هەڵەبجە، وەک ڕابردووم

شوان سدیق
  2024-03-16     172

یادی هەڵەبجەیەو کۆتایی حەفتەشە سەرەتا نەموییست شتێک لەوبارەوە بنووسم.

زۆرجار دەڵێی پێویست ناکات، دواتریش پەشیمان دەبیەوە. بەدەرفەتمزانی لەم گەشتە دوورەم گەشتێکیش بەڕابردووی ڕووداوەکان بکەم!

لە گەڕەکی کانی عاشقانی هەڵەبجە لەدایکبووم.

تەمەنم شەش ساڵ و شتێک بوو شارەکە کیمیاران کرا.

ڕۆژێک پێشتر و ڕۆژی دواتریش لەنێو ژێر زەمین ماینەوە.

دواتر سوپای ئێران ڕەوانەی ئێرانیان کردین دوو ڕۆژێک لە سەرسنوور ماینەوە.

ڕۆژی دواتر گەیشتینە ئێران و پاش چەند ڕۆژێک لە ئۆردووگای سەریاس جێگیرکراین.

ژیانی نێو خێمەو خراپی گوزەران خەڵکی هەر بەخەیاڵی گەڕانەوە بوو.

پاش چەند مانگێک ژمارەیەک خێزانی هەڵەبجەی گەڕانەوە بۆ عێراق.

 عێراق هەموومانی لە شاری سلێمانیەوە ڕەوانەی بەندیخانەکرد.

پاش چەند ڕۆژێک بەجیا، ژن و منداڵ و بەساڵاچوو ڕەوانەی باشووری عێراق کراین.

چەند ڕۆژێکی پێچوو لە پارێزگای مووسەنا گیرساینەوە، 

زیندانی نوگرە سەلمان یەکێکە لە زیندانە کۆنەکانی عێراق، کردیانە شوێنی ژیانمان.

 نوگرە سەلمان دەکەوێتە پارێزگای موسەنا لە شاری سەماوە لە ساڵی ١٩٣٠ لە سەردەمی پادشایەتی دروستکراوە..

مانەوە لە نوگرەسەلمان نزیکەی ساڵێکی خایاند ساڵێک لەزیندان بەئاسانی باس ناکرێت، ماوەیەکی پڕ لەتراژیدا، برسێتی و توێنێتی خۆراکی خراپ، ئەشکەنجەی دەروونی!

بۆ خێزانی خەڵکی بەندیخانەکە جارێک ناخۆشبوبێ بۆ ئێمە دووجار، باوکم بەهۆی بەرکەوتەی کیمیایەوە چاوەکانی کزبوون و توانای نابینایەی لاوازبوو.

ئێمەش منداڵبووین، ژیانی بەندیخانەش هەمووی ڕاکەڕاکەو فڕکان فڕکانبوو بۆنان و ئاو!!

نەخۆشی و لاوازی جەستەیی و گەڕبوونی لەش و سەرمان بەهۆی کەمخۆراکی و ئاوی پیس و حەمام نەکردن کێشەیەکی دیکەی ئێمە بوو لەو بەندیحانە!

چیرۆکی نووگرەسەلمان چیرۆکێکی بێ کۆتایە، ژیان و راکە راکی ڕۆژگار نەیهێشت ڕووداوەکان بگێڕینەوە، نەمانتوانی ڕووی راستی ڕاسیسزم و فاشیەت دەربخەین، عێراق و ڕێژمەکەی بەنەفرەت بکەین.

ئاخر ئێمە خۆمان لەنێو تراژیدیەکە بووینە کەچی ژیانی جولەکەکانی ئەڵمانیاو پۆڵەنداو ئیتاڵیا شارەزاین ئەمە کەموکوڕیەکی گەورەو عەیبەیە بۆ ئێمە!

دوای سەختی و ئەشکەنجەیەکی سایکۆلۆجی لە نووگرەسەلمان ڕزگارمان بوو گەڕاندینیانەوە بۆ هەولێر لەوێ دووبارە ژیاینەوە.

 ژیانی کامپ لە هەولێر وێستگەیەکی دیکەی نوێی ژیان، خوێندن و گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆمان ڕێگایەکی دیکەبوو هەولێرییەکان ئامێزیان بۆ کردینەوە.

هەولێریەکان پێیان گوتین ئێوە لەگەڵ ئێمەن ماڵتان لەگەڵ دابەش دەکەین، ئەوهاشیان کرد!!

لەڕاپەڕینیش گەڕاینەوە بۆ سنووری سلێمانی بەپێ ناچاربووین بەشداری کۆڕەوەکە بکەین.

هەر چۆنێک بوو پێش ئەوەی بگەینە سنووری ئێران ناچاربووین بەهەڵەبجەدا تێپەڕێین.

پاش کیمیایی و نوگرەسەلمان و هەولێر هەڵەبجەمان نەبینیەوە تاکو کۆڕەوەکە.

ئەو ڕۆژەی گەیشتنەوە هەڵەبجە لە شەوەکەی خوشکێکم بەهۆی سەرما و باران و سەختی ڕێگاکە کۆچی دوایکردو لە حەوشی ماڵی پورێکم ناچاربووین بەخاکی بسپێرین!

کەس لەم ژیانە سەر دەرناکات، نازانین ڕووداوەکان چۆن دەگوزەرێک، ئەوەی دەبێ ئێمەلێی تێبگەین بەردەوام بین، تێبگەین ئیدی ئەمە ژیانە!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×