پێشەکی
مێژووی ھاوچەرخی عێراق بەردەوام بەدەست وەرچەرخانە ئاسایشی و سیاسییە سەختەکانەوە نێڵەی ھاتووە. بەرواری ٣٠ی سێپتەمبەر تەنھا وادەیەکی ڕۆژژمێری نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی بەڕاستی ھەستیارە لە ھاوکێشەی حوکمڕانی و ئاسایشی نیشتمانیدا. بەپێی بەڵێن و ڕێککەوتنە ڕاگەیەندراوەکان، ئەم وادەیە گرێدراوە بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا لە عێراق، لەگەڵ بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان بۆ ژێر دەسەڵات و چەتری دەوڵەت. پرسیارە جەوھەرییەکە ئەوەیە: ئایا عێراق و ھەرێمی کوردستان دوای ئەم بەروارە بەرەو سەقامگیری و سەروەریی یاسا ھەنگاو دەنێن وەک دەروازەیەکی نوێی گەش و پێشکەوتن بەرەو ئایندە، یان ڕووبەڕووی بۆشایی ئاسایشی و ململانێی ھەرێمایەتی مەترسیدارتر دەبنەوە وەکو کۆتا دەرفەت لەبەردەم سەپاندنی سەروەری و شکۆی دەوڵەت لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا؟
• کشانەوەی ھاوپەیمانان؛ بۆشایی ئاسایشی یان سەروەریی تەواو؟
کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراقدا لە یەک کاتدا دوو ڕووی جیاواز نیشان دەدات:
* لە ڕوانگەی حکومەتی فیدراڵییەوە: وەک دەستکەوتێکی سەروەریی نیشتمانی سەیر دەکرێت کە سوپا و دەزگا ئاسایشییەکانی عێراق گەیشتوونەتە ئاستێک لە توانا و ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکان.
* لە ڕوانگەی ئاسایشی مەیدانییەوە: مەترسیی دروستبوونی ((بۆشایی ئاسایشی))دەھێنێتە ئاراوە، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکان و ناوچەکانی ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق. شانە نوستووەکانی داعش و گروپە تووندڕەوەکان دەکرێت ئەم بۆشاییە بۆ خۆڕێکخستنەوە بپۆشن. ھەروەک ڕێکەوتی ٢٧/٩ لەناوچەی پردێ ڕووبەڕووبونەوە ڕوویدا.
* کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان: ھەرێمی کوردستان ھاوپەیمانان وەک فاکتەرێکی سەنگ و ھاوسەنگیی ئاسایش دەبینێت. خاڵیکردنەوەی مەیدانەکە لە چاودێریی نێودەوڵەتی، گوشارە سەربازی و ئاسایشییەکان لەسەر ھەرێم زیاتر دەکات.
* چەکی میلیشیاکان؛ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت یان دەسەڵاتی سەربەخۆ؟
پرسی کۆنتڕۆڵکردن و قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا تاقیکردنەوەی بنەڕەتیی ھەموو دەوڵەتێکی سەردەمیانەیە. دوای ٣٠/٩، ئەم پرسە ڕووبەڕووی چەند ئاڵەنگارییەک دەبێتەوە:
* ئیرادەی سیاسی و توانای بڕیاردان: ئایا حکومەتی بەغداد توانای سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر ئەو گرووپە چەکدارانەی دەرەوەی یاسای دەبێت، یان ڕادەستکردنی چەک تەنھا لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە؟
* تێکەڵبوونی ھێز بە سیاستەوە: زۆربەی ئەم گرووپە چەکدارانە خاوەنی باڵی سیاسی و کاریگەریی قووڵن لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەمەش ڕادەستکردنی ڕاستەقینەی چەکەکانیان ئاڵۆزتر دەکات.
* ڕەنگدانەوە لەسەر ھەرێمی کوردستان: مانەوەی چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، فڕۆکەخانەکان، کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووری، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بە ڕوونی بینراوە.
• نەخشەی نوێی ململانێ ھەرێمایەتییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە:
چۆڵکردنی مەیدانەکە لەلایەن ھاوپەیمانانەوە، عێراق دەخاتە ناو کۆمەڵێک دەستوەردانی کراوەتری وڵاتانی دراوسێ. لە نەمانی ھاوسەنگەرێکی نێودەوڵەتیدا، عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبنە مەیدانێکی کراوەتر بۆ یەکلاکردنەوەی ھەژموونی ھێزە ھەرێمایەتییەکان. ئەمەش سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی لە بەغداد و ھەولێر تووشی گوشاری زۆرتر دەکاتەوە.
لێرەدا دەکرێت ئەو پرسیارە سەرھەڵبدات، ئایا عێراق و ھەرێمی کوردستان لە نێوان بەرداشی گوشارەکانی ئەمریکا و ئێراندا دوای ٣٠/٩ بە چ ئاڕاستەیەکدا ھەنگاودەنێن؟
ئەم دۆخە نوێیە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان وەک تاقیکردنەوەیەکی زۆر ھەستیار وایە(( جەنگی وەکالەت و تاقیکردنەوەی سەروەری ))، کشانەوەی ھاوپەیمانان لە ٣٠ی سێپتەمبەر تەنھا کشانەوەیەکی سەربازیی ڕووت نییە، بەڵکو ململانێیەکی توندی دروستکردووە لەسەر پڕکردنەوەی ((بۆشایی ھێز)). ئەمریکا داوای چەمداماڵینی گرووپە چەکدارەکان دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشەی ھەژموونی ئێران بگرێت، لە بەرامبەردا تاران ئەو گرووپانە وەک قەڵغانی ستراتیژیی خۆی و دارایی باڵادەستیی سیاسی دەبینێت. لەم ھاوکێشەیەدا، ھەردوو جەمسەرەکە کارت گەلێکی ڕادەبەدەر کاریگەریان لە دژی بەغداد بەدەستەوەیە.
• کارتەکانی فشاری دووئاڕاستە (ئەمریکا بەرامبەر ئێران)
*ئەمریکا: گۆشەگیری ئابووری و دۆلار، داھاتی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی نیویۆڕک (NY Fed) پاشەکەوت دەکرێت. بڕینی نەوتی دۆلار، ڕاگرتنی حەواڵەکان، یان سەپاندنی سزای دارایی لەسەر بانکی ناوەندی، دەستبەجێ بەھای دینار دەڕوخێنێت و ئابووریی عێراق تووشی ئیفلاس دەکات.
*ئێران : وزە و ئاسایش (گاز و کارەبا)، ئێران بەشێکی گەورەی غازی سروشتی و کارەبای باشوور و ناوەڕاستی عێراق دابین دەکات. بڕینی غاز یەکسانە بە شەلەلکردنی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا، ئەمەش ناڕەزایەتی جەماوەری و پشێوی بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
* عێراق و ھەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە دەکەن؟ (میکانیزمەکانی خۆگونجاندن)
بۆ مانەوە لەناو ئەم بەرداشەدا، حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان مەجبوورن پەنا ببەنە بەر زنجیرەیەک سیاسیەتی خۆگونجاندن و مانۆڕی دیپلۆماسی:
• دیپلۆماسیەتی ((بێلایەنیی چالاک))
بەغداد ھەوڵ دەدات خۆی لە جەمسەربەندیی ڕاستەوخۆ بپارێزێت. بەکارھێنانی سیاسەتی "دەستکەوت بۆ ھەردوولا.
* ڕازیکردنی ئەمریکا: لە ڕێگەی پابەندبوونی ڕەھا بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی (SWIFT)، ڕێگریکردن لە قاچاخی دۆلار بۆ ئێران، و دەستپێکردنی چاکسازیی ھاوبەش لەگەڵ خەزانەی ئەمریکا.
* ڕازیکردنی ئێران: پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییە ئاساییەکان، ئاسانکاری بۆ مامەڵە ئابوورییە ناوچەیییەکان بە دراوی خۆماڵی (دینار و تمەن)، و ڕاگرتنی ڕێژەیەک لە کاریگەریی سیاسیی تاران لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا.
• چارەسەری ئاسایشی و نەرمونیان بۆ پرسی چەکی میلیشیاکان
لەبەر ئەوەی بەغداد توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا نییە، سێناریۆی خۆگونجاندن بریتی دەبێت لە:
* ڕێکخستنەوەی سێبەر: تێکەڵکردن و کارئاسانکردنی زۆرتری ھێزەکان لەناو بونیادی حەشدی شەعبی یان ھێزە ئەمنییە فەرمییەکاندا، بەجۆرێک لەسەر کاغەز وەک ڕادەستکردنی چەک بۆ دەوڵەت نیشان بدرێت (بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا)، بەڵام لە واقیعدا ھێزەکان پێگەی خۆیان بپارێزن (بۆ ڕازیکردنی ئێران).
• خۆگونجاندنی ئابووری و سەربەخۆیی وزە
بۆ ڕزگاربوون لە کارتی غازی ئێران و سزاکانی ئەمریکا:
* سەربەخۆیی کارەبا: خێراکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکان (وەک تۆتاڵ ئێنێرجی) بۆ بەکارھێنانی غازی ھاوەڵ، بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو (GCC) و ئوردن.
* داواکردنی بەخشینی بەردەوام: بەغداد بەردەوام دەبێت لە مانۆڕ لەگەڵ واشنتۆن بۆ وەرگرتنی بەخشینی کاتیی بۆ ھاوردەکردنی غازی ئێران بە بیانووی رێگریکردن لە داڕمانی کۆمەڵایەتی.
* پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ھاوکێشەکەدا
ھەرێمی کوردستان لەم ناوەندەدا ڕووبەڕووی گوشاری جۆراوجۆر دەبێتەوە:
*پاراستنی ھاوسەنگی: ھەولێر ھەوڵ دەدات پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بپارێزێت بۆ دەستکەوتنی ئاسایش و پشتیوانیی سیاسی، ھاوکات دوورکەوتنەوە لە تۆمەتبارکردنی لەلایەن تارانەوە بەوەی بۆتە بنکەیەک بۆ ھەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئێران.
*تەواوکاریی ئابووری لەگەڵ بەغداد: ھەرێمی کوردستان ناچار دەبێت ھەناردەکردنی نەوت و داھاتە داراییەکانی((نانەوتی)) زۆرتر لەگەڵ بەغداد ڕێکبخاتەوە لەڕێگەی کەوتنە کاری سیستەمی ((ئەسیکۆدا))کە لەھەمان ڕۆژی ٣٠/٩دا دەکەوێتە کار بۆ وەرگرتنی باج و گومرکەکان لە دەروازە سنوریەکاندا وەکو ھەموو دەروازەکانی تری عێراق. تاوەکو لەژێر چەتری چاکسازییە داراییەکانی فیدراڵدا لە سزاکانی ئەمریکا بەدوور بێت.
بەدڵنیاییەوە،دوای ٣٠/٩، بەئەگەرێکی زۆرەوە ئاڕاستەی ڕووداوەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بەرەو یەکێک لەم دوو سێناریۆیە ھەنگاو دەنێت:
* (دەوڵەتمەداری و سەلماندنی سەروەری): حکومەتی عێراق بتوانێت بە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان و ھێزە نیشتمانییەکان، بە کردار چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە، ھەماھەنگیی سەربازی لەگەڵ پێشمەرگە تۆکمە بکات و بۆشایی ھاوپەیمانان بە دامەزراوەی سەربازیی نیشتمانی پڕبکاتەوە.
* (دابەشبوونی ئاسایشی و فرەیی دەسەڵات): گرووپە چەکدارەکان لە ژێر ناوی جیاوازدا چەکەکانیان بپارێزن و دەسەڵاتیان بەسەر بڕیاری ئاسایشیدا زیادبکات.ئەم سێناریۆیە دەبێتە ھۆی لاوازبوونی زیاتری دەوڵەت، دروستبوونی ناستەقامگیریی ئابووری، و زیاتربوونی گوشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان.
لەکۆتاییدا، کێبڕکێی دوای ٣٠/٩ ناکرێت بە بردنەوەی ڕەھای یەکێک لە جەمسەرەکان کۆتایی بێت. لەم ناوەندەدا عێراق و ھەرێمی کوردستان تەنھا بە ((سیاسەتی مانۆڕی ھێواش ))دەتوانن خۆیان ڕابگرن:
* لە کورتخایەندا: بەغداد بڕێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا بەدی دەھێنێت (لە بوارەکانی ڕێکخستنی دۆلار و ھێورکردنەوەی ھێرشەکان)، لە بەرامبەردا ڕێگە دەدات ئێران کاریگەریی ئابووری و سیاسی خۆی بپارێزێت. وەکو دەوترێت لەئێستادا گەمارۆی ئاسمانی و سەر فڕۆکەخانەکانی ئێران بەشێوەیەکی دیاریکراو کەم بکاتەوە بە کردنەوەی تەنھا فڕۆکەخانەی نەجەف بەڕووی گەشتەکانی ئێراندا.
*لە درێژخایەندا: ئەگەر عێراق نەتوانێت بە خێرایی سەربەخۆیی وزەی خۆی بەدەستبھێنێت و دامەزراوە سەربازییەکان لە ژێر ھەژموونی حزبی دەربھێنێت، و شەڕی دژی گەندەڵی و گەندەڵکارانیش بەردەوامی پێنەدات،بەردەوام دەبێت لە کەوتنە بەر زەبر و گوشار و گەمارۆی گەورەتر لەلایەن ھەردوو جەمسەرەکەوە، کە ئەمەش مەترسی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان و سەقامگیریی بەغداد دروست دەکات.
پاشەکشەی ھاوپەیمانان دەرفەتێکە بۆ دەوڵەتی عێراق تاوەکو سەروەریی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام بەبێ ڕادەستکردنی کرداریی چەکی میلیشیاکان و بەبێ دروستکردنی ھاوپەیمانییەکی تۆکمەی ئاسایشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، ئەم وەرچەرخانە لە بری گەیشتن بە سەقامگیری، وڵات ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتری لێکترازانی ئاسایشی دەکاتەوە. یەکڕیزیی ناوخۆیی لە ھەرێم و ئیرادەی ڕاستەقینەی بەغداد بۆ جێبەجێکردنی یاسا، تاقە گرەنتیی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە ھەستیار وناڕوونەن.
بەم شێوەیە،کلیلەکە لە دەستی بەغداد و ھەولێردایە؛ دروستکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و خێراکردنی چاکسازیی ئابووری، تەنھا ڕێگەیە بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی لەنێوان فیدراڵیی نیویۆڕک و کێڵگە غازییەکانی تاراندا نەبێتە قوربانی.