پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
پێشەکی:
هەرلە سەردەمانێکی زووەوە توخمی گۆگرد سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە، ئەویش بە هۆکاری بەکارهێنانی لە چارەسەری بریندا و هەروەها بەهۆی سووتانییەوە، بۆیە سوودی لێوەرگیراوە بۆ دروستکردنی بارووت (Gunpowder). ئەمە سەرەڕای ئەوەی وەک چارەسەری پزیشکیش زۆر کات بەکارهاتووە، وەک لە پزیشکی هیندی کۆندا (١).
بێگومان لەم دواییەشدا و بەهۆکاری شەڕی نێوان ئەمریکا + ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دووبارە سەرنجی خەڵکی ڕاکێشا، چونکە بەرهەمێکی زۆری گۆگرد لە جیهاندا لەوڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمدێت و پێویستە لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە بگاتە بازاڕەکانی جیهان! بەهۆکاری ئەوەش، کە توخمی گۆگرد لەلای زەویناسانیش ناسراوە و گرنگی هەیە و لە عێراقیشدا سەردەمانێکی زۆرە لە ناوچەی میشراق لە شاری موسڵ دەردەهێنرێت، بۆیە لەم گوتارەدا بەکورتی تیشکێک دەخەینە سەر ئەم توخمە گرنگە و چەند زانیارییەک بۆ خوێنەری کوردزمان دەستەبەردەکەین بە هیوای سوودی هەبێت و خەرمانی زانیاری هاووڵاتیانی کورد زیاد بکات.
لە ڕووی کیمیاییەوە:
توخمی گۆگرد لە ڕووی کیمیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی ناکانزاکان و دەکەوێتە بەشی سەرەوەی دەستە ڕاست لە خشتەی خولییدا ( وێنەی ژمارە ١). ناوی گۆگرد لە زمانی ئینگلیزیدا بە دوو شێوە، یان ڕێنووس دەنووسرێت: یەکەم شێوازی ئەمریکی، کە بریتییە لە (Sulfur) و شێوازی بریتانی، کە بریتییە لە (Sulphur)، بێگومان کۆمەڵەی کیمیاگەرانی جیهانیش ڕێنووسی یەکەمیان پێ باشترە. بەهەرحاڵ، وشەکە لە وشەی (Sulfur) لاتینییەوە هاتووە و ئەمیش لە وشەی (theion)گریکییەوە وەگیراوە، کە بەواتای ئەو بەردەی دەسووتێت. گۆگرد خاوەن گەردیلەژمارەی =١٦ وبارستە ژمارەشی = ٣٢.٠٦ . بەگشتی ڕەنگی زەردە و ڕەقە ( بەڵام بەبەراورد بە خاوەکانی تر نەرمە) و زوو دەشکێت. پلەی گەرمی شلبوونەوەی = ١١٥.٢١ پلەی سیلیزی و پلەی کوڵانیشی = ٤٤٤.٦ پلەی سیلیزی و چڕییەکەشی لەنێوان ١.٩٢ بۆ ٢.٠٧ گرام بۆ هەر سانتیمەتر سێجایەک دەبێت (٢). شێوەی گەردیلەییەکەشی بریتییە لە ( [Ne] 3S2 3P4) ( وێنەی ژمارە ١). ئەم توخمە هەر لە زووەوە لەلای هیندییە کۆنەکان و چینییەکان و میسرییەکان ناسراوبووە، مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بەڵام وەک توخم لەلایەن زانا ئەنتۆین لاڤۆیزر لە ساڵی ١٧٧٧ دا ناسراوەتەوە.

وێنەی ژمارە ١: شوێنی توخمی گۆگرد لە ناو خشتەی خولیی توخمەکان، بنواڕە بازنە سوورەکە (٣).
بوون و بڵاویی توخمی گۆگرد لەڕووی جیۆکیمیاییەوە:
خاوی گۆگرد یەکێکە لەو خاوانەی کە یەک توخمە، واتە لە تەنیا توخمی گۆگرد پێکدێت. توخمی گۆگرد لە ناو توێکڵی زەویدا بەنزیکەیی ٣٥٠ بۆ ٤٢٠ پی پی ئێم تۆمارکراوە، کە بەمەش بە سیازدەیەمین توخم دادەنرێت لە ڕووی بڵاوییەوە (٤). هەرچەندە لە توێژینەوەیەکی تردا بڕی ٤٢٥٠ پی پی ئێم لەنێو نیشتەنییەکاندا تۆمارکراوە (٥). بەشێوەیکی سەرەکی وەک گۆگردید ( S2-) یان گۆگردات ( SO42-) لە ناو خاوەکاندا هەیە، بەڵام لە هەندێک باریشدا بە شێوەی ڕەسەن، یان پاک (native) هەیە. بێگومان کەڤرە نیشتەنییەکان بڕێکی زۆر لە گۆگردی جیهان لەخۆدەگرن. خاوی پایرایت (FeS2) بەبڵاوترین خاو دادەنرێت کە هەڵگری توخمی گۆگرد بێت. توخمی گۆگرد یەکێکە لە توخمەکانی کۆمەڵەی چالکۆفایڵەکان. ئەم کۆمەڵەیە توخمەکانی وەک ( Ag, As, Bi, Cd, Ga, Ge, Hg, In, Pb, Po, S, Sb, Sn, Te, Tl, Zn ) دەگرێتەوە، کە زیاتر حەزیان بە یەکگرتن لەگەڵ گۆگردا هەیە.
گۆگرد لەنزیک ئاوەگەرمەکان ( فرە H2Sو SO2) و گڕکانەکانەوە هەیە و بڵاوە، لە نیشتەنییە گڕکانییەکانی ئەندەنوسیا و شیلی و ژاپۆندا تۆمارکراوە و هەیە. هەرچی گۆگردی پاک هەیە ئەوە بەڕێگەی چالاکی بەکتریای بێ هەواییەوە لەسەر خاوە گۆگرداتەکانی وەک جیپسۆم لە گومەزە خوێیەکاندا دروست دەبێت. بێگومان بەشێکیشە لە ماددە هایدرۆکاربۆنییەکانی وەک نەوت و گاز (٤).
ئەو گۆگردەی لە وڵاتی عێراقدا هەیە و لە چینەکانی پێکهاتووی فارسی ژێرەوە ( فەتحە) کۆبووەتەوە و لە ناوچەی میشراقی موسڵ دەردەهێنرێت بریتییە لەو گۆگردە پاکەی لەگەڵ چینە نیشتەنییەکاندا دروستبووە و کەڵەکەبووە ( ٦).
سەرچاوە و دەرهێنانی توخمی گۆگرد لە عێراق:
وڵاتی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە بڕێکی یەکجار زۆر لە یەدەکی گۆگردی هەیە و بەشێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ناوچەی میشراق لە شاری موسڵ، کە بڕی خەمڵێندراو نزیکە لە ٤٠٠ ملیۆن تۆن. ئەم گۆگردە نیشتەنییە لەلایەن کۆمپانیای میشراق بۆ دەرهێنانی گۆگرد، کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی عێراقە دەردەهێنرێت و دەخرێتە بازاڕەوە ( وێنەی ژمارە ٢). گۆگردی میشراق لە پشتێنەیەک دەردەهێنرێت، کە ئەستوورییەکەی نزیکەی ١٠٨م دەبێت و بڕی گۆگرد تێیدا ١٠-٣٠% دەبێت (٦). ناوچەی میشراق دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی شاری موسڵەوە بە دووری ٤٠کم و دەکەوێتە ئاڕاستەی باکووری شاری بەغداد بە دووری ٣١٥کم.
کۆگەکانی گۆگرد لەم ناوچەیە دووجار تووشی کارەساتی سووتاندن بوونەتەوە. ساڵی ٢٠٠٣، کەبۆماوەی سێ هەفتە سووتاو بەنزیکەی ٢١٠٠٠ تۆن گازی دوانۆکسیدی گۆگرد ( SO2 ) ی کردە بەرگەهەواوە. لەوەش خراپتر، ساڵی ٢٠١٦ و پاش هاتنی داعش بۆ ناوچەکە دووبارە کۆگەکانی گۆگردی لە ٢٢-١٠-٢٠١٦ دا سووتاند و بڕی نزیکەی ١٦١٠٠٠ تۆن لەوگازە ژەهراوییەی کردە بەرگەهەواوە (٧).

وێنەی ژمارە ٢: کۆکردنەوەی گۆگردی دەرهێنراو لە کۆگەکانی میشراق لە شاری موسڵ لە عێراق (٧).
دەرهێنانی گۆگرد بە ڕێگەی فڕاش ( Frasch process):
چەند ڕێگەی جیاواز هەن بۆ دەرهێنانی گۆگرد و جیاکردنەوەی لە چینە نیشتەنییەکانی کە لەگەڵیاندا هەن. یەکێک لەو ڕێگەیانە بریتییە لە کردەی فڕاش (٢، ٦). ئەم ڕێگەیە بۆ چینەبەردییەکانی ژێر زەوی لە قووڵی ٥٠م تا قووڵایی ٨٠٠م کاریگەرە و بەکاردێت. لەم کردەیەدا ئاوی زۆر گەرم لە ژێر پەستانی بەرزدا دەنێردرێتە خوارەوە بۆ نێو چینە هەڵگری گۆگردەکە و ئەمەش وادەکات گۆگردەکە بتوێتەوە و دیسانەوە شلەکە بڕژێتە نێو لوولەکەی ناوەڕاست و بەرەو سەرەوە بەرزببێتەوە ( وێنەی ژمارە ٣). لەم کردەیەد ا بۆ دەرهێنانی هەر تەنێک لە گۆگرد پێویستی بە ٣ تا ٣٨ مەتر سێجا لە ئاوی زۆر گەرم هەیە، کە بێگومان خەرجییەکی زۆری تێدەچێت!

وێنەی ژمارە ٣: مۆدێلێکی هێڵکاری کارکردنی ڕێگەی فڕاش بۆ دەرهێنانی گۆگرد لە چینەکانی ژێر زەوییەوە.
ئەم ڕێگەیە بە سەرکەوتوویی و بۆ دەیان ساڵە لە ناوچەی میشراق بەکاردێت و گۆگردی نێو چینەکانی پێکهاتووی فارسی ژێرەوە ( فەتحە) دەردەهێنرێت و کۆدەکرێتەوە و پاش وشکبوونەوەی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت ( ٦، ٨).
سوود و بەکارهێنانەکانی توخمی گۆگرد:
گۆگرد بەشێوەیەکی سەرەکی (بەنزیکەیی ٩٠%) بۆ دروستکردنی ترشی گۆگردیک (H2SO4) بەکاردێت، کە لە بەرهەمهێنانی سەمادی کیمیایی بۆ کشتوکاڵ و کاری کیمیایی ( وەک دروستکردنی باتری و تەقەمەنی) و کردەی پاڵافتەکردنی خاوەکان و پاڵاوتنی نەوتدا بەکاردێت. گۆگرد ماددەیەکی پێویستە بۆ دروستبوونی زۆربەی پڕۆتینەکان لەناویاندا ماسوولکە و موو. زۆر گرنگە لە پاککردنەوەی جگەر لە ژەهرەکان. ڕۆڵی هەیە لە دژەتەنەکان و چارەسەرکردنی ئۆکسجین و زۆر گرنگە بۆ گەشەی زیندەوەر (٩). سەرەڕای بەکارهێنانی گۆگرد لەچەندین پیشەسازی و دروستکردنی دەرماندا. لەگەڵ ئەم هەموو سوودانەی گۆگرد، پێویستە ئەوەش بزانرێت، کە بەرکەوتن بە گازی دوانۆکسیدی گۆگرد ترسناکە و دەبێتە هۆکاری سووتانی پێست و شێواندن و سووتانەوەی کۆئەندامی هەناسە.
نووسینە کۆنەکانی ئایرۆڤیدا گۆگرد بۆ چوار جۆر لەسەر بنەمای ڕەنگ دابەشدەکەن: شڤیتا ڕەنگی سپییە، پیتا ڕەنگی زەردە، ڕاکتا ڕەنگی سوورە و کریشنا ڕەنگی ڕەشە. هەر ئەم تێکستانە تۆماریان کردووە، کە ڕەنگە ڕەشەکە باشترینە. بەکارهێنانی گۆگرد لە ئایرۆڤیدادا گرنگە و وەک هەتوان (مەرهەم) بۆ چارەسەری برینداریی بەکاردێت، ڕەوشتی دەژەبەکتریایی وا دەکات بۆ نەخۆشییەکانی پێست بەکاربێت. هەندێکجاریش وەک چارەسەری نەخۆشییەکانی نێو دەم بەکاردێت (١، ١٠).
نرخی گۆگرد:
وەک ماددەیەکی نێو بازاڕی جیهانی پیشەسازیی ڕۆژانە نرخی گۆگرد دەگۆڕێت و بەرزی و نزمی تۆمار دەکات، بەشێوەیەکی گشتی و سەبارەت بە نرخی گۆگردی وڵاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ نرخی ٣١٥ دۆلار بۆ هە رتۆنێک بوو. بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ئەم نرخە دابەزیوە بۆ ١٤٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر یەک تۆن لە گۆگردی پاکی عێراق (٧) .
سەرچاوەکان :
١-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Research Publishing, 448p.
٢-https://en.wikipedia.org/wiki/Sulfur#History
٣-Lutgens, F.K., Tarbuck, E.J., and Tasa, D., 2012, Essentials of Geology, 11th ed., Pearson Prentice Hall, New Jersey, 554p.
٤-Gill, R., 2015, Chemical fundamentals of geology and environmental geosciences, 3rd ed., Wiley Blackwell, 267p.
٥-Wedepohl, K.H., 1984, Sulfur in the Earth's Crust, its Origin and Natural Cycle, Studies in Inorganic Chemistry, Volume 5, Pp. 39-54.
٦-السياب، عبدالله و الانصاري، نضير و الراوي,ضياء و الجاسم، جاسم و العمري، فاروق و الشيخ، زهير، 1982، جامعة الموصل، 321 ص.
٧-https://awsematalsalam.com/en/?page_id=1957
٨-Jassim, S. Z., and Goff, C., (ed.), 2006, Geology of Iraq, Published by Dolin, Prague and Moravian Museum, Brno, 341p.
٩- محێدین، ئیبراهیم محهمهد جهزا، ٢٠١٦، زەویناسی و کۆمەڵ، بەرگی دووەم، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یهكهم چاپ، هەولێر،١٩٣ل.
١٠- ئایۆرڤیدا چییە؟، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٦-١-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/article?no=22873&auther=2706