گرێکوێرەی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لە نێوان ڤیتۆی مالیکی و سێبەری واشنتۆن و تاران

توانا محەمەد نوری
  2026-04-20     99

گرێی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران لە ناو چوارچێوەی شیعەدا زۆر ئاڵۆز بووە. ئەم هاوپەیمانییە کە بڕیاردەری سەرەکییە، لە ناوخۆیدا تووشی جۆرێک لە چەقبەستوویی بووە. کێشەکە تەنیا ژمارەی کورسییەکان نییە، بەڵکو ململانێی بەرژەوەندییە کەسییەکانە کە وای کردووە ڕێککەوتن لەسەر ناوێکی دیاریکراو ببێتە کارێکی زۆر ئەستەم.

نوری مالیکی یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکان کە ئێستا بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەی سوودانی بۆ سەر ستەیجی کێبەرکێکان. مالیکی دوای ئەوەی بەهۆی پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیالی ترەمپەوە پێگەکەی لەرزا، ئێستا بە گومانێکی زۆرەوە سەیری سوودانی دەکات. ئەو دڵی لێی کرمێیە و نایەوێت سوودانی جارێکی تر ببێتەوە بە کەسی یەکەم و جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست.

جگە لە ململانێ ناوخۆییەکان، سێبەری زلهێزەکانیش بەسەر بڕیارەکانەوەیە. لە لایەکەوە خواستی واشنتۆن لە ڕێگەی کەسایەتییەکی وەک تۆم باراک و لە لایەکی ترەوە خواستی تاران لە ڕێگەی ئیسماعیل قائانی کاریگەرییان لەسەر ئاڕاستەی ڕووداوەکان هەیە. ئەم ململانێیە نێودەوڵەتییە وای کردووە کە بڕیاردەرە ناوخۆییەکان نەتوانن بەبێ ڕەچاوکردنی خواستی ئەم دوو جەمسەرە هەنگاو بنێن.

لە ناو ئەو ١٢ گرووپەی کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێکدەهێنن، هەر لایەنە و خەریکی یاریی سیاسیی خۆیەتی. هیچ میکانیزمێکی ڕوون بۆ بڕیاردان لە ناوخۆیاندا نییە؛ بۆ نموونە لایەنێک کە تەنیا دوو کورسیی پەرلەمانی هەیە، وەک ئەو لایەنەی ٢٩ کورسیی هەیە مافی بڕیاردانی هەیە. تەنانەت هەندێک لەم گرووپانە هێزی ڕاستەقینەیان لە چەکەکەیاندایە نەک لەو دەنگانەی کە لە هەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە.

یەکێکی تر لە سەیروسەمەرەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە کە کەسایەتییەکی وەک حەیدەر عەبادی بەبێ ئەوەی هیچ کورسییەکی لە پەرلەماندا هەبێت، هێشتا وەک یەکێک لە ١٢ بڕیاردەرە سەرەکییەکەی چوارچێوە ماوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیستمەکە بە ناو پەرلەمانییە و دەستوور دەڵێت دەبێت گەورەترین کوتلەی براوە حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام لە واقیعدا یاساکان پشتگوێ خراون و ڕێککەوتنی شەخسی جێگەی گرتوونەتەوە.

زۆربەی بکەرە سیاسییەکان لەسەر ئەوە هاوڕان کە سەرۆکوەزیرانێکی بەهێزیان ناوێت. ئەوان بەدوای جێبەجێکارێکی لاواز و ڕووپۆشێکدا دەگەڕێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە. مەبەستیانە کەسێک لەوێ بێت کە تەنیا بڕیارەکانی ئەوان جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی بڕیاردەری ڕاستەقینەی پشت پەردە هەر سەرکردە سیاسییەکان بن و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بێت.

لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە دەستوور و یاسا دەرچووە و کەوتووەتە ناو بازنەیەک لە بەرژەوەندیی تەسکی گرووپەکان و دەستێوەردانی دەرەکی. تا ئەو کاتەی چوارچێوەی شیعە نەتوانێت شێوازێکی دادپەروەرانە و دەستووری بۆ بڕیاردان بدۆزێتەوە، دۆخی وڵات هەر بە نادیاری دەمێنێتەوە و گرێکوێرەی سەرۆکوەزیران بە ئاسانی ناکرێتەوە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×