ئاشکرایە لە سایەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بۆماوەی زیاتر لە ساڵێکە بە پچڕ پچڕی بۆتە ھۆکاری داخستنی گەرووی ھورمز بەڕووی ھەموو وڵاتانی کەنداودا کە ڕۆژانە ٢١ ملیۆن نەوتی خاو لێیەوە ھەناردەی ناو بازاڕە جیھانیەکان دەکرا لەپاڵ غازی سروشتیشدا.جا بە داخستنی ئەو گەروە زۆر گرنگ و ھەستیارەی ناوچەکە و جیھان ،کەوەک دەروازەی ھەناردەکردنی تاکە سەرچاوەی داھاتی وڵاتانی کەنداوە و بەتایبەتیش عێراق بۆتە ھۆکاری زیانپێگەیاندیان بە بڕی نلیۆنان دۆلار ڕۆژانە. جا بەردەوامبوونی ئەم حاڵەتی نەجەنگ نە ئاشتیەی ئێستاش کە سەری ئەوسەری تونێلەکەی بە تەڵخی و داخراوی ھێشتۆتەوە و ھیچ ئومێدێکیش لە ئاسۆدا نیە کە بەزووترین کات ئەو جەنگ و ململانێیە کۆتایی پێبێت و دۆخەکان ئاسایی ببنەوە.ھەربۆیە ھەریەکە لەو ٧ وڵاتەی کەنداو کە ھەریەکە لە وڵاتانی سعودیە و عومان و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و کوێت و عێراق دەگرێتەوە کەوتونەتە خۆ بۆ دزۆینەوەی ڕێگای جێگرەوە بۆ گەرووی ھورموز بۆ ئەوەی بتوانن نەوت و غازی سروشتیەکەیان بگەیەننە بازاڕەکانی جیھان و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەوروپا کە لەم کات و ساتەی جەنگی ناوچەکە و بەردەوامی جەنگی ڕوسیا ئۆکرایناش پێویستیەکی گەورەیان بە دابینکردنی سەرچاوەی وزە ھەیە لەنەوت و غازی سروشتی ھەرزانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لەم پێناوەدا سعودیە وەکو گەورەترین بەرھەمھێنەر و ھەناردەکاری نەوت لە ناوچەکەدا و بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیاکەی و دەوڵەمەندی لەڕووی داھات و دەرامەوە و زۆر لەمێژە چەندین ھێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی ڕکێشاوە کە ناچنەوە سەر گەرووی ھورمز و بۆ کاتی تەنگانە و نائاساییەکانی وەکو ئێستا وبەھۆی بوونی دەریای سوور لە ڕۆژئاوای سعودیەدا ودامەزراندنی بەندەری یەنبوعی بەناوبانگ، ھەمیشە ھەوڵی داوە کە بتوانێت تەوقی گەمارۆ سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی شکست پێبێنێت و بتوانێت بەرگری لە سەروەری و ماف و شایستەکانی خۆی بکات،یەکێک لەو ھێڵی بۆریە نەوت گوێزەرەوانە بریتیە لە ھێڵی پتڕۆلاین.
ھێڵی گوێزەرەوەی نەوتی پتڕۆلاینی سعودیە چییە؟ کەی دامەزراوە ؟ بۆچی دامەزراوە ؟ توانای گواستنەوەی چەندە؟ و سوود و گرنگیەکانی چین بۆ سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو؟
ئەم ھێڵی بۆریە لە ئێستادا ئەوپەڕی توانای گواستنەوەی گەیشتۆتە ٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی/ڕۆژانە و لەو بڕە ٥ ملیۆن بەرمیل دەگوازێتەوە بۆ دەرەوە و ٢ ملیۆنیش بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ دەگوێزێتەوە.ئەم ھێڵی بۆریە کەناودەبرێت بە ((ڕۆژھەڵات –ڕۆژئاوای))سعودیە دەبڕێت و بۆتە ھێڵی موعجیزە و ڕزگارکەری سعودیە لەم بارودۆخەدا کە سێ لەسەر چواری بەرھەمی نەوتی سعودیە کە ٧ ملیۆن بەرمیلە و چارەکی بڕی نەوتی ھەناردەکراو لەو گەروەوە کە ٢٠ ملیۆن بەرمیل/ڕۆژ بوو دەگوازێتەوە بۆ بازاڕە جیھانیەکان کە دەکاتە ڕێژەی ٧% ھەناردەی نەوتی جیھان. توانیویەتی ئەو کورتھێنانەی لەگەرووی ھورموزەوە دروستبوە بەشێکی پڕبکاتەوە.و بەھۆی بەرزبونەوەی نرخی ١ بەرمیل نەوتیش بۆ سەروو ١٠٠دۆلار ئەوا چەندە بڕەکە کەمبۆتەوە بەڵام بەرزبونەوەی نرخەکەی بۆتە ھۆکاری زیادبوونی داھاتەکەی.ئەمە لەکاتێکدایە کە وڵاتە گەورەکانی ھەرناردەکاری وەکو عێراق و کوێت و ئیمارات ھەناردەکانیان ڕاوەستاوە و سعودیە بۆتە ھۆکاری دابینکردنی ئەو بڕە وزەیە بۆ بازاڕەکانی جیھان.
سعودیە سەرەڕای ئەم ھەنگاوە دووربین و وردبینیە ھەستاوە بە کۆگاکردنی بڕی گەورەی نەوتی خاو لەھەریەکە لەوڵاتانی یابان و کۆریای باشوور و میسر و لە ئیستاداو لەکاتی بەزربونەوەی نرخەکاندا بە نرخێکی زۆر بەرز نەوتەکەی فرۆشتۆتەوە بەمەش توانیویەتی لەلایەک داھاتی باش بەدەستبخات و لەولاشەوە ڕێگربوە لە بەرزبونەوەی گەورەی نرخەکان لە بازاڕەکاندا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ھێڵی بۆری ڕۆژھەڵات ڕۆژئاوایە بۆیەکەم جاریش لەساڵی ١٩٧٩ و سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانی و ھەڵایسانی جەنگی عێراق -ئێرانەوە ھەر بەھۆکاری مەترسی ئێرانەوە دامەزراوە بۆ دوورکەوتنەوە لە زەرەر وزیانی ئەو جەنگە و سەرەتا بڕی ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی / ڕۆژانەی گواستۆتەوە و لە ئێستادا گەیشتۆتە ٥ ملیۆن بەرمیل. بەڵام لە ئێستادا بۆتە ڕزگارکەری سعودیە.
ئەم ھێڵی بۆریە لەکەناری ڕۆژھەڵاتی سعودیەوە لە نزیک ئاستی دەریاوە لە بەقیع دەستپێدەکات و دواتر بیابانەکان دەبڕێت بۆ بەرزاییەکان بە سنووری ١٠٠٠مەتر لە کاتی تێپەڕبوونی بە شاخەکانی ناوچەی حیجازدا،پێش گەیشتنی بەکەنارەکانی ڕۆژئاوا لە شار و بەندەری یەنبوع کە لە ئێستادا بۆتە بەندەرێکی قەرەباڵغ و دەروازەی سەرەکی ھەناردەی نەوتی کەنداو و سعودیە بۆ کیشوەری ئەوروپا و ڕۆژئاوا.
ھێڵکە بەدرێژی ١٢٠٠کم بە بۆری تیرە ٤٨ ئینج و ١١وێسگەی پاڵپێوەنان.لەگەڵ ھەبوونی تانکی گەورە بۆ ھەڵگرتن و ژێرخانێکی بەھێزی کەرتی نەوت پێکھاتوە.کە دەتوانرێت نەوتی خاو لێیەوە ھەناردەبکرێت و بشنێرێت بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان.
لەپاڵ ئەم ھێڵە سەرەتاییەدا سعودیە ھێڵێکی تریشی دامەزراندوە لەساڵی ١٩٨٧ و تواناکەی بەرزبۆتەوە بۆ ٣,٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی/ ڕۆژ و دواتریش تواناکەیان بەرزبۆتەوە بۆ ٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی/ڕۆژ و بەمەش بۆتە تۆڕێکی بۆری تازە و بەتوانای سەرەکی بۆ نەوتی ھەناردەی نەوتی سعودیە بۆ جیھان لەڕێگای دەریای سورەوە، وەک دەوترێت سعودیە پێش ٥٠ ساڵ پارەوسامانێکی زۆری لەم ھێڵەدا وەبەرھێناوە و کە زۆر سوودیان لێنەبینیبوو تاکو ئێستا، بەڵام لە ئێستادا کەوتونەتە کۆکردنەوەی قازانجی گەورە لێیەوە و پێداویستیەکانی بازاڕەکانی جیھانیشی لێوە دابیندەکەن.
ئێران ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم ھێڵەوە دژایەتی دەکرد و دەیزانی بریتیە لەکارتی فشاری سعودیە دژی ئێران چونکە دەبوە ھۆی سوتاندنی کارتی گەرووی ھورموز و لەساڵی ٢٠١٩وە ھێرش و پەلاماری درۆنی و ڕۆکێتەکانی ڕووبەڕووی ھەڵدا و سعودیەش بەم کارەی ھێندەی تر ستراتیژیەت و ئاسایشی وزەی خۆی و دونیاشی پاراست و مسۆگەرتر کرد.وەک ئەوەی دەوترێت(( ئەو وڵاتەی کۆنتڕۆڵی ڕێگاکان بکات ئەوا کۆنتڕۆڵی ڕۆیشتنیش دەکات))، ئەم نمونەیەی سعودیە لەھەریەکە لە وڵاتانی ئازەربایجان و جۆرجیا و تورکیا دووبارەکرایەوە بە ڕاکێشانی ھێڵی بۆری نەوتی باکۆ-تەبلیس-جیھان بەدرێژی ١٧٠٠کم و بەمەش نەوتی دەریای قەزوێن دەگوێزرایەوە بۆ بەندەری جیھانی تورکیا بە توانای ١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.ئیدی لە ژێر سایە و کۆنتڕۆڵی ڕوسیا و ئێران ڕزگاریان بوو.
میسر چۆن کارتی گەرووی ھورموزی لەدەستی ئێراندا سووتاند؟
ئاشکرایە میسر بەھۆی پێگە جیۆسیاسی و ئابوریەکەی و ھەڵکەوتەی لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور و بوونی کەناڵی سوێسی گرنگ تیایدا بۆتە وێسگەیەکی گرنگی پێکگەیشتنی بەرژەوەندیە ناوچەیی و جیھانیەکان و خاڵێکی گرنگ و ڕێڕەوێکی ئاوی و وشکانی زۆر تایبەت لەناو دڵی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وھەموو دونیاشدا،ھەربۆیە لەکاتی ئاسایی وباردودۆخە جەنگ وگەرمەکانی ناوچەکەدا ھەمیشە میسر ڕۆڵی گرنگ ویەکلاکەرەوەی بینیوە و لەگەڵ ھەر لایەکی ململانێکان بوبێت توانیویەتی باسکی ئەو لایە بەھێز بکات.
جا میسر وەکو وڵاتێکی خاوەن نەوت و غازی سروشتی، وەک پلانێکی سترتیژی و خۆبژێوی و سوود وەرگرتن لە ھەردوو دەریای سوور و دەریای سپی ناوەڕاست، ھێڵی بۆری نەوتی سومێدی دامەزراندوە، کە بریتیە لە دوو ھێڵی تەریب بەیەکتر کە درێژی ھەریەکەیان ٣٢٠کم و تیرەکەیان ٤٢ ئینجە.لەژێر زەویدان و ئەستوریەکەی دەگاتە ٣٠ملم و ھێواش ھێواش کەم دەکات تادەگاتە ٨ملم لەبەندەری سیدی کریردا، لەوجێگایەنەی لەژێر ئاوی ڕوباری نیلدایە ئەستوریەکەی دەگاتە ٦٠ملم. توانای گواستنەوەی بریتیە لە ٢,٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە لەساڵی ١٩٧٤دا دامەزراوە.
ھێڵی بۆری نەوتی سومێد وەک ڕزگارکەری سعودیە و وڵاتانی کەنداو
دوای داخستنی گەرووی ھورمز و ڕێگەگرتن لە ھەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو کە ٢٠% ھەموو وزەی جیھانی دابیندەکرد،و لە ئێستاشدا بەھۆی داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی ھێزی حوسیەکانی یەمەن بەسەر گەرووی باب المندب کە بەھەمان شێوەی گەرووی ھورمز گرنگتر و کاریگەرترەو و وەک ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کەرتی وزەی سعودیە و نەیانشاردۆتەوە کە تەنھا دژایەتی ھەناردەکردنی نەوتی سعدویە و پاپۆڕەکانی دەکەن.ھێندەی تر ئەم ھێڵی بۆری پتڕۆلاینەی سعودیە گرنگی پەیداکردوە و بۆتە تاکە دەروازەی سعودیە و شادەماری ھەناردەکردنی نەوتەکەی.
لەبەرامبەریشدا و لەکەناری ڕۆژئاوای دەریای سوور و لە ژێر سایە و دەسەڵاتی وڵاتی میسردا ھێڵی بۆری سومێدی میسری لە وێسگەی عین السخن دەستپێدەکات و دەگاتە بەندەری سیدی کریر لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست لە ئەسکەندەریە بەدرێژای ٣٢٠ کم و بە تیرەی ٣٠ ئینج.کە وەک جێگرەوەی کەناڵی سوێسە بۆ گواستنەوەی نەوتی کەنداو بۆ دەریای سپی ناوەڕاست. خاوەندارێتی ئەم ھێڵی بۆرییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای عەرەبی بۆ ھێڵی بۆری نەوت کە کۆمپانیەکی ھاوبەشیە لە نێوان میسر و ھەریەکە لە سعودیە و ئیمارات و کوێت و قەتەر بەڕێژەی پشکی جیاواز و لەساڵانی ٢٠١٨-٢٠١٩دا بڕی ٦١ ملیۆن تەن لەنەوتی خاوی گواستۆتەوە.
ئاشکرایە لەگەرووی ھورمزەوە ڕۆژانە ٢١ملیۆن بەرمیل نەوت بە ڕێژەی ٢٠% بەکارھێنانی جیھانی دەچێتە بازاڕەکانی جیھانەوە لەگەڵ پێنج یەکی غازی سروشتی، لەگەڵ داخستنی گەروەکەدا نرخەکان زۆر بەرزبونەوە.ئیدی ئەم ھێڵی بۆریە گرنگی و کاریگەرییەکەی دەرکەوت وەک دەروازەیەکی ئەمین و سەلامەت بۆ گواستنەوەی نەوتی کەنداو بۆ ئەوروپا و لەساڵی ٢٠٢٥دا توانیویەتی بڕی ٥٠ ملیۆن تەن نەوتی خاو بگوازێتەوە کە دەکاتە نزیکەی ٣٦٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە خێرایی و سەلامەتی.لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی نەوتی میسریدا ھاتوە ئەم ھێڵە لەساڵی ١٩٧٤ وە تاکو ساڵی ٢٠٢٤ واتە لەماوەی ٥٠ ساڵی تەمەنیدا بڕی ٢٤,٩ ملیار بەرمیل نەوتی خاو و زیاد لە ٧٣٠ ملیۆن بەرمیل لە موشتەقاتی نەوتی گواستۆتەوە.بەم پێیەش لەلایەک بۆتە ڕزگارکەر و دەروازەیەکی گرنگ بۆ ھەناردەی نەوتی سعودیە و وڵاتانی کەنداو و لەولاشەوە بۆتە سەرچاوەیەکی داھاتی گەورە بۆ میسر کە پێویستی زۆری بەداھات و دراوی قورسە لەکاتێکدا میسر وڵاتێکی زۆر زەنگین نیە و ھەژاری و بێکاری تیادابڵاوە بەھۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانەکەیەوە کە ١٠٠ملیۆن کەسی تێپەڕاندوە.
ئەم ھێڵی بۆریە بۆتە جێگرەوەی کەناڵی سوێس چونکە پاپۆڕە زەبەلاحەکان کە بڕی ٢.٢ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەڵدەگرن ناتوانن بەو کەناڵەدا تێپەڕببن بۆیە ئەم بەندەر و ھێڵی بۆرییە بۆتە جێگرەوەی کەناڵی سوێس و ڕاکێشراوە بۆ بەندەری سیدی کریر لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست.ئەم بەندەر و ھێڵی بۆریە توانای ھەڵگرتن و کۆگاکردنی بڕی ٤٠ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەیە کە ئەمەش ھێندەی تر گرنگیەکەی زیادکردوە.
ئەم ھێڵی بۆریە بەھۆی ھەڵکەوتە گرنگ و ستراتیژیەکەیەوە لەنێوان ھەردوو دەریای سوور و سپیی ناوەڕاستدا بۆتە پردێکی پەڕینەوە لەنێوان ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا.بەتایبەتیش دوای داخستنی ھەردوو گەرووی ھورمز و باب المندب.
بەم شێوەیە میسر بۆتە ڕزگارکەری ئابوری و داھاتی نەوتی سعودیە و کەنداویەکان و کارتی داخستنی گەرووی ھورمزی لەدەستی ئێراندا سووتاندو و لەو پێناوەشدا و دوای ئەوەی کە لایەنەکانی ڕێکەوتنی مەککە لە تورکیا و پاکستان نەیانتوانی کە پشتیوان و ھاوبەشی جەنگی سعودیە و حوسیەکان بکەن،ئەوا سعودیە ھەستی بەوەکرد کە دەبوایە ھەر لەسەرەتاوە میسر وەکو گەورەترین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی و خاوەن شارەزایی جەنگ و سوپایەکی بەھێزی گەورە بەشداری پێبکرایە لەو ڕێکەوتنامەیەدا کەخاڵی لاوازی نەبوون و غیابی میسر بوو.ھەربۆیە بەپەلە میر محمد کوڕی سەلمانی جێنشینی سعودیە سەردانی میسری کرد و ھەوڵی گەرموگوڕکردن و توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ میسردا خستەگەڕ.بۆیە وەک پێشتر وتمان ھەرکات میسر لەناوچەکەدا لایەنگری ھەر لایەکی ململانێکان بوبێت باسکی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئەو لایەی بەھێزکردوە و بەمەش ئێران لەلایەک کارتی داخستنی گەرووی ھورمزی لەدەستدا و لەولاشەوە میسری وەک گەورەترین وڵاتی عەرەبی و گرنگ لەدەستدا کە بۆخۆشی زۆر دۆست و نزیکی یەکتر نەبوون.