لیبیا: لەنێوان دەستێوەردانی ناتۆو گۆڕانی کەشوهەوا!

توانا محەمەد نوری
  2023-09-20     320

لەوانەیە تا ٢٠ هەزار کەس لە لیبیا گیانیان لەدەستدابێت و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بووبن. ئەو زریانە ترسناکە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆمەڵگایەک کە بە هۆی دەستێوەردانی ناتۆوە شیرازەی شڵەقاوە و لەیەک ترازاوە.

زریانی دانیال شەوی ١٠ی ئەیلول ڕوویدا و لافاوێکی ترسناکی لە ناوچەی کەنار دەریاکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی لیبیا بەدوای خۆیدا هێنا. بەرزبوونەوەی ئاوەکە دوو بەنداوی نزیک شاری دێرنای ڕووخاند.

یەکێک لە ڕزگاربووان وتی، "پێم وابوو فڕۆکەیە. هێزی ئاوەکە ماڵی دراوسێکەمی برد." یەکێکی دیکە لە ڕزگاربووان، "تەرمەکان لەسەر ئاوەکە دەسوڕانەوە، ئۆتۆمبێلەکان بەلایدا دەسوڕانەوە، خەڵک هاواریان دەکرد. کاتژمێرێک یان کاتژمێر و نیوێکی خایاند، بەڵام هەستت دەکرد زیاتر لە ساڵێک بێت." هەروەها کاریگەریشی لەسەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەلبەیدە، ئەلمەرج، تۆبروک، تەکێنیس، ئەلبەیادە، بەتاح و بەنغازی، ١٥٠ میل لە ڕۆژئاوای دێرنە، بووە.

گەردەلوولی دانیال لە سەرەتای مانگی ئەیلول دروستبوو وە بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە وڵاتانی یۆنان و بولگاریا و تورکیا پێش ئەوەی بەرەو لیبیا بڕوات. لە یۆنان دەستی پێکرد و ١٦ کەس بوونە قوربانی و چوار کەسیش لە بولگاریا کوژران.

لە شاری دێرنا، کە ١٠٠ هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، بەهۆی داڕمانی دوو بەنداوەی نزیکەوە، ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی لێ دەرچوو. شەپۆلەکان بە بەرزی ١٠ مەتر شارەکەیان وێرانکرد. نزیکەی لەسەدا ٢٥ی شارەکە بە پێوە نەماوە و ڕووخاوە.

شەڕی ناوخۆی لیبیا دوای دەستێوەردانی ناتۆ لە ساڵی ٢٠١١، وڵاتەکەی لە ئاژاوەدا هێشتۆتەوە لە ئەنجامدا ئامادەنەبوو بۆ کارەساتێکی لەم جۆرە.

دەسەڵاتدارانی لیبیا بە باشی بەنداوەکانیان نەپاراستبوو وە ژێرخانی گرنگ وەک خزمەتگوزارییەکی کارامەی کەشناسی بوونی نییە. هیچ خزمەتگوزارییەکی فریاگوزاری و ئامێری باش و پێویست بۆ ڕزگارکردن و یارمەتیدانی خەڵک نییە. لە زۆر ناوچەدا لافاوەکە نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشکییەکان لەگەڵ هێڵەکانی تەلەفۆن و ژێرخانی کارەبا و ڕێگاوبانەکانی سڕییەوە.

شارەزایان لە ئێستاوە پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەم دیاردە کەشوهەوایانە زۆرتر ڕوو دەدەن، بەتایبەتی لە دەریای ناوەڕاستدا، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوام دەبێت. وە ئەوەی مەعلومە ئەوەیە کە خەڵکی هەژار زۆرترین ئازار و مەینەتی دەچێژن.

 

بۆردومانی هێزەکانی ڕۆژئاوا ڕێگەی بۆ باڵە ناکۆکەکانی نێو لیبیای خۆش کرد. هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لە ساڵی ٢٠١١دا لیبیایان هەڵوەشاندەوە. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١ بەهاری عەرەبی گەیشتە لیبیا، ڕۆژئاوا بە پەلە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکەن.

ڕۆژئاوا سەرەتا قەزافییان بوغزاند، پاشان وەک هاوپەیمانێک لە کاتی "جەنگی دژی تیرۆر"دا و لە پێناوی نەوتەکەی، پەیوەندییان لەکەڵ قەزافی چاککردەوە. ڕۆژئاوا هاوکار بوو بۆ گۆڕینی ڕاپەڕینی لیبیا بۆ شەڕی ناوخۆ، بە چەک و پارە و سەرباز پاڵپشتی میلیشیا جۆراوجۆرەکانیان کرد. بەریتانیا و ئەمریکا ئیدیعایان کرد کە ئەوە "بەرپرسیارێتی خۆیانە بۆ پاراستنی گەلی لیبیا". بەڵام هێزەکانیان بە هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کروز لە لیبیایان دا و بەدوایدا فەرەنسا و کەنەداش بۆمبارانیان کرد. لیبیا کرایە شانۆی شەڕی نێوان جەمسەری جیاوازی نێو خێزانی ناتۆ. لیبیا، هەروەک چۆن ئێستاش لە ئۆکرانیا، وێرانکرا و خەڵکەکەی دەربەدەر و برسیکران.


لابردنی قەزافی بۆشایی دەسەڵاتی دروستکرد کە لەلایەن میلیشیاوە پڕکرایەوە. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەبێ گەرانەوە بۆ خەڵکی لیبیا حکومەتێکی کاتییان دروست کرد. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤ شەڕێکی نوێ ڕوویدا، دواتر هێرشی ئاسمانی زیاتری ڕۆژئاوا بۆ سەر داعش ئەنجامدرا. لیبیا بووە دوو زۆن و لە نێوان ئیدارەیەک لە ڕۆژهەڵات و یەکێکی تر لە ڕۆژئاوا لە تەرابلوس دابەش بوو.

حکومەتێکی نوێی ڕێککەوتنی نیشتمانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لە تەرابلوس پێکهێنرا بۆ ئەوەی تاکە دەسەڵات بێت، بەڵام حکومەتی ئەڵتەرناتیڤ لە ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو لە کارکردن دژی.

نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا پشتگیریان لە حکومەتی تەرابلوس کرد. زلهێزەکانی دیکە لەوانە فەرەنسا، میسر، ئیمارات و سعودیە پشتگیریان لە حکومەتی ڕۆژهەڵات کرد.

هەردوولا لە ساڵی ٢٠٢٠ ئاگربەستێکیان واژۆ کرد، حکومەتی یەکێتی نیشتمانی لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ بۆ یەکخستنی حکومەتە ڕکابەرەکان پێکهێنرا. بەڵام دەستێوەردان، ناکۆکی و ناتەبایی سیاسی مایەوە. لە تەرابلوس سەرۆکوەزیرانی لیبیا عەبدولحەمید دبەیبا سەرۆکایەتی حکومەتی لیبیا دەکات کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە.

لە شاری بنغازی، ئوسامە حەمەد، سەرۆکوەزیرانی ڕکابەر، سەرۆکایەتی ئیدارەی ڕۆژهەڵات دەکات لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سەقامگیری نیشتمانی. لەلایەن فەرماندەی سەربازی خەلیفە حەفتەرەوە پشتگیری دەکرێت.

لیبیا لە ساڵی ٢٠١٠ یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی ئەفریقا، بەڵام بە هۆی دەستێوەردانی ناتۆ و بوونی هێزی میلیشیای جیاواز ئێستا یەک لەسەر سێی دانیشتوانی لیبیا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

هیچ شتێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی لیبیا لەلایەن ناتۆ و ڕۆژئاواو و وڵاتانی دراوسێوە نەکراوە. ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای ڕایگەیاندبوو لەساڵی ٢٠١١ بەریتانیا ٣٢٠ ملیۆن پاوەندی خەرجکردووە بۆ بۆردومانکردنی لیبیا، لە چوار ساڵی دوای ئەوەدا تەنها ٣٢ ملیۆن پاوەندی بۆ یارمەتییە مرۆییەکان خەرجکردووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
کۆتایی وەرزی گەرما؛ کەشناسێک هۆشداری لافاو و مژدەی پایزێکی پڕ باران دەدات
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×