لەنگەکەیان بۆ تەخت بکەن

شوان سدیق
  2024-02-29     198

وەکو پرۆژەو کارەجوانەکانی دیکەتان بازاڕی لەنگەکەی هەولێریش تەخت بکەن، بیکەنە مۆڵ و نێرگەلەخانە.

جاران لەناو مۆڵەکان کاپوچینۆیەک بە چوار هەزار دینار بوو، نێرگەلەی ژەهراوی بەکۆڵێ پارە بوو، دەتگوت ئەمە چییە؟ کابرا هاواری دەکرد ئێ ئەوە کاپوچینۆیەو دەزانی لە کوێ دانیشتوویت!

لەو ڕۆمای ئیتاڵیایە کاپوچینۆ بە ئیورۆ،و پەنجا سەنتە، شیروقاوەکەش کوالێتی بەرز کاپوچینۆ و هەمووی داهێنانی خۆیشیانە!

لەڕۆما کابرا شاگردیش بکات مانگانە دەیگەیەنێتە ١٢٠٠ ئیورۆی سافی زیاتریش، ئەی لە کوردستان داهاتەکەی بەشی سەری مانگ ناکات!

بازاڕی لە نگەی هەولێر دیسان ئاگری تێبەربوو ئەم بازاڕە هەزاران کەس بژێوی ژیانی لەسەریەتی لەبری ئەوەی دەسەڵات و چاودێرەکان بیر لە ڕێگەیەک بکەنەوە، ئەم کارەساتە دووبارە نەبێتەوە. کەچی "تێکدان"ی بازاڕەکە دێتە بەر باس.

بۆ سوتان یان هەر ڕووداوێکی سروشتی قەرەبووکردنەوەی ڕاستەوخۆ وەکو بڕێ پارە هەڵەیە.

 دەشێ حکوومەت بڕێکی باش هاوکاری دارایی زیانلێکەوتوان بکات بە قەرزی درێژ خایەن، ئەم ڕێگا ئابووریەن سەرکەوتووترە.

بازاڕەکەش پارێزراوبێ یان نەک تێکبدرێ و بکرێتە مۆڵ لەدەست کەسێک یان گروپێکی سەرمایەداربێت!

کێشەی ئێمە ئەوەیە لە هەڵەکانیشمان بەردەوامین، گوندەکانیان چۆڵکرد پیاوەکانیان هەمووی کرد بە پۆلیس و میلیشیا.

کەس کاری خۆی ناکات، پیشەگەری زۆر لەئاستێکی لاوازدایەو ناوە ناوە هەواڵی ڕووداوی دزینی پارە، پێدانی مادەی تەندرووستی، شێواندنی ڕووخسار و خراپبوونی ڕێگاوبان... هتد. دەبیستین!

سیاسەتی خراپی دەسەڵات هیچی وەکو خۆی نەهێشتەوە، بازاڕەکانیان گۆڕی بۆ مۆڵ و سیتی پڕیەتی لە کەرەستەی سینی وتورکی و ئێرانی!

جاران گوند سەرچاوەی خۆراک بوو ئێستە بەرووبوومی وڵاتان لە عەلوەکانی شارن!

زەوی گشتی نەما هەموویان دایە کۆمپانیا بەناوی نیشتەجێبوون. قەیرانی کرێچیش گەورەتر دەبێ!

کورد خێڵ و بنەماڵەی تێنەپەڕاندوە دەیەوێ ببێتە مۆدێرنە، قووتابخانەکانیان داخستووەو شەش پەیمانگای پیشەی باشیان نییە کەچی سی زانکۆیان قووتکردۆتەوە!

هێشتە نازانین کارتی ئەلکترۆنی بەکاربهێنین، سیاسەتی ئابووری ناڕوونە کەچی دەسەڵاتە خۆی کردوە بەنیولیبرالیزم!

خەڵکی ئێمە دێتە دەرەوە تووشی شۆک دەبێ، لە پێشکەووتن و گۆڕانکارییەکان.

دوایش تێدەگات، لەم ڕۆژاوایە هێشتا گوندەکانیان هەر ماون و خەڵکە ئەسڵیەکەی خۆیان کاری کشتووکاڵی دەکەن، ئەوەی لەشار خەریکی کرێکاری و شتە زۆرینە بێگانەو کۆچبەرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×