ترەمپیزم چییە؟

توانا محەمەد نوری
  2025-02-18     312

یەکێک لە کۆنترین پێناسەکانی کۆمۆنیزم، کە دەوترێت گوایە لە مێژە بەسەرچووە، بۆ فاشیزم ئەوەیە کە "فاشیزم هەوڵی سەرمایەدارییە بۆ دەربازبوون لە قەیران".  سەرمایەداری کە هەمیشە خۆی بە لیبرالیزمەوە دەبەستێتەوە، باسی مافی مرۆڤ، ئازادی، هەڵبژاردن، سەروەری یاسا، ڕەخنە، چاودێری، بەرەنگاربوونەوەی چڕبوونەوەی قۆرخکاریی سەرمایە و هتد دەکات بەڵام کاتێک سەرمایەداری ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵ دەبێتەوە و تەنانەت "چاکسازی"ش ناتوانێت یارمەتی بدات، ئەوە ئەو هەموو دروشم و ماف و بانگەشانە لەبیر دەکات و سەرکوتی ئاشکرا دەستپێدەکات.

ئایا ئەوەی دۆناڵد ترەمپ و دەستەی دەسەڵاتداری نوێی ئەمریکا لە دوو سێ هەفتەی ڕابردوودا کردوویانە، ئەم پێناسە کۆن و بەکارهێنراوەی فاشیزم لە گۆڕەپانی جیهانیدا بە بیر ناخاتەوە؟

هەموو ئەو وڵاتانەی کە ترەمپ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەڕەشەی لێکردوون و سەرکوتی کردوون (واتە کەنەدا، مەکسیک، دانیمارک، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەردەن، میسر، پەنەما و هتد) هاوپەیمانی زۆر نزیکی ئەمریکا و هاوبەشی پێشووی جەمسەرگیری جەنگی سارد بوون و بەردەوام لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانییان لێدەکرا. بەڵام ئێستا هەموویان دەتوانن بە خۆشەویست و هاوبەش بمێننەوە تەنها بەو مەرجەی کە بە توندی پابەندی فەرمانەکانی ئەمریکا بن و ملکەچ بن و هەرچییەکی بوێت دەبێت بیدەن بە ئەمریکا ئەگینا بە توندترین شێوە سزا دەدرێن و دەیان ملیۆن هاوڵاتییان مەترسی بێکاری و هەژاری و تەنانەت ڕووبەڕوی ئاوارەبوونیان لەسەرە!

سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ترەمپ بەرهەمی دابەزینی پێگەی ئابووری ئەمریکایە لە جیهاندا و لە کێبڕکێی لەگەڵ هێزە نوێیەکانی وەک چین. ئەمریکا چیتر ناتوانێت درێژە بە کێبڕکێی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئەم هێزانە بدات و سەربکەوێت، بە تایبەت کە چیتر ناتوانێت لە چین یان ڕووسیا ئەژدیهایەکی ئایدیۆلۆژی دروستبکات: چونکە چین و ڕووسیا هەرچییەک بن کۆمۆنیست نین!

کەواتە ترەمپیزم پەنا بۆ فاشیزمی نێودەوڵەتی دەبات: هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاساکانی بازاڕی ئازاد و وازهێنان لە یارمەتی وڵاتانی هەژار و دروشمەکانی مافی مرۆڤ و تەندروستی جیهانی و شەڕی دژی تیرۆر، پاشان دامەزراندنی باڵادەستی سەربازی بێ وێنە لە بازنەی هاوپەیمانەکانی پێشوودا: گرینلاندی دەوێت، کەنەدای دەوێت، کەناڵی پەنەمای دەوێت، غەززەی دەوێت، کەنداوی مەکسیکی دەوێت، کانزا دەگمەنەکانی ئۆکرانیای دەوێت، و... و...

ترەمپیزم گەورەترین و ڕەنگە دوا هەوڵی ئەمریکا بێت بۆ پاراستنی باڵادەستی خۆی بەسەر جیهاندا. لەم ڕێگایەدا ئەمریکا هیچ ڕەحمێک بە کەس و شت ناکات. پێدەچێت هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش بکات بۆ ئەوەی لە مامەڵە و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، وەک دەوڵەتانی لاواز، نەتوانن بەرەنگاری گوێڕایەڵی بەهێزترین سوپای جیهان ببنەوە. پێدەچێت شەڕێکی جیهانی ترسناک ئازاد بکات بۆ ئەوەی هەناسە لە ڕکابەرە تازە زیندووبووەکان ببڕێت. تەنانەت ڕەنگە چین (وەک ڕووسیا) بکێشێتە ناو شەڕێکی گەمژانە و پەرتکەرەوە لە تایوان. لەم نێوەندەدا وڵاتانی وەک ئێران هیچ چارەیەکی تریان نابێت جگە لە تەسلیمبوون بە تەواوی یان ڕووخاندن و وێرانکردن.

پێموانییە ترەمپیزم سەرکەوتوو بێت لە ڕزگارکردنی ئەمریکا لە لەدەستدانی باڵادەستی ئابووری جیهانی لە درێژخایەندا. ئیمپراتۆریەتەکانی جیهان لە چەند سەد ساڵی ڕابردوودا بەم شێوەیە هەڵکشان و دابەزینی بەخۆوە بینیوە. بەڵام لە کورتخایەندا ڕەنگە سوپرایز و وێرانکاری گەورە ڕووبدات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
کۆتایی وەرزی گەرما؛ کەشناسێک هۆشداری لافاو و مژدەی پایزێکی پڕ باران دەدات
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×