جەنگیزچاندار  دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا ئاوھای وت...

نەوزادی موهەندیس
  2025-07-14     259

    لە ڕێکەوتی ٣ تەموزی ٢٠٢٥ و لە میانەی کۆڕێکدا کە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆلێنەوەی ستراتیژی سازیدابوو بۆ ڕۆژنامەنوس و ئەندام پەڕلەمانی دەم پارتی بەڕێز جەنگیز چانداری بەڕەچەڵەک تورک و دۆستی کورد لەژێر ناونیشانی (( پێشھاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری و ھەنگاوەکانی داھاتووی حکومەتی تورکیا))دا، کە چەندین ڕۆشنبیر ئامادەیبوون:بەکورتی بەم شێوەیە باسی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا کرد:
•    پڕۆسەکە نەیار و یاری ھەیە لەناو شەقام و سیاسیەکانی تورکیادا.
•    پڕۆسەیەکی گرنگ و ھەستیارە.
•    ئەمە سێیەم جارە کە کار بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی لە تورکیادا دەکرێت و تائێستا بە ئاکام نەگەیشتووە.
•    پڕۆسەکە لەلایەن توندڕەوترین پیاوی تورکیاوە دەستپێشخەری بۆ کرا کە دەوڵەت باخچەلی بوو سەرۆکی پارتی مەھەپە.
•    خەباتی چەکداری کورد و مەسەلەکەی خستە سەر نەخشەی سیاسی و گرنگ بوو.بەڵام ئیدی قۆناغی چەکداری کۆتایی ھاتوە و پێویست بە چارەسەری سیاسیە.
•    ڕوانگەی تورکیا بۆ پڕۆسەکە بریتیە لە نەھێشتنی گروپە چەکدارەکان و تیرۆر.
•    بەڵام لە دیدگای کورد و دەم پارتیەوە پڕۆسەکە بەناوی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیەوە لێی دەڕوانرێت.
     بەم شێوەیە گەلێک خاڵی گرنگی تریشی خستە ڕوو،ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو ئەوەیە کە لەسەر تێڕوانینی تورکەکان بوەستم بۆ پڕۆسەکە کە بە((پڕۆسەی نەھێشتنی گروپە چەکدارەکان و تیرۆر ))ناویدەبەن، و تائێستاش و دوای ٩مانگ ھێشتا وشە و زاراوەی تیرۆر زۆر دووبارە دەکەنەوە وەکو بڵێی ھێشتا بڕوایان بە نیەت و ڕاستگۆیی و ھاتنەپێشەوەی ئۆجەلان و پەکەکە نیە بۆ پڕۆسەیەکی ئاشتی ڕاستەقینە کە زیاد لە ٤٧ ساڵ تورکیا و کوردستانی باکوری کردبوە گۆڕەپانی ململانێی خوێناویی و وەکو ئەردۆگان ڕایگەیاند کە زیاد لە ٢ تریلیۆن دۆلار زیانی مادی و کوژراو و برینداری ھەزاران ڕۆڵەی کورد و تورکی لێکەوتۆتەوە.
    گەر تورکەکان تەنھا وەک نەھێشتن و ھەڵوەشانەوە و گروپێکی چەکداری و نەمانی تیرۆر لێیبڕوانن و کاری بۆبکەن،کەواتە ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی مێژووکرد و ڕاستەقینە و دوور ودرێژ نابێت،بەڵکو تەنھا بەلەناوبردن یان نەمانی گروپێکی چەکداری،ڕەنگە لە زووترین کاتدا گروپێک یان دەیان گروپی چەکداری تر سەرھەڵبدەنەوە و بە خوێناویترین شێوازیش دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە بخەنەوە بەر ڕووبەڕووبونەوەی خوێناوی  درێژخایەن و جارێکی تر کاروانی خوێن و فرمێسکی کورد و تورک بەردەوامیان ھەبێت،بۆیە دەبێت ئەم تێڕوانین و دیدگا ھەڵە و پڕ لە غرور و خۆبەزلزانی و خۆبەگەورە و بەھێزدانەنە لەلای تورکان و دەوڵەتیش بگۆڕدرێت بۆ چارەسەرێکی سیاسی مەسەلە گەورەکەی کورد بەتایبەتی و بەگشتیش بۆ ھەموو کەمە نەتەوایەتیەکانی تر لە تورکیادا.گەرەکە دەوڵەتی تورک بەسەر تەواوی سیاسەت و پیلان و بەرنامە و دیدگای خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی بگۆڕێت و دانبنێت بەھەڵەکانی ڕابووردویدا لە قەدەغەکردنی زمان و کەلتور و ناو و شوناس و دابونەریتی کورد لە تورکیادا و ھەموو لاپەڕە ڕەشەکانی گرتن و ڕاوەدونان و ئەشکەنجەی زاڵمانەی ناو زیندانەکان و سووتماککردنی گوند و شارە کوردیەکان وەلابنێت و پڕۆسەی ئاوەدانی و گەشەی باکوری کوردستان دەستپێبکات و سیاسەتی لەناکاو لە باکوری کوردستان ھەڵبگرێت و کار بۆ ھەموارکردنی یاساکان و دەستوری تورکیاش بکات و تەنانەت کار بۆ نوسینەوەی دەستورێکی مۆدێرن و مەدەنی تر لەوەی ھەیە دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و پایەگرنگەکانی یەک دەوڵەت و یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک نەتەوە و کۆماری و عیلمانیەت ھەڵبگرێت و لەجیاتی بنەمای دەوڵەت-نەتەوە جێگرەوەی نەتەوەی دیموکراتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی چێبکات کە ھەموان بە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و لەسەر شێوەی کۆنفیدڕاڵی و مۆدێرنێتەی دیموکراسی ھەست بە ھاوڵاتیبونی خۆیان بکەن.
    چونکە بەبێ ئەو گۆڕانکاریە گەورانە لە زیھنیەتی تاک بەتاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگای تورکیدا بە شەقامی ئاسایی و سیاسی و سەرکردەکان و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیەکانیانەوەی ناتوانرێت ئەو ڕق و کینەی سەد ساڵی ڕابووردوو کە چاندویانە لەدڵ ودەروونی تورکەکاندا بە ئاسانی بسڕێتەوە و بتوانرێت پڕۆسەیەکی گەورەی ئاشتی و بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگەی تورکیا سازبکرێت و سەرکەوتووش بێت.
   ئەوەی جێگەی سەرنجە تاکو ئێستاش وشەگەلێکی وەکو ((یاخیبووان )) بۆ گەریلاکانی پەکەکە بەکاردێنن و وشەی(( تیرۆر)) بۆ کاری شۆڕشگێڕی گەلێکی ژێردەستە و مافخوراوی وەکو کورد بەکاردێنن کە ھیچ کات کاری تێکدەرانە و تیرۆری مەدەنیانە لەلایەن شۆڕشەکانی کوردەوە نەبۆتە ئامانج،بۆیە پێویست دەکات دەوڵەت لەسەر زاری خۆیان و ڕاگەیاندنەکان و ھەواڵ و ھەوڵەکانیاندا کار بۆ سڕینەوە و خۆبەدوورگرتن بکەن لە بەکارھێنانی ئەو جۆرە وشانە.
    گەر سەرانی ئاکاپە و مەھەپە بەو شێوەیە بڕواننە پڕۆسەیەکی واگەورە و ھەستیار و پڕ مەترسیش کە تەنھا بریتی بێت لە نەھێشتنی گروپی چەکدار و تیرۆر ئەوا بەدڵنیایەوە عاقیبەتی باش نابێت و ڕەنگە لەنیوەی ڕێگەشدا ساردبێتەوە و خاوبێتەوە و ھەڵیشبوەشێتەوە.بۆیە گرنگە وەک پڕۆسەیەکی دوورمەودای ڕاستەقینەی ئاشتی و چارەسەریەکی دیموکراتیانەی گشتگیری کۆمەڵگەی تورک و کورد لێیبڕوانرێت و ڕاستگۆیانەش ھەوڵی بۆ بدرێت.
   چونکە پڕۆسەکە بۆ کورد و تورک وەکو یەک گرنگە و بۆ تەواوی ناوچەکەش گرنگی زیاتری ھەیە،تورک پێش کورد پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەی نێوماڵی تورکیا ھەیە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ءئەمنی و کۆمەڵایەتیشەوە و بارودۆخەکان بەگشتی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا نیە لە مەھەپە و ئاکاپە،ھەربۆیە پیاوێکی توندڕەوی دژە کوردی فاشیستی وەکو باخچەلی پێش ھەموان دەنگ و دەستی ئاشتی و ئاشتبونەوە بەرزدەکاتەوە و درێژدەکات بۆ کورد و ئۆجەلان بۆ دەربازبوونی تورکیا لەم قۆناغە پڕ مەترسیەی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە.
    تا ئێستا پڕۆسەکە وەک ئەوەی کە لەسەری ڕێکەوتوون پەکەکە ھەموو ئەرکەکانی خۆی لە شەڕڕاگرتن و قبوڵکردنی دەستپێشخەری ئاشتی و خۆھەڵوەشاندنەوە و تەسلیمکردنەوەی چەکەکانی  ئەنجامداوە و ئەوەی کە ماوەتەوە ئەرکی دەوڵەت و لایەنی سەرەکی پڕۆسەکەیە کە بریتیە لە حکومەتەکەی ئاکاپە و مەھەپە بۆ بە یاساییکردنی پڕۆسەکە لە پەڕلەمانەوە و دەرکردنی یاسا پێویستەکان و دواتریش ھەموار و تەنانەت نوسینەوەی دەستورێکی نوێی مەدەنیانەترە بۆ ھەموو تورکیا و بۆ ھەموو کۆمەڵگەی تورکیا دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و حیزبی،دەستورێک کە مافی ھەموان زامن بکات لە ئازادی و دیموکراتی و مافە سیاسی و ئابوریەکان و کۆمەڵایەتیەکان بە یەکسانی و دادپەروەری و نەخشەکێشانیش بۆ ئایندە و کاری پێکەوەیی و ئامادەسازی بۆ گۆڕانکاریەکانی ئایندە.
   کوردیش گەرەکە لە قۆناغی ئایندەی ئاشتیی و خەباتی سیاسی و مەدەنی و پەڕلەمانی و جەماوەریدا ھەموانیان لەناو پارتێکی سیاسی گەورە و گرنگ و کاریگەری خۆیاندا خۆکۆبکەنەوە و یەک و یەکگرتووبن بۆئەوەی ھێز و سەنگ و قورسایی نەتەوەیی و سیاسی خۆیان بپارێزن و ببنە کۆڵەکە و پایەیەکی گرنگی تورکیای نوێ و لە پەڕلەمان و حکومەتی تورکیادا بەشداربن و کورد وەک دووەم نەتەوەی گەورەی تورکیا جێگە و پێگەی شایستەی خۆی وەربگرێت ئەوەش بە پێداگریان  دەبێت لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی  و خۆشگوزرەانی و ژیاندۆستی و ژندۆستی و ژینگە پارێزی ،کە جگە لەم بنەمایانە و دەستپێوەگرتنیان ئەو خەون و ئاواتانەی کە کە لەپێناویدا شۆڕشێکی ٤٧ساڵەی کۆتایی پێھێناوە  و لە ئێستادا پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتی چێکردوە نایەنە دی و وەکو دارێکی زڕی بێبەر دەمێننەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×