هه‌تا 150 ساڵی كه‌ كورد كه‌ر ئه‌مێنێ؟

هونەر تۆفیق
  2020-03-17     1458
ئەوە پرسیاری عەلامە تۆفیق وەهبی بووە لە ١٩٣٣دا بەنیگەرانیەوە لەئینگلیزەکانی پرسیووە. ساڵی ١٩٧٦ لە لەندەن، بۆ ئەمیری حەسەن پوری دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ده‌ستم كرد به‌كه‌لیمه‌ دۆزینه‌وه‌، له‌و ڕۆژه‌وه‌ (١٩٣٣ ) هه‌تا گه‌یشتینه‌ ساڵی١٩٤، ئه‌وه‌ بو له‌گه‌لاوێژدا به‌عزێكم بڵاو كرده‌وه‌ بۆ ئینگلیزه‌كان. كه‌ ئه‌منووسی، خه‌ڵك تێنه‌ئه‌گه‌یشتن له‌كه‌لیمه‌كانی (چونکە وشەی تازەی کوردی لەبری عەرەبیەکان دانابو) من قامووسم دروست كرد كه‌ تێبگه‌ن، کەچی چوون شكاتیان كرد لێم. ئینگلیزه‌كان گوتیان تۆ كه‌ مردی، له‌پاش 150ساڵی تر كورد بۆ تۆ له‌ ئاڵتوون هه‌یكه‌ل ئه‌كا...

ساتیع حوسەری دامەزرێنەری فیکری عروبە لەبیرەوەیەکانیدا دەگێڕێتەوە: بۆ ئێمە گرنگ بوو کوردەکان لەعێراقدا بهێڵینەوە ، لەناو مەنزومەی عروبەدابن. ئینگلیزەکان تۆفیق وەهبیان ڕاسپاردوو ڕێزمانی کوردی و ڕێنوسی زمانی کوردی بنوسێتەوە بۆ ئەوەی لە خوێندنگەکاندا بەکوردی بخوێنرێت. تۆفیق وەهبی ڕێنوسی لاتینی بۆ زمانی کوردی دانابوو کەئەمەش دەبووە هۆکاری دوور کەوتنەوەی کوردەکان لە عێراق و عروبەوە . بۆیە پەیوەندیمان کرد بە مەلا و شێخە ناودارەکانی کوردەوە تا بەخەڵکی کورد بڵێن تۆفیق وەهبی پیاوی ئینگلیزە و کافرە چونکە دەیەوێت ڕێنوسی قورئان بگۆڕێت.

تۆفیق وەهبی دەڵێت : کاتێک ئینگلیزەکان بەمنیان گوت کورد لەپاش ١٥٠ ساڵی تر پەیکەری ئاڵتونت بۆ دەکەن گوتم  عه‌فوو تۆ من ته‌حقیر ئه‌كه‌ی، كورد هه‌تا ١٥٠ ساڵی كه‌ ، كه‌ر ئه‌مێنێ؟ گوتم زۆره‌، ئه‌مه‌وێ كورد زووتر بزانێ كه‌ من خزمه‌تی ئه‌كه‌م.

لەهەمان گێڕانەوەدا باسی ئەوە دەکات کە شێخ مەحمود و کەسایەتیە ئایینیەکان ڕقیان لێ ی بووە ، ویستویانە بیکوژن . دەگێڕێتەوە : بەپلانی شێخ مەحمود ، بەڕێوەبەری پۆلیس چۆتە دیوەخانەکەی شێخ گوتراوە : تۆفیق وه‌هبی وه‌ جه‌ماعه‌تێ دانیشتوون عاره‌ق ئه‌خۆنه‌وه‌، له‌ منه‌وه‌ره‌كان. منه‌وه‌ر، ئێسته‌ پێیان ئه‌ڵێن ڕۆشنبیر؛ ئه‌چین له‌ سه‌ربانه‌وه‌ ئه‌یانكوژین، له‌ هه‌یوانی ماڵی ڕه‌شید جه‌وده‌ت عاره‌ق ئه‌خۆنه‌وه‌، ئه‌یانكوژین. ئه‌وانیش وتیان مه‌كه‌، چۆن ئه‌بێ، تۆفیق وه‌هبی پیاوێكه‌ ئه‌وه‌نه‌ خۆنوویه‌تی، ئێمه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موو خوێنه‌واری ئێمه‌ن، یه‌عنی نامێنێ، كه‌وابێ هیچ كه‌س نامێنێ، نابێ ئه‌مه‌، خوا هه‌ڵناگرێ. ئه‌و عه‌لی ئاغایه‌ زۆر هینی كردووه‌، مومانەعەی کردووە.

کاتێک بیرەوەری هەریەک لە ساتع حوسەری و تۆفیق وەهبی بەجیا دەخوێنینەوە ، دەبینین لەسەد ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ بەسەر پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر و پیاوانی ئاییندا نەهاتووە . سەدساڵ لە ١٥٠ ساڵی تەخمینەکەی ئینگلیز تێپەڕیوە و هێشتاکە ٥٠ ساڵی ترمان ماوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×