"تەڵەی پیوسیدیدس" چیە؟ کە شی جین بینگی سەرۆکی چین سەرۆک ترامپی لێ ئاگادارکردەوە

نەوزادی موهەندیس
  2026-05-16     152

    سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ و شاندێکی گەورەی سیاسی و بازرگانی  لەماوەی نێوان ڕۆژانی ١٢-١٥/٥/٢٠٢٦ سەردانی وڵاتی چینی کرد،ئەم سەردانە بەھەموو پێوەرەکان و لەم کاتەدا بە گرنگ و ھەستیار وەێفکراوە.چونکە دوو وڵاتی زلھێزی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای دونیا و جیھانن و ڕکابەری سەرسەختی سیاسی و ئابوری و تەکنەلۆجی و سەربازی یەکترن و ھەرچەندە بە ئاشکرا  ڕێز و حۆشەویستی بۆ یەکتر دەردەبڕن بەڵام بەنھێنی و پەنھانی دژایەتی تاسەر ئێسقانی یەکتر دەکەن.تەنانەت ھەردوولایان ھێندە بە وریای و ترسەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن کە  ناتوانن دیارییە پڕۆتۆکۆلیەکانیش لەیەکتر وەربگرن و ئامێرە مۆبایلەکانیشیان بەکاربێنن.
   ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، وتەکانی سەرۆک شی جین بینگی سەرۆکی چین بوو بۆ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ .کە وەکو ئامۆژگاری سیاسی وابوو کە ئەمریکا نەکەوێتە ھەڵە و تەڵەیەکەوە کە نەتوانێت لێی دەربچێت،بەناوی (( تەڵەی پیوسیدیدس))..
   بۆیە لەم وتارەدا تیشک دەخەمە سەر ئەم زاراوەیە و بۆچی سەرۆکی چین ئەمریکای لێئاگادارکردەوە و بەشێوەیەکی نەرمی چینیانە و دبلۆماسیانە نموونەی بۆ ھێنایەوە.
    ((تەڵەی پیوسیدیدس)) چەمکێکی قووڵی سیاسی و فەلسەفییە کە بۆ ڕوونکردنەوەی ململانێ گەورەکانی مێژوو بەکاردێت. لەسەر ئەو بیرۆکەیە وەستاوە کە شەڕ نزیکەی حەتمی دەبێت کاتێک زلھێزێکی باڵادەستی ئێستا ھەست بە مەترسی دەکات بەھۆی سەرھەڵدانی ڕکابەرێکی نوێ. ئەم زاراوەیە لە مێژوونووسی کۆنی یۆنانی پیوسیدیدس سەرچاوەی گرتووە کە ھۆکارەکانی شەڕی پێلۆپۆنێسی شیکردەوە. ئەو بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەوەی وایکردووە شەڕەکە خۆپارێزی لێبکرێت، پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئەسینا و ئەو ترسەیە کە لە سپارتانەکاندا چاندووە، کە ئەوکات دەسەڵاتی دامەزراو بوون.
     لە سەردەمی ھاوچەرخدا زانای سیاسی گراھام ئەلیسۆن ئەم چەمکەی داڕشتەوە بۆ ئەوەی بیخاتە سەر پەیوەندی نێوان ئەمریکا (وەک زلھێزێکی باڵادەست) و چین (وەک زلھێزێکی خێرا گەشەکردوو)، ھۆشداریدا لەوەی کە "تەڵەکە" لە نیازی ھەردوولادا نییە بۆ ھەڵگیرسانی شەڕ، بەڵکو لە ھەلومەرجی دەروونی و پێکھاتەییدایە کە ئەم کێبڕکێیە دروستی کردووە. کاتێک زلھێزێکی باڵادەست ھەست بە مەترسیی پێگەی خۆی دەکات، دەست دەکات بە لێکدانەوەی ھەر جوڵەیەکی زلھێزێکی گەشەسەندوو (چ ئابووری بێت یان سەربازی) بە شەڕانگێزی. بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتی گەشەسەندوو ھەست بەوە دەکات کە دەسەڵاتی دامەزراو ھەوڵدەدات ڕێگری لە مافە سروشتییەکەی بکات بۆ گەشەکردن، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی خولگەیەکی گومان و لێکتێگەیشتن کە ڕەنگە بەھۆی ڕووداوێکی بچووک یان "پزیسک// شرارە"ێکی نەخوازراوەوە بە شەڕی چەکداری کۆتایی پێبێت.
   بۆیە کاتێک لە چوارچێوەی سیاسی ئێستادا باسی ئەم تەڵەیە دەکرێت، ئامانج لێی جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستی "دیپلۆماسی چالاکانە" و دامەزراندنی ڕێگرییە پارێزراوەکانە کە ڕێگری لە خلیسکان بۆ ناو ململانێی ئاشکرا بکات. لێرەدا پەیامەکە ئەوەیە کە مێژوو پێشوەختە دیاری نەکراوە و داننان بەم "تەڵە"یە ھەنگاوی یەکەمە بۆ دوورکەوتنەوە لێی و بەدواداچوون بۆ فۆرمولەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی وێرانکەر.
      "تەڵەی پیوسیدیدس "، کە زاراوەیەکی سیاسی و مێژوویی ناسراوە و بەکاردێت بۆ وەسفکردنی دیاردەیەک کە کاتێک ڕوودەدات کە دەسەڵاتێکی گەشەسەندوو ھەڕەشە لە زلھێزێکی باڵادەست دەکات، زۆرجار دەبێتە ھۆی دروستبوونی شەڕ لە نێوانیاندا.
   لێرەدا خاڵە سەرەکییەکان بۆ تێگەیشتن لەم چەمکە دەخەینەڕوو:
•     سەرچاوەی ناوەکە: ناوەکە لە مێژوونووسی کۆنی یۆنانی پیوسیدیدس ھاتووە کە مێژووی جەنگی پێلۆپۆنێزیای نووسیوە. ھۆکاری شەڕەکەی کورت کردۆتەوە و دەڵێت:"ئەوەی شەڕی حەتمی کرد، گەشەی دەسەڵاتی ئەسینا و ئەو ترسە بوو کە ئەمە لە سپارتادا چاندبووی".
•    بنەمای بنەڕەتی : تەڵەکە کاتێک ڕوودەدات کە ھێزێکی باڵادەست (دەسەڵاتی دامەزراو) ھەست بە ھەڕەشە و دڵەڕاوکێ بکات لە لەدەستدانی پێگەی خۆی بۆ ھێزێکی خێرا گەشەسەندوو (دەسەڵاتی گەشەسەندوو)، ئەمەش دۆخێکی "نادڵنیایی ئەمنی" دروست دەکات کە ھەردوولا پاڵ دەنێت بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری، تەنانەت ئەگەر لە ڕاستیدا شەڕیشیان نەوێت.
•     بەکارھێنانی ھاوچەرخ : ئەم زاراوەیە لەلایەن مامۆستای زانکۆی ھارڤارد گراھام ئەلیسۆنەوە زیندووکرایەوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت بۆ وەسفکردنی گرژییەکانی ئێستا لە نێوان:ئەمریکا (وەک زلھێزی باڵادەست). وچین (وەک دەسەڵاتی گەشەسەندوو کە کێبڕکێ لەسەر باڵادەستی دەکات).شرۆڤەکاران پێیان وایە ھەردوولا بە قۆناغێکی گرینگدا تێدەپەڕن کە تێیدا:واشنتۆن ترسی ئەوەی ھەیە لە سەرکردایەتیکردنی نەزمی جیھانی وەدەربنرێت. وپەکینیش ھەست دەکات کە یاساکانی ئێستا بۆ سنووردارکردنی ئاواتەکانی داڕێژراون.
•    داینامیکی دەروونی و سیاسی
تەڵەکە پشت بە سێ پاڵنەری سەرەکی دەبەستێت کە دەوڵەتەکان لەم دۆخەدا دەجوڵێنن:
•    بەرژەوەندی: بەدواداچوون بۆ فراوانکردنی کاریگەری.
•    ترس: دڵەڕاوکێ لە لەدەستدانی دۆخەکە یان ھێرشکردنە سەر.
•    شەرەف: خواستی پاراستنی شکۆمەندی نەتەوەیی.
ئایا  ڕوودانی شەڕ حەتمییە؟
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەلیسۆن لەسەر ١٦ حاڵەتی مێژوویی ھاوشێوە لە ماوەی ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا:
١٢ حاڵەت بە شەڕێکی وێرانکەر کۆتایی ھاتوە.تەنھا ٤ حاڵەت لە ڕێگەی چاکسازی سیاسی و لێکتێگەیشتنی قووڵەوە بە سەرکەوتوویی خۆیان لە ململانێ دوور خستەوە.
لە کۆتاییدا، ئەم دەستەواژەیە بەو مانایە نییە کە شەڕ حەتمییە، بەڵکو وەک ھۆشدارییەک دەبینرێت بۆ سەرکردەکان کە کێبڕکێکە بە وریاییەکی ئەوتۆ و ژیرانە بەڕێوەببەن بۆ ئەوەی نەخلیسکێنە ناو ململانێیەکی تێکدەرەوە. ھەربۆیە بەکارھێنانی ئەم چەمک و زاراوەیە لەلایەن سەرۆکی چینەوە بۆ دۆناڵد ترامپ،ئەو مەترسیانەی ھەستپێکردوە کە ئەمریکا و بەتایبەتی لەسەردەمی دۆناڵد ترامپدا دونیای گیرۆدەکردوە بە شەڕ و ململانێی گەرمی چەکداری لە ڕوسیا و ئۆکراینا و فەلەستین و ئیسڕائیل و لە ئێستاشدا ڕاستەخۆ ئەمریکا و ئێران، کە ھەموانیان لە ناوچە گەرم و ھەستیار و گرنگەکانی جیھاندا بەڕێوەدەچن کە ترس و دڵەڕاوکێی لای ھەموان بە بچوک و گەورەوە و بە ھەژار و دەوڵەمەند و بە زلھێز و بچووکەوە دروستکردوە.ئەم وتە و ئامۆژگاری و وریاکردنەوەی سەرۆکی چین ھەر لەخۆڕاو و لە بۆشاییەوە نەھاتوە،بەڵکو ئەو باش دەزانێت سووربوونی ئەمریکا لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای کە بۆتە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای ھەموان لەکۆتایدا زۆر نزیکە سەربکێشێت بۆ جەنگێکی حەتمی لەنێوان ئەمریکا و چیندا و ئەوکاتیش ئەمریکا بەئاسانی لێی دەرناچێت و وەکو ئەو تەڵەیە وایە کە نێچیر تیایدا گیردەخوات و بە مەرگی کۆتایی خۆی تەواو دەبێت.ھەربۆیە جیھان و مرۆڤایەتی لەبەردەم شەڕ و ئایندەیەکی نادیار و ماڵوێرانکەردان بەھۆی ململانێ و ڕکابەرییە شێتانە و شەیتانیەکانی زلھێزەکانەوە بەتایبەتیش ئەمریکا.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×