ھەڵوێستەکەی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەنێوان ئەرکی نەتەوەیی ودیبلۆماسیەتی نوێی قۆناغەکەدا

نەوزادی موهەندیس
  2026-07-19     99

   لەدوای ھێرشە درۆنی و ڕۆکێتەکانی ئەم ڕۆژانەی ڕابووردووی ئێران کە بەبێ بوونی ھیچ بیانویەکی باوەڕپێکراو بۆسەر ھەرێمی کوردستان لەسلێمانی و ھەولێری پایتەختدا ئەنجامیدان..سەرۆکی یەکێتی باڤڵ تاڵەبانی..ھەڵوێستێکی نەتەوەیی زۆر بوێرانەی بڵاوکردەوە و ھێرشکردنەکانی ئێرانی پڕۆتیستۆکرد و ڕایگەیاند کە مافە نەتەیەکانمان ھێڵی سورە و لەژێر پەردەی ھیچ بیانویەکدا قبوڵی ناکەین کە ڕێزیان لێنەگیرێت و بێدەنگی و وەڵامنەدانەوەمان مانای بێھەڵوێستی و ترسنۆکیمان نیە،،بەڵکو ئەوە دۆستایەتی و دراوسێیەتی باش و مێژوووی ھاوبەش وامان لێدەکات کە دانبەخۆماندا بگرین و گەرەکمانە کەلەم قۆناغەدا بێلایەنی ئەرێنی ھەڵبژێرین لەپێناو تەشەنەنەکردنی ئاگری شەڕەکە و بەدوورگرتنی ھەرێمەکەمان و گەلەکەمان لەھەرێمی کوردستان  لە جەنگ و ماڵوێرانی و لەولاشەوە پاراستنی ئەمنیەتی خودی ئێرانیشە.بۆیە نابێت چیدی ئێران بە مەبەست و بێمەبەست ھێرشی ناڕەوا بکاتە سەر ھەرێمەکەمان..لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان ھیچ کات نەبۆتە لایەنێک دژی ئێران و کار و ھەڵوێستێکی دوژمنانەی لەبەرامبەردا نەنواندوە..بۆیە ئێرانیش ئەرکێتی کە ئەم ھەڵوێستە دۆستانەیی ھەرێمی کوردستان بەھەند وەربگرێت و چیدی ھەڕەشە،و ھێرشەکانی دووبارەنەکاتەوە.
   ڕاستە ئێران وڵاتێکی گەورە و بەھێزی ناوچەکەیە و ململانێی سەرەکی لەگەڵ زلھێزەکاندایە و مافی خۆشێتی بەرگری لە سەروەری و سنوور و بەرژەوەندیەکانی خۆی بکات،بەڵام ناکرێت لەھەر گەڕێکی شەڕدا ڕاستەوخۆ ئێران ھێرش بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان و گۆڕەپانە پانوپۆڕەکەی جەنگەکەی بچوک بکاتەوە بەتەنھا لەھەرێمی کوردستاندا ولەتاوی ئازاری لێدانەکانی گەرووی ھورمز و باشووری ئێراندا پەلاماری ھەرێمی کوردستان بدات.
    ئاشکرایە ھەرێمی کوردستان لەماوەی ٣٤ ساڵی ڕابووردوودا ھەمیشە بۆتە قوربانی و زیانی گەورەی پێگەیشتوە لەلایەن دەوڵەتە دراوسێکانیەوە،لەکاتێکدا ھیچ کات ھەرێمی کوردستان نەبۆتە مایەی مەترسی و سەرئێشە و بەگژداچوونەوەی ئەو وڵاتانە و ھەمیشە لایەنی برایەتی و دۆستایەتی و دراوسێیەتی باشی ھەڵبژاردوە گەر لەسەر حسابی براکانیشی بوبێت،لەگەڵ ئەوەشدا کە دەیتوانی ببێتە مایەی ئاژاوەنانەوە و دەروازەیەکیش بۆچوونە ناوەوەی ھێزەکانی وڵاتانی تر بۆ ناو ئێران و ئاگری شەڕی ناوخۆیی و جەماوەری ئێران خۆشتر بکات.نزیکترین ھەڵویستی برایانەی ھەرێم بەرامبەر ئێران بریتی بوو لە ڕێگەگرتن لەناردنی چەک بۆ ناوخۆی ئێران.
لێرەدا ئەو پرسیارە ھەستیارە سەرھەڵدەدات ، کە ئایا ئەم ھەڵوێستەی سەرۆک پاڤڵ نامۆ و سەیرە لەم کاتەدا یانیش زۆر ئاساییە و ئەرکی نەتەوەیی خۆیەتی؟
   بەدڵنیایی ئەرکی سەرەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیەتی و مێژوو و ئێستای قۆناغەکە دەیسەپێنێتە سەری کە ئەو ھەڵوێستە بوێرانەیە بنوێنێت و بوون و وجودی کورد و سەرکردایەتیەکەی و دەستوری بوونی قەوارەی ھەرێمەکەشی بیری یار ونەیار بھێنێتەوە و چیدی پێویست بەترس و دڵەڕاوکێ ناکات و گەرەکە لەم قۆناغەدا ستۆپێک بەو ھەڕەشە وگوڕەشانە بکرێت و پێیان بوترێت وەک چۆن ئێوە مافی پاراستنی گەل و وڵاتەکانی خۆتان ھەیە ئەوا ئێمەش ئەو مافەمان ھەیە.ڕەنگە لەڕووی توانای ھێز و تەکنەلۆجیای سەربازی و ئابوریەوە نەتوانین وەڵامیان بدەینەوە بەڵام ناوچەکەو جیھانی سەردەمیش ڕێگە بەدەستدرێژی و ھاتنەناوەوەی سەربازی نادات و گەر ئەو سەرکێشیەش بکرێت ھێندەی تر ئێران ڕووبەڕووی ھەموو جیھان دەبێتەوە و تەڵەکە لە ھەرچوارپەلی توندتردەبێت.
   بۆ نامۆبوونی ھەڵوێستەکەش،کەبەلای ھەندێکەوە وایە،ئەوە بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکێتی مێژووییەکی دوورودرێژی سیاسی و سەربازی و ئابوری ھەیە و ھەبوە لەگەڵ ئێراندا.ھەردولاش چاکەو وکاری دۆستایەتیان بۆ یەکتر کردوە و ناکرێت ئاوھا بەئاسانی بەبادابدرێت و ئەرکی ھەردوولایە کە ئەو مێژوە بپارێزن و نەیگۆڕنەوە بە دەسکەوتی کەموکورتی تاکتیکی.زۆرێک لەنەیارەکانی یەکێتی گرەویان لەسەر ئەوە کردوە کە یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی ھیچ کات ناتوانێت لە فەلەکی ئێران دووربکەوێتەوە یان ھەڵوێستێکی بوێرانەی بەرامبەر بنوێنێت،ئیدی بەم ھەڵوێستەی سەرۆک باڤڵ ھەموو ئەو ڕەخنە و توانجە بێ ئەرزشانە پوچەڵبونەوە و ھەق وایە بەسەر گوتار و کردارو ھەڵویستیاندا بچنەوە.
  ھەربۆیە سەرۆک باڤڵ لەپێگەی کەسی و مێژوویی و ھەستیاری قۆناغەکە و مەترسی و ئاڵنگاریەکان بۆسەر قەوارەی ھەرێمەکەمان ئەو ھەڵوێستی نەتەوەییەی نواندوە کە ئەرکی ھەموو سەرکردەکان و حیزب و جەماوەریشە پشتیوانی لێبکەن و بەتەنھا بەجێی نەھێڵن و خۆیانی لێبێبەری نەکەن.
   لەلایەکی ترەوە دیبلۆماسیەتی نەرم و دوور لەھەراو زەنای ڕاگەیاندن لەگەڵ ھەمواندا لەلایەن سەرۆکی یەکێتیەوە لەم قۆناغەدا کاریگەری گەورەی ھەیە لەسەر ئێستا و ئایندەی ھەرێمەکەمان و سیاسی ژیر و دووربین و بوێر پێش ھەموان ھەست بەمەترسیەکان دەکات و دەستپێشخەری و ھەڵوێستی بوێرانە دەنوێَنێت و ڕێگەدەگرێت لە پێشھاتە مەترسیدارەکان و ھەوڵدەدات بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلەکی بپارێزێت و لەئاگری سووتێنەری جەنگ و لەناوچوون ڕزگاری بکات و دووریبخاتەوە.
   بەم شێوەیە ئەم ھەڵوێستەی سەرۆک باڤڵ وەک دەسکەوت و دەستپێشخەریەکی مێژوویی گەورە تۆماردەکرێت و گیان و ھەستی نەتەوەیی لەناخی ھەمواندا دەبوژێنێتەوە و بەمەش یار ونەیار حساب بۆ کورد و مەسەلەکەی دەکەن.
   لە ئێستادا ھێندەی دیبلۆماسیەتی نەرم لەتوانایدایە کە کێشەکان چارەسەربکات،نیوھێندە شەڕ و جەنگ و ململانێی توند ناتوانێت ئەو کارە بکات،ھەربۆیە دیبلۆماسیەتی سەرکەوتوو بریتیە لە ڕێزگرتنی یەکتری و ھاوسەنگی و دراوسێیەتی باش و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ھەمووان ودەستنەخستنە کاروباری یەکتری و ڕێزگرتنە لەیاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری وڵاتان و گەشەپێدانی ھەموو پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکانیشە،کە ھەموانیان پایەی گرنگی مانەوە و بەھێزبوون و پاراستنی ئاشتی و ئەمنیەتی ھەموان و مرۆڤایەتیشە،و یەکێتی و سەرۆکەکەشی باش لەم ڕاستیانە گەیشتوە و ھەربۆیەشە لەگەڵ ھەمواندا لەناوچەکە و زلھێزەکانیش دەرگا و پەنجەرەی خستۆتە سەرپشت بۆ دروستکردن و دامەزراندنی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی بۆ بەرژەوەندی ئێستا و ئایندەی گەلانی ناوچەکەمان.
بەوھیوای ئێران و سەرکردایەتیەکەی لەم قۆناغە ھەستیارەدا کە دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیش لەبەرژەوەندی ئێراندا نیە، بەسەر ھەڵوێست و بڕیار و دبلۆماسیەتی خۆیاندا بچنەوە لەبەرامبەری وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتیش  لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستاندا.بەچێچەوانەوە تەھا خۆیان تەریک و بێ دۆست و پشتیوان دەمێننەوە و لەکۆتایشدا ئەوەی چاوەڕوانی ناکەن ڕوودەدات.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×