لە دوای گرتنەوەی تەواوی غازی روسیا لە ئەوروپا لە ئێستادا ئەوروپیەکان تەنھا سەرچاوەیان غازی قەتەر وئەمریکا و ئوسترالیایە لە پاڵ غازی نەرویج کە ھەر ھەمویان بەھایان گران دەکەوێت لەسەر ئەوروپییەکان ، ئەمەش بۆتە ھۆی داروخانی بازاری پیشەسازی ئەوروپا ، بەشێک لە کارگەکانیان بەرەو وەستانی کار دەچن ، ئەوەی لەو نێوەندە قازانجی کردوە تەنھا چینە کە بە نرخێکی ھەرزان غازی روسی دەکرێتەوە بەمەش پەرەی باشی داوە بە بواری پیشەسازی و ئابوری چین ، لەم نێوەندا تورکیا سودی لە بەشێکی قاچاغی غازی روسی وەرگرتوە بەڵام لە ترسی ئەمریکا ناتوانێت وەک چینیەکان بازرگانی بە غازی روسیاوە بکات بە ئاشکرا ، گەیشتنی غازی قەتەریش بە دەریای ناوەراست لەم کاتەدا قورسە ، بۆیە تورکیا لە پاڵ زامنکردنی سوریا بۆ راکێشانی ھێڵی غازی قەتەری دەیەوێت دەرگایەکی دی مسۆگەری ھەبێت تا بتوانێت غاز بە ئەوروپیەکان بفرۆشێتەوە لە لایەک قازانجێکی زۆر لە لایەکیش بەدیھێنانی خەونەکەی بۆ چونە ناو بازاری ئەوروپی بە شێوەیەکی فراوان ، گەیشتنی غازی قەتەر ھاوبەشە قازانجی زۆری دەبێت بۆ تورکەکان لە پاڵ ئەوەدا رێگری ھەیە لە کاتی جێبەجێکردنی رێرەوی داود کە ئیسرائیلیەکان بە ئاسانی ناھێڵن بێ قازانج ئەو ھێڵە لە سوریاوە تێپەرێت ، بۆیە ئەمەریکا و ئیسرائیل ھاوکاری رۆژ ئاوا دەکەن تا بەشی شێری خۆیان لەو رێرەوە مسۆگەر بکەن .
ئەم نەنگی و بەربەستانە وای لە تورکیا کردوە پەنا بۆ ئۆچەلان ببات تا دوریان بخاتەوە لە ھەر ئەگەرێکی بەکارھێنانیان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرایلەوە بۆ ریگریکردنی رێرەوی غازی قەتەری لە پاڵیدا دەست دەبات بۆ غازی باشوری کورودستان تا بەدیھێنانی ئەو خەونەی بتوانێت بەشێک لە غازی ئەوروپا لە سلێمانیەوە مسۆگەر بکات ، ھەرچی کۆبونەوەی ئەم ماوەیەی تورکیا لەگەل سەرانی حیزبەکانی کوردوستان بۆ فشار خستنە سەر یەکێتی نیشتیمانی کوردوستانە تا رەزامەندی بدات لە ھەناردەکردنی غازی کۆورمۆر بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا ، تورکیا بێدەنگی و سەرقالی روسەکانی بەھەلزانیوە لە پاڵ لاوازی ئێرانیەکان کە پێشتر رێگر بوون لە ھەناردەکردنی ئەو غازە ، ئەوەی ئێستا رێگرە و کێشەیە بۆ تورکیا یەکێتیە ، بەڵام یەکیتیش چەندێک لە ژێر فشاریشدا بێت بە بێ رەزامەندی ئێرانیەکان و بەغداد ناتوانێت ئەو کارە بکات ، بۆیە تورکیا لە رێگەی پێکھێنانی حکومەت و بانگێشتی ئەو لایەنانە فشار دەخاتە سەر یەکێتی ، ھەرچی کۆبونەوکانی بەغادا و ھەرێمیشە پەیوەستە بەو بابەتەوە ، تورکیا لە دوو خاڵدا ئەم شەرەی پێناکرێت و سەرئەنجام دۆراو دەبێت ، یەکەم راستە ئێران لە ئێستادا لاوازە بەڵام بە دوگمەیەک دەتوانێت ھەمو پلانەکانی تورکیا ھەلووەشێنیتەوە ، دووەم روسەکان ناھێڵن بە ئاسانی ھێڵی قەتەری بگاتە دەریا ناوەراست تا بونی تەواویان لە ئۆکرانیا مسۆگەر نەکەن بە ئاشتیانە .
ئەم گرێ ئاڵۆزانە بە ئاسانی ناکرێنەوە لەو کاتەی ئیسرایل پلانی فراوانبون و گەشەی جوگرافی دارشتوە لەگەڵ قەبە بونی چینیەکان و دواکەوتنی ئەمریکیەکان لە ھاوکێشەکاندا .
کورد لێرە بە دوا لە ھەرچوار پارچەکەی کوردوستان لە ئێستا بەدوا رەگی سەرەکی ھەموو ئەم گۆرانکاریانەن ئەگەر ژیرانە پلان دانێن و یەکگرتوو نیشتیمان پەروەر بن بە دڵنیای داھاتویەکی زۆر باش چاوەرێی کوردە ، ئەگەر ببنە نۆکەری بێگانەش دوا دەکەون و نۆکەران لەم ژێر دەست و پێی زلھێزانە تیا دەچن و دەفەوتێن ، ئەوانەی دەمێننەوە نەخشەی جیھانی کوردوستان سەر لەنوێ دەنەخشێننەوە بە ئازادی دەروانن لەگەڵ زلھێزەکان بەشداری نەخشە ئابوری و پیشەسازیەکان ببن .