لەجیهاندا شێوازی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرپەمان بێت یان سەرۆکایەتی لەرێگەی پێشکەشکردنی بەرنامەو پلانی داهاتوی هەر لایەنێک یان حیزبێکە کە پێشبرکێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە، باشترین بروانامە بۆ هەر حیزبێک بۆ ئەوەی لای دەنگەدەران پەسەند بێت مێژوو کارو کرادری ئەو حیزبەیە لەرابردودا لەروی خزمەتگوزاری بێت یان لەروی پەیرەوی حیزب و پێشکەشکردنی باشترینی لە هەموو بوارەکانی سیاسیدا.
لەکوردوستان پێچەوانەی جیهان هیچ حیزبێک بەرنامەو پلانی نییە کە بتوانن بەشێوەیەکی زانستی و ژمارە پێشکەشی بکەن، هیچ کامیان دنیا بینیەکی نوێ پێشکەش ناکەن کە دەنگدەر بروای پێبێنێت، بەپێچەوانەوە ئەوەی دەیکەن لەیەکتر ناشرینکردن و هەڵدانەوەی پاشەڵی ناشرینی یەک و رشانەوە بەیەکدا هیچی زیاتریان پێ نییە، شەقام و شۆستەو بلوارەکان ناشرین دەکەن بە وێنە کە هەریەکێکیان کەمی دەرونی خۆی لە گەورەی وێنەکەیدا بەرجەستە دەکات وەک ئەوەی کامیان پۆستەری زەقتر و گەورەتر بێت باشتر و ئازاتر دەرکەوێت لەو وێنانەدا.
رەخنە ئاساییە بە مەرجێک بنەما و بنەچەی زانستی و تەندروستی هەبێت، رەخنە دروستە بەمەرجێک ببێتە شارێی چاکسازی و چاککردن ، ئەمەی ئەمان رەخنە نییە لە دیوێک هەڵدانەوەی مێژوی ناشرین و خیانەت و بۆگەنیەکانی یەکدیە، لەدیوێکی دی شکاندن و بێ بەهاکردنی ئەوی کەیانە بە جنێو قسەی ناشرین و قسە بۆ دروستکردن، ئەمە بانگەشە نییە بەڵکو هەڵدانەوەی پاشەڵی پۆخڵی یەکترە کە رەنگە خۆیان نەیانبینیبێت نەزان لەوەی هاونیشتیمانی ئەم هەرێمە باش هەمویانی کێشانە کردوە و قورسی هەر یەکێکیان دەزانێت، ئەمەی حیزبەکان دەیکەن تەنها ناشرینتر کردنی یەکدیەو شکاندن و رەش کردنی بەرامبەر کە خۆیان لە بنەرەتدا ناشرین و بێ بەهان، ئەزمونی سی ساڵی دەسەڵاتداری باشترین سەلمێنەرە کە هیچ کامیان لەوانی دی باشتر نەبوە بۆیە خەڵک بێئومێدە لەلایەک وە لە لایەکی دی ئەوەی ئەم داشی دامانە دەگۆرێت هێزی ئیقلیمی و جیهانییە ، ئەوەی ژیر بێت دەزانێت هەڵبژاردن لە تای تەرازوەکان ناگۆرێت لەم رۆژهەڵاتی ناوینە بەگشتی ، تەنها کۆمەڵێ مشەخۆری دی زیاد دەکات بۆ سەر بودجەو قوتی خەڵکی.