ستەم لەدیدی مارکسەوە

هونەر تۆفیق
  2020-05-01     959
ئەوەندەی چینی هەژار ڕقی لەمارکس دەبێتەوە، نوخبە دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵگەکان ڕقیان لێی نیە. لەحاڵێکدا تەواوی ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ لێکۆڵینەوەو دۆزینەوەی چارەسەری هەژاری لەکۆمەڵگەدا.

کرێکارو جوتیار، لەدیدی مارکسەوە ئەو چینە هەژارەن لەکۆت‌و بەند زیاتر شتێکی دیکەیان نیە کە ترسی لەدەستدانیان لێ ی هەبێت، کەچی بەکۆت و بەندەکانیان ڕازین لەپێناو مانەوەی ستەم بەسەریانەوە. مارکس کەخۆی سەخترین ژیانی هەژارانەی بەسەربردووە. وەک لەڕاپۆرتی یەکێک لەجاسوسە ئەڵمانیەکان لە لەندەنەوە ناردویەتی بۆ حکومەتی پروسی نوسیوویەتی: ئەم کابرایە بێکارەو لەهەژاریەکی قوڵدا دەژی، کەچی بەردەوام لەئیشکردن‌و شەونخونیدایە بەنوسین و لێکۆڵینەوەکردن. زۆرجار شەوانە تا بەرەبەیان خەریکی نوسینە تا شەکەت دەبێت، ئینجا بەڕۆژەکەی هەر بەجل و کەوشەکانیەوە لەسەر قەنەفە شڕەکەی خەوی لێدەکەوێت.

نەهێشتنی ستەم لای مارکس بە هۆشیاری هەژاران دێتەدی. ئەو دەڵێت: ستەم لەڕێگای ناهوشیاری کۆمەڵگەوە هەژار دروست دەکات. ئەوە دۆخی هەژاری خەڵک نیە شۆرش بەرپادەکات، بەڵکە هوشیاربوون بەهەژاری شۆرش هەڵدەگیرسێنێت. تا بێ عەقڵی بەردەوام بێت، گۆڕانکاری لەژیانی هەژاردا ڕونادات و ستەم کۆتایی پێنایەت.

لەدەستنووسەکانی پاریسدا باسی نامۆبوونی هەژار دەکات کە لە ئەنجامی ستەمەوە بەهەموو دەوروبەری نامۆدەبێت. چونکە ئەو خاوەنی هیچ نیە، ئەوەشی بەرهەمی دەهێنێت چونکە بەقازانجی نیە، لەبەرهەمەکەی دادەبڕێت‌و نامۆ دەبێت. بۆیە ستەم دابڕان و نامۆبوونی لەبونە بەشەریەکەی مرۆڤیشدا دروست دەکات.

بەپێ ی بۆچوونەکەی مارکس تا ناهوشیاری هەبێت، ستەم بەردەوام دەبێت. تەنیا ڕێگای کۆتایی هێنانیش بەستەم هوشیاربوونە کە دەتوانێت کۆی سیستەمی ستەم لەناوبەرێت و بگۆڕێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×