پرۆسەی ئاشتی و هەڵوەشاندنەوەی چەکداری

عوسمانی حاجی مارف
  2025-05-28     1508

پەکەکە لە ١٢/٥/٢٠٢٥ ڕۆژی دووشەممە، بە ناوی هەنگاوێک بەرەو ئاشتی، هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهاتنی چالاکی چەکداری ڕاگەیاند، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەڕێوەی دەبات. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە تورکیا چۆن وەڵامی ئەم بژاردەیەی پەکەکە دەداتەوە و چۆن مامەڵەی دەکات؟ بەتایبەتی کە تائێستا وەک هێزێکی تیرۆرست دەیانناسێنێت،لەهەمانکاتدا ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە کە ئایندەی هێزە چەکدارەکان و ڕێکخراوەکانی پەکەکە دەیانەوێت چی بکەن و ئەتوانن چی بکەن؟! بەهەمان شێوە بە نارۆشنی ماوەتەوە.

ئۆجەلان وتی، “لەم کەشوهەوایەدا داوای وازهێنان لە چەک دەکەم، بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم”، قسەکانی خۆی ئاراستەی پەکەکە کرد، “کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیاری پێویست بدەن بۆ تێکەڵبون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، “دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن، ڕێکخراوەکەش خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”، پەکەکە، ئەم پێشنیارەی لەکۆنگەرەکەیاندا پەسەند کرد و بڕیاریاندا ئەمکارە جێبەجێ بکەن، بەڵام بۆ ئەنجامدانی، تەمومژێکی چڕی بەدوای جێبەجێبونی ئەم کارەدا بەخشیوەتەوە. هەرکەس و لایەنێک بەجۆرێک لەسەر لایەنی باش و خراپی ئەم کارە لێکدانەوەی خۆی ئەدات، کە خودی ڕابەرانی پەکەکە بە ئۆچەلانیشەوە، ئایندەی دوای ئەم کارەیان ڕون و وردناکەنەوە، لە هەمانکاتدا هیچ وردەکاریەک لەبارەی چۆنیەتی داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە کردەوە  تائێستا قسەی لەسەر نەکراوە. لەلایەکی تریشەوە دوای ئەو کۆنگرەیەو بڕیاردانی کۆنگرە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هێزە سەربازیەکانی تورکیا بۆردومانی ئەوناوچانەیان کرد کە لەسنوری هێزەکانی پەکەکەدایە!.

پێشنیاری ئەم پرۆژەی ئاشتیە، دەیەوێت پرۆسەیەک بێت کە هەرکەس بەناسنامەی قەومیەوە لەحکومەتێکی دیموکراتی تورکیادا بەئاشتی بژین! واتە کۆکردنەوەی ناسنامەی کورد و تورک بەناوی پێکەوە ژیان جەوهەری پرۆژەی ئاشتی و دیموکراسیە کۆمەلایەتیەکەی ئاپۆیە، لەکاتێکدا ناسیونالیزم و ناسنامە قەومیەکان لە هەر توندپێچی و گوڕانکاریەکدا دەکەونە بەرامبەر یەک و کارەسات دەخولقێنن.

تا ئێستا ڕوون نییە کە دوای ئەم پرۆسەیە ڕێبەری کارەکانی دواتریان، ئەو کارانەی کە نەزانراوە چین، کێ دەبێت، ئاخۆ ئوجەلان وەک ڕێبەرێک پەسەند دەکرێتەوە، لە کاتێکدا ئوردغان و حکومەتی تورکیا تائێستا باسی ئازادکردنی ئۆجەلانیان لە بەندی ڕێکەوتنەکانیاندا ئاماژەی پێنەداوە. لە لایەکی تریشەوە واپێدەچێت حکومەتی تورکیا دوای سەپاندنی هەڵوشانەوەی پەکەکە و چەکدارەکانی و کۆتایی هێنان بەم پرۆسەیە کارێکی وەهایان بە ئۆجەلان نامێنێت.

تا ئێستا ڕون نیە کە ئەنقەرە ڕەزامەندی بدات بە بەردەوامبونی ڕۆڵی داهاتوو بۆ ئۆجالان کە ڕێبەری بکات،لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوە دەکرێت تەنها ئەوەندە پێویستیان پێی بو سەرکردایەتی قۆناغی هەڵوەشآنەوەی پارتەکەی بکات و دەستبەرداری بژاردەی چەکداری ببێت، ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا دەستکەوتێکە بۆ حکومەتی تورکیا. لەهەمانکاتدا بە سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ ئوردغان ئەژمار دەکرێت، تا شانازی بە خواستی درێژەدان بە خولی سەرۆکایەتیەکەی بکات.

بەگشتی زۆرینەی دەوڵەتان و لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان ئەم بڕیارەی پەکەکە بە گرنگ وەسف دەکەن، دواتر ڕادەگەیەنن ئەگەری هەیە "ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام"  بۆ ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە!

دامەزراندنی پەکەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٨ کە لە لایەن عەبدولڵا ئۆجالان و کۆمەڵێک خوێندکاری چەپەوە دامەزرا و لە ساڵی ١٩٨٤وە پێکهێنانی هێزی چەکداریان لە دژی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند. دواتر وەک هێزێک لە ڕیزی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، نفوزی خۆی لە کوردستانی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێراندا فراوانکرد.

دوای زیاتر لە ٤٠ساڵ چالاکی چەکداری پەکەکە لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا، بەناوی پرسی کوردەوە نەیانتوانی چارەسەری ئەو کێشەیە لەڕێگەی چالاکی چەکداریەوە بە ئەنجامێک بگەیەنن، لەهەمانکاتدا بەگشتی کەمبونەوەی بایەخی چالاکی چەکداری درێژخایان بۆ چارەسەری هەر پرسێک لە دنیادا ناتوانێت دەستکەوتی ئەرێنی بدات بەدەستەوە، بەمانایەکی تر ئەوە بەبنبەست گەیشتنی خەباتی چەکداریە، کە ئەوەی لێ بەرهەم دێت ئیتر ناسیۆنالستەکان ناتوانن بە چالاکی چەکداری وەڵامدەرەوەی نوێنەرایەتی کردنی پرسی کورد بکەن، بۆیە پەکەکەش ئامادەیە بەناوی ئاشتیەوە دەست لەناوی پارتەکەیان هەڵگرن و شێوازی چالاکی سیاسی ئێستایان بگۆڕن، ئۆجالان کە دەیەوێت چەکدابنێ و شەریک بێت لەدەسەڵاتدا، ئەمەی ناوناوە "پرۆسەی ئاشتی "تورک وکورد"!، بەڵام دواتر ئەتوانن چی بکەن و چی دەکەن؟ پرسیارێکی جدیەو ڕۆژگار وەڵام ئەداتەوە.

لە دنیای واقعدا ئەوەی لە تەواوی ماوەی ٤٠ساڵی چالاکی چەکداری پەکەکەدا تێپەڕی، جگە لە شەڕو کوشتار و نەهامەتی و کارەسات و پاکتاوکردن و زیندانی و ئەشکەنجە و قوربانیەکی بێشومار و کوشتنی زیاد لە ٤٠هەزار ئینسان، ئاسۆیەک بۆ ئارامی خەڵکی کوردستان بەدی نەکراو زاڵبونی حکومەتی فاشستی تورکیا بەری پێنەگیرا، پرسی کوردیش لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوەو خەڵکی کوردستان دەستکەوتێکیان نەبو.

هەڵبەتە دۆخی سیاسی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی جدی بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەتی بەدوای ڕوخانی ئەسەدو پاشەکشە بە ڕۆڵی باڵادەستی ئێران، بەرزبونەوەی پێگەی ئیسرائیل، هەوڵی گەڕانەوەی هەژمونی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا، هەموو ئەمانە کاریگەریان لەسەر تەواوی پێکهاتەی هێزە سیاسیەکان و حکومەتەکانی ناوچەکەدا داناوە، کە لەدۆخێکی وەهادا پەکەکە ناتوانێت وەک هێزێک لە شێوازی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و چالاکی چەکداریەکەیدا، خۆی لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنێت و جەخت لەسەر پێداگاری نوێنەرایەتی خۆی بۆ پرسی کورد نیشانبدات، بۆیە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە، پەکەکە وەک نوێنەری پرسی کورد دەخاتەلاوە، پێگەی سیاسی لەم ئاڵوگۆڕانەدا لەدەست ئەدات.

 دوای ئەو هەموو ساڵە لە سیاسەتەکانی پەکەکە وەک هێزێک لە چوار چێوەی  بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بەناوی بەرژەوەندی و چارەنوسی کوردستانەوە چالاکیان کردوە، دواجار ستراتیژی بزوتنەوەکەی سەلماندی ئەو چالاکیانەی کردویانە ئاماجێکی تریان بووە، بۆیە بە هەنگاوێکی گەورە دەربارەی مەسەلەی کورد دەڕۆنە دواوە و واقعیەتی خۆیان دەسەلمێنن، بەڵام ئەو ئامانجەی کە وەک نمونەی هەر هێزێکی ناسیۆنالستی کورد بۆ خۆی دانابو هاوشێوەی هەرهێزێک و حزبێکی ناسیۆانالستی کورد کە دەیانەوێت شەریک بن لەگەڵ دەسەڵاتی حکومەتی ناوەنددا، ئەگەری ئەوەش هەیە فرسەت بهێنن و بەناوێکی ترەوە ئەو شەراکەتە لە گەڵ حکومەتی ناوەندا بەدەست بهێنن!.

 ئەم بابەتە بە ڕوونی لە کۆنگرەی ١٢ی پەکەکەدا هاتووە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو ئامانجانە دەکەنەوە کە هەیانبوو. پەکەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەرکی مێژوویی حیزبەکەی بریتیە لە گەیشتن بە هەلومەرجی دیموکراسی لە ناو حکومەتی تورکیادا، لەم بارەیەوە ئەوە شاراوەنیە کە مەبەست لەگەیشتن بەهەلی دیموکراسی ڕێکەوتنە لەگەڵ حکومەتی ناوەندا بۆ شەراکەت لەدەسەڵاتی سیاسیدا بە ناو و فۆرمی دیکەوە، بە واتای گەیشتن بە داخوازیەکانی مافی بۆرژوازی کورد، تا پشکی لە بازاڕ و دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیادا هەبێت، هاوشیوەی ئەحزابی نایسونالیستی کورد لەکوردستانی عێراقدا.

ئەوەی شایانی باسە لەلایەن پەکەکەو لایەنگرانیەوە ئەم هەڵوەشاندنەوەیە وەک پرۆژەیەکی سیاسی داهێنەرانەی عەبدولڵا ئۆجالان پێناسە دەکرێت، بەناوی چونیەتی گۆڕانی پرۆسەی خەباتی سیاسی لەسەر بنەمای بناغەکانی "ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی"، واڕادەگەیەنین کە پرۆژەیەکە نوێنەرایەتی بەردی بناغەیەک دەکات بۆ بەدەستهێنانی کاریگەریەکی بەرچاو لەسەر پرسی کورد.

ڕێکخراوێک کە زیاتر لە چوار دەیە بە ناوی داکۆکیکردن لە "مافی" خەڵکی کوردستانی تورکیا چالاکی چەکداری ئەنجامداوە، ڕێکخراوێک کە زیاتر لە چوار دەیە لە بەرامبەر حکومەتی تورکیا وەستاوەتەوەو شەڕی کردوە، ڕێکخراوێک کە بە هاوکاری ڕژێمێکی فاشیستی وەک کۆماری ئیسلامی بژێوی و هێز و مانەوەی خۆی پاراستبوو، ئەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیە، کە دەیەوێت لە میلیتاریزمەوە ڕوو لە خەباتی سیاسی بکات، کارێکی هێندە سادەو ئاسان و باوەرپێکراو نیە، تا وەک پرۆژەیەکی سیاسی بە بیروباوەڕو نەخشەی سیاسی ئۆجالان لێکبدرێتەوە، بەڵکو واقعیەتی بنبەستی چالاکی چەکداری و ناچاربونی پاشکۆ بونی تەواوی لایەنەکانی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کوردە بە سیاسەتی پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، بەم شێوازەش خۆیان پێناسە دەکەنەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاو دەوری خەڵکی لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیاندا.

هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی هێزەکانی پەکەکە لەلایەن فەرماندە و سەرکردەکانی ئەو حزبەوە لە قەندیل، چیرۆکێکی سەرسورهێنەرە، گوایە هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنی فۆرمێکی تری خەباتی سیاسی لە تورکیا، چونکە ئایندە ئەوە دەردەخات کە ئەم ڕەوتە لە درێژەی کردەوەی سیاسیدا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات، یان لە دنیای جەنجاڵی سەرمایەداری وڵاتێکی وەک تورکیا دەتوانێ چی بکات یان چۆن دەتوانێ نوێنەرایەتی سەرمایەدارانی کوردزمان بکات لە تورکیادا، داستانێکە ئایندەکەی ناتوانێ نیشانی بدات کە ئۆجالان و هەڤاڵەکانی ئەتوانن نوێنەرایەتی بکەن، ئەوەی ئەو هێزەی لە قەندیلەوەو نوێنەرایەتی ئامانجێکی سیاسیان دەکرد، ناتوانێت لەشارەکاندا بەو هێزەی ئایندەکەی نەزانراوە ئەنجام بدرێت.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باڵی چەکداری ئەو حزبە ناتوانرێت لە گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی ناو قەوارەی حزبەکە و کاردانەوەکانی گۆڕانی ناوچەی کوردی لە باکوری عێراق و سوریا جیابکرێتەوە، سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە سوریا و لایەنگرانی لە عێراق و ئێرانیش دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە باری عەمەلیەوە، بە تێپەربونی کات دەبینین کە ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری لەسەر لقەکانی پەکەکە لە ئێران و سوریا و عێراق دەبێت.

هەڵبەتە لەلایەکی تریشەوە درێژەدان بە چالاکی چەکداری لە بەرەکانی شەڕدا لە ژێر بارودۆخێکی نایەکساندا و بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی کەرەستەی سەربازی و تواناییە گەورەکانی حکومەتی تورکیا، بە بەراورد لەگەڵ هێزی سەربازیی پەکەکە، هەرگیز بەردەوامی ئەو چالاکیە لە بەرژەوەندی هێزێکی وەک پەکەکەدا نابێت، درێژەدان بەم شەڕە بە کەرەستەی شەڕی سوک و نیمچە قورس لە دژی یەکێک لە ئەندامە سەرەکیەکانی هێزەکانی ناتۆ، کە بە مۆدێرنترین و وردترین چەکی ئەم سەردەمە تەیار کراوە، بەردەوامیدان بەو چالاکیە کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی باڵە چەکدارەکەی پەکەکە خێزانەکان لە شاری دیاربەکر لە تورکیا کۆبوونەوە، ژمارەیەکی زۆریان بە گریانەوە  وێنەی ئازیزانیان بەرزکردەوە. لەهەمانکاتدا دەیان وت چەک دانان باشە، بەڵام نازانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات، "ئاخۆ ڕۆڵەکانیان دەتوانن بگەرێنەوە ماڵەوە، "ئایا زیندانیەکان ئازاد دەکرێن"؟ هێشتا ڕوون نییە!.

بەمانایەک ئەم بڕیارەی هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە، ئاکامەکەی بۆ خودی پەکەکە هەرچیەک بێت و بەچی دەگات، بەڵام لە کۆتایدا بڕیارێکە هەزاران ئینسان لەسەرگەردانی و مەترسی بۆسەر ژیانیان دور دەخاتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×