فرۆشتنی چەکی بەریتانیا گەیشتە بەرزترین ئاست!

توانا محەمەد نوری
  2023-08-11   

فرۆشی چەکی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨.٥ ملیار پاوەند. ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیە. لەکاتێکدا جیهان بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەڕوات، کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک قازانجی گەورە لە ململانێی زلهێزەکان بەدەستدەهێنن.

سەرەڕای دووڕوویی و شەڕخوازی بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا کە بەردەوام شانازی دەکەن و دەڵێن کاردەکەن بۆ 'بەرگری لە دیموکراسی'، بەڵام قازانجی کۆمپانیاکانی چەک زیاتر لە فرۆشتنی چەکەوەیە بە ڕژێمە دیکتاتۆر و تاکڕەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چینی دەسەڵاتداری بەریتانیا ڕەخنە لە ڕژێمی پوتین دەگرن و بەدیکتاتۆری وەسفی دەکەن، بەڵام زۆر دڵخۆشن کە پشتگیری لە دیکتاتۆرە ڕزیو و خوێنڕێژەکانی تر دەکەن.

وەرگری سەرەکی چەکی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ قەتەر بووە کە بە بەهای ٢.٧ ملیار پاوەند چەکی کڕیوە. بە پلەی دووەم سعودیە دێت، یەک ملیار و 100 هەزار پاوەند چەکی کڕیوە. هەروەها تورکیا یەکێکە لە گەورەترین وەرگرەکانی چەکی بەریتانیا.

بێگومان ئەم ڕژێمانە پاوانخواز و کۆنەپەرستن. ساڵی ڕابردوو ڕژێمی سعودیە ١٥٠ کەسی لەسێدارەداوە، بە سەربڕین و هەڵواسین و ڕەمی کردن. پارتی سیاسی قەدەغەیە، ناڕەزایەتی بە تاوان حیساب دەکرێ و ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی دڕندانە بونەتەوە.

قەتەریش وەکو سعودیە وایە. زۆربەی دانیشتووانەکەی لە کەسانی بیانی پێکدێن کە هیچ مافێکی سیاسییان نییە. کارنامەی مافی مرۆڤی قەتەر لە کاتی مۆندیالی ٢٠٢٢ کەوتە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوە، چونکە ئەو کرێکارانەی لە دروستکردنی مۆندیالدا ئیشیان دەکرد داوای مووچەی نەدراویان دەکرد، لەجیاتی ئەوەی مووچەکانیان پێبدرێتێ، زیندانی کران یان دیپۆرتکرانەوە. زۆریان هێشتا لە زینداندا ڕاگیراون.

لە تورکیا ڕژێمی دووبارە هەڵبژێردراوی ئەردۆغان بە شێوەیەکی ڕۆتینی ناڕەزایەتی سیاسی سەرکوت دەکات و نەیار و ڕەخنەگران لە ڕژێمەکەی زیندانی دەکات. تورکیا لەسەر سنوور لە دژی کوردەکانی سووریا سەرقاڵی شەڕە. ئامانجی ئەوەیە کە ستەم و زوڵمی بەردەوامی لەسەر خەڵکی کورد لەناو تورکیادا نەکەوێتە مەترسییەوە بەهۆی بوونی ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی لە سنوورەکانی تورکیادا.

هەموو ئەو چەکانەی ئەم ڕژێمە کۆنەپەرستانە دەیکڕن یەکسەر دەشخرێنە بواری عەمەلەوە. سعودیە چەکی بەریتانیا لە شەڕی خوێناوی و درێژخایەنی خۆیدا لە یەمەن بەکاردەهێنێ.

تا ساڵی ٢٠٢٣، ٢١.٦ ملیۆن کەس لە ئەنجامی کارەساتی شەڕ لە یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبووە و لەسەدا ٨٠ی وڵاتەکە لە جەنگدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە.

هێرشە ئاسمانییە هەڕەمەکییەکانی سعودیە هۆکاری دوو لەسەر سێی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە یەمەن بووە. بە ئەنقەست بە ئامانجگرتنی ژێرخانی گرنگ بۆتە هۆی ئەوەی ملیۆنەها کەس ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە.

بەو هەموو دووڕوویی و هاوارەی لەسەر پێویستی بەرگریکردن لە 'دیموکراسی' دەیکەن، وا تێدەگەیت کییڤ لە پێشەنگی لیستەکەدا بێت کاتێک باس لە وەرگرانی چەکی بەریتانیا دەکرێت.

ڕژێمی کۆنەپەرستی کییڤ کە زۆرێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی قەدەغە کردووە و مافی کرێکارانی سەرکوت کردووە، بە بەهای 'تەنها' ٤٠١ ملیۆن پاوەند چەکی بەریتانیای پێگەیشتووە.

تەنانەت ئەگەر کۆی ژمارەی ئەو چەکانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ئۆکرانیا دابینکراون بە بەهای ٢.٣ ملیار پاوەند لەبەرچاو بگرین، هێشتا لە خوار ٢.٧ ملیار پاوەندەکەی قەتەرەوەیە.

شەڕ بەشێکی حەتمی سەرمایەدارییە. کێبڕکێی توند لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهاندا بە واتای ململانێ بۆ بازاڕ و خاک دێت.

دابەشکردنی خاک و بازاڕی جیهان لە نێوان وڵاتانی ئیمپریالیستیدا لە وەرچەرخانی سەدەی ڕابردوودا تەواو بووە، دووبارە دابەشکردنەوە بەبێ بەکارهێنانی هێز و شەر و لەشکرکێشی و ماڵوێرانی و دەربەدەری و خوێنڕشتن مومکین نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی دەتوانن لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×