دەشنێ موراد راستیەکانی وت

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2021-04-01     1543

لە بەرنامەیەکدا دەشنێ موراد چاوپێکەوتنی هەبو، وەک هەمو کەسایەتییە دیارەکان کارێکی ئاساییە کەسێکی وا بدوێ، بەڵام ئەوەی دەشنێ لەو بەرنامەیە وتی چریکەیەکی تازە بو، دەشنێ پشت پەردەکانی میدیاو میدیاکارانی ئاشکراکرد، ئەوەی نیشاندا کە ئافرەتێک لەم وڵاتە بۆ ئەوەی بگاتە خەونەکانی دەبێت چەنێک و چ جۆرێک قوربانی بدا.

دەشنێ ئەوەی نیشانی هەموان دا کە هەمو ئافرەتێک دەتوانێ ببێتە کەسایەتییەکی سەرکەوتو بێ ئەوەی بەهاکانی خۆی بدۆڕێنێ، لێرە ئاستەنگ و رێگری زۆر دەکرێت نەک تەنها بۆ ئافرەت بەڵکو بۆ پیاویش کاتێک بیەوێت بەهرەکانی خۆی نیشان بدا، کاتێک حیزبێک یا سیاسییەک لە پشتی نەبێ ئاوازو خەونەکانی لە گۆؤ دەنێن، ئەوەی ئەوانیش لە بەرامبەردا دەیانەوێ ئەو ئەستەمەیە کە مرۆڤ دەیەوێت بیپارێزێت.

لە هەر وڵاتێکی جیهاندا کەسێک بەهرەیەکی هەبێت حکومەت و کەسایەتییە دیارەکان هاوکاری دەکەن و پشتیوانی دەبن، بەڵام لێرە بەپێچەوانەوە دەیانەوێ بۆ مەبەستە ناشرینەکانیان بەکاریان بێنن و ئەوە نیشان بدەن کە ئەگەر تۆ دەتەوێ سەرکەوی و دەرکەوی دەبێت لە  ژێر باڵ و فەرمان و ویستەکانی ئەواندا بیت. لە دوای راپەرینەوە دەوترێت مافی ئافرەت، مافی مرۆڤ، مافی منداڵ، بەڵام مەخابن هیچی نابینرێن لە ئەرزی واقعدا.

دەشنێ دڵی پڕ پڕ بو، فرمێسک لە چاوەکانیدا دەبینرا، لە هەمان کاتدا ئازایەتی و توانایەکی زۆریش لە ناو دڵ و دەرونیدا بو وەک ئەوەی بڵێ ئەوە منم هەرگیز ناکەوم، ساتێک قسەکانی کەسانی وا دەبیستی سەرێ دەلەقێنی دەڵێی حەیف ئێمە دەسەڵاتی کوردی و میدیای کوردیمان ویست تا دەستمان بگرێت نەک پاشقولمان لێبگرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×