رۆڵی سەرکردە سیاسییەکانی کورد، لەئەزموونی دیاریکراوی نێو حیزبەکان و پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە نێو کایەو ئۆرگانە جیا جیاکانی دەسەڵات، رووبە رووی دەیان قەیرانی چەق بەستووی ئالۆز بوونەتەوە.
ئەرکی پسپۆرەکانی بواری مێژوویی و کۆمەڵناسی و دەرونییە، لەھەموو ئەو بوارانەدا، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەو تویژینەوە ئەکادیمی وردو قوڵی لەسەر بکەن، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو برینە موزمینە، تراژیدیانەی مێژووی دوورو نزیکی ئێستای سەرکردایەتی کورد دابنرێن.
سەرکردەکانی کورد، بەھەموو بیرو بۆچونە جیا جیاکانی چەپ و راست و ئیسلامی سیاسیی، لەحیزبی کوردی و پەرلەمان وحکومەتی ھەرێم .
ئەو روخسارانەن، بەپلان وبەرنامەی نەخشەی داڕێژراو، بۆ مانەوەی ھەتا ھەتاییان لەدەسەڵات، کۆنترۆڵی ھەموو کۆیلەکانی دەوروبەریان و ئۆرگانەکانی حیزبیان کردووە، ھەموو کایەکانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمیان بەدەسەڵاتی نەرجسی و تاکڕەوانە یان ئیفلیج کردووە .
لەسەردەمی شاخ و شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا، چەند سەرکردەیەک، خاوەن بڕیار بوون، ئەوان چەندان گروپی دیاریکراویان وەک سێبەر، لەدەوری خۆیان دروست کرد بوو، ئەو گروپانە توتی ئاسا، ھەموو بڕیارەکانی ئەوانیان جێبەجێ دەکرد.
دوای راپەڕین و ھەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو سەرکردەو روخسارانەی شاخ و ئینیھازی نێو شارەکان، بەھەمان ئەزمونی شاخ و بەعەقڵی دیاریکراوی مەزاجیانەی خۆیان، کۆکتێلی عەقڵی خێڵەکی و ئیسلامی سیاسیی، خۆیان لەھەمووکۆنگرەکاندا، خاوەنی دەنگی پێش ھەڵبژاردن بن، خاوەنی حیزب و خاوەنی دەنگی خەڵک و پەرلەمان و حکومەت و سامانی نیشتمان بن .
ئەو سەرکردانە، نیازیانە وەک ئەوساو ئێستا، دەستاو دەستی دەسەڵات، بۆ کوڕو کچەکانیان بێت و ئامێری بەرژەوەندییەکانی داگیرکەرانی نیشتمان بن، دژ بەنەتەوەو نیشتمانەکەیان.
ستراتیژی ئەم سەرکردانە، بەعس ئاسا، گەر ھەر تاکێک، پەروەردەیەکی جوان و نمونەیی بێت، خاوەنی ئیرادەیەکی بەھێزو بە ھەڵوێست بێ، خاوەنی راوبۆچونی لۆژیکانەی زانستی بێ، ئەوان ھەموو دەرگاو پەنجەرەکانی ئاسمان و زەوی ئەم نیشتمانەیان لێ دادەخەن، بواریان پێنادەن، رۆڵی خۆیان ببینن، پاشقولیان لێدەگرن و دەیانخەنە پەراوێزەوە.
ئەو سەرکردانە بەدرێژایی مێژوو تا ئێستا، بەدوای کەسێتی لاوازو توتی و کاسەلێس و ماستاوچی و پەڕپوتی ئاست نزمدا دەگەڕێن، زۆربەی ئۆرگانەکانی حیزب و کایەکانی پەرلەمان و حکومەتیان پێ پڕدەکەنەوە.
پلان و بەرنامەونەخشەکانیان، بە جۆرێک دارێژراوە، بوار نادەن، ھیچ ئەلتەرناتیڤ وەک سەرکردە، لە ناو حیزب و ھیچ پسپۆرێکی نمونەیی بەتوانا، لەپەرلەمان و حکومەت، رۆڵیان ھەبێت و بوونی پسپۆڕی خۆیان بسەلمێنێت.
ئەوسەرکردانە، دەبێ خۆیان و ئەندامانی خانەوادەو بنەماڵەکانیان، سەرکردەی حیزبەکان و پەرلەمان و حکومەت بن، نەخۆشی گرێ سایکۆلۆجی کورسی دەسەڵات و تاڵانی سامانی نیشتمانن.
دەبێ ژیانی ئەو سەرکردانە بە کوڕو کچ و خانەوادەو بنەماڵەنەکانیانەوە، لەو رۆژەوە لەدایکبوون، تا ئەو ساتەی دەیانخەنە قەبرەوە، لە گەڵ ھاوڵاتیان ئاسمان و رێسمان بێت، لەمردنیشدا تارمایی کۆشک و گۆڕەکانیان لەشوێنی جیاوازو تایبەتی بێت.