کورۆنا، کۆتایی سەردەمی جیهانگیريی

هونەر تۆفیق
  2020-03-19     1096
کورۆنا لەیەک کاتدا هەم ترۆپکی سەردەمی جیهانگیری - گلۆبالیزەیشنە و هەم ڕاگەیاندنی کۆتاییەکەیەتی. 
زیاتر لەسەدەیەکە سەرمایەداری جیهانی تەروج بۆ تیئۆری جیهانگیریی‌و داڕشتنی نەخشەی جیهان دەکات بەپێ ی ئەو بازاڕانەی خۆی دەیەوێت بازرگانی تیادابکات. ئەم تەرویجە سەرمایەداریە، کاریگەریەکانی گەشتووە بەفیکرو سیاسەتی دنیا. بەروپێشەچوونە تەکنەلۆژیەکان‌و هەڵوەشاندنەوەی بلۆکە سۆسیالیزمەکەی رۆژهەڵاتیش، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ پراکتیزەکردنی تیئۆری جیهانگیریی.

هیچ هێزێکی ئابووری  ڕکابەریش نەبوو (وەک ئێستای چین بەنمونە) بەر بەو ڕەوتە بگرێت، مۆدێلی کۆنفیدراسیۆنی ئابووری لەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، لەئەنجامی  کاریگەری ئەو ڕەوتەدا دروستبوون کە شێوەکانی: یەکێتی ئەمریکا - کەنەدا - مەکسیک لەباکووری ئەمریکا. یەکێتی وڵاتانی ئەمریکای لاتین لەباشووری ئەمریکا. یەکێتی ئەوروپا لەخۆرئاوای ئەوروپا. هەوڵی دروستبوونی یەکێتی وڵاتانی باکووری ئەفریقیا. مەجلیسی تەعاونی عەرەبی لەنێوان عێراق، میسر، ئوردن‌و یەمەن. مەجلیسی تەعاونی خلیجی لەنێوان میرنشینەکانی کەنداو. یەکێتی حەوت پڵنگەکە لەنێوان وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا. دواترینیان یەکێتی برێکسی بازرگانی و ئابوری لەنێوان ڕوسیا - چین - هیند - بەرازیلدا.

هەندێک لەو فدراسیۆنە ئابورییانە بەهۆی ناکۆکی سیاسیانەوە شکستیان هێنا و بەشێکیشیان بونە هێزێکی ئابووری دیار وەک بەرەی  برێکسە. 

 چین و ڕوسیای وەک دوو هێزی ئابووری و سەربازی رکابەری بەرەی ڕەوتی گلۆبالیزەیشن دەرکەوتن. چین وەک نوێنەری ئابووری و ڕوسیش وەک نوێنەری سەربازی قوتبێکی تریان لەبەرانبەر قوتبە ئەمریکیەکە پێکهێنا. 

ناکۆکی سیاسی و بازرگانی ئەو دوو قوتبە، کاریگەربوو بۆ  لاوازبوونی ئابووری جیهان. کشانەوەی بەریتانیەکان و پرۆژەی برێکزت لەناو یەکێتی ئەوروپادا هەنگاوی یەکەمی بەرەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپایە. هاوکات بەگرفتە ئابووریەکانی ئەندامەکانی تر وەک ئیسپانیا، پورتگال و یۆنان و ئیتالیا کە قەیرانی چارەسەرنەکراوی ئەو یەکێتییەو بیری جیهانگیرین. وڵاتانی لەبری کرانەوەو خۆخستنە ناو جیهانەوە (وەک ئەوەی جیهانگیری دەخوازێت) بەرەو بچوکردنەوەی جیهانەکەی بەناوخۆدا دەبات.

هاتنی کرۆنا ئەو قەیرانەی بۆ فیکری جیهانگیری قوڵترکردەوە و بەرەو کۆتایی دەبات. لەکاتێکدا پەتاکە بەجیهاندا تەشەنەدەکات و جیهانگیرانە سنوورەکان دەبڕێت، وڵاتان سنوورەکانیان دادەخەن و هەر وڵاتێک لەناوخۆیدا فریای خۆی دەکەوێت. ئیتاڵی و ئیسپانیەکان ڕوونتر لە وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا باسی بێسوودی یەکێتی ئەوروپا دەکەن کەلە بەردەم هێرشی پەتاکەدا بەتەنیا جێیان هێشتوون. 

جیهانی پاش کورۆنا، وەک جیهانی پێش کورۆنا نابێت. هەموو دیدە زاڵە سیاسی‌و ئابووریەکانی جیهان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دێت، لەسەروی هەموویانەوە کۆتایی بەسەردەمی جیهانگیری دێنێت. نەخشەیەکی بازرگانی تر  هەیکەلێکی ئابووری جیهانی نوێ دروستدەبێتەوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریش لەفیکری سیاسی باوی دنیادا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×