سۆدان و غەززە: ویژدانی مرۆیی لە نێوان سیاسەتی هەڵبژاردەیی و هاوسۆزی گشتگیردا

توانا محەمەد نوری
  2025-11-03   

بۆچی لەگەڵ غەززە هاوسۆزین و سۆدان لەبیر دەکەین؟ پرسیارێکە بە توندی خۆی دەسەپێنێت و وەڵامە حازربەدەستەکان چیتر کافی نین. ئەمە بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ویژدانی مرۆیی و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی دووڕوویی و هەڵبژاردنی کارەساتەکان.

ڕاستە سۆدان ئاڵۆزە و مێژوویەکی دوورودرێژی پڕ لە ململانێی هەیە، لەوانەش جەنگی ناوخۆیی، قەیرانی دارفور و دابەشبوونی وڵاتەکە بۆ دوو دەوڵەت، ئەمەش وایکردووە کە تێگەیشتن لێی سەخت بێت. هەروەها میدیا لەوانەیە کەمتەرخەم بێت لە ڕووماڵکردنی بەرفراوانی قەیرانی سۆدان، بەڵام ئەمە لە بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر بێبەریمان ناکات. بەرپرسیارێتی تێگەیشتن لەوەی کە هاوسۆزی نابێت هەڵبژاردەیی بێت و کارەساتی مرۆیی پێویستی بە وەڵامێک هەیە بەبێ گوێدانە جوگرافیا یان ئایین یان ڕەگەز. پێویستە لە هەر شوێنێک ستەم و نادادپەروەری هەبوو، هاوڕا بین لەسەر ئازارەکە.

کێشە ڕاستەقینەکە لەوەدایە کە هەندێک گرووپ، لەسەروویانەوە ئیسلامییەکان، پرسە مرۆییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی یان ئایدۆلۆژی قۆستووەتەوە. ئەمانە وەبەرهێنان لە هەستە ئایینی و نەتەوەییەکاندا دەکەن و هەندێک کارەسات گەورە دەکەنەوە لەکاتێکدا بە ئەنقەست چاوپۆشی لە هەندێکی تر دەکەن، یان تەنانەت بەشدارن لە خۆشکردنیان. ئەم گرووپانە بە گشتی وێنەیەکی سادە و ڕووکەش بۆ ململانێکان دروست دەکەن، کە تێیدا تەنها یەک لایەن قوربانییە و ئەوی تر تاوانبارە، بەبێ گوێدانە هۆکارە ئاڵۆزەکانی پشت ئەو ململانێیانە.

وتاری هاندان و وروژاندن بەکاردەهێنن و سەرنج دەخەنە سەر گوتاری تەسک کە خزمەت بە ئەجێنداکانیان دەکات لە جیاتی ئەوەی سەرنج بخەنە سەر مرۆڤ و بەهاکانی دادپەروەری گشتگیر. ئەم دەستکاریکردنەی هەستەکان وای لێدەکات هەندێک کارەسات بە ڕوونی ببینین لەکاتێکدا هەندێکی تر لە تاریکیدا دەمێننەوە، نەک بەهۆی کەموکوڕی لە مرۆڤایەتیماندا، بەڵکو بەهۆی سیاسیكردنی سیستماتیکی ئازارەکان. ئەمە وا دەکات خەڵک هەست بە بێهیوایی بکەن سەبارەت بە توانای گۆڕانکاری و بڕوا بەوە بکەن کە تەنها ئەجێندایەکی دیاریکراو دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.

پێویستە بەسەر ئەم دیدگا تەسکەدا زاڵبین و هەڵوێستێکی مرۆیی گشتگیر بگرینەبەر. هەر قوربانییەک شایستەی هاوسۆزی و پشتگیرییە، و هەر دۆزێکی ڕاستەقینە شایستەی پشتیوانییە. کۆکردنەوە و چڕکردنەوە لەدوای دروشمە ئایینی یان ڕەگەزییەکان، کە زۆرجار ئامرازێکن بەدەست گرووپێکی دیاریکراوەوە، ئەوەیە کە وڵاتەکان وێران دەکات و بەرەو دابەشبوون و کاولکاری زیاترمان دەبات.

با هەوڵ بدەین ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتە بینەوە و بەشدار بین لە دروستکردنی جیهانێک کە تێیدا هاوسۆزی و دادپەروەری بۆ هەمووان بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە بە قازانجی سیاسی هەندێک لایەن دێنەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی دەتوانن لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×