زەمەنی کۆنترۆڵی مناڵەکەت گوزەشت

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2022-12-04     497


کاتێک مرۆڤ بانگەشەی ئازادی دەکات بۆ خۆی و دەرگاکان قفڵ دەکات لەسەر بەرامبەرەکەی ، کاتێک خۆت بیر دەکەیتەوە و دەتەوێ راست و چەپی خۆت بزانی بەڵام رێگاکانی بیر کردنەوە دا دەخیت لەسەر بەرامبەرەکەت ، کاتێک بروا بوون بە زانست رۆژانە قوڵ دەبێتەوە و دەیبینی بە چاوەکانت و بەرامبەرەکەت ئاراستە دەکەیت بۆ خورافات و متۆلۆژیاکان ، کەواتە تۆ بەشێکی لە وێرانکردنی کۆمەڵگا و نەوەکانی . 
پێش رزگارکردنی عێراق ئەم وڵاتە لادێیەکی چەپەکی گەورەی دوور لە جیهان بوو ، کۆمەلگایەکی داخراوی تێکەڵ لە مەزهەب و تایەفە و نەتەوەی جیاواز ، لە ناو چوار چێوەیەکدا دەسوراینەوە کە هەمان چوار چێوەی هەزار ساڵ لەمەو پێش بوە ، هەر کۆمەڵە و بەشێکی بۆ خۆی هەڵبژارد بوو یاسا و رێساکانی بە پێی ئەو بەشە دادەرشت لەسەری دەرۆشت . 
دوای رزگارکردنی عیراق ژیان گۆرا بیرکردنەوە و دنیا دیدەی و روانگەکان گۆران بە تایبەت لە هەرێمی کوردوستان هەموو دەرگاکان لە کاتێکی زۆر کورتدا کرایەوە بە تایبەت کاتێک کۆمەڵگای کوردی ئەو دەرگایانەی بۆ کرایەوە تەکنەلۆژیا لەسەر پلیکانەکانی خێرا سەرکەوتن بوو بۆ سەرەوە ، ئەم گۆرانکاریە سیاسیانەی بەرۆکی هەرێمی گرت بووە هۆی خولقاندنی گۆرانگاری سۆسێلۆژی و کۆمەڵایەتی لەپر بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا لە ئەنجامداا دوو نەوەی زۆر جیاواز دروست بوون لە ناو هەرێمی کوردوستان نەوەی دوای ساڵانی نەودەکان و نەوەی پێش سالانی نەودەکان . 
نەوەی پێش سالانی نەوەدەکان نەوەیەکی داخراوی موحافزکاری دەستگرتو بە کلتور و دین و داب و نەریتەکان ، نەوەی دواتر نەوەی کرانەوە تەکنەلۆژیا و ئایدیا و جیهانگیری . 
ئەمرۆ نەوەیەکی دی هاتۆتە پێش وەچەی نەوەی تەکنەلۆژیان نەوەی تێکەڵبوون بە جیهان و سیستمی کاپیتالیزمی جیهانی ، ئەوە سیستمەی لە سەرەتای لە دایک بوونی مرۆڤەوە کار لەسەر لیبرالیەت و ئازادی رەهای تاک دەکات قۆناغ بە قۆناغ لە مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگادا دەیچەسپێنێ لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و مانەوەی ، ئەم سیستمە کاری تەواوی کردوە بۆ ئەوەی نەوەی پێشتر نەتوانن کۆنترۆلی ئەم نەوە نويیە بکەن و لە هەمان کات بە خێرای گۆرانکاریەکان لەم نەوەیەدا تۆخ دەکاتەوە .
ئەمرۆ مناڵەکات لە ژێر کارێگەری سیاسەت و تەکنەلۆژیایەکی جیهانیگری سیستماتیکی کاپیتالیزمە ، لە رێگەی یاریەکانی فلیمەکانی زنجیرەکانی لە رێگەی قوتابخانە سۆشیال میدیاکان تەنانەت رەنگ و بۆنی جل و بەرگ و پێداویستیەکان  لەرێگەی مافەکانی مناڵ و ئازادییەکان کار دەکات بۆ کۆنترۆلکردنی منالەکەت بە ناوی نیو لیبرالیزم ، تۆی باوک و دایکیشی دەست بەند کردوە لە رێگەی یاسا تایبەتەکانی پاراستنی تاک و ئاسانکردنی رێگاکانی هەلهاتن و یاخی بوون  بەرەنگار بونەوە بۆ ئەم نەوەیە . 
بۆیە دەبینی کۆنترۆڵکردنی مناڵەکەت کارێکی ئاسان نەماوە ، رێگایەکی لێ بگرە سیستم سەد رێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ گەیشتن پێی و ئاراستەکردنی بەو شێوەی بەرژەوەندی خۆی دەخوازێت ، رەنگە بپرسین ئایا ئەمە باشتر نییە بۆ مناڵەکە تێکەڵ بە سیستمی جیهانی و نوێگەری و پێشکەوتن ببێت ، بۆ زانینی ئەنجامی باشی و خراپی ئەم تێکەڵبوونە زەمەنێک و لێکۆلینەوەیەکی ووردی پێویستە تا ئەنجامەکانی ئەم تێکەڵبوونە بدۆزرێتەوە ، بەڵام ئەوەی روون و دیارە ئەم تێکەڵبونە بۆ بەرژەوەندی سیستمە جیهانییەکەیە ، راستە لە پالیدا ئازادی تاکە کەس زیاتر دەبێت بەلام تاک گەرایش لە پاڵیدا پەرە دەسێنێت ئەمەش بە مانای هەلوەشاندنەوەی کۆمەلگاکان و خێزانی زیاتر . 
گرنگ ئێستا کۆنترۆلکردنی مناڵەکەت ئەو کارە ئاسانە نەماوە ، رەنگە لێرەش بپرسین بۆ کۆنتتۆڵی منالەکان بکەین بۆ وەک ئێمە داخرا و کەم بین بن ، رەنگە بڵێین با ئەمانە ئازادانە بژین و چاوکراوەتر و باشتر لە ئێمە چێژ لە ژیان ببینن و گوزەری تێدا بکەن ، هەمان شێوە وەلامی ئەم پرسیارە شیکاری وورد و کاتێکی زۆری دەوێت تا ئەنجامی ژیانی نەوەی نوێ ببینرێت لە داهاتو ئایا ئەو نەوەیە دەبێتە سوپەر مرۆڤ یان دەبێتە کاڵا و ئامێری دەستی سیستمی کاپیتالیزم . 
باوان ئەمرۆ چیبکەن لە نێوان بەرداشی کلتور و دین  و کۆمەلگاو  لەگەل مۆدیرنە و نیو لیبرال و سیستمی جیهانی ؟ وەلامی ئەم پرسارە لە نێو خودی ئێستای خێزانەکانی کوردیدا هەیە دەبینین باوان و مناڵان لێک تێناگەن و مەودای نێوانیان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت ، دەبینین هێدی هێدی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان کەمتر دەبنەوە لە بری ئەوە توندو تیژی زیاتر دەبێت و کوشتن و راکردن و سەر هەلگرتن زیاد دەکات ، ئەم شەرە بۆ هەردولا شەرێکی دۆراوە ، بۆیە باشترە باوان لە کۆنترۆلکردنی مناڵان بگەرێن و هەوڵبدەن لەم گۆرنکاریە نوێیە تێبگەن و لەگەلیدا گوزەر بکەن ، دەبێت باوان ئەوە بزانن بەرەنگار بوونەوەی سیستم بەمان ناکرێت چونکە باوانیش بێ بەش نین لە کوشتنی ئازادی تاکە کەسی و باوک سالاری و کۆنە پەرستی ، باشترین ئەوەیە زمانێکی نوێ لە نێوان هەردولا دروست ببێت لە سەر بنەمای بیرکردنەوەی ژیرانە  و هوشیارانە رێگەیەکی نزیک لە یەک بدۆڕیتەوە ئەویش بە بەرز بوونەوەی باوان بۆ ئەو جێگەیەی مناڵان پێی گەیشتون نەک هێنانە خوارەوەی مناڵان بۆ حەسارەکانی باوکان ، لەبەر ئەوەی سیستم لە سەرەوە کار دەکات بۆیە دەبێت بچیتە لای سیستمەکە تا چاڵ و قوژبنەکانی بگریت و ژیانێکی باشتر بۆ هەردوو لا مسۆگەر بکەیت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×