نرخی کاڵا بەرزدەبێتەوەو بەهای مرۆڤ دادەبەزێت لە کوردستان

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2021-06-27     658

هاتنی داعش بۆ عێراق لە 2014 خاڵی وەرگەڕانی ئابوری بو لە کوردوستان، هەڵبەت بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی هەرێمی کوردستان زیاتر بو، ئەو کاتەی کورد بڕیاری تەواوەتی هەناردەكردنی نەوتیدا دەیزانی ئەو نەوتەی لە بەر دەستە بەشی بەڕێوەبردنی ناوخۆ ناکات، بەلام پشتی بەو پارەیە قایم بو کە لە بەغدادەوە دەهات.

لەدوای هاتنی داعش و وەستانی هاتنی پارە لەبەغدادەوە دۆخی ئابوری تاک بەرەو خراپبون رۆشت لە هەرێمی کوردستان، سەرەتا بە پاشەکەوتی موچە پاشان بە لێبڕین، هاوتەریب بە دۆخی خەڵک دۆخی حیزبەکانی دەسەڵات و بنەماڵە سیاسیبەکان بەرەو هەڵکشان گەشەی کرد، نەوتی خۆماڵی لەو رۆژەوە  بۆ میللەت بو بە دەردو  بۆ دەسەڵاتداران بۆ بە کێوی تەڵا.

بەرهەمهێنانی نەوتی کوردی و فرۆشتنی کەس نایزانێ دو بنەماڵەکە نەبن، هەمو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بو شەرعیەت بدەن بەو دزینی نەوتەو دایان لە پاش رێکكەوتنی هەرێم و بەغداد.

ئەوەی بەدی دەکرێت نرخی نەوت بەرز بۆتەوە لە هەمان کات بەهای دینار کەمیکردوە لە ئاست دۆلاردا، نرخی هەمو کاڵایەکیش بەرزبونەوەی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە ئاڕاستەی پێچەوانە بەهای مرۆڤەکان رۆژ لە دوای رۆژ کەم دەکات لە هەرێمی کوردستان.

مرۆڤ لێرە لە دۆخی بێکاری دەژی لە دۆخی  لێبڕینی موچە لە گرتن و زیندانیکردن لەسەر نوسین و خۆپیشاندان، تێکدانی رەوشی پەروەردەو بڵاوکردنەوەی بەدکاری لەناو کۆمەڵگا، زۆربونی رێژەی خۆکوشتن و کوشتن و پەلاماردان و دەستدرێژی سێکسی و رەوی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، دروستکردنی دیواری گەورەی نێوان بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی نەمانی یاساو پەرەسەندنی سوڵحی عەشایەری، هەمو ئەمانە لەپاڵ دەوڵەمەندبونی زیاتری دەسەڵاتداران و گەشەی نەوەکانیان و بەزاندنی یاساکان لەلایەن خۆیان و بنەماڵەکانیانەوە، قۆرخکردنی خۆشییەکانی ژیان و پێداویستییەکان بۆ خۆیان، دەستگرتن بەسەر سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگادا لە تەندروستی و پەروەردەو وەرزش و یاساو تەنانەت گۆرەپانی مردنیشدا.

دەبینین لە دوای 2014 رۆژ لە دوای رۆژ هەمو شت گران دەبێت لە کوردستان، تەنها مرۆڤەکان رۆژ لە دوای رۆژ خوێنیان هەرزان دەبێت و بەهایان کەم دەکات، بە تەنها لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەکان و خۆشبەختی نەوەکانی ئەواندا، دەبێت مرۆڤ بێ بەها بکرێت و بازار گرانتر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×