ترەمپ و مۆتەکەی چین: شاردنەوەی داڕمانی ئابووری لەژێر پەردەی فاشیزم و دژایەتی پەنابەران!

توانا محەمەد نوری
  2025-12-09     169

لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا، چەمکی "ستراتیژی نیشتمانی" هەمیشە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت سەیر کراوە. بەڵام لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، ئەم چەمکە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هات. ستراتیژییەکەی ترەمپ چیتر پلانێکی نیشتمانیی نەریتی نییە، بەڵکو دەکرێت وەک مانیفێستۆیەکی سیاسی و ئامرازێکی پڕوپاگەندە وەسف بکرێت کە ئامانجی سەرەکی لێی زیندووکردنەوە و پشتیوانیکردنی ڕەوتی فاشیزمە لە سەرانسەری جیهاندا.

خاڵی جەوهەریی ئەم ستراتیژە ئەوەیە کە ترەمپ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای لەسەر بنەمای "کەلتور" و "ناسنامە" داڕشتووەتەوە. ئەم ئیدارەیە بە ئاشکرا و بێ دوودڵی پشتیوانی لە هێزە ڕاستڕەو و فاشیستەکانی ئەوروپا دەکات و هەوڵدەدات ڕێگری لە هێزە لیبڕاڵ و دیموکراتەکان بکات. بۆ ترەمپ، هاوپەیمانێتییەکان چیتر لەسەر بنەمای دیموکراسی و مافی مرۆڤ نین، بەڵکو لەسەر بنەمای نزیکبوونەوەیە لەو هێزانەی کە باوەڕیان بە پاکتاوی ڕەگەزی و داخستنی سنوورەکان هەیە.

لەم دیدگا ترەمپییەدا، دژایەتیکردنی پەنابەران دەبێتە کۆڵەکەی سەرەکی. ترەمپ و ئیدارەکەی بە تەواوی باوەڕیان بە تیۆری "جێگرەوەی گەورە" (The Great Replacement) هێناوە؛ تیۆرییەک کە پێی وایە پەنابەران، بەتایبەتی موسوڵمانان، بۆ ئەوە نەهاتوون تێکەڵاوی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا بن، بەڵکو دەیانەوێت کەلتوری خۆیان بخەنە شوێنی کەلتوری سپیپێستی ئەوروپی و ئەمریکی. هەر بۆیە لەژێر سایەی حوکمڕانیی ئەودا، پەنابەر لە مرۆڤێکی لێقەوماوەوە دەگۆڕدرێت بۆ "تاوانبار" و "تێکدەر". بەمەش کۆچکردن لە مافێکی مرۆییەوە دەبێتە پرۆسەیەکی بازرگانی کە تەنها بۆ دەوڵەمەندەکان کراوەیە، لەکاتێکدا هەژاران ڕووبەڕووی دیوار و بەربەست دەکرێنەوە.

لە قوڵایی ئەم ستراتیژەدا، ترسێکی گەورە لە دۆخی ئابووری ناوخۆیی و پاشەکشەی هەژموونی ئەمریکا شاراوەتەوە. لە ڕاستیدا، ئەمریکا ئەمڕۆ بە دەست قەیرانێکی بونیادیی قوڵەوە دەناڵێنێت؛ ژێرخانە ئابوورییەکەی داڕماوە، چینی ناوەڕاست بەرەو پووکانەوە دەچێت، و نایەکسانییەکی ترسناک لە نێوان چینەکاندا دروست بووە. سیستەمی سەرمایەداریی ئەمریکی چیتر توانای دابینکردنی خۆشگوزەرانیی بۆ زۆرینەی خەڵک نەماوە. ترەمپ باش لەم هەقیقەتە تێگەیشتووە، بەڵام لەبری ئەوەی دان بە شکستە ناوخۆییەکاندا بنێت، ئەم قەیرانە ئابوورییە بەکاردەهێنێت بۆ وروژاندنی هەستی نەتەوەپەرستی. ئەو هۆکاری هەژاربوونی خەڵکی ئەمریکا دەخاتە ئەستۆی "دەرەوە"، جا ئەوە پەنابەرێک بێت یان وڵاتێکی وەک چین.

لێرەوەیە کە دژایەتیکردنی چین لەلایەن ترەمپەوە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لەم گوتارە. پاشەکشەی ئەمریکا لە بەرانبەر هەڵکشانی خێرای ئابووری و تەکنەلۆژیای چیندا، ترسێکی گەورەی لای چینی دەسەڵاتداری ئەمریکا دروستکردووە. چین چیتر تەنها کارگەیەک نییە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای هەرزان، بەڵکو خەریکە دەبێتە پێشەنگ لە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد و زنجیرەی دابینکاری جیهانی. ترەمپ ئەم گۆڕانکارییە وەک مەترسییەک بۆ سەر بوونی ئەمریکا دەبینێت. بۆیە دژایەتیکردنی چین تەنها ململانێیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو هەوڵێکی بێئومێدانەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕەوتە مێژووییەی کە تێیدا ڕۆژئاوا هەژموونی خۆی لەدەست دەدات. ترەمپ بە سەپاندنی باج (Tariffs) و داخستنی بازاڕەکان، دەیەوێت دیوارێک بە ڕووی ئەم پاشەکشەیەدا دروست بکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە نیشانەی لاوازییە نەک هێز.

سەیرەکە لەوەدایە، سەرەڕای ئەم دژایەتییە ڕواڵەتییە و بەکارهێنانی چین وەک "دێوەزمە"یەک بۆ شاردنەوەی شکستە ئابوورییەکانی ناوخۆ، ترەمپ زۆرجار بە چاوێکی ئیرەییەوە دەڕوانێتە دەسەڵاتی ڕەهای سەرۆکی چین. ئەو لە ناخەوە ئارەزووی ئەو جۆرە دەسەڵاتە دەکات کە بتوانێت بەبێ بەربەستە دیموکراتییەکان بڕیار بدات. بۆیە دژایەتیکردنی چین لە لایەن ترەمپەوە شەڕ نییە لە پێناو دیموکراسی یان مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا، بەڵکو ململانێیە لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت بەهێزتر و بێبەزەییانەتر حوکم بکات.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، دیدی ترەمپ تێکەڵەیەکە لە بێباکی و سوکایەتی. ئەو پێی وایە مۆدێلی دیموکراسی بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەست نادات. لەبری ئەوە، ستایشی حوکمڕانیی تەقلیدی و شێوازی "میرەکانی کەنداو" دەکات. بە بڕوای ترەمپ، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە "کوێخا" و دەسەڵاتدارێکی هەمیشەیی هەیە تا کۆنتڕۆڵیان بکات. ئەمەش نەک تەنها وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر شکستی ئەزموونەکانی عێراق و ئەفغانستان، بەڵکو وەک ڕەنگدانەوەی حەزی شاراوەی خودی ترەمپ دێت کە سەرسامە بە دەسەڵاتی ڕەها و سەرۆکایەتیی هەتاهەتایی.

دواجار، ئەوەی بە ناوی "ستراتیژی نیشتمانی" دەفرۆشرێتەوە، لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خودی دۆناڵد ترەمپ و شاردنەوەی داڕمانی هێزی ئەمریکایە. دۆکیومێنتێکە کە زیاتر پیاهەڵدانە بە کەسایەتی ئەو و خەونەکانی بۆ جیهانێکی دابەشبوو و پڕ لە دیوار، نەک دیدگایەک بۆ بوژاندنەوەی ئابوورییەکی دادپەروەر یان پاراستنی بەهاکانی ئازادی لە جیهاندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×