ئێران دەزانێت چی دەکات!

شوان سدیق
  2024-01-16     494

هێرکردنە سەر هەولێر ڕووداوێکی ئاسایی نییە، ئەم ڕووداوانەش نوێ نین، دواین هێرشیش نابێ، دەسەڵاتی کوردی و حکوومەتی عێراق، بەرپرسیارێتی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ، تورکیاش هەمان هێرش ئەنجام دەدات بەردەوام! وەکو هەڵوێستێکی دیبلۆماسی و بەرپرسیارێتی لەئاست سوومعەو پاراستنی ئاسایش و ئابووری و سیاسی وڵات پێویستە سەرەتا نوێنەرایەتی ئێران و تورکیا لە هەولێر و سلێمانی دابخرێن.

دواتر هەڵوێستی دیکە بگیردرێتەبەر گەر ئەمە نەکرێ، ئیدی بابەس بێ، درۆ لەگەڵ هاوڵاتیان و خەڵکی بەدروشم و شت هان مەدەن!! 

ئێران و تورکیاش دوو دەوڵەتی فاشی و مەترسیداری شیعی و سوونی ئیسلامین، هەردووکیان ڕاستەوخۆ شەڕی نەیارەکانیان ناکەن هانا بۆ تیرۆر و مەترسی دەبەن!

بەتایبەت ئێران، بەناوی مووساد دۆستایەتی بۆ خۆی زیاد دەکات و شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەکات.

دەوڵەتی شیعی ئێران، کاریگەری زۆریشی لەسەر رای گشتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی مێدیای سلێمانی، لە پاش هێرشکردنە سەر هەولێر و سوپای پاسداران هێرشەکانی گرتە ئەستۆ ئیدی بەدواوە، زۆر شت ڕوون بوویەوە، زۆرێک کەوتنە ژێر کاریگەری بانگەشەو وەهمی ئێران!

 ئێران هەوڵی لاوازکردنی هەولێر وەکو هەرێم بەگشتی دەدات لەڕووی سیاسی و ئابووری بەقازانجی نفوزی خۆی و گروپە شیعیەکان و دۆستەکانی دیکەی!

ئێران، پاش ڕووخانی سەدام بەتەواوەتی هاتە نێو عێراق، ئەو ئابڵووقە ئابوورەیە جیهانیەش لەسەریەتی هەوڵیدا لەعێراق و چەند وڵاتێکی تر مەترسیەکانی کەم بکاتەوە، هەر بۆیە تائێستەش دەیەوێ قەبارەی ئاڵوگۆڕی ئابووری لەگەڵ عێراق بگەیەنێتە ٢٠ ملیارد لە ساڵێک!!

ئێران لەڕووی ئایدۆلۆجی کاریگەری زۆرە لە هەرێم تەنانەت مەلا سوونییەکانیش هەست بەمە دەکەن بەڵام خۆیان لەدژایەتی شیعەچێتی بەدوور دەگرن، تەنیا لە هەولێر و دهۆک حووسەینیەی شیعە نییە لەزۆر شاری عێراق کراونەتەوە لە سلێمانی و مووسڵیش هەیە!

هێزی ئێران سنووردارەو توانای سەربازی لاوازە بۆ لێدان لە ئەمریکاو ئیسرائیل تەنانەت ناتوانێ ئامانجەکانی لە هەرێم بپێکێ، بەڵام مەترسی دروست دەکات!

ئێران دەزانێ لە نێوخۆی هەرێم پشتیوانی دەکرێ و دەرفەتی ئەوەی هەیە شوێن دەستی خۆی دیاری بکات، بۆیە ئەوەی دەیکات دەزانێ بۆی دەچێتە سەر!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×