ئێمه‌ بۆ له‌یه‌كتر تێناگه‌ین ..؟

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2020-02-07     906
زۆر جار لێك تێنه‌گه‌یشتن روو ئه‌دات له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانماندا , ده‌ڵێین ئه‌و به‌ هه‌ڵه‌  له‌ قسه‌كانی‌ ئێمه‌  تێگه‌یشتوه‌ ئه‌ویش هه‌مان ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ , ساتێك له‌ نێوان ئێمه‌و تاكی‌ به‌رامبه‌ردا لێك تێنه‌گه‌یشتن روو ئه‌دات ده‌بێت درك به‌ هه‌ندێك بابه‌ت بكه‌ین تا بتوانین نزیك بونه‌وه‌ بنیات بنێین له‌ گه‌یشتنی‌ راستی‌ یه‌كان بۆ یه‌كدی‌ ئه‌مه‌ش درك پیكردنی‌ هه‌ندێك نه‌زانراوی‌ ده‌رونی‌ و لۆژیكی‌ ده‌وێت .

ساتێك له‌گه‌ڵ به‌رمبه‌ردا له‌سه‌ر بابه‌تێك ئه‌دوێن لێكچواندن مه‌كه‌ن‌ چونكه‌ له‌و ساته‌دا بیر و هزری‌ ئێوه‌ بۆ شیكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و لێكچواندنانه‌ ده‌چێت و هه‌روه‌ها به‌ شێكی‌ زۆری‌ راستی‌ یه‌كانی‌ بابه‌ته‌كانی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت وه‌ر ناگری‌ چونكه‌ له‌و ساته‌دا تۆ سه‌رقاڵ لێكچواندنه‌كه‌ی‌ بۆیه‌ بیر و خه‌یاَڵ‌ت له‌ سه‌ر ته‌واوی‌ بابه‌ته‌كه‌ نامێنێ ره‌نگه‌ هه‌ندێكی‌ وه‌ر بگریت , هه‌رگیز مه‌به‌ به‌ جادوو گه‌ر و هه‌وڵ مه‌ده‌ پشتی‌ ووشه‌كان بخوێنیته‌وه‌ , پێویسته‌ ناكات ساتێك ووشه‌یه‌ك یان رسته‌یك یان بابه‌تێك له‌ به‌رامبه‌رت وه‌ردگریت خۆت بێیت و سینارێویه‌ك دروست بكه‌یت بۆ پشتی‌ ووشه‌كانی‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ بابه‌ته‌ راسته‌قینه‌كه‌ت دور بخاته‌وه‌ به‌ لاریدا بتبات كه‌ زۆر جار ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ دووره‌ له‌ راستی‌ بابه‌ته‌كه‌ش , له‌ هه‌مان كات له‌و ساته‌ی‌ تۆ باكگراوندی‌ قسه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر ده‌خوێنیته‌وه‌ سه‌رنجی‌ سه‌ره‌كیت له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بنچینه‌یه‌كه‌ نامێنێ ئه‌مه‌ش به‌ لێك تێنه‌گه‌یشتن كۆتایی‌ پێدێت .

خۆت سه‌رقاڵ مه‌كه‌ به‌ ئاماده‌كردنی‌ وه‌ڵام بۆ بابه‌ته‌كانی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت لێگه‌رێ ووشه‌كان به‌ رێكی‌ بچنه‌ بیر و هزری‌ تۆوه‌ سه‌ره‌تا گوێرێكی‌ باش به‌ نه‌ك وه‌ڵامده‌رێكی‌ خێرا , ره‌نگه‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی‌ تۆ ئاماده‌ی‌ ده‌كه‌یت بیرت له‌ ووته‌ زانراوه‌كان دوور بخاته‌وه‌و وه‌ڵامێكی‌ نه‌گونجاوت بداتێ چونكه‌ تێگه‌یشتنی‌ ته‌واو بۆ پرسیاره‌كه‌ی‌ ئه‌ونه‌بووه‌ له‌یبه‌ر سه‌رقاڵیت به‌ ئاماده‌ركدنی‌ وه‌لامه‌كه‌وه‌ , وه‌ك ده‌ڵێن ئێمه‌ بۆیه‌ دوو گوێ و یه‌ك ده‌ممان بۆ دروست كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرتر ببیستین وه‌ك له‌وه‌ی‌ ده‌یڵێین , پاشان ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی‌ تۆ ئاماده‌یان ده‌كه‌ین پێش كۆتایی‌ هاتنی‌ بابه‌ته‌كه‌ ره‌نگه‌ زۆر دوور بێت له‌ رێره‌وی‌ راسته‌قینه‌ی‌ لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ به‌مه‌ش بابه‌ته‌ سه‌ره‌كی‌ یه‌كه‌ت له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و كات وه‌ڵامی‌ زانستی‌ و گونجاوت پێنا بێت .

بێژنگ مه‌ده‌ له‌ قسه‌كان یان له‌ بابه‌ته‌كان  ئه‌وه‌ی‌ خۆت ئه‌ته‌وێت به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ ببیستیت ئه‌وه‌ی‌ دی‌ وه‌لاوه‌ بنێیت ساتێك به‌رامبه‌ركه‌ت بزانێت تۆ به‌ پێ ویستی‌ خۆت ووشه‌كان هه‌ڵده‌بژێریت و وه‌ری ده‌گری‌ ئه‌و بێده‌نگ ده‌بێت و متمانه‌ی‌ به‌ ووتن نامێنێ له‌ ئاستی‌ تۆدا . له‌ هه‌مان كات دوو بابه‌ت له‌ یه‌ك ساتدا وه‌ر مه‌گره‌ تێگه‌یشتنی‌ دوو بابه‌ت له‌ یه‌ك ساتدا كاری‌ شیكردنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ قورس ده‌كات , لێگه‌رێ روباره‌كه‌ به‌ هێمنی‌ به‌ یه‌ك جۆگه‌دا بروات . مرۆڤ ساتێك تێگه‌یشتنی‌ ته‌واوی‌ نه‌بێ بۆ بابه‌تێك ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ وای‌ لێبكات بریارێكی‌ پێش وه‌خته‌ی‌ هه‌ڵه‌ بدات ,  به‌ واتا بریار دان ده‌بێ هه‌ڵبگیرێ بۆ كۆتایی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینی‌ به‌ ته‌واوی‌ له‌ هه‌موو بنه‌ماكانی‌ بابه‌تكه‌ گه‌یشتویت و شیكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واوت بۆی‌ هه‌یه‌ , بریاری‌ به‌ په‌له‌  زۆر جار هه‌ڵه‌ی‌ گه‌وره‌ به‌ دوای‌ خۆیدا دێنێ .

ئه‌و كاته‌ی‌ به‌رامبه‌ركه‌ت بابه‌تێكت بۆ باس ده‌كات مه‌كه‌وه‌ خه‌یالكردن و سه‌پاندنی‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌سه‌ر خۆتدا له‌ ناو خه‌یاڵتا چونكه‌ ئه‌و خه‌یاَلانه‌ی‌ تۆ هه‌ته‌ به‌ شێكی‌ وه‌همن وه‌ ره‌نگه‌ دوور بێت له‌ ژینگه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ت بۆ باس ده‌كات له‌ هه‌مان كات  ئه‌م خه‌یاڵه‌ له‌ كۆتایدا به‌ ئازار دانی‌ خۆت ده‌شكێته‌وه‌ مرۆڤ پێویسته‌ وورد بێت له‌ وه‌رگرتنی‌ بابه‌تێك به‌ جۆرێك خۆی‌ نه‌خاته‌ جێگه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی‌ خافڵ بوون له‌ هه‌رسكردنی‌ سه‌رجه‌می‌ بابه‌ته‌ بنچینه‌یه‌كه‌ .

له‌ ئامۆژگاری‌ گه‌رێ تۆ بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێنراویته‌ته‌ ئه‌م گفتو گۆیه‌ تا ببیته‌ زانا و بكه‌ویته‌ ئامۆژگاری‌ كردن , كارێكی‌ وا مه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا له‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت بسڵه‌مێته‌وه‌ له‌ ووتنی‌ راستی‌ یه‌كان یان هه‌ر زوو بێزار بێت له‌ خستنه‌ رووی‌ راستی‌ بابه‌ته‌كه‌ , تۆ ده‌بێت گوێگرێكی‌ باش بیت سه‌ره‌تا وه‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ متمانه‌ پێدراوێكی‌ باش له‌ پاشان ده‌توانی‌ بزانی‌ ئاخۆ ده‌كرێت تۆ بۆچونه‌كه‌انی‌ خۆت روون بكه‌یته‌وه‌ واتا ده‌بێت كاتی‌ گونجاو وه‌ڵامی‌ گونجاو له‌ دوای‌ تێگه‌یشتنی‌ ته‌واوپێ بێت .

زۆر دڵنیا مه‌به‌ له‌ وه‌لامه‌كان هه‌میشه‌ گریمانه‌یه‌ك دابنێ كه‌ تێگه‌یشتنێك رووی‌ دا چۆن بتوانی‌ چاره‌ه‌سه‌ری‌ بكه‌ی‌ كه‌س له‌ ئێمه‌ له‌و پله‌یه‌دا نی‌ یه‌ بتوانێ ده‌ره‌وه‌ی‌ بازنه‌ی‌ بینینی‌ به‌رامبه‌ر به‌ ته‌واوی‌ ببینێ ده‌بێ تا ئه‌و سنوره‌ نیشانی‌ به‌رامبه‌ر بده‌ین كه‌ خۆمان ده‌یبنین و ئاستمان به‌ سه‌ریدا ده‌شكێ , ساتێكیش وه‌ڵام ئه‌ده‌یته‌وه‌ هونه‌ری‌ وه‌ڵامت با نه‌رم و سه‌لمێنه‌ر بێت دوور به‌ له‌و ووشانه‌ی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت لاواز ده‌كات یان برینداری‌ ده‌كات ئه‌مه‌ به‌ زه‌ره‌ری‌ هه‌ردوكتان ده‌شكێته‌وه‌ , وه‌ك كورد ده‌ڵێت زمانی‌ شیرین ده‌رمانه‌ , یان ده‌ڵین به‌ قسه‌ی‌ خۆش مار له‌ كون دێته‌ ده‌ره‌وه‌ .

تۆ هه‌میشه‌ راست نیت ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانیت ده‌ی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ راستیت بۆچی‌ گوێ ده‌گری‌ پاشان ئایا تۆ ده‌زانی‌ پله‌ی‌ خۆت له‌ بیر و هزردا له‌ كوێدایه‌ تا به‌و ئاسانی‌ یه‌ بریاری‌ راستی‌ بریاره‌كانی‌ خۆت بده‌ی‌, ئه‌مه‌ی‌ ده‌یكه‌ی‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ترساندنی‌ به‌رامبه‌ركه‌ته‌ له‌ ووتنی‌ سه‌رجه‌می‌ بابه‌ته‌كه‌ , ئه‌وه‌ بزانن مرۆڤ دۆرانی‌ به‌ ئاسانی‌ لا ناخۆشه‌ ساتێكیش تۆ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بریار ئه‌ده‌یت وه‌ پێ ی‌ ده‌ڵێیت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ترسێك له‌ ناو ئه‌ودا ده‌چێنی‌ كه‌ نه‌توانێت سه‌رجه‌می‌ برگه‌كانی‌ بابه‌ته‌كه‌ بڵیت به‌مه‌ش تۆ ده‌كه‌ویته‌ داوی‌ تێنه‌گه‌یشتن و بریاری‌ خێرا , سه‌ره‌نجام هه‌ردوو لا زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بن , ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ده‌یڵێت لۆژیكی‌ نه‌بێت به‌ڵام لێگه‌رێ با بیڵێ به‌ خێرایش به‌رپه‌رچی‌ مه‌ده‌ره‌وه‌ , رێگه‌یه‌ك بدۆزه‌ره‌وه‌ به‌ بێ ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ستی‌ پێبكات لۆژیكی‌ بابه‌ته‌كه‌ی‌ بۆ روون بكه‌ره‌وه‌ .

ئێمه‌ بۆ لێك تێناگه‌ین ئایا به‌ راستی‌ لێك تێناگه‌ین یان نامه‌وێت لێك تێبگه‌ین یان هه‌ر له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ لێك تێنه‌گیشتن هه‌یه‌ له‌ نێوانمادا ؟ ئه‌مه‌ ئاسانه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت لێك تێبگه‌ین به‌ڵام به‌ هۆی‌ درك پێنه‌كردنمانه‌وه‌ له‌ چۆنێتی‌ گۆیگرتن و چۆنێتی‌ وه‌لامدانه‌وه‌و چونێتی‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌ كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی‌ لێك تێنه‌گه‌یشتن ده‌رۆَین 
به‌مه‌ش ده‌بینین په‌یوه‌ندی‌ یه‌كان به‌ره‌و ساردبوونه‌وه‌و داپچران ده‌روات له‌ كۆتایی‌ دا , ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌ته‌ راستی‌ یه‌ك ئاسانه‌ لێك تێبگه‌ین ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌ڵام به‌ هێمنی‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×