خوێندنەوەیەک بۆ ڕەوتە چەپەکانی بەرازیل و سەرکەوتنی لۆلا لە هەڵبژاردنەکان؛ خەباتی کرێکاری و ڕیفۆرمیزم

توانا محەمەد نوری
  2026-10-30   

سەرکەوتنی لویز ئیناسیۆ لۆلا دا سیلڤا لە هەڵبژاردنەکانی بەرازیلدا، تەنها سەرکەوتنێکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاو و جەوهەرییە لە مێژووی خەباتی بەردەوامی هێزە چەپەکان و بزووتنەوە کرێکارییەکانی ئەو وڵاتە. ئەم ڕەوتە مێژووییە لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردوودا سەرهەڵدەدات؛ ئەو کاتەی لە سایەی حوکمی دیکتاتۆرییەتی سەربازیدا، کرێکاران لە دەوری سەندیکاکانی پیشەسازی کۆبوونەوە و لۆلایان وەک چالاکوانێکی سەندیکایی لە ناو جەرگەی خەباتەوە هێنایە پێشەوە. دامەزراندنی پارتی کرێکاران (PT) لە ساڵی ١٩٨٠دا خاڵی وەرچەرخانی ئەم مێژووە بوو، کە توانی ڕەوت و هێزە جیاوازەکان لە ژێر یەک چەتری سیاسی و جەماوەریدا کۆبکاتەوە.

بەڵام لە کاتێکدا میدیای باڵادەست ئەم سەرکەوتنە وەک پشوویەک بۆ دیموکراسیی بۆرجوازی و کۆتایی فاشیزم وەسف دەکات، شیکاریی چینایەتی و مارکسیستی پەردە لەسەر واقیعێکی زۆر ئاڵۆزتر لادەدات. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی دروشمە باوەکان و خوێندنەوەی واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەرازیل لە ڕێگەی ئامارەکانی هەژاری، بێکاری و کەرتی تەندروستییەوە، تاوەکو تیشک بخاتە سەر ئەو دووڕیانە مێژووییەی کە بزووتنەوە کرێکارییەکان لە نێوان ڕیفۆرمیزم و ئاسۆی شۆڕشگێڕانەی کرێکاراندا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

مەبەست لە چەمکی 'چەپ' لەم وتارەدا تەنها لۆلا و پارتی کرێکاران (PT) نییە؛ بەڵکوو ڕێکخراوە سەندیکایی و بزووتنەوە جەماوەرییە گەورەکان، وەک ناوەندی یەکگرتووی کرێکاران (CUT) و بزووتنەوەی کرێکارانی کشتۆکاڵی(MST) ، لەگەڵ هێزە شیوعی و سۆشیالیستەکانیش لەخۆ دەگرێت. لۆلا و پارتی کرێکاران لە چوارچێوەی چەپی ڕیفۆرمیستدا هەڵدەسەنگێنرێن کە لە ناو سیستەمی پەرلەمانی و سازش لەگەڵ بۆرجوازییەتدا کار دەکات، لە کاتێکدا هێزە سۆشیالیستەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان نوێنەرایەتی چەپی کرێکاری و هێڵی خەباتی چینایەتیی ڕاستەقینە دەکەن؛ هەر بۆیە ئەم هێزانە هەمیشە پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەیان لەگەڵ حکومەتەکەی لۆلا و سنووردارێتییەکانی دەسەڵاتەکەیدا هەبووە.  لە کاتێکدا هەندێک لە حیزبە شیوعییەکان وەک PCdoB هاوپەیمانی فەرمیی لۆلان، بەڵام باڵە ڕادیکاڵەکان وەک حیزبی شیوعی بەرازیل PCB لە دەرەوەی دەسەڵات دەمێننەوە و پەیوەندییەکی تەنها ڕەخنەگرانەیان هەیە.

لە دۆخی چەپی بەرازیلدا، پارتی کرێکاران (PT) حیزبێکی چەپی ڕیفۆرمیستە و بەشێکە لە مێژووی خەباتی خەڵک دژی دیکتاتۆریی سەربازی، بەڵام شێوازی کارکردنی ئێستای بە تەواوی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی بۆرجوازیدایە. لە بەرامبەردا، 'CUT' وەک گەورەترین ڕێکخراوی سەندیکایی و 'MST' وەک پێشەنگی خەباتی جەماوەریی بۆ چاکسازیی کشتوکاڵی، نوێنەرایەتی ڕەوتی کرێکاری و هێڵی خەباتی سەر شەقام دەکەن. لە پاڵ ئەمانەدا، ڕەوتە کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکان بەهۆی پەرتەوازیی و لاوازیی پێگەی جەماوەرییانەوە ناتوانن ببنە جێگرەوەیەکی سەربەخۆ؛ هەر بۆیە هێزە سۆشیالیستی و چەپە ڕیفۆرمیستەکان لە دەرەوەی حکومەتی لۆلا دەمێننەوە و سەرەڕای پشتگیرییەکی تاکتیکی بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ڕاستی فاشیست، ڕەخنە لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەتەکەی لۆلا و سازشە بەردەوامەکانی لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا دەگرن و بە لادان لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاری دەزانن.

پشتگیریی چەپی ڕیفۆرمیست بۆ لۆلا لە چەند هۆکارێکی ستراتیژییەوە سەرچاوەی دەگرت. گەورەترین پاڵنەر، دۆخی نالەباری ئابووری، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و بوونی جیاوازییەکی چینایەتیی تۆقێنەر بوو لە بەرازیلدا. بەپێی داتای بانکە جیهانییەکان، لە خولەکانی پێشووی سەرۆکایەتی لۆلادا ڕێژەی ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریی تونددا دەژیان (داهاتی کەمتر لە ٣ دۆلار لە ڕۆژێکدا)، لە ١٧.١٪ لە ساڵی ٢٠٠٣دا بۆ ٨.٤٪ لە ساڵی ٢٠٠٩دا دابەزی. سەرەڕای ئەم دەستکەوتە مێژووییانە، بەهۆی قەیرانەکانی دواترەوە هێشتا کێشەکە بەردەوامە؛ بە جۆرێک بەپێی نوێترین داتاکانی بانکی جیهانی، ئێستاش نزیکەی ٢٠٪ی دانیشتووانی بەرازیل لە ژێر هێڵی هەژاریی نێودەوڵەتیدا دەژین (کە داهاتی ڕۆژانەیان کەمترە لە ٦.٨٥ دۆلار). ئەم ئامارانە نیشانەی ئەوەن کە کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان چینەکان پرۆسەیەکی بەردەوامە؛ هەر بۆیە ڕەوتە چەپەکان و بزووتنەوە سەندیکایی و جەماوەرییەکان، لۆلایان وەک تاقە دەرفەتی کاتی دەبینی بۆ پاراستنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و تێکشکاندنی هەژموونی هێزە ئۆلیگارشییەکان و سەرمایەدارییە نەریتییەکان کە بۆ چەندین دەیە دەستیان بەسەر سامانی وڵاتدا گرتبوو.

لەلایەکی دیکەوە، واقیعی کۆمەڵایەتیی بەرازیل دەری دەخات کە سیاسەتی ڕیفۆرمیزم ناتوانێت کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات. ئەگەرچی حکومەتی لۆلا توانیویەتی ڕێژەی بێکاری فەرمی کەمبکاتەوە و بیگەیەنێتە ٥.٢٪، بەڵام شیکاریی قوڵ دەری دەخات کە لە کۆی گشتیی هێزی کاری سەرقاڵ بە کار لە وڵاتدا نزیکەی ١٠٣ ملیۆن و نیوە، زیاتر لە ٣٧٪ی ئەم هێزە کارە (واتە نزیکەی ۳۹ ملیۆن کرێکار) لە کەرتی نافەرمیدا و بەبێ هیچ مافێکی یاسایی، بیمەی تەندروستی و گرێبەستێکی فەرمی دەچەوسێنرێنەوە. هاوکات، بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی کرێی خانووبەرە (بەتایبەت لە شارە گەورەکاندا) بارگرانییەکی قورسی دارایی خستووەتە سەر شانی چینی کرێکار و ناچاری کردوون بکەونە ژێر قەرزی قورسی بانکەکانەوە.

ئەم جیاوازییە چینایەتییە بە ڕوونی لە کەرتی تەندروستیشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە تێیدا خزمەتگوزاریی پزیشکی لە مافێکی مرۆییەوە کراوە بە کاڵایەکی بازرگانی. ئەگەرچی بەرازیل خاوەنی سیستەمێکی تەندروستی گشتیی بێبەرامبەرە(SUS) ، بەڵام بەهۆی کەمیی بوودجە و قۆرخکاریی کەرتی دەرمانەوە، ئەم سیستەمە بەدەست قەرەباڵغییەکی خنکێنەر و لیستی چاوەڕوانیی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت و کرێکارانی کەرتی نافەرمی ڕووبەڕووی مەترسیی مەرگ دەکاتەوە؛ لە کاتێکدا کەرتی تایبەت و بیمەی تەندروستی (Plano de Saúde) بە نرخێکی گرانبەها کە مانگانە دەگاتە سەروو سەدان دۆلار، تەنها بۆ دەوڵەمەندەکان و خاوەن دەرامەتەکان فەراهەم کراوە. ئەم ئاستەنگە ڕاستەقینانە نیشانی دەدەن کە زیادکردنی بودجەی کەرتی گشتی لە لایەن دەوڵەتەوە، تەنها وەک چارەسەرێکی کاتی کار دەکات و ناتوانێت هێزی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیمەی تایبەت و کەرتی خانوبەرە بشکێنێت کە ساڵانە قازانجی بلیۆن دۆلاری لەسەر حیسابی نەخۆشیی و ئازاری چینی کارکەر کۆدەکەنەوە.

سەبارەت بە چۆنیەتیی ئەم پشتگیرییە، هێزە چەپەکان، لەگەڵ ڕێکخراوە سەندیکایی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگەی ستراتیژییەکی فرەڕەهەندەوە کاریان کرد کە پشتی بە ڕێکخستنی جەماوەریی فراوان دەبەست. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گەورەکان، وەک (MST) و(CUT)، لە ناو جوتیاران و چینە کرێکارەکاندا تۆڕێکی ڕێکخراوی فراوانیان دروست کرد و کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی دەنگدان دانا. ئەم ڕێکخستنە جەماوەرییە لەگەڵ کۆمەڵێکی فراوان لە خێزانە سوودمەندەکانی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە ژمارەکەیان بە ملیۆنان دەگەیشت، بووە بنەمایەک بۆ بەهێزکردنی کەمپەینی لۆلا.

ئەم هاوپەیمانییە سیاسی و جەماوەرییەی نێوان لۆلا، پارتی کرێکاران، ڕێکخراوە سەندیکاییەکەکان و بەشێک لە هێزە چەپەکان، بەرازیلی گۆڕی بۆ یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی چەپی نوێ لە ئەمریکای لاتین. لە سایەی ئەم پاڵپشتییە پتەوەوە، لۆلا توانی لە خولەکانی سەرۆکایەتیدا بەرنامەی "تۆڕی هاوکاریی خێزان"(Bolsa Família)  و بەرنامەی "برسییەتی سفر"(Fome Zero) جێبەجێ بکات. ئەم بەرنامانە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩دا ڕۆڵێکی گرنگیان لە کەمکردنەوەی هەژاری هەبوو. بنکەی جەماوەریی چەپ وەک قەڵغانێک مانەوە و توانیان لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦دا لۆلا بە ٥١.٧٩٪ی دەنگەکان بۆ خولی چوارەمی سەرۆکایەتی هەڵبژێرنەوە. ئەمە نیشانی دا کە هاوپەیمانیی نێوان لۆلا و بەشێک لە هێزە چەپەکان، لەو قۆناغەدا ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی ڕاستی توندڕەو هەبووە.

ئەم ململانێ چینایەتییە بە ڕوونی لە کەرتی تەندروستی و فێرکردنی بەرازیلدا ڕەنگی داوەتەوە؛ حکومەتی لۆلا لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستمی تەندروستیی گشتی (SUS) و پڕۆژەی خوێندنی باڵای (ProUni) کە پشکی بۆ ڕەشپێست و هەژاران دابین دەکرد، توانی کەمینە ڕەسەنەکان، کرێکاران و دانیشتووانی گەڕەکە پەڕاوێزخراوەکان بکاتە سوودمەندی سەرەکی. بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە لێرەدایە کە ئەم ڕیفۆرمانە نەیانتوانی مۆنۆپۆلی سەرمایەداری بەسەر ئەم دوو کەرەتەدا تێکبشکێنن؛ دەوڵەت پارەی گشتیی بۆ پاڵپشتیی زانکۆ و نەخۆشخانە تایبەتەکان بەکارهێنا، کە بەهۆیەوە بۆرژوازی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەرتی تایبەت بوونە سوودمەندی ڕاستەقینە و قازانجی گەورەیان دەستکەوت. لە ئەنجامدا، کرێکاران تەنها سوودمەندی خزمەتگوزارییەکی گشتیی نزم و پڕ لە قەیران بوون، کە ئەمەش نیشانی دەدات ڕیفۆرمیزم ناتوانێت یەکسانی لە تەندروستی و پەروەردەدا دابین بکات تا ئەو کاتەی وەک کاڵایەکی بازرگانی سەیر بکرێن.

بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە، پێویستە جیاکارییەکی ڕوون لە نێوان چەپی کرێکاری و چەپی بۆرژوازیدا بکرێت. ئەگەرچی لۆلا خۆی خاوەنی پاشخانێکی سەندیکایی و کرێکاریی دێرینە، بەڵام پڕۆژە سیاسییەکەی لە کۆتاییدا گۆڕدرا بۆ باڵی چەپی بۆرژوازی لە بەرازیلدا. کێشە گەورەکە لێرەدایە کە تەواوی بزووتنەوەی چەپ و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دوای پڕۆژە ڕیفۆرمیستییەکەی ئەو کەوتوون و فریویان خواردووە؛ ئەوان وا تێگەیشتن کە سازشکردن لەگەڵ سەرمایەداریدا دەبێتە هۆی ڕزگاری، بەڵام ئەم پاشکۆیەتییە تەنها هێزی وشیاریی چینی کرێکاری پەکخست و خەباتی شۆڕشگێڕانی گۆڕی بۆ پاساو هێنانەوە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی. ئەم ڕاستییە دەیسەلمێنێت کە پاشخانە سەندیکاییەکە بە تەنیا گەرەنتی پاراستنی ئاڕاستەی سەربەخۆی کۆمۆنیستی و کرێکاری ناکات، کاتێک ئامانجی ستراتیژی کورت دەبێتەوە بۆ چاکسازیی لۆکاڵی لە ناو خودی سیستمەکەدا.

سەرکەوتنی لۆلا لە هەڵبژاردنەکانی بەرازیل، ڕێگری لە گەڕانەوەی خێزانی بۆڵسۆنارۆ و هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بۆ سەر کورسیی سەرۆکایەتی کرد. بەڵام دەرئەنجامەکان ڕاستییەکی تاڵیان دەرخست: هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان هێشتا خاوەنی بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی بەربڵاون و تێکشکانیان لە سندووقەکانی دەنگداندا بە مانای لەناوچوونی نفووزی سیاسیی ئەوان نییە. لۆلا بە بەدەستهێنانی ٥١.٧٩٪ی دەنگەکان، لە بەرامبەر ٤٨.٢١٪ی دەنگەکانی ڕکابەرەکەی (فلاڤیۆ بۆڵسۆنارۆ) سەرکەوت؛ جیاوازیی نێوانیان ٣.٥٨ خاڵی سەدی بوو، کە بە جیاوازیی نزیکەی ٤.٤ ملیۆن دەنگ دەکات. ئەم ئەنجامە هەم گرنگیی بردنەوەکە و هەم سنووردارێتییەکانی دەسەڵاتی نوێ دەسەلمێنێت، بەتایبەت کە کۆنگرێسی نوێ زیاتر بەلای ڕاستدا لایداوە و پارتی لیبڕاڵی (PL) گەورەترین نوێنەرایەتیی تاکەحیزبی لە هەردوو بەشی کۆنگرێسی بەرازیل بەدەستهێناوە؛ ١٢١ کورسی لە مەجلیسی نوێنەران و ٢٨ کورسی لە سینات.

لۆلا و پارتی کرێکاران (PT) نابێت بە نوێنەری هەموو ڕەوتەکانی چەپ لێک بدرێنەوە؛ بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەی چەپی ڕیفۆرمیست و حکومەتیدا پۆلێن بکرێن. حکومەتی لۆلا لەسەر هاوپەیمانییەکی فراوان دامەزراوە کە بەشێک لە هێزە ناوەندڕەو و سەرمایەدارەکانیش لەخۆ دەگرێت. لە بەرامبەردا, چەپە ڕادیکاڵەکان یان سۆشیالیستەکان، هەرچەندە دەتوانن بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ڕاستی توندڕەو لۆلا بە شێوەیەکی تاکتیکی پشتگیری بکەن، بەڵام دەبێت سەربەخۆیی سیاسیی خۆیان بپارێزن و سنوورەکانی سیاسەتە ڕیفۆرمیستییەکانی حکومەت و سازشەکانی لەگەڵ سەرمایەداریدا ڕەخنە بکەن.

لێرەوە پرسیارێکی قووڵ دێتە پێشێ: ئایا دەسەڵاتێکی ڕیفۆرمیست دەتوانێت هاوسەنگیی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت؟ کێشەی یەکەم لێرەدا لە جیاوازیی نێوان دابەشکردنەوەی داهات و گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندایە. دەوڵەتی لۆلا توانیویەتی لە ڕێگەی یارمەتییە نەختینە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەژاری کەم بکاتەوە (کە لە بەرنامەی Bolsa Família کەمترین یارمەتیی مانگانەی هەر خێزانێک ٦٠٠ ڕیاڵی بەرازیلیە)؛ بەڵام ئەم چاکسازییانە لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا دەمێننەوە. کێشەی دووەم دەسەڵاتی بنەڕەتیی سەرمایەیە کە ڕەگی لە کۆنتڕۆڵکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا هەیە. کار، باج و خزمەتگوزارییەکان هەموویان بەستراونەتەوە بە پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە و دەوڵەت ناچارە پارێزگاری لە قازانجی سەرمایەداران بکات تا ئابووری نەوەستێت.

لەم ڕوانگەیەوە، جەوهەری مێژوویی تەواوی بەرنامە چاکسازییەکانی لۆلا و پارتی کرێکاران، نەهێشتنی مەترسیی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵ بووە لە بەرازیلدا دوای ڕووخانی دیکتاتۆریەتی سەربازی لە ساڵی ١٩٨٥دا. لە قەیرانە داراییەکانی دەیەی نەوەددا کە هەڵاوسان و بێکاری گەیشتبووە لووتکە، سیستمی سەرمایەداری لەبەردەم مەترسیی ڕاپەڕینێکی فراواندا بوو. لەو ساتەدا، ڕیفۆرمیزمی لۆلا وەک باشترین بژاردە بۆ هەڵمژینی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی دەرکەوت؛ ئەو لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ئیمتیازی کاتی و کۆمەکی دارایی سنووردارەوە، توانی وزەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر بەتاڵ بکاتەوە و خەباتی ڕادیکاڵی ناو کارگە و سەر شەقامەکان بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی پاسیڤی چاوەڕوانی چاکسازیی دەوڵەتی. ئەم جۆرە لە ئاشتەوایی چینایەتی، ئاشتیی کۆمەڵایەتی بۆ بۆرژوازی مسۆگەر کرد.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە نائەمنیی کار و فشاری بژێوی، ئەگەر لەلایەن چەپەوە ئاڕاستەیەکی شۆڕشگێڕانە و چینایەتی وەرنەگرێت، دیسان لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار دێتەوە. پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیی چەپ لێرەدا کلیلە؛ ئەم سەربەخۆییە بەو واتایەیە کە چەپ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کرێکاران داواکارییەکانی دابڕێژێت و لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە سازشەکانی دەوڵەت بگرێت.

سەرکەوتنی هەڵبژاردن تەنها دەتوانێت ڕێگری لە پێشڕەویی فاشیزم بکات، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت ئەو دۆخە چینایەتییە بگۆڕێت کە ڕاستڕەوی لێ بەرهەم دێت. ئەزموونی بەرازیل نیشانی دەدات کە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی، پێویستە هێزێکی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو، سەربەخۆ و چالاک لە ناوەندەکانی کار و گەڕەکەکاندا هەبێت؛ هێزێک کە دوای هەڵبژاردنیش هەوڵ بدات لە سنوورەکانی ڕیفۆرم تێپەڕێت. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئێستا 'ئاسۆی مارکسیی کرێکاری' لە ناو بزووتنەوەی چەپی بەرازیلدا کاڵبووەتەوە؛ چونکە هەژموونی درێژخایەنی ڕیفۆرمیزم وایکردووە هۆشیاریی چینایەتیی کرێکاران لە ئامانجە مێژووییەکەی خۆی کە خۆڕێکخستن و دەسەڵاتگرتنە بۆ تێکشکاندنی سیستمی کرێگرتەی سەرمایەداری دووربکەوێتەوە.

ڕەهەندێکی دیکەی گرنگ، گۆڕانی هاوسەنگییە ئابورییە جیۆپۆلەتیکییەکانە. لۆلا لە خولی نوێدا، لە بری تەسلیمبوون بە مەرجە داراییەکانی واشنتۆن، بە شێوەیەکی پراگماتی دەرگای بۆ وەبەرهێنانی زەبەلاح لە دەرەوەی بازنەی ڕۆژئاوا واڵا کردووە؛ بەرازیل پێگەیەکی سەرەکی لە هاوپەیمانیی 'بریکس'(BRICS) دا هەیە و قەبارەی هاوکارییە ئابورییەکانی لەگەڵ چین لە ساڵێکدا ١٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە (چین زیاتر لە ٨٥ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی کردووە). ئەم هاوبەشییانە توانیویانە مۆنۆپۆلی دارایی واشنتۆن خاو بکەنەوە؛ بەڵام لە ڕوانگەیەکی بنەڕەتییەوە، مەترسیی ئەوە هەیە تەنها شێوازی پشتبەستنەکە بگۆڕن و ئابوریی بەرازیل بەرەو پشتبەستن بە کەرستە خاوەکان لە ناو بازاڕی جیهانیی سەرمایەداریدا بەرنەوە.

ئەم پشتبەستنە بە بازاڕی جیهانی وەک مەترسییەک سەیر دەکرێت؛ چونکە گۆڕینی کڕیار لە ئەمریکاوە بۆ چین، سروشتی چەوساوەی سیستمی سەرمایەداری ناگۆڕێت و ئابووریی بەرازیل تەنها کورت دەکاتەوە لە هەناردەکردنی کەرستەی خاو (سۆیا، نەوت و ئاسن). ئەم دابەشکارییە جیهانییە، نەک هەر پیشەسازیی ناوخۆیی لاواز دەکات و وڵات لە بازنەی "پاشکۆیی" ئابووریدا دەهێڵێتەوە، بەڵکوو دەوڵەت ناچار دەکات بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی، مافەکانی کرێکاران قوربانی بکات. هاوکات، ئەم دۆخە لەگەڵ یەکەم دابەزینی نرخی کاڵاکاندا تەواوی دەستکەوتە ئابورییەکان دەڕووخێنێت و زەمینە بۆ گەڕانەوەی ڕاستڕەوەکان خۆش دەکاتەوە.

لەم سۆنگەیەوە، پێویستە جەخت لەسەر بنەمایەکی جەوهەریی مارکسیستی بکرێتەوە؛ ڕیفۆرم و چاکسازیی کۆمەڵایەتی خۆی بۆ خۆی ڕەتکراوە نییە، بەڵکوو کێشەی سەرەکی کورتکردنەوەی تەواوی ئاسۆی خەباتە لە ناو کایەی ڕیفۆرمدا. ڕیفۆرم دەبێت وەک ئامرازێکی کاتی سەیر بکرێت کە یارمەتیی خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانیان بدات، تا ئەم دەستکەوتە سەرەتاییانە ببەستنەوە بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بۆ دەسەڵاتگرتن و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری. کاتێک چەپی ڕیفۆرمیست چاکسازی دەکاتە دوا وێستگەی کارکردنی، خەباتی چینایەتی کز دەکات و هێزی کرێکاران چەک دەکات.

لە چوارچێوەی ئەم باسەدا، ئیمپریالیزمی ئەمریکا هێشتا وەک هێزێکی زلهێز لە ناوچەکەدا کار دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەکانی ناوخۆ نفووزی خۆی بپارێزێت. حکومەتی ڕیفۆرمیستیی لۆلا، بەهۆی سازشەکانی لەگەڵ سەرمایەداریدا، لە درێژخایەندا ڕووبەڕووی سنوورداربوونی خۆی دەبێتەوە لە بەرامبەر گوشارەکانی واشنتۆندا. لەم قۆناغە مێژووییەدا، هێزە چەپەکان و بزووتنەوە کرێکارییەکان لەبەردەم دووڕیانێکی یەکلاکەرەوەدان؛ یان دەبێت بیر لە ڕەوت و ئاسۆیەکی نوێ بکەنەوە، یان ئەوەتا بە تەواوی دەبنە خزمەتکاری دەسەڵات و پاساوهێنەر بۆ مانەوەی سیستمی سەرمایەداری. بۆیە گۆڕینی ئەم دۆخە و گواستنەوە بەرەو سەربەخۆییەکی ڕاستەقینە، ناتوانرێت تەنها پشت بە ڕیفۆرم ببەسترێت؛ بەڵکوو پێویستی بە جەماوەرێکی وشیار و ڕێکخراو هەیە کە بتوانێت هاوسەنگیی هێزەکان لە بەرژەوەندیی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت بە قازانجی ڕزگاریی یەکجاری بگۆڕێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی: داوا له‌ وه‌زیر نەكراوە دەسەڵاتەکانی بداته‌ بەڕێوەبەرە گشتییەکان
ۆڵ ستریت جۆرناڵ: سوپای ئه‌مریكا بژارده‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌دژی ئێران خسته‌ به‌رده‌م تره‌مپ
جه‌ی دی ڤانس: تره‌مپ رێگه‌نادات ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران ببێته‌ جه‌نگێكی بێ كۆتایی
لەسەر کێشەی ٣٠٠ دۆلار کوژرا؛ کەسوکاری ئارام ئیمامی: ڕێگەمان بە گەنجەکانمان نەدا تۆڵە بکەنەوە و چاوەڕێی یاساین
دەرکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران بە نەخشی ئاڵای کوردستانەوە لە کەناڵی ئینگلیز، کاردانەوە لێدەکەوێتەوە
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پرۆگرامێکی نوێی دیجیتاڵی و دەنگیی بۆ خوێندنی زمانی کوردی خستە بەردەست
"هونه‌رمه‌ندانی چه‌مچه‌ماڵ له‌ یه‌كه‌مه‌كانی خه‌ڵاته‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی عێراقن"
وه‌فدێكی قه‌ته‌ر بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكا گه‌یشته‌ تاران
کونسوڵی گشتیی ئێران لە گوڵەخانە: بناری سورێن سەنگەری هاوبەشی ڕابردوومان بووە دژی ڕژێمی بەعس
"داهاتی ئه‌م مانگه‌ی سلێمانی به‌ڕێژه‌ی 16% كه‌میكردوه‌"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×