یەکتۆز خەستە!

توانا ئەمین
  2026-10-13   

ئەمڕۆ د.بیلالی سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی، لە دیداری مێری، شانامە و پیاهەڵدانێکی (ChatGPT)ی بۆ نێچیرڤان بارزانی خوێندەوە، هەردووکیان و خەڵکەکەش لەخۆشیدا حەپەسابوون! ئەوەی من لەم کورتە نووسینەدا دەیخەمە ژێر پرسیارەوە، قەزوانی نێو ماستاوەکە نییە. ئاساییە لە گەندەڵستانێکی کاکی بەکاکی وەک ئەوەی ئێمەدا سەرۆکی دەزگا و ناوەندە ئەکادیمییەکان پتر لە خەڵکی ئاسایی بۆ سیاسییەکان خۆیان بچەمێنن! بەڵکوو سەرنجم لەسەر ئەو (واوو) و حەپەسانەی سەرۆکی هەرێم و خەڵکە قاتلەبەرەکەیە بۆ نووسینێکی کڵێشەیی مۆدیلێکی زمانیی وەک چات جی پی تی.

ئەم شتانەی سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی خوێندییەوە دەق نین، وڕێنەن. مۆدیلە زمانییەکان لەسەر ئەو داتایانە ڕاهێنراون کە پەرەپێدەرەکانی مۆدیلەکە داویانە پێی. ئێ پشکی شێری ئەو زانیاریانەی لەبارەی سیاسییەکی ناوچەییەوە لەبەردەستیدایە، لە ئینتەرنێت وەریدەگرێ. ئینتەرنێتێک کە تۆڕی کۆمەڵایەتی و وێبسایتی کەناڵی ڕووداوی نێچیرڤان بارزانی، بە سێ زمان، سەرچاوەی سەرەکی ئەم زانیارییەیە کە داواکراوە. هەمان ئەو ماشێنە عیملاقە میدیاییەی سەرۆک، کە ڕۆژی ١٠٠ جار بە وێنە و تێکست و دەنگ و ڤیدیۆ و شرۆڤەی میوانی دەربار؛ پیاسەیەکی سەرۆک و کوڕەکەی بۆ کەنداو، بە دەسکەوتی گەورە بۆ گەلی کورد دەنووسێت و تۆمار دەکات.

مۆدیلە زمانییەکەی زیرەکیی دەستکرد زانیارییەکەی لەم سەرچاوەیەوە وەرگرتووە. بەڵام چۆن دایدەڕێژێ؟ ڕێک بە مەزاجی ئەو بەکارهێنەرەی کە موبایلەکەی بەدەستەوەیە! لە فێرکردنی ئەم مۆدیلانەدا چەمکێک هەیە پێی دەوترێ مەرایی تەکنەلۆژی Sycophancy، مۆدێلەکە مل بۆ مەیلی بەکارهێنەر دەدا و ئەو وەڵامە دەداتەوە کە بەکاهێنەرەکە پێی خۆشە و لەگەڵ مەزاجیدا هاوئاهەنگە. ئەمە جۆرێک لە خۆشیرینکردنی زۆرزانانەیە، ئەم مۆدیلانە ئەو خاوێن و ڕاستگۆ و بێلایەنە نین کە هەندێک وا تێدەگەن. بۆ نمونە ئەگەر من هەمان ئەو پرسیارەی سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لەبارەی نێچیرڤان بارزانییەوە لە چات جی پی تی بکەم. هیچ کاتێک ئەو وەڵامەم ناداتەوە، کە ئەمڕۆ لە تەلەفزیۆنەوە بینیمان. هیچ کاتێک لەلای من پێشناوی (دەوڵەتمەدار) ناخاتە بەردەم ناوەکەی. بۆ؟

ئەم مۆدیلە زمانیانە بەتایبەتی (ChatGPT) لە یەکەم ساتی بەکارهێنانییەوە لەگەڵ کەسێکدا. هەموو گفتوگۆ و چاتەکان دەپارێزێ و بەرمەبنای مەیلی کەسەکە وەڵامەکان دادەڕێژێ. لەگەڵ ئاگاداربوون لە مەزاجی بەکارهێنەرەکە و گفتوگۆکانی پێشووتریدا شتێکی تریش گرنگە کە شێوازی پرسیارەکەیە: تۆ پێی بڵێ (سەرکەوتنە دبلۆماسییەکانی فڵانە سەرکردەی سیاسیم بۆ بژمێرە). بەم جۆرە وەڵامت دەداتەوە کە بینیمان. فەرموو با د.بیلال وەک ئەکادیمییەک ڕاستگۆبێت و بنووسێت (شکستە سیاسییەکانی ئەم پیاوەم بدەرێ؟) بزانە ئەو کاتە چ وەڵامێک دەبینێت!

بەکورتی ئەوە سەرسامییەی پاشا و دەربار و میوانی قاتلەبەری چەپڵەلێدەر بۆ چات جی پی تی، نیشانەی قوڕبەسەریی زانستیی و فەقیریی فیکریی ئەو کەسانەیە کە نانی من و تۆیان کەوتۆتە ژێردەست.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×