ئاشکرایە تا پێش سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی بەھەرسێ قۆناغەکەیەوە کە قۆناغی یەکەمی لە کۆتایی سەدەی ھەژدھەمەوە وساڵی ١٧٦٠-١٨٤٠ لە بەریتانیا دەستیپێکرد بە جێگرتنەوەی ماکینە و ئامێرە بەرھەمھێنەرەکان لەجیاتی کاری دەستی، و قۆناغی دووەمیشی لەسەدەی نۆزدەھەمدا و لەساڵی ١٨٦٠-١٨٩٠ کە بە شۆڕشی تەکنەلۆجیا ناسراو و قۆناغی سێیەمیشی لە سەدەی بیستدا و لە ساڵی ١٩٨٠وە و تاکو ئێستا بەردەوامە و بە شۆڕشی ژمارەیی ناونراوە ،جیھان گۆڕانکاریی گەورە و سەرسوڕھێنەری بەخۆوە بینیوە لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و بازاڕ و زانست و تەکنەلۆجیا و سەربازی و کۆمەڵایەتیشدا. ئەم شۆڕشانە ھێندەی شۆڕشی ئابوری و پێشکەوتن و گەشەکردن بوون نیوھێندە شۆڕشی سیاسی نەبوون.ھەربۆیە لەو سەردەمەوە کە نزیکەی ٢٦٥ ساڵ دەبێت ھەژموونی سیاسەت و بڕیارە سیاسیەکان لە دونیادا ھێواش ھێواش کاریگەری و ھەژموونی خۆیان لەدەستداوە و لەبەرامبەردا کەرتی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان گرنگی و کاریگەریی خۆیان سەپاندۆتە سەر ھەموو بوارەکان بە سیاسەتیشەوەو لە ئێستادا ھێندەی کێبڕکێ ئابوری و بازاڕ و بازارگانییەکان قسەی یەکلاکەرەوەیان ھەیە لە ململانێ گەرم و ساردەکانی جیھاندا نیوھێندە بڕیارە سیاسی و سەرکردە سیاسیەکان کاریگەرییان نیە.ھەربۆیە دەبینین کە سەرۆکی کۆمپانیا گەورە نێونەتەوەییەکان کاریگەری گەورەیان ھەیە لەسەر بڕیارە سیاسیەکان و دانان و داڕشتنی سیاسەتە نێونەتەوەییەکان و تەنانەت لە لایەن سەرۆکی دەوڵەتانیشەوە پێشوازییان لێدەکرێت.
لەدونیای سەرمایەداری ئەم سەردەمەدا کە ھەموو پێوەرەکان بونەتە پێوەری مادی و دوورن لەھەموو بەھا مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و دادپەروەری و یەکسانیەوە،مرۆڤایەتی و مرۆڤبوونیش کەوتونەتە بەر ھەڕەشە و لێکەوتە خراپەکانی ئەو سیاسەت و ئاڕاستەیەوە کە مرۆڤبوون بە بوونی سەرمایەی و توانا مادیەکانی دەپێورێت نەک بە فکر و فەلسەفە و ڕۆشنبیری و کەلتوور و دابونەریت و مێژووەکانیان.ھەربۆیە ململانێ سیاسیەکان لەلایەک و لەولای تریشەوە کێبڕکێ ئابوری و بازاڕیەکانیش گەرمتر و تاقەت پڕوکێنتر بوون و زۆرێک لەوڵاتان توانای ئەو کێبڕکیێیانەیان نیە و لەنیوەی ڕێگادا پاشەکشە و شکستی خۆیان ڕادەگەیەنن.لە ئێستادا دونیا بۆتە بازاڕێکی گەورەی ئابوری بەھێزەکان وتەنانەت ژمارەیەکی کەم لەکۆمپانیا نێونەتەوەییەکانیش یان ژمارەیەکی کەمی بانکە داراییەکان کۆنتڕۆڵ و جڵەوی ھەموو چالاکییە ئابوریەکانی جیھانیان بۆخۆیان قۆرخکردوە و یاری بە چارەنووسی وڵاتان و کۆمەڵگاکانەوە دەکەن.ڕۆژ بەڕۆژ خۆیان دەوڵەمەندتر و گەلانی تریش ھەژارتر دەکەن.
ھەربۆیە وڵاتانی گەورەی پیشەسازی ئەوانیش بۆخۆیان بەتەنھا ناتوانن کە بەشداری ئەو کێبڕکێ جیھانیە مەترسیدارە بکەن، ھەربۆیە خۆیان کۆکردۆتەوە لە چەندین کوتلە و بارستەی ئابوری نێونەتەوەییدا وەکو گروپی جی -٧ و ج-٢٠ و شانگھای و بریکس و...ھتد. جا کەوابێت ئەوا گرنگە کە وڵاتانی تازەگەشەکردوی جیھانی سێیەمیش خۆیان کۆبکەنەوە و ھەریەکەیان لە کوتلە ھەرێمایەتی و ناوچەییەکاندا خۆیان ڕێکبخەن بەپێچەوانەوە دەبنە خۆراکی گروپە زلھێز و کۆمپانیا زەبەلاحە نێونەتەوەییەکان و دەکەونە ژێر پێی کاروانە بێ بەزەییەکەی سەرمایەدارییەوە.
ھەر لەم ڕوانگەیەوە،ئەرکی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە دەوڵەمەندن بە ھەردوو سەرچاوەی وزە لە نەوت و غازی سروشتیەوە کە بزوێنەری ماکینەی پیشەسازی و بەرھەمھێنانی وڵاتانی زلھێزی دونیان کە ئەو دوو سەرچاوەی ژیان و مان و گەشەکردنیان بەھەدەر نەدەن و ھەرزان و تاڵانفرۆشیشی نەکەن.بەتایبەتیش ئەوانەیان کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرن و ڕوو لە زیادبوون دەکەن و ئەو دووسەرچاوەیەش تاکە سەرچاوەی داھاتیانە.
یەکێک لەو وڵاتانەش عێراقە بەھەرێمی کوردستانیشەوە،کە وەکو وڵاتێکی تازە گەشەکردووی ناوچەکە و دەوڵەمەند بەنەوت و غازی سروشتی، پێویستە زۆر بەوریایی و بە پلانێکی زانستی و واقعیانەی سەردەمەکەوە مامەڵە لەگەڵ ئێستا و ئایندەی خۆیدا بکات و ئیدارە و بەڕێوەبردن و دەسەڵات و حوکمڕانیەکی ڕەشید و عاقڵانە بەڕێوەبەرێت،چونکە ئاڵنگاری گەورە و مەترسیدار ڕووی تێدەکەن،ھەر لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانکاریە مەترسیدارەکانی ژینگە لە بەبیابانبوون و کەمی ئاوی شیرین و بەرزبونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی و وشکبوونی ڕووبارەکان و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و ...ھتد.کەھەموو ئەمانە وادەکەن کە ئەو داھاتە زۆر و زەوەندەی وزەکەشی بەشی خەرجی و پێداویستیەکانیان نەکەن.
ھەربۆیە عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە گرنگە چیدی واز لە مللانێی سیاسی ناڕەوای نێوان سەرکردە و پارتە سیاسیەکان و پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکان بھێنن و ھەموان پێکەوە دەستبدەنە کێبڕکێیەکی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی بۆ ئەوەی لەکاروانی گەشە و پێشکەوتنە ناوچەیی و دونیاییەکان دوانەکەون ،گرنگترین ھەنگاویش لەناوخۆوە دەستپێدەکات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان بەھاوڵاتیان و بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانیان و پێکەوەنانی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران لەسایەی سیاسەت و پلانێکی بەڕێوەبردنی زانستیەوە لە سەر ئاستی ھەموو کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاودێری و گەشتوگوزار و مرۆیی و وزەو و پەروەردە و زانست و کەلتور و دارایی و بانکی و ...ھتد. جگە لەم ھەنگاوانە،نە عێراق و نەھەرێمی کوردستانیش ناتوانن تەنانەت مووچەی مانگانەی فەرمانبەران دابینبکەن لەکاتێکدا کە نرخی نەوت و غازی سروشتی لە بازاڕەکانی جیھاندا داببەزێت، بۆیە ھەمیشە لە حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێی ئابوردا دەژین،چونکە بناغەیەکی کۆنکرێتیی بەھێزیان دروستنەکردوە،بۆیە گرنگە کە کەرتی تایبەت گەشە و پەرەی زیاتری پێبدرێت و سوود لە ئەزموون و شارەزای کۆمپانیا ناوچەیی و جیھانیەکان وەربگرن و ژێرخانێکی ئابوری بەھێز دابمەزرێنن و عێراق و ھەرێمیش بە بازاڕەکانی ناوچەکە و دونیاوە ببەستنەوە و سوود لە ھێز و دەستی کاری گەنجانەی ناوخۆ وەربگرن.بەپێچەوانەوە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی ساڵانە دەبێتە قورساییەک و مەترسیەکی گەورە بۆسەر ئایندەی عێراق و ھەرێمیش.
تەنانەت لەسەر ئاستی حیزبایەتی و سیاسەتی ناو ھەرێمیش ،گەرەکە کە دەسەڵاتداران چیدی خۆخەریک نەکەن بە ململانێی ناڕەوا و بێزەنتیەکانی دەیان ساڵەی ڕابوردوەوە و لەبازنەیەکی بۆشدا بخولێنەوە و نەخۆیان سوودی لێدەبینن و نە بۆ میلەت و کۆمەڵگای کوردەواریش بە قازانج دەبێت.بۆیە پێویستە ئەو ململانێ سیاسیە ناتەندروستانە بگۆڕن بە کێبڕکێیەکی شەریفانەی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی کە بە قازانجی ئێستاو ئایندەی خۆشیان و کۆمەڵگاکەشمان دەشکێتەوە.گەرنا ئەوا بۆ دەیان ساڵ و بگرە زیاتریش ھەر بەھەمان مێژووی ڕابووردومان لە گێژاوێکی بێ سەروبەری بەردەوام و ڕووخێنەردا دەسوڕێینەوە و وڕوکاس دەبین و دەکەوینە دوای کاروانی گەشە و پێشکەوتنەکانی دونیاوە.
ھەربەمەش دەتوانرێت متمانەی جەماوەریش بەدەسەڵات و حوکمڕانییە خۆماڵیەکەمان وەدستبێنین و جەماوەریش باش تێگەیشتوە کە چیدی وتار و بەرنامە و ململانێی سیاسی حیزب و سەرکردەکان برسێتی خۆیان و خێزانەکانیان لەبیرناباتەوە و تەنھا و تەنھا گەشە و پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە و وەبەرھێنان ودابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی پڕ شکۆ و کەرامەتە کە دەتوانێت متمانەیان بە سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانی توندوتۆڵتربکات.