نوێنەرایەتیکردنی شارێک لە زمانخستنی زۆرینەیەتی

نەوزاد جەمال
  2026-11-20   

هەموو نوێنەرایەتیکردنێک، ئاماژەیە بە نا ئامادەبووییەک کە کراوە بە بەهانەی نوێنەرایەتیکردنەکە. چونکە، نوێنەرایەتیکراوەکە بابەتێکە شاردراوەتەوە و لەبەرامبەردا کاراکتەری هێزێک زەقدەکرێتەوە.

لەوێناکردنی شارێکی وەک سلێمانی (شارەکانیتریش لەوە بەدەرنین) سوژەیەکی نادیار و نابەرچاو پێوارە(غایبە) کە زۆرینەی خەڵکەکەیەتی.

 نوێنەرایەتیکردن میکانیزمێکیتری دەسەڵاتی وێناکردن و نمایشکردنە. هەروەها گێڕانەوەی چیرۆکێکە لە رێی هێزی زمان و هەژموونی هێزەوە، نمایشی وێنەیەکی درووستکراو دەکات. لەبەرئەوە گێڕانەوە، نوێنەرایەتیکردنی پرسێکی راستینە ناکات، وەکچۆن بکەرەکانی گێڕانەوەکەش تەنها ئەکتەرن نەک خاوەنی پرسەکە.

ئەو بکەرانەی لە بۆنەکاندا چیرۆکی شارێک ئەگێڕنەوە لە چیرۆکدروویەک دەچن کە دەنگی رەسەنی خەڵکی زۆرینەی پەراوێزخراو ناخەنەڕوو.

لەبەرئەوەی بە زەقکردنەوە چیرۆکێک و درووستکردنی گوتارێک لێی، ناسنامەی تەواوی شارێک دادەپۆشرێت. لە پەنای مێژوویەکی پرشنگداردا، کەلاوەیەک، لە پەنای روناکبیرییدا، کپکردنی دەنگی ئازاد، لە پەنای باڵەخانە بەرزەکاندا، وێرانکارییەک هەیە.

جێی سەرنجە لەم هەرێمەدا، هەرجارەی کاراکتەرێک بەناوی نەوەی شێخ، میر، کوێخا، سیاسی و سەرکردە و چی و چییەوە هەڵدەتۆقێت، وەک لەم رۆژانەدا کەسێک خۆی بە نەوەی ئیبراهیم پاشا ناساند.

 لە کۆمەڵگای ئێمەدا، دۆخێک درووستکراوە کە کەس و بنەماڵەی وەک نەوەی پێغەمبەر و پیاوچاوکان، نەوەی سەرکردەیەکی سیاسی یان شاعیر، ئاغازادە و دەرەبەگ یان مەلا و کوێخا و سەرەکخێڵ و بنەماڵەوه، چیرۆکی خۆیان بە دراوێکی کولتووری و سیاسی و ئابووری بگۆڕن.

تەریب بەوەش، ئەو ووتە و درووشمانەی کە بە بۆنەی دامەزراندنی 'سلێمانی'یەوە دەووترێن،ناسنامەی شارەکە لە ووتنەوەی شاری روناکبیری، شۆڕش و قوربانی و هتد. پێناسە دەکەن. بەڵام تاچەند نوێنەرایەتی و زمانحاڵی خەڵکەکەیین؟

 لە راستییدا ئەوە میکانیزمێکی تری لە زمانخستنی خەڵکی شارەکەیە. نەک هەر لەبەرئەوەی بەشێکی ئەو بکەر و گوتارانە خەڵکی شارەکە نیین، بەڵکو لەبەرئەوەی شەڕی نوێنەرایتیکردنی دەکەن. بێئەوەی بتوانن هیچ بخەنەسەر خەرمانە مێژوویەکەی شارەکە.

شەڕکردن لەسەر پاراستنی نەریتی شارستانی "رەسەن"ی شارەکە و پەرەپێدانی کولتوور و پێشخستنی فەرهەنگی شارەکە تا ئەو کاتە ئامانجە کە بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەربکات.

راستە، ئەو بۆنانە بەسوودن. بەڵام دوور لە ئامانجەکەی بەکاردەهێنرێن. باشتر بڵێین؛ شەڕێکە لەسەر نوێنەرایەتیکردنی 'سەرمایەی سیبمول(رەمز)ی شارەکەیە لە بەرامبەر هێزێکیتردا.

 وەک سلێمانییەک، پێویستم بە جەختکردنەوە لە سلێمانیبوونم نییە بەرامبەر کەسانیتر، مەگەر ئامانج و مەبەستێکم هەبێت. ئاخۆ کەسانێک کە بەناوی شارەکەوە گوتاری شاری روناکبیری(جگەلەوانەی لە پێگەیەکی فەرمی شارەکەدان) دەڵێنەوە، لەبەر چاوی جوانی خەڵکەکەیەتی یان چی؟ ئەگەر پۆست و بەرژەوەندی و قازانێکی ئابووریان نەبێت، خۆیان بە نوێنەری ئەو شارە دەزانی؟

جوانییەکی شار ئەوەیە دەرەفەت بۆ شاعیر یان چیرۆکنووس و رووناکبیر و هونەرمەندی شارەکانیتر دەرەخسێنێت کە چالاکتربن و داهێنانی زیاتری تێدا بکەن.

بەڵام رێکخستنی چالاکی هونەری و کولتووری و هەر جۆرێیتر بەهەر نیازێک بێت، لە زمانخستنی زۆرینەی شارەکەیە کە لە نوێنەرایەتیکردنی خواست و مافەکان و خەونەکانی بێبەشکراوە.

ئەمەش بۆ هەر شار و شارۆچکەیەکیتری هەرێمی کوردستان راستە، نەک هەر سلێمانی بە دیاریکراوی. تازە بەتازە دەگەڕێنەوە ساڵانی نەوەتەکان و تاریکی و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

 بەلامەوە سەیرە بۆچی شارۆچکەکانیتر(قەزا و ناحیەکان) هەمان بایەخ بە ژێرخانی ئاوەدانیان نادرێت؟ کەسێک لە کەلار و دەربەندیخانەوە بۆ بانکێک، نەخۆشخانەیەک بۆ سەنتەری شاری سلێمانی بێت؟

ئایا سلێمانی پارێزگایەکە یان تەنها شارێک؟ بە کورتکردنەوەی کاریگەری و ناسنامەی سلێمانی لە شارێکدا، بچووکردنەوەیەتی. جگەلەوەی ناهەقیکردنە بە خەڵکی شارۆچکەکانیتری پارێزگاکەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی لاهور شێخ جه‌نگی له‌ زیندانه‌وه‌
دوای ٣٥ ساڵ لە مانەوەیان لە تونس؛ عێراق دوو فڕۆکەی مێژوویی جۆری "بۆینگ ٧٤٧" دەفرۆشێت
هاوپه‌یمانی نیشتمانی: هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای سەرەکیی حزبمان لە هەولێر
تره‌مپ: له‌ په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌ تا دوای سه‌ری ساڵی نوێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین
پاش هەنگاوەکەی جورف سەخر و پەیامەکەی عەلی زەیدی؛ فەرماندەی زێرەڤانی: هێزەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هەرێم
له‌سه‌ر دۆسیه‌ی قاچاخچێتی له‌ جورف سه‌خر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی بۆرییه‌‌ نه‌وتییه‌كان ده‌ستگیركرا
ڕەشنوسی بودجەی 2027ی عێراق تەواوکرا؛ داهاتی نانەوتی دەگاتە 19٪ و دۆسیەی نەوتی هەرێم وەک بەربەستی سەرەکی دەمێنێتەوە
جرف الصخر لەسەر لێواری تەقینەوە؛ ئەمریکا بە تەلەفۆن و ئێران لە مەیداندا
یەرەکە: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و تۆپخانە سنووری سەردەشتی بۆردوومان کرد و هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە
ترەمپ بە ئامادەبوونی پووتین و شی جینپینگ: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×