وەزیری سەرکەوتو کێیە؟

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2023-06-17     250

‎سەرۆک ئەو کەسەیە کە فەرمان دەردەکات بۆ خوار خۆی و چاوەرێی جێبەجێکردنی دەکات، بێ زانینی کارلێکردن و ئەنجامی باش، یان خراپی. سەرکردە خۆی لەگەل خوار خۆی بەشدارە لە باشکردن و بەرەو پێشبردنی کارەکان، سەرۆک دەڵێت: من، بەڵام سەرکردە دەڵێت: ئێمە.

کاتێک وەزیرێک کارێکی وەزارەتێکی دەدرێتە دەست، ئایا ببێتە سەرۆک، یان ببێتە سەرکردە، سەرکەوتو دەبێت لە کارەکانیدا. سەرەتا بزانین وشەی وەزیر کە بەردەوام بەکاری دێنین مانای چییە؟ لە قورئاندا لە سورەتی طە ئەم وشەیە هاتووە ( واجعل لي وزیرا من اهلی ) بە مانا عەرەبیەکەی ( معینا یتحمل المسولیة ) بە مانای پاڵپشتێک کە توانی هەلگرتنی بەرپرسیارێتی هەبێت. واتا توانای هەبێت پاڵپشتی دەسەلاتەکە بێت بۆ سەرکەوتنی کارەکانی، لە هەمان کات پاڵپشتی وەزاەرەتەکەی بێت بە هەموو فەرمانبەر و کارمەندەکانیەوە. دەبێت کەسێک بێت شارەزا بێت لە بواری وەزارەتەکەی، وە دادپەروەر بێت و دەرگای کراوە بێت لە کاتی کێشەکان، بە دادپەروارانە بریار بدات، پاش گوێگرتن بۆ هەردولای کێشەکە. بەرنامەو پلانی کورت خایان و درێژخایانی هەبێت، لە هەموو ئەمانە گرنگتر دەرچونی مەیدانی هەبێت بۆ سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی و فەرمانگە و پرۆژەکان،ی تا لە نزیکەوە راستیەکان ببینێت و کارلێکی هەبێت لە گەڵیاندا. بە مانای وەزیر هەڵگری هەموو قورسایی وەزارەتەکەی و حکومەتە لەو بەشەی کاری تێدا دەکات.

هۆکاری شکستی وەزیر و وەزارەتەکەی و حکومەت کرکەوتنە لە سەر کورسی بێ گوێدانە گەرانی شوێنی، سەیرکردن و گوێگرتنە بۆ بابەتەکانی وەزارەتەکەی لە دورەوە، تێکەڵکردنی کاری حیزبی بە کاروباری وەزارەتەکەی، تێکەڵکردنی کاری کەسی گوێنەدانە رێنمای و پلانەکان، نا شەفافیەت لە داهات و سەرفکردن، دانەنانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا، بریاردان بە میزاج و بەرژەوەندی کەسی، نەبونی چاودێری تەندروست لەسەر وەزارەتەکەی، پشتگوێخستنی کەسانی شارەزا و دلسوز و لەبری ئەوە هێنانە پێشەوەی کەسانی نەزان و نا شارەزا تەنها لەسەر بنەمای حیزبی و کەسی، نەبونی هەماهەنگی لەگەل وەزارەتەکانی دی، بریاری بە پەلەی نا تەندروست بە بێ سەردانی مەیدانی و لێکۆلینەوەی دروست لە لایەن کەسانی شارەزا و جێ متمانە.

بۆیە وەزیر بە مانای کارێکی قورس و بەپرسیاریەتیکی هەستیار، پێویستە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لە پاش ئەو پەرلەمان چاودێری چالاکی و تواناکانی وەزیرەکان بکات و ساڵانە راپۆرتی دەستخۆش یان کەمتەرخەمی پێشکەش بکات و لەسەر بنەمای باشی و خراپی بریاری مانەوەی یان لابردنی وەزیرەکە بدرێت.

بۆیە پێویستە وەزیر لە وەزارەتەکەی سەرکردە بێت نەک سەرۆک، ئامادە بێت گوێ بۆ کارگوزارێکی ئاسایی وەزارتەکەشی بگرێت، تا بتوانێت سەرکەوتو بێت و ببێتە وەزیرێکی سەرکەوتو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×