‌،به‌پێچه‌وانه‌ی‌ كه‌سه‌ ترسنۆكه‌كان و بێهه‌ڵوێست و بێمتمانه‌ به‌خۆكان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ بن پێ و له‌ ناو لیته‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكانیاندا بوون. هه‌ربۆیه‌ش كاری‌ نوسین و ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ سه‌خت و پڕ ئێش و ئازاره‌كان و كاری‌ هه‌موو كه‌س نیه‌،به‌ڵكو كاری‌ خوێنده‌وار و منه‌وه‌رو به‌سه‌لیقه‌ و ڕۆشنبیر و بیرمه‌ندو كه‌سه‌ بوێره‌كانه‌ نه‌ك نه‌خوێنده‌وار و كه‌سانی‌ بێتوانا و كورته‌ بالاَی‌ خوێندن و نوسین.

•جا هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ بوێره‌كان و خاوه‌ن نوسینه‌ به‌هێزه‌كان و خاوه‌ن مێژوه‌ ڕاستگۆ و ڕاسته‌قینه‌كان و خاوه‌ن پیشانده‌ری‌ ڕاستیه‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ په‌رده‌ی‌ جه‌هل و نه‌زانین و بیركۆڵی‌ تاك و كۆمه‌ڵگاكانیان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ جا له‌هه‌ر بوارێكدا بێت ئه‌وا زۆر جاران ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ڕه‌خه‌نه‌گرتنێكی‌ بێتام و ئاست نزم و پوچ و چروك و بێمانای‌ دوور له‌ ئیتیكی‌ نوسین و ڕه‌خنه‌گرتنی‌ بیناكه‌ر، ئه‌و گرگنی‌ قه‌ڵه‌مانه‌ په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی‌ زمانی‌ زبر و نالۆژیكی‌ و دوور له‌ ئاداب و به‌ها جوانه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا و هاوڕێیه‌تی‌ و دۆستایه‌تیش.چونكه‌ ڕه‌خنه‌كانیان هێنده‌ی‌ پاڵنه‌ره‌كانیان پڕ ڕق و كینه‌ و خۆبه‌كه‌مزانین و چاوپیان هه‌ڵنایه‌ت به‌كاری‌ نوسه‌ران و داهێنه‌ر و ئه‌دیب و ...هتد. كه‌ ده‌توانن ئه‌فراندان و داهێنان بكه‌ن و ئه‌مانیش قه‌زه‌م و هیچ نه‌زان و بێتوانان،له‌ نه‌زانین یان گه‌مژه‌ییانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵزنن به‌ بالاَی‌ به‌رزی‌ نوسه‌ران و لێكۆڵه‌ر و مێژوونوس و هه‌ق بێژ وڕاستگۆكاندا.

•نوسه‌ران و بیرمه‌ند و ئه‌دیب و ڕۆشنبیران، گه‌ر نوسینه‌كانیشیان  به‌هێنده‌ی‌ گه‌وره‌یی‌ كۆمه‌ڵگا و مێژوو و خه‌باتی‌ گه‌له‌كانیشیان نه‌بێت ،خۆ توانیویانه‌ ڕێگه‌ ڕۆشنبكه‌نه‌وه‌ و به‌سه‌دان و هه‌زاران ئاشنا بكه‌ن به‌ مێژوو و ڕاستیه‌كان و توانیویانه‌ ده‌ستپێك و خاڵی‌ سه‌ره‌تا و هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م هه‌ڵنێن به‌ ئاڕاسته‌ی‌ بیناكردن و ڕۆشنگه‌ری‌ و وشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاك و چین و كۆمه‌ڵگاكانیان،هه‌ربۆیه‌ شایه‌نی‌ ڕێز و گه‌وره‌یی‌ و پیاهه‌ڵدانن نه‌ك تۆته‌مه‌ت به‌خشینه‌وه‌ و واته‌وات دواخستن و زمانی‌ زبر و په‌ناگرتن بۆ دادگا و سكالاَتۆماركردن له‌سه‌ریان.چونكه‌ چه‌نده‌ ده‌نگ و قه‌ڵه‌مه‌ ئازا و ئازاده‌كان كپبكرێن و پانتایی‌ ئازادیه‌كان ته‌سكبكرێنه‌وه‌،هێنده‌ش ڕق و بێزاری‌ تاك و كۆمه‌ڵگاكان له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاَته‌كان و گروپ و مافیا و مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵه‌كان ئه‌ستورتر ده‌بێت.

•هه‌میشه‌ وتراوه‌ (( نوسین و ڕه‌خنه‌)) ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كترین و جووت جه‌مسه‌ری‌ هاوكێشه‌یه‌كی‌ هاوسه‌نگن،به‌تایبه‌تیش كه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ دروستكه‌ر له‌هه‌ر كه‌سێك بگیرێت گه‌ر به‌مه‌به‌ستی‌ ڕاستكردنه‌وه‌ و به‌خۆداچونه‌وه‌ و بۆ بیناكردنی‌ ئاینده‌ی‌ كه‌سه‌كه‌ بێت هه‌میشه‌ ڕێزلێگیراوه‌ و هێنده‌ی‌ تر سوودی‌ ده‌بێت بۆ كاری‌ ئاینده‌ی‌ ڕه‌خنه‌ لێگیراو .به‌لاَم كاتێك ڕه‌خنه‌ بوه‌ ئامێری‌ شكاندن و هه‌ڕه‌شه‌ و توندڕه‌وی‌ و بۆكه‌مكردنه‌وه‌ و بچوك سه‌یركردنی‌ نوسه‌ران و كاره‌كانیان بێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گر خۆیدا ده‌شكێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ نوسه‌ر بچوكبێته‌وه‌ یان زیانی‌ به‌ركه‌وێت.بۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ هه‌ركه‌سێك ڕه‌خنه‌گرێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ و ڕاستگۆ بێت ده‌بێت لانی‌ كه‌م ئه‌لف و بێی‌ نوسین و ڕه‌خنه‌گرتن بزانێت  و بوێریش بێت و به‌به‌ڵگه‌ی‌ سه‌لمێنرا و زانستیه‌وه‌ وته‌كانی‌ بسه‌لمێنێت نه‌ك به‌ هاشوهوش و ده‌نگه‌ده‌نگ و خۆگیڤكردنه‌وه‌ یان له‌ژێر لێوه‌وه‌،یان به‌ناوی‌ خوازراوه‌وه‌ ، كه‌له‌ ئێستادا ئه‌م جۆره‌ به‌ناو ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌ میدیا و سۆشیال میدیادا باویان هه‌یه‌،به‌تایبه‌تیش كاتێك نوسه‌ره‌كه‌ بناسیت و دۆستایه‌تی‌  و هاوڕێیه‌تیت له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت.ده‌بێت دووجار بیربكه‌یته‌وه‌.

•به‌هه‌مان شێوه‌ش نوسه‌ری‌ گه‌وره‌ و سه‌ركه‌وتوو یان ده‌قه‌ نوسینه‌ شاكاره‌كان هه‌میشه‌ له‌ ئه‌نجام و بوونی‌ ڕه‌خنه‌گری‌ بنیاتنه‌ر و ڕه‌خنه‌ی‌ دروستكه‌ره‌وه‌ هاتونه‌ته‌ به‌رهه‌م،هه‌ربۆیه‌ش  نوسه‌ر و ئه‌دیب له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گری‌ جدیدا به‌هه‌مان شێوه‌ دوو جه‌مسه‌ری‌ هاوكێشه‌ی‌ داهێنان و ئه‌فراندنی‌ شاكار و جوانن،بۆیه‌  به‌بێ‌ یه‌كتر هاوكێشه‌كه‌ هاوسه‌نگ نابێت و هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناته‌با و نه‌یار و له‌كێبڕكێدان و ڕه‌خنه‌گر وه‌ك چاوجێرێكی‌ وورد و به‌ ویژدان و جدی‌ به‌رهه‌می‌ نوسه‌ران هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ته‌ته‌ڵه‌یان ده‌كات و خوێندنه‌وه‌ی‌ ڕاست و دروستیان بۆ ده‌كات،هه‌ربۆیه‌ش نوسه‌رانیش پێش ده‌ستكردن به‌هه‌ر نوسین و ده‌قێك ده‌یان جار پێویسته‌ بیر بكه‌نه‌وه‌.

•به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا به‌ناوی‌ ڕه‌خنه‌گره‌وه‌ كه‌ هێشتاش ده‌قی‌ نوسینه‌كانیان نه‌خوێندۆته‌وه‌ و ته‌نها له‌ناونیشانه‌كه‌وه‌، ده‌ستده‌كه‌نه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ توند و زبر، جابۆیه‌ زۆر جاران ڕه‌خنه‌گران كه‌سانی‌ ترسنۆك و بێ‌ ئه‌زموون و دڵ پڕ له‌ قین و ده‌مارگیر و خۆبه‌زلزانن و هه‌موو كه‌سیان پێڕه‌فزه‌ و هه‌موو كارێكی‌ جوانیان پێناشیرینه‌ و هه‌موو داهێنانێكیان پێ‌ هیچه‌،له‌به‌رامبه‌ریشدا خۆیان زۆر بچوك و بێتوانا و بێبه‌رهه‌من ته‌نانه‌ت بۆ خۆیان و خێزان و گروپ و كۆمه‌ڵگاكه‌شیان. جا هه‌ركات ڕه‌خنه‌ بوه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ ڕووخێنه‌ر باشتر وایه‌ كه‌ نه‌وه‌لاَم بدرێته‌وه‌ نه‌ حسابیشی‌ بۆ بكرێت،چونكه‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌ی‌ زیاتر گه‌وره‌ی‌ ده‌كات و ده‌ریده‌خات .كه‌سی‌ ڕه‌خنه‌گر كه‌بوه‌ كه‌سێكی‌ حه‌سود و به‌خیل و دڵ پڕ له‌ قین ،ده‌بێت به‌م وته‌ عه‌ره‌بیه‌ وه‌لاَم بدرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت (( قل ماشئت بمسبتی‌، فسكوتی‌ عن اللئیم هو الجواب)) یان وه‌ك ده‌ڵێن (( لست عدیم الرد ، لكن ما من اسد یجیب علی‌ الكلاب)).

•بۆیه‌ نوسه‌ران،هه‌میشه‌ ده‌بێت سه‌رقاڵی‌ كار و نوسین و داهێنان و به‌خشش و ئه‌فراندنی‌ خۆیان بن و گوێنده‌نه‌  وه‌ڕه‌ وه‌ڕی‌ سه‌گه‌كانی‌ سه‌ر ڕێگا و ده‌بێت كاروانی‌ خۆیان به‌ره‌و پێش به‌رن وه‌كو گوته‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ ده‌ڵێت(( القافله‌ تسیر و الكلاب تنبح)). به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌ر نوسه‌ران و داهێنه‌ران و بیرمه‌ندان هه‌ر خه‌ریكی‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و كه‌سه‌ بوده‌لاَنه‌ بن ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانن بگه‌ن ئامانجی‌ خۆیان له‌به‌ره‌وپێشبردنی‌ كۆمه‌ڵگاو و تاكه‌كان و ناتوانن دروشم و ئامانجه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كانیان وه‌دیبهَنن وه‌ك ((ونستۆن چه‌رچڵ)) ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا و سیاسه‌تمه‌داری‌ به‌ناوبانگی‌ جیهان ده‌ڵێت ((هیچ كات ناگه‌یه‌ته‌ دوا مه‌نزڵ و ئامه‌نجه‌كانت،گه‌ر  بۆ هه‌ر سه‌گێكم بوه‌ستیت كه‌ پێته‌وه‌ ده‌وه‌ڕێت بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ردێكی‌ تێبگریت)).

•ته‌نانه‌ت خوای‌ گه‌وره‌ش له‌ قورئاندا له‌ به‌شی‌ 19 و سوره‌تی‌ فورقان و ئایه‌تی‌ 63 داله‌ پای‌ ئه‌و كه‌سه‌ نه‌زانانه‌دا كه‌ قسه‌ به‌ زانا و كه‌سه‌ به‌ویقار و به‌ڕێزه‌كان ده‌ڵێن ده‌فه‌رموێت (( وعباد الرحمن اللذین یمشون علی‌ الارض هونا واذا خاطبهم الجاهلون قالوا سلاما)).
ض
•جا نوسه‌ر و ڕۆشنبیر و منه‌وه‌ره‌كان هه‌موو كات وه‌ك ئه‌و په‌له‌ به‌رز و به‌رهه‌م دارانه‌ وان كه‌ خه‌ڵكی‌ بێتوانا و گرگنه‌كان ده‌ستیان پێداناگه‌ن و به‌ناچاری‌ بۆ ده‌سكه‌وتنی‌ به‌رهه‌مه‌كانیان په‌ڵی‌ به‌ردیان تێده‌گرن،به‌هه‌شتی‌ پیره‌مێردی‌ شاعیری‌ گه‌وره‌ جوانی‌ فه‌رموه‌:

لقی‌ شۆڕی‌ دره‌خت به‌ری‌ ئه‌خۆن بێ‌ ئه‌رك به‌رد و دار
په‌ڵی‌ به‌رد بۆ په‌لی‌ به‌رزه‌ و له‌قه‌ش بۆسه‌ر په‌لی‌ به‌ردار
•بۆیه‌ له‌كۆتاییدا سه‌ربه‌رزی‌ و ڕووسووری‌ ته‌نها بۆ كه‌سانی‌ منه‌وه‌ر وداهێنه‌ر و به‌به‌خشش و ڕابه‌ر و پێشه‌نگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاكان ده‌مێنێته‌وه‌ و ڕووڕه‌شی‌ و بچوكی‌ و گرگنیش بۆ كه‌سه‌ داخ له‌دڵ و ده‌مارگیر و خۆبه‌زلزان و بوده‌ڵه‌كانی‌ مێژوو ده‌مێنێته‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزارەتی دارایی داوای کارتی نیشتمانی و ناوی دایکی مووچەخۆران دەکات
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بابلیۆن كوژرانی برازایه‌كی ره‌یان كلدانی له‌ لاله‌زار ره‌تده‌كاته‌وه‌
جەبار یاوەر بۆ ئاوێنە: ئەگەر پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە راستی بێت، نابێت تەنها پڕۆسەی تێکەڵکردنی ژمارە بێت
وتەبێژی پارتی: گفتوگۆی چڕ و جددی بە دوور لە میدیا بۆ کابینەی دەیەم بەردەوامە
توركیش ئێرلاین گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
نرخی دراوه‌كان؛ 100 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 160 هه‌زار دینار
سبه‌ی دادگای فیدرالی له‌باره‌ی سكاڵاكانی‌ په‌یوه‌ست به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌
وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی: له‌دوای 30ی ئه‌یلول هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ بونی هیچ جوڵه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت
شاسوار عه‌بدولواحید هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت راگەیاند
ئیکۆ عێراق: ئه‌گه‌ری سزای ئه‌مریكاو قۆستنەوەی دۆخه‌كه‌، بازاڕی دۆلارییان لە عێراق هه‌ژاندوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×