پەنابەران، یەکێتی ئەوروپا دابەش دەکات

شوان سدیق
  2023-11-10     300

هەر وڵاتی و بەویستی خۆی دەکات، هەمووان لەسەر یاسایەک کۆکن کاتێ دێتە سەر جیبەجێکردنی ڕەخنەیان لێی هەیە یان جێبەجێی ناکەن، گەر جێبەجێیشی بکەن بەویستی خۆیان دەکەن، ئەمە سیاسەتی ئێستەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایه سەبارەت بە کۆچبەو پەناخوازان.

ناکۆکی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زیاتر لەسەر دابەشکردنی کۆچبەرانەو ئەوان دەیانەوێ بەویستی خۆیان کۆچبەری یاسایی وەکو پێویست و دەستی کار بهێننە وڵاتەکانیان!

ئەم پێشهاتانەی لە ئەوروپا ڕوودەدەن ئەمساڵ زیاتر ڕەنگی داوەتەوە بەتایبەتی پاش جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیاو هەڵئاوسانی ئابووری.

ئەڵمانیا سەرقاڵی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانە ئەوانەی بوونەتە بار بەسەر وڵاتەکەیانەوە، پۆڵەنداو هەنگاریاش ڕەتی دەکەنەوە کۆچبەران وەربگرن یان بەسەریندا دابەشبکرێ.

لەلایەکی دیکەش فەرەنسا سنوورەکانی بەڕووی ئیتاڵیا قائیمکردوە بۆ ئەوەی پەنابەران نەیەنە وڵاتەکەیان لە بەرامبەریش ئیتاڵیا دەڵێت؛ پەنابەران زۆری بۆ هێناوین و دۆخەکەمان بۆ کۆنترۆڵ ناکرێ پێویستە یەکێتی ئەوروپا چارەسەری گونجاوی هەبێ لەبەرامبەردا یەکێتی ئەوروپاش هاوڕایە کە دەبێ پەنابەران دابەش بکرێن و وڵاتانی ئەندام ڕێزلە مافی مرۆڤ بگرن!!

ڕۆژی 7ی ئەم مانگە لە ڕۆمای ئیتاڵیا سەرۆکوەزیران جۆرجا مێلۆنی و ئێدی راما سەرۆکوەیرانی ئەلبانیا ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد!

حکوومەتی ئیتاڵیا دوو سەنتەر بۆ کۆچەران لە ئەلبانیا دەکاتەوە... دیارنییە مێلۆنی بەتەمای چییە، کۆچبەران ڕەوانەی ئەلبانیا دەکەن یان سەنتەرەکان بۆ هاوکاری

کۆچبەرانی نێو ئەلبانیایە، بەڵام مەرامەکانی مێلۆنی ئاشکران دژی پەنابەرانە!!

ئۆپۆزسیۆنی ئیتاڵی هەنگاوی گواستنەوەی پەنابەران بۆ ئەلبانیا بە گۆنتانامۆ ناوزەند کرد ئەم هەنگاوەی حکوومەتیش بەخراپ پێناسەکردو دەیەوێ لەڕێگەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیرانەوە، بڕیار لەسەر پرسی پەنابەران دەربکرێت.

هەرچەندە ئەلبانیا هێشتا لەدەرەوەی یەکێتی ئەوروپایەو ئەندام نییە بەڵام ئیتاڵیا وەکو ئەندامێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات بەهۆی زۆری هاوڵاتیانی ئەلبانی لەئیتاڵیاو پەیوەندی باشی نێوان حکوومەتەکانیان!!

ئاژانسی ئانسای ئیتاڵی نووسیویەتی ئەو سەنتەرانە بۆ پەنابەرانەو ساڵانە 39 هەزار کۆچبەری تێدا نیشتەجێ دەکرێت، دیارە کۆچبەرانی ڕزگارکراو لەدەریاکان ڕادەگوێزرێنە نێو ئەو کەمپانە.

لە نێوەڕاستی سێپتەمبەری ئەمساڵ لەماوەی حەفتەیەک نزیکەی ٨ هەزار پەنابەر گەیشتنە دوورگەی لە مپێدوسای هەرێمی سیچیلیا.

ئەوکات حکوومەتی ئیتاڵیا باری نائاسایی لە ناوچەکە ڕاگەیاند. سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا جۆرجا مێلۆنی بارودۆخەکەی بەدڵ نەبوو بە توڕەییەوە گوتی؛ پەنابەرانی نایاسایی سنوورەکان ببەزنن، دەستگیر دەکرێن و دەگەڕێندێنەوە، پێویستە پەنابەران تێبگەن بەزاندنی سنوور کارێکی نایاسایی و خراپە هەر وەکو ئەوەی پارە بە کۆمەڵێک کەسی خراپ دەدەن بەناوی گەیشتن بەڕۆژئاوا.

تەنیا ئەمساڵ 114 هەزار و 564 پەنابەر ڕووی لە ئیتاڵیا کردوە، بەبۆچوونی کۆمیسیاری پەنابەرانی ئیتاڵی ئەم ئامارە زۆر زۆرە بەراورد بەساڵانی رابردوو!

ڕێکخراوی پێشوازی لە پەنابەران بەیاننامەیەکی بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە ڕێکەوتنی نێوان ئیتاڵیاو ئەلبانیا بێگومان "ئەو ڕێوشوێنانەی کە حکوومەتی ئیتاڵی پێشبینی کردووە، گەر جێبەجێیان بکات، کارێکی نایاسایی و نامرۆڤانەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×